$داتا فەلەکییەکانی چین$
نووسینی: یاسین ئافتاو
ئەم وتارە، خستنەڕوویەکی داتاییە سەبارەت بە وڵاتی چین، داتاکان لە یەک سەرچاوەوە وەرگیراون و دواتر بە سەرچاوەی دیکە پشتڕاست کراونەتەوە. ئامانج لەم کارەش پیشاندانی سەنگ و توانا و قەبارە و ژمارە زەبەلاحەکانی تایبەت بە وڵاتی چینن. ئەو وڵاتەی بەر لە سەدەیەکی تەواو، جوگرافیایەکی داگیرکراو، میللەتێکی نەخۆش و دواکەوتوو و وڵاتێکی پڕ لە کێشە بوو، وا ئێستا هاتۆتە گۆڕەپانەکە و هەمووان بە چاوی ترس و گومان و دڕدۆنگییەوە لێی دەڕوانن و ناچارەکییش مامەڵەی لە تەکدا دەکەن…
1- دانیشتووان:
بە پێی دواهەمین سەرژمێریی ساڵی (2019(؛ ژمارەی دانیشتووانی چین (1.433.783.686(یەک ملیار و چوارسەد و سیوسێ ملیۆن و حەوتسەد و هەشتاوسێ هەزار و شەشسەد و هەشتاوشەش کەسە. بۆ ئەوەی وێنای گەورەیی ئەم ژمارەیە بکەین، دەبێت ئەوە بزانین کە ئەم ژمارەی دانیشتووانەی چین بە نزیکەیی یەکسانە بە دانیشتووانی چوار کیشوەر:
ئەمریکای باکوور: (ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، مەکسیک، کەنەدا، گواتیمالا، کوبا، هایتی، دۆمینیکان، ترینیداد و تۆباگۆ، جامایکا، سێلڤادۆر، دوورگەکانی باهاما، ئەنتیگوا و بەربۆدا، بێربادۆس، کۆستاریکا، هێندۆراس، نیکاراگوا، پەنەما، گرینادا و چەند وردە وڵاتێکی دیکە(.
ئەمریکای باشوور: (بەرازیل، ئەرجەنتین، کۆڵۆمبیا، پیرۆ، پاراگوای، چیلی، ئیکوادۆر، ڤەنزوێللا، بۆلیڤیا، سوورینام، دوورگەی فۆکڵاند و گۆیانا(.
ئوستورالیا و نیوزلاند.
سکەندەناڤیا: (سوید، نەرویج، فینلاند، دانمارک(و ئایسلاند و دوورگەکانی فارۆ.
هەموو ئەورووپای خۆراوا: (فەرەنسا، بریتانیا، ئەڵمانیا، هۆڵەند، سویسرا، ئیتاڵیا، چیک، نەمسا، ئیسپانیا، پورتوگال، بەلجیکا، لۆکسمبۆرگ، ئیرلەندا، ماڵتا، ڤاتیکان، ئەندۆرا، لیشینشتاین و سانمارینۆ(.
ڕێژەی 16٪ی دانیشتووان لە 10 گەورەترین شارەکانی چیندا دەژین کە دانیشتووانی هەر یەکێکیان لە سەروو 10 ملیۆن کەسەوەیە و لە جیهاندا تەنیا 47 شاری لەو جۆرە هەن.
2- سەرجەمی بەرهەمی خۆماڵی
چین؛ لە ساڵی 2018دا، بە تاقی تەنیا ڕێژەی 18.6ی کۆی سەرجەمی بەرهەمی خۆماڵیی (Gross Domestic Product هەموو وڵاتانی جیهانی پێک هێناوە. بۆ ئەوەی قەبارەی ئەم ئابوورییە زەبەلاحەش وێنا بکەیت، ئەوا بزانە کە: 41٪ی کۆمپیوتەرەکانی جیهان، 34٪ی سپلێتەکان، 70٪ی مۆبایل لەسەر هەسارەی زەوی؛ لە لایەن چینییەکانەوە بەکار دەهێنرێن.
ئینجا بۆ ئەوەی بزانیت، وڵاتی چین لە بواری گەشەپێدانی سەرمایە و بەرهەمی خۆماڵییدا بە چ شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر باز دەدات، دەبێت بزانیت، لە ساڵی 1960، سەرجەمی بەرهەمی خۆماڵیی (GDP چین تەنیا 58 ملیار دۆلار بووە، لەو ساڵەدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا 543 ملیار دۆلار بووە.
3- ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی
بۆ ئەوەی لەم وڵاتە تێ بگەیت دەبێت لە سەرەتای سەرەتاوە مێژووەکەی بخوێنیتەوە، بەڵام نهێنیی ئەم بازدانە گەورانەی پەنجا ساڵی ڕابردوو، بەشێکی کەمیان پەیوەستن بە شۆڕشەکەی ماوتسی تۆنگ، بەشە زۆرەکەشی پەیوەستە بەو هەنگاوانەوە کە (دینگ شیاو پینگ(، پلانی بۆ دانان، ئەو پیاوەی ساڵی 1978، دوای ماو بووە سەرۆککۆماری چین، هەر ئەویش بوو چەمکەکانی وەکو (دیموکراسیی و کۆمۆنیزم بە تایپە چینییەکەی(داهێنا و چینی کۆمۆنیستی بەرەو دەوڵەتێکی سەرمایەداریی وەرچەرخاند، دینگ شیاو پینگ، ساڵی 1979 بەرنامەیەکی چاکسازیی ئابووریی سەرپێ خست، یەکەم هەنگاویشی درووستکردنی چوار ناوچەی پیشەسازیی یاخود شاری پیشەسازی زەبەلاح بوو، کە یەکەمیان ناوچەی ڕاوەماسیی شینزین (Shenzhen: Special Economic Zoneبوو، شین زین؛ ساڵی 1979 ژمارەی دانیشتووانی تەنیا 59 هەزار کەس بوو هەمان ناوچە ساڵی 2016 دانیشتووانەکەی گەیشتە 12 ملیۆن کەس. ئەم ناوچە پیشەسازییانە سەرکەوتنێکی گەورەیان بە دەست هێنا و دەوڵەت لە ماوەی سی ساڵدا سەدان ناوچەی ئاوای بونیاد نا.
4- ژمارە فەلەکییەکانی چین
لە ساڵی 2005ەوە چین هەموو دوو هەفتەجارێک گەڕەکێک بە ڕووبەری ڕۆما درووست دەکات، کە هەتا ساڵی 2019 نزیکەی 481 هەزار کیلۆمەتر دووجا بووە. بۆ ئەوەی ئەم ژمارەیەش وەکو فشە نەیەتە بەر چاو، ئەوا گرنگە بزانیت ئەم وڵاتە لە سێ ساڵی 2011، 2012 و 2013دا نزیکەی 6.6 گێگا تەن (شەش ملیۆن و شەشسەد هەزار تەن چیمەنتۆ)ی بەکار هێناوە، ڕەنگە نەزانیت ئەم بڕە چەند زۆرە هەتا نەزانیت وڵاتێکی وەکو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە سەد ساڵی ڕێک (1900-2000) تەنیا (4.5) گێگا تەن چیمەنتۆی بەکار هێناوە.
5- وڵاتێکی زرنگ:
چین تەنیا گەورە و تۆقێنەر نییە، ئەو زیرەکیشە، چونکە لەو بوارانەدا دەسپێشخەریی و سەرمایەگوزاریی دەکات کە بە گشتیی لە جیهاندا کەمتر لایان لێکراوەتەوە، هەر بۆ نموونە؛ لە ناوچەی (گوانگدۆنگ)، زیاتر لە 1500 کارگەی یاریی منداڵانی دانا، هەر بەهۆی ئەم زرنگییەوە بوو لە ماوەی دە ساڵدا (1980-1990) سەرجەمی بەرهەمی خۆماڵیی چین لە 191 ملیار بۆ 360 ملیار دۆلار بەرز بووەوە، بەڵام هێشتا بەراورد بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، چین لە ساڵێکدا هێندەی یەک مانگ و نیوی ئەمریکا داهاتی هەبوو، چونکە ساڵی 1990 داهاتی ساڵانەی ئەمریکا 6 تریلیۆن دۆلار بوو (واتە 6 هەزار ملیار دۆلار(.
6- خوای تەقلید و کۆپییکردن:
یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی ئابووریی چین تەقلیدکردنی کاڵا و براندەکانە. کاڵای تەقلید و کۆپییکراو یەکێکە لە کێشە هەرە گەورەکانی چین لەگەڵ وڵاتانی بەرهەمهێنی جیهاندا. چین چەندان جار پەیمانی واژۆ کرد و بەڵێنی دا کێشەی کاڵای تەقلید و ساختە چارەسەر بکات، کەچی بە پێی ئامارەکان، ساڵی 2019، 85٪ی هەموو کاڵای ساختەی جیهان لە چین بەرهەم هێنراون، دوای ئەو توورکیایە بە ڕێژەی 3٪، ئەوەی دیکەشی چەند وڵات و کۆمپانیایەک لێی بەرپرسن.
چین هەموو کاڵایەک تەقلید دەکات، لە جلوبەرگەوە هەتا دەگاتە ئۆتۆمبێل، بەڵام زۆرترین ئەو کاڵایانەی تەقلیدیان دەکات بە ڕیزبەندیی بریتیین لە: مۆبایل، جانتای براند، پێڵاو، جلی وەرزشی وەکو نایکی و نۆرس فەیس، 20٪ی بەرهەمی کۆزمەتیک و ئارایشتیش تەقلیدی چینە.
7- پێشبڕکێ لەگەڵ ئەمریکا:
پێشتر ئاماژەمان پێ دا، ساڵی 1990، سەرجەمی بەرهەمی خۆماڵی چین 360 ملیار دۆلار بوو و هی ئەمریکا 6 تریلیۆن دۆلار، ساڵی 1998 داهاتی چین گەیشتە یەک ترلیۆن دۆلار، بەڵام هێشتاش ئەمریکا یەکەمی جیهان بوو بە 9 تریلیۆن دۆلار، دە ساڵ دواتر (2008)، قەیرانێکی دارایی لە ئەمریکاوە سەری هەڵدا و بە زمانی ئابووریی (بڵقەکە تەقی)، لە ئەمریکا 2.6 ملیۆن کەس کارەکانیان لە دەست دا، 1.8 ملیۆن کۆمپانیا مایەپووچ بوون، 10 ملیۆن خانوو لە ماوەی دوو ساڵدا دەستیان بەسەردا گیرا لە بەرانبەر قەرزی بانکدا.
ئەو قەیرانە هەموو جیهانی گرتەوە، ئابووری چین زیانێکی گەورەی بەر کەوت و چەندان کۆمپانیا و پڕۆژە مایەپووچ بوون، بەڵام ئەوەی سرووشتی سیستمی سیاسیی و ئابووریی چین بزانێت، لەوە تێ دەگات کە زۆر نابات بەهۆی پارەی دەوڵەتەوە قەیرانەکە خاو دەکرێتەوە و لە خاڵێکدا ڕادەگیرێت، هەر بۆیە (هوو جینتاو) سەرۆکی ئەوکاتی چین، گیرفانە پڕ لە پارەکانی دەوڵەتی خستە گەڕ و پڕۆژەی ڕزگارکردنی بازاڕی بە بڕی 586 ملیار دۆلار ڕاگەیاند و کارگە چینییەکان لە درووستکردنی کاڵا بۆ ناردنە دەرەوەوە ڕوویان وەرگێڕا بۆ بەرهەمهێنانی ئەو کاڵایانەی لە ناوخۆدا ڕەواجیان هەیە. بەوەش زۆری پێ نەچوو ئابووری چین ساڕێژ بووەوە و هەمووی ساڵێکی پێ نەچوو کە چووەوە سەر سکەی گەشە ڕوو لە هەڵکشانەکەی خۆی.
8- دەوڵەتێکی تۆقێنەر:
چین لە سەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە پڕۆژەیەکی زەبەلاحی سیاسیی و ئابووریی مەترسیدارە، تۆڕێکی جاڵجاڵۆکەیی سەرباز، جاسووس، چەکی پارەیە. لەسەر ئاستی ناوخۆ حیزبی کۆمۆنیستی چین هەموو شتێکی قۆرخ کردووە، دەوڵەتیشی کردووە بە ئامرزاێکی کارا بۆ چەسپاندنی فەلسەفە سەرمایەدارییە دەوڵەتییەکەی.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش چین پێڕەوەی سیاسەتێکی تازە دەکات کە دەکرێت بە (کۆڵۆنیاڵیزمی چەکی بانک) ناوی بەرین، ئەوەندە بەسە بزانین چین نزیکەی یەک تریلیۆن دۆلار سەرمایەگوزاریی کردووە لە وڵاتانی جیاوازدا و بە نیازە ئەو بڕە چەند هێندە زیاد بکات، هەندێک بەشی چەند وڵاتێکی جیاوازی کڕیوە، لە پلانیدایە هەندێک دەوڵەت بکڕێت، لە نموونەی دەوڵەتە شکستخواردووەکانی ئەفریقا، ئەمە ستراتیجی تازەی (شی جینپینگ)ە.
هەر لە میانەی ئەم پرۆژانەدا، پڕۆژەی (پشتێن و ڕێگا) هەیە کە ساڵی 2015 سەرپێ خراوە. (پشتێن و ڕێگا) ڕێگایەیەکی ئاسنینی 12هەزار کیلۆمەترییە کە لە (یی و: YiWu)ی چینەوە دەست پێ دەکات بۆ لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، جگە لە پڕۆژەی ستراتیجی وەکو تۆڕێک ئۆتۆبانی درێژ کە خۆرهەڵاتی چین بە ئاوەقوڵەکانی پاکستانەوە دەبەستێتەوە. هەروەها بۆرییەک بە درێژیی 1833کم بۆ گواستنەوەی گازی سرووشتی لە توورکمەنستانەوە.
8- تێپەڕاندنی ئەمریکا:
سەرجەمی بەرهەمی خۆماڵی (GDP) چین ساڵی 1998 تەنیا یەک تریلیۆن دۆلار بوو، هی ئەمریکا 9 تریلیۆن دۆلار. ساڵی 2018، جی دی پی چین هەڵکشا بۆ 13 تریلیۆن لە بەرانبەر 20 تریلیۆن دۆلاری ئەمریکا. کۆمەڵێک پێشبینیی هەن سەبارەت بەوەی کەی ئابووریی چین پێش ئەمریکا دەکەوێت، لە نزیکترین پێشبینییدا وا چاوەڕێ دەکرێت ساڵی 2025 سەرجەمی بەرهەمی خۆماڵیی چین بگاتە 22 تریلیۆن دۆلار بەرانبەر 21 تریلیۆن دۆلاری ئەمریکا.
ڕیچارد نیکسن، سەرۆکی ئەمریکا؛ پەنجا ساڵ پێش ئێستا بە تۆنێکی جێبەزەییانە و جۆرێک لە لاقرتێکردنەوە وتی: (چین دەوڵەتێکی ڕەنجدەر و خۆماندووکەرە)، ئەی ئێستا بمایە چیی دەوت؟ [1]