$پرسی بوون و ماهییەت لای سارتەر بەتایبەتی و قوتابخانەی بوونگەرایی بەگشتی$
نووسینی: ئەحمەد مەعرووف
پرسی بوون هەر لە سەدەکانی پێش زاینەوە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان پرسێکی ئاڵۆز بووە، هەم لای فەیلەسوفان و پیاوانی ئایین و زاناکانیش کە تا دەگاتە ڕۆژگاری ئەمڕۆمان هەردەم لەلایەن گروپە جیاوازەکانەوە پێناسەی جیاوازی بۆ کراوە. بۆ نموونە لای فەیلەسووفانی یۆنانی کۆن، بوون کردەی بوونێکی باڵاترە کە ئەوان زیاتر ئەم ڕێگە بیرکردنەوەیان لە ئەفسانەکانەوە وەر گرتووە. لە لایەکی ترەوە ئایینە جیاوازەکانی وەک ئایینە هیندۆسیەکان و مەسیح و ئیسلام سەرچاوەی بوون دەگەڕێننەوە بۆ بوونێکی باڵاتر و بەدەسەڵات ڕەها و بێخەوش، هەموو کار و کردەوە و ڕووداوەکانیش پەیوەستن بەو بوونە باڵایەوە. لە سەردەمی ئەمڕۆشماندا زانست وەڵامێکی سەلمێنراو بە ئایدیای هەیە بۆ پرسی بوون کە هەر وەک پێناسەی فەلسەفە و ئایین خاڵی نییە لە دژییەکی و گومان. ئەوەی لێرەدا باس کرا وێنەیەکی گشتی بوو لەسەر پرسی بوون لای بزاوتە جیاوازەکان، بەڵام ئەی بوون لای بوونگەرایی چییە؟ ئەی بوونگەرایی خۆی چییە؟
فەلسەفەی بوونگەرایی (ئیگزیستنسیالیزم) فکرێکی نوێی فەلسەفی سەدەی بیستەمە کە کاریگەرییەکی مەزنی لەسەر کولتوور و فەرهەنگ و ژیانی تاکی خۆرهەڵاتی بەتایبەت هەبوو دواتریش کاریگەریەکانی لەسەر جیهان بەگشتی دەرکەوتن. ئەم بزاڤە دواتر قوتابخانەی تایبەت بە خۆی دادەمەزرێت و هەر یەک لە فەیلەسووفانی وەک (سورین کیرکەگارد) و (نیچە) و (ژان پاوڵ سارتەر) و (مارتن هایدگەر) و چەنەهای تریش دەگرێتەخۆ. کرۆکی فەلسەفەی بوونگەرایی گەڕانەوەیە بۆ بوونی تاک وەک سەنتەر لە ناو ژیاندا، واتە خاڵی سەرەکی بابەتی فەلسەفەکە بوونی مرۆڤایەتی و هەموو ئەو حاڵەت و بابەتانەیە کە پەیوەستن بە تاکەوە، لەگەڵیشیدا پەیوەستن بە ئازادی و هەڵبژاردنەوە بەبێ گەڕانەوە بۆ هێزێکی ڕەها و سەرووسرووشتی. بزاڤی بوونگەرایی مانیفێستکردنی ئازادی تاکە گرینگیدانە بە تاکییەتی و گەڕانەوە بۆ پرسیارە وجوودیەکان تاکو تاک دوور بێت لە ڕامکردن لەلایەن بزاوتە جیاجیاکانەوە و، دژی بەمێگەلکردن و لە قاڵبدانی تاک لەناوی بازنەیەکی بیرکردنەوەی تەسکدا هاتە ئاراوە. چونکە بۆ بوونگەراکان هەموو تاکێک خواست و خولیا و دنیای تایبەت بە خۆی هەیە. بە واتایەکی تر تاک لە ڕوانگەی بوونگەراییەوە خۆی پێناسەی ژیانی دەکات و مانای ژیان دەدۆزێتەوە لە ڕێگەی بەیانکردنی ئەو ئازادییەی هەیەتی و لەڕێی هەڵبژاردنەکانیەوە. بوونگەرایی جەخت لە هەبوونی هەر مانایەکی گشتگیر دەکاتەوە بۆ مرۆڤ کە پێشتر و یاخود پێشوەختە بۆی دیاری کرابێت، چونکە لەم ڕوانگەیەوە کە ژیان هەرچەند بێمانا و پووچە بەڵام تاک بە گەڕانەوە بۆ بوونی خۆی و تێگەشتن لە بوونی خۆی پرسیارکردن لە بارەی چ شتێک واتا بە ژیانمان دەبەخشێت؟ ژیانی مرۆڤ ئامانجێکی تایبەتی هەیە؟ مرۆڤ پێویستە لەپێناو ئەو ئامانجەدا بجەنگێت؟ مرۆڤ بە چ مەبەستێک لەم جیهانە پووچەدا دەژیت؟ تێدەگات و واتای تایبەت بە خۆی دەبەخشێت بەو ژیانەی دەیەوێت بژیت. بەم شێوەیە مرۆڤ بە تەواوی مانا ئازادە و ئازادیشی وەک بەرپرسیارێتی دەگرێتە ئەستۆ بۆ هەڵبژاردنی ئەو بڕیارەی دەیخوازێت، چونکە بە بڕوای بوونگەرایی ئەم شێوازە بیرکردنەوە و ژیانە تاکە ڕێگایە بۆ بازدان بەسەر بێمانایی و پووچی ژیان، واتا بوونگەرایی مانیفێستکردنی ئەوپەڕی بوونی ئینسانە بۆ مانادان بە ژیان لەڕێی هەڵبژاردن و ئازادییەوە.
یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی قوتابخانەی بوونگەرایی گرنگیدانە بە پرسی بوون و ماهیەت کە مشتومڕێکی مێژوویی لەسەرە هەر لە فەلسەفەی یۆنانیەوە هەتا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان، باسەکەش لێرەدا وەک لە ناونیشانەکەوە دەردەکەوێت گرینگیدانە بەم پرسە لە فەلسەفەی بوونگەرایی و بە تایبەت لای ژان پاوڵ سارتەر. لە سەرەتادا لای فەیلەسەوفانی وەک ئەفلاتون و ئەرستۆ و ئایینە ئاسمانییەکان بڕوایان وایە کە ماهییەتی مرۆڤ پێش بوونی دەکەوێت، بە واتایەکی تر مرۆڤ پێش ئەوەی بوونی وەک گۆشت و خوێن و جەستەیەکی فیزیکی لە دنیادا هەبێت چارەنووسی بۆ دیاری کراوەو ئەرکی ئەم تەنیا گەڕانە بەشوێن ئەم چارەنووسەی کە پێشوەختە بۆی نووسراوە. سادەتر بڵێین بۆ نموونە من پێش ئەوەی لە دایک ببم بۆم نووسراوە دەبم بە دکتۆر لە ژیانمدا ئەرک و بەرپرسیارێتی و چارەنووسم بەو بڕیارە پێشوەختەوە پەیوەستە کە بۆم دیاری کراوە. بەڵام فەیلەسوفێکی بوونگەرای وەک ژان پاوڵ سارتەر نکوڵی لە ڕاستی ئەم بیرکردنەوەیە دەکات و پیوایە مرۆڤ پێش ئەوەی ماهیەتی هەبێت بوونی هەیە واتا ماهییەتی مرۆڤ دوای بوونی دێت هەروەک دەڵێت “مەبەستمان لەوەیە کە لە پێشدا مرۆڤ و بەر لە هەرشتێک مرۆڤ هەیە و ڕووبەڕووی خۆی دەبێتەوە و دێتە ناو جیهانەوە، پاشان خۆی دەناسێت. مرۆڤ کە پێناسە ناکرێت هۆیەکەی ئەوەیە کە ئەو لەسەرەتادا هیچ نییە. ئەو ناتوانێت شتێک بێت، مەگەر دوایی ببێت، ئەوساش بەو شێوەیە دەبێت کە خۆی خودی خۆی درووست دەکات”. بە واتایەکی تر مرۆڤ سەرەتا بوونی هەیە لە دایک دەبێت بێهیچ نووسراوێکی پێشوەختە بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسی. دوای لە دایک بوون و ئاشنا بوون بە ژیان و ئەو ژینگە و باروودۆخەی تیای ئەژی چارەنووس و داهاتووی دەگۆڕێت. ماهیەتی هەر مرۆڤێکیش پەیوەستە بە بڕی ئەو ئازادیەی هەیەتی بۆ هەڵبژاردن. سارتەر پێی وایە ئەوانەی نایانەوێ باوەڕ بەمە بێنن کەسانێکن دەترسن لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی بوونی خۆیان و خۆیان لەم ئازادی و هەڵبژاردنە دەدزنەوە و خۆیان خەریک کردووە بەو یاسا و ڕێسایانەی بۆیان ئامادەکراوە بۆیە بێئاگان لە بوونی خۆیان وەک مرۆڤ. ئەگەر بەتەواوی مانا وەک مرۆڤ ژیان بکەیت دەبێت بوێری بکەیت ئازاد بیت و هەڵبژاردن بکەیت و لەگەڵ دەرئەنجامی ئەو بڕیارەی کە پەیوەستە بە ئازادی و هەڵبژاردنەوە ژیان بگوزەرێنیت. [1]