$تاقمچێتی سیاسیی و کاریگەری لەسەر بەدیموکراسییبوون$
نووسینی: #بەڵێن عیزەت میکە#
“ئێمە کە فێری شەڕەگەڕەکین، کە بووین بە ئەحزاب ئیتر چۆن یەکین”
پیرەمێردی شاعیر، نزیکەی 100 ساڵ پێش ئێستا بەم دێڕە شعرە گوزارشتێکی ڕاست و درووستی لە شێوازی ململانێی نێو کۆمەڵگەی کوردیی کردووە، هیچ زیادەڕەویی تیا نییە ئەگەر بڵێین هەمان گوزارشت و هەمان سرووشتی ململانێ بە کەمێک گۆرانکاریی لە فۆڕمدا لە ناو کایەی سیاسیی ئێستای هەرێمدا بەردەوامیی هەیە.
دەستەگەرایی و تاقمچییەتی و جەماعەتگەرایی، تا ئێستاش یەکێکە لە سیما هەرە دیارەکانی کایەی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان، هەڵبەتە ئەم دیاردەیە تایبەت نییە بە هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی لەو وڵاتانەی زیاتر کلتوری خێڵەکییان هەیە دیاردەکە بەرقەرارە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بە مێژووی جووڵانەوە سیاسییەکاندا ڕۆچووە و بە داهاتووشمانەوە سیمایگرتووە.
لە سەردەمی شۆڕشەکانی گەلی کوردستاندا لە ماوەی 100 ساڵی ڕابردوودا، ئەو دیاردەیە بە توندی ڕەگوڕیشەی داکوتاوە، بەشێوەیەک، کەسێک کە بیویستایە ڕۆڵی سیاسیی ببینێت، سەرەکیترین ڕێگە لەبەردەمییدا ئەوەبوو ببێت بە پێشمەرگە و بەشداری شۆڕش بکات، بەڵام هەر ئەوەندە بەس نەبوو، بەڵکوو دەبوو لەناو شۆڕشدا پەیوەندی بە حزب و ڕێکخراوێکی سیاسییەوە هەبێت، ئەوەندەش کافیی نەبوو، دەبوو لەناو ئەو حزب و ڕێکخراوەدا، وەلائی بۆ بەرپرس و کاربەدەستێک هەبوایە و بەگەل پێشمەرگەکانی وی کەوتبا و لەوەودوا بەخۆی دەگووت “پشمەرگەی کاک فڵان کەسم”.
خۆ ئەگەر کەسێک وای نەکردایە و پەیوەست نەبوایە بە دەستە و تاقمی یەکێک لەو بەرپرسانەوە ئەوا سەختبوو بیتوانیایە پارێزگاری لە شووناسی خۆی وەکو پێشمەرگەیەک بکات و بە دەیان کێشەی بۆ درووست دەکرا، ئەم دیاردەیە هێندە بەقووڵی بەناو شۆڕشدا ڕۆچووبوو، زۆرجار، تاقمە پێشمەرگەی دوو بەرپرسی ناو یەک حزب کە هەمان بۆچوون و هەمان ئینتیمای سیاسییان هەیە، دووچاری گرژی دەبوونەوە و کەمیش نەبووە ئەو حاڵەتانەی کە تاقمە پێشمەرگەی بەرپرسان لەیەکدییان کوشتووە لەسەر بابەتی زۆر بچووک.
ئەم دیاردەیە وەک چۆن لە مێژووماندا ڕەگ و ڕیشەیەکی بەهێزی هەیە و لەو تێگەیشتنە خێڵایەتییەوە درووستبووە کە ئاغا و دەرەبەگ و شێخەکان پیاوانی خۆیان هەبووە و دەستەی گەورەی پیاوانیان لەدەورودا بووە، ئاواش لە ئێستاماندا قەدێکی بەبەژنە و لە داهاتووشماندا بە سەدان لق و چڵی لێ دەبێتەوە.
ئێستا لە فۆڕمدا، بۆ ئەوەی کەسێک ڕۆڵی سیاسیی ببینێت، دەبێت ئەندام بێت لەناو حزبێک یان ڕێکخراوێکدا، بەڵام لەڕاستییدا ئەمە تەنیا ڕووکەشەکەیە، ئەگەر لەناو ئەو حزب و ڕێکخراوانەدا، لە باڵ و ئاڕاستە و دەستەیەیەکی دیاریکراو نەبیت ئەستەمە بتوانیت ڕۆڵ بببینیت و گەشە بکەیت و بگەیتە پلەیەکی دڵخوازی خۆت، ئەمەش لە حزبایەتی و کاری ڕێکخراوەییەوە پەڕیوەتەوە بۆ ناو کاری حکومەت و دامودەزگا و وەزارەتەکان.
پەڕینەوەی دیاردەی دەستەگەری و تاقمچێتی بۆناو کاری حکومەت و دەزگاکان مەترسیدارترە لەوەی کە لەناو حزب و ڕێکخراو و کۆی کۆمەڵگەدا هەیە، چوونکە دواجار کاری حکومەت و دەزگا گشتییەکان خزمەتی گشتیی خەڵکە، نەک خزمەتی دەستە و تاقمێک، بەڵام کاتێک ئەم دیاردەیە دەگاتە حکومەت ئامانجە گشتییەکەی دەگۆڕێت و لە خزمەتکردن بە گشتەوە دەیگوازێتەوە بۆ خزمەتکردن بە دەستە و تاقم و جەماعەتێکی دیاریکراو.
ئەمەش هەم کەسایەتی مەعنەویی دامودەزگاکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە، هەم خەتێکی قەتعی لەنێوان تاقم و دەستەکان و کۆی کۆمەڵگەدا دەکێشێت، لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە کە مانایەک بۆ دیموکراسی و هەڵبژاردن نامێنێتەوە و کەسانێک کە لە دەستە و تاقمە بەهێزەکاندا نەبن ئەگەر هەموو کۆمەڵگەش دەنگیان بۆ بدات ناگەنە ئەو پلە و پۆستانەی کە دەکرێت لێیانەوە خزمەت بە خەڵک بکرێت.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرێ گەورەیەی کە لە کلتور و مێژوومانەوە شۆڕبووەتەوە بۆ ئێستا و پێدەچێت داهاتووشمانی داگیرکردبێت، دیموکراسیی خێڵەکی یان دیموکراسیی دەستەگەرایی بە هەندێک دەستکارییەوە، دەبێتە فریادڕەسی کۆمەڵگە.
دیموکراسیی وەکو مەبدەئە سەرەتاییەکە، بریتییە لە “حوکمی گەل لەپێناو بەرژەوەندی گەل” بەڵام کاتێک لە پراکتیزەکردندا دەتەوێت دیموکراسیی تاقیبکەیتەوە، دەبێت وردتر بیت لەم پێناسیەی سەرەوە چوونکە ئەوە بەس نییە و بۆ هەر کۆمەڵگەیەک دەبێت دەستکاری پێناسەکە بکرێت و کە پراتیزە دەکرێت شتی تری بۆ زیاد بکرێت.
بۆ نموونە کاتێک دەوترێت دیموکراسی تەوافووقی لەراستییدا لەگەڵ بنەما سەرەکییەکانی دیموکراسییدا لە هەندێک بابەتدا دژ بەیەک دەوەستنەوە، بەڵام بووەتە چارەسەرێکی زۆر گونجاو و سەردەمییانە بۆ وڵاتانی فرەنەتەوە و لە نموونەشیان هۆڵەندە و سویسران، کە دوو جوانترین نموونەی حوکمرانییان پێشکەشکردووە.
بۆیە دەبێت ئێمەش نمووزەج و تەرزی تایبەتی خۆمانەی دیموکراسیی بدۆزینەوە بۆئەوەی بتوانین لەڕێگەیەوە، ئەو حاڵەتە کلتوریە خێڵەکییە مێژوویەی هەمانە تەوزیف و بەرئەرکی بکەین، نەک ئێمە بمانەوێت وەکو سویسرا و ئەمریکا دیموکراسیی جێبەجێ بکەین و لەدەرەوەی ئەوەش بە پێوەر و پێودانگەکانی 100 ساڵ پێش ئێستا کاری سیاسیی بکەن.
لەم حاڵەتەدا، باشترین میکانزیم کە دەکرێت ببێتە فریادڕەس و ببێتە تەرزی دیموکراسیی کوردیی، بریتییە لە “دیموکراسیی تاقمگەرایی” یان “دیموکراسیی دەستەگەرایی” کە تێیدا دەستە و تاقمەکان دەبنە یەکەی سیاسیی سەربەخۆ و لە هەڵبژاردنەکاندا لەبری ئەوەی دەنگ بە حزب و لیستەکان بدرێت، دەنگ بە تاقم و دەستەکان دەرێت، جا لەبەرئەوەی دەستە و تاقمەکان بچووک و زۆترینیان ناوچەیی و لۆکاڵیین، دەبێت هاوتەریب لەگەڵ ئەو مۆدێلە دیموکراسییەدا، لامەرکەزیی ئیداریی شۆڕبکرێتەوە و هەر بازنەیەکی دەستە و تاقمە سیاسییەکە ببێتە یەکەیەکی ئیداریی و خەڵک کە لەو ناوچەیەدا وەلائی بۆ ئەو دەستەیە هەیە هەر ئەوانیش هەڵدەبژیرێت و دەیانکاتە خاوەن دەسەڵاتی ئیداریی و بێگومانیش ئەو نزیکی و هاووەلائییە دەبێتە هۆی ئەوەی نوێنەریەتییەی ڕاستەقینە بکرێن و خزمەتی زیاتر بە خەڵک بکرێت چوونە بازنەکە هێند بچووک و بەرتەسکە دەرفەتی خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی تێدا نییە.
بە شێوەیەکی گشتی ئەم تەرزەی دیموکراسی دەبێتە هۆی ئەوەی سرووشتی کۆمەڵگە کە سەدان ساڵە پارێزگاریی پێوەکراوە بە پارێزراویی بمێنێتەوە، هاوکات بەوشێوەیە خاڵی هاوبەشی نێوان کۆمەڵگە و کلتور و دیموکراسیی دەبینینەوە، ئەگەر وانەبێت، کۆمەڵگە و سیاسەت لە کوردستاندا تا بێت زیاتر هەنگاو بەرەو ئەنارچییەت و فەوزا و شلەشان دەنێت و بە تەنیشت ئەویشەوە، تاقمگەرایی و دەستەچێتی وەکو خوویەکی شەڕەنگێزانە دەبێتە خۆرەی دامودەزگا و موئەسەسات و هەموو یەکە سیاسییەکانی تر، چوونکە هەر دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی ناجۆر، ئەگەر ئینکاریی لێ بکرێت و نەفی بکرێت، دواجار دەبێتە هۆی درووستبوونی کێشەی گەورە، بەڵام ئەگەر بە پێودانگی سیاسیی و یاسایی ڕێکبخرێت دەکرێت بگۆڕدرێت بۆ عاملێکی خێر، مەسەلەی دەستەگەریی و تاقمچێتی لە ناو کۆمەڵگەدا خوویەکی نەخوازراوە بە نسبەت نوخبەی ڕۆشنبیرەوە، بەڵام ڕاستییەکەش ئەوەیە ئێمە چەندین ساڵە ئینکاری لەگەڵ ئەو خووە دەکەین و خووەکەش تا دێت گەورەتر دەبێت و کۆنگرەی کۆتایی یەکێتی و ململانێ ناوخۆییەکانی پارتی و شێوازی کاری موئەسەساتی وەکو ئەنجومەنی وەزیران و پەڕڵەمان لە کوردستان سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن.
هەرچەندە ئەمە چارەسەر و فریادڕەسێکی گونجاوە بۆ سیاسەت و کۆمەڵگەی کوردی، بەڵام ئەمە ئەو وێنە ئایدیاڵییەی دیموکراسیی نییە کە لە خەیاڵی تاکی هۆشمەنددایە، بەڵام نموزەجی ئایدیاڵیی دیموکراسیی لە جیهاندا بەرجەستەکردنی سەختە و پێشکەوتووترین وڵاتەکانیش لەگەڵ ئەو وێنەیەدا ناگونجێن، لەم کەین و بەینەدا، ئەم تەرزەی دیموکراسیی کە هەم بنەما سەرەکییەکانی دیموکراسی تێدان و هەم گوجاوە لەگەڵ کلتور و شێوازی ژیانی سیاسیی ئێمە، باشترین بژاردە و چارەسەرە. [1]