ناونیشان: ژیانی من لەنێوان بەرداشی نیشتمان و تاراوگەدا نووسینی د. سالار باسیرە
ناوی نووسەر: یوسف مەنتک
بێ ناسنامە بۆ بڕوانامەی پرۆفیسۆر
مەبەست لە نووسینەوەی ژیاننامە، نووسەران، ڕۆشنبیران، سیاسی و سەرکردە، بیرمەند جار هەیە کەسێکی ئاساییش دەفتەری ڕۆژانەی دەنووسێتەوە، ئەو جۆرە نووسینانە بایەخی مێژوویان هەیەم بەهۆی ئەوەی باسی مێژووی سیاسی وکۆمەڵاایەتی وکوڵتووری سەردەمێکمان بۆ دەگێڕێتەوە.
ژیاننامە، بیرەوەری، خود نووسینەوە ئۆتۆبیۆگرافیا، یاداشت نامەی ڕۆژانە، یاداشتی کەسی بریتین لە هونەری گێڕانەوە جۆرێکن لە پەخشان. زۆرێک لە ژیاننامەو بیرەوەری نووسەران هەن بە ڕۆمان ناوزەد کراون بەرهەمەکانی لامارتین، مەکسیم گۆرکی، هەروەها ڕۆمانی گەڕان بۆ کاتی لەدەست چووی مارسیل بروست، هونەر مەند لە لاتافی لاویدای جەیمس جویس، خوود نووسینەوەن، پۆلینکراون بۆ ئەدەبی ئۆتۆبیۆگرافیا، نموونەی ژیاننامەکانی بنیامین فرانکلین، دان پیانانی ژان ژاک ڕۆسۆ، ئیدوارد جیبۆن1، هەر یەک لەوانە کاریگەریان هەبووە بەسەر ئەدەبی نەتەوەکەیان، بیرەورییەکانی د. باسیرە بۆ ئەدەبی کوردی ئەگەر لەوانە باڵاتر نەبێت، بێ شک نزمتر نییە. وینستۆن چەرچلی سەرۆکی بەریتانیا بەهۆی پەڕتووکی جەنگی دووەمی جیهانی مێژووەکە باس لە بیرەوەرییەکانی لەم جەنگەدا دەکات، لە ساڵی 1953 خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی پێ بەخشرا2. بیرەوەرییەکانی د. باسیرەش سەر ڕێژە لە جەنگ، لە هەرشوێنێک بووە، بۆ بەردەوامی ژیان لە جەنگدابووە.
لە دوای ڕاپەرینی بەهاری ساڵی 1991، لە باشووری کوردستان، ئیدی لێروە لەوێ خەڵکانێک بەتایبەت سەرکردە ولێپرسراوان و چەندین کەسێتی باس لە ئەزموونی ژیانی پێشمەرگایەتیان دەکەن. لێ چونکە زۆربەیان ڕاستگۆیانە نەنووسراونەتەوە، هەر یەکە و بەپێی بەرژەوەندی حیزبی و شەخسی و تارمایی ڕق وکینە و دوژمنایەتی زاڵە بەسەریاندا، بۆیە سەرچاوەی متمانەو باوەڕ نیین.
یەکێک لەو ژیاننامانەی خوێندمەتەوەو سەرنجی ڕاکێشام بەرتراجیدیاو ڕاستگۆیی و سادەیی و ژیانی تاڵ و سوێری نووسەرەکەی کەوتم. ڕاستگۆیی لە ژیاننامەکەی د. سالار باسیرە بوو، کە مێژووی وردو درشتی چۆنییەتی ژیان وگوزەرانی خۆی و ماڵباتی و باپیرانی، مێژوو و جوگرافیای ڕووداوەکانی باسکردووە، هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ئەم چەند دێرەی بۆ بنووسم.
نووسەر دەستی خوێنەر دەگرێت، قۆناغ بە قۆناغ، کۆڵان بەکۆڵان، گوند بەگوند، شارو شار، وڵات بەوڵات بە نێو ڕووداوەکانی ژیانیدا دەیگێرێت، ژیاننامەکە فیلمێکە پیشانی خوێنەری دەدات.
نووسەر لە هەر قۆناغێکی ژیانیدا مێژووی کۆمەلایەتی، کوڵتووری، سیاسی، ئابووری ئەو سەردەمە دەگێرێتەوە، تیشک دەخاتە سەر تاریکایی و ڕۆشنی دەکاتەوە بە بەڵگە و دیکۆمێنت و وێنەو مەیدانی.
پە پێی بیرەوەری نووسەر دەمان گەڕێنێتەوە بۆسەرەتای شەستەکانی سەتەی ڕابردوو، وەک خۆی گەڕەکە هەژار نشینەکان، کۆڵانە قوڕاوییەکانی شاری سلێمانی، لەنێو بازاردا چۆن ژیانی گوزەراندووە، چۆن خوێندویەتی، وێنەکانی، بارودۆخی سیاسی و شەڕو شۆڕ حوکمی خوێناوی زەعیم سەدیق بەریەک کەوتنەکانی نێو شار دەگێڕیتەوە.
لایەنێکی گەشی بیرەوەرییەکان ئاماژە کردنە بە بەیەکەوە ژیانی نەتەوەو ئایینە جیاوازەکانی شار مێژووەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی ئیبراهیم پاشای بابان کە چەند خێزانی جولەکەو کریستیان و موسڵمان لەم شارەدا ژیاون. لەو سەردەمدا ژیان سادەو ساکار بووە، مرۆڤەکان ئاشتیخوازو لێبووردەبوون، هاوکارو هاوخەم بوون لەکاتی شین و شایی. (منیش دەپرسم چەند لە نەوەکانی جولەکەو کریستیان و ماڵباتە ڕەسەنەکانی شار لە ئێستادا ماون لەم شارەدا).
خوێنەر بەر کەرەستە و پێداویستییە کۆنەکانی ژیانی ڕۆژانە دەکەوێت، بەر مێژووەک دەکەوێت کە سیمای شارستانی وپێشکەوتنی کۆمەڵگەن، سەرەتای سەتەی بیستەم بەهۆی حاکمی ئینگلیز مێجەرسۆن چاپخانە، سینەما، وێنەگرتن، سەیارە دەهێنێت بۆ شار، چەندین ڕۆژنامەو گۆڤار دەردەچن هەموو ئەوانەش سەرچاوەی هۆشیاری و پێشکەوتنی مرۆڤن.
نووسەر خاوەنی کوردستانی مەزنە دابەشکراو بۆ چوار پارچە، لەسایەی دەسەڵاتی داگیرکەر بێ ناسنامەیە، هەر ئەوەشە وا دەکات بەر شاڵاوی ڕاگواستن وئاوارەیی ودەرکردن بێت لەسەر ماڵ و حالی خۆی، کە نەتوانێت خوێندن تەواو بکات بۆ دابینکردنی بژێوی سەختی ژیان ناچار بووە کەسابەت بکات، زۆر ڕاستگۆیانەو بوێرانە باسی هەژاری ومەرگەساتی ژیانی خۆی و خێزانەکەیان دەکات، ئەوەش بەڵگەی ڕەوشت بەرزی وڕاستگۆیی دکتۆرن.
لە تەمەنێکدا ڕوو لە هەندەران دەکات تازە پێدەگات، هیوای بەژیانە بۆ ئەم هیوایە تێدەکۆشێت، لە تاراوگە بەر شارستانییەتێک و کۆمەڵگەیەکی نوێ و نامۆ دەکەوێت، زمان نازانێت و نەشارەزا بێ کەس و بێ ڕینمایکار تاق وتەنیا، لەگەل ئەوەشدا کۆڵ نادات بۆ هیواو ئامانجەکانی تێدەکۆشێت، تێکەل بە کۆمەڵگە دەبێت، هاوڕێ و دۆست دەدۆزێتەوە، زمان فێردەبێت، کاردەکات، دەخوێنێت، زەواج دەکات. لەسەرتادا ژیانی سەختە بۆ باشتر کردنی ژیان کرێکاری دەکات، زەحمەتی زۆر دەکێشیت، دواجار قۆناغە سەختەکان تێدەپەڕێنێت. هەمیشە لەململانێ دایە لەگەل ژیان بۆ گەیشتن بە قۆناغێکی گەش ونوێتر، تارمایی تراژیدیاش هەردەم بەدوایەوە بووە، دایک کۆچی دوایی دەکات، براکان کۆچی دوایی دەکەن. ژیانی نوێ پێک دەهێنێت. بۆ لێکۆڵینەوەی سیاسی دەچێتە وڵاتانی ئەمریکای لاتین نیکاراگوا، تێکەڵ بە شۆڕشگێڕان دەبێت. لە ئەڵمانیا چالاکوانی سیاسی دەبێت لە زۆرێک لە کۆرو کۆبونەوەوچالاکییە سیاسییەکان دژ بە هێرش و سیاسەتی داگیرکەران بۆ سەر کوردستان بەشدار دەبێت، دوای ئەم هەموو هەورازو نشێوە بڕوانامەی پرۆفیسۆر بەدەست دەهێنێت و دەبێتە خاوەن ناسنامەی ئەڵمانی.
بە هێوای خزمەتکردن بۆ نیشتمان هەرێمی کوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی شوێنی لەدایک بوونی و یادەوەری سەردەمی مندالێتی کۆڵانە قوڕاوییەکانی شار. لێ حەیف تەواوی شار بە شەقام و گەڕەک و گۆڕاون، بینای بەرزی هەور بڕ بیناکراون، تەواوی کۆمەڵگەش گۆڕاوە، سیمای غەریب و کەس ناناسێتەوە. بەر هەموو ئەم شتانە دەکەوێت: ژینگەیەکی تەواو حیزبی، زانکۆو سەنتەری زانستی چەق بەستووی ژێر هەیمەنەی حیزب، سیستمی ئیداری نارێک، گەندەڵی لە تەواوی شادەمارەکانی یەکە ئیداری و بوارەکانی ژیان و بازاڕ، نا عەدالەتی، مۆدیلی ڕاپۆرت نووسین وملشکاندنی ئەویترو بۆ گەیشتن بە پلەی بەرزتر سەرکەوتن بەسەر پشتی ئەویتر، بەرتیل ودیاری مۆدیلێک بۆ حوکمڕانی و کار ئاسانی. دوای ماوەیەک دکتۆر ناتوانێت لەم فەزایەدا ژیان بکات بۆیە بەناچاری دەگەڕێتەوە بۆ تاراوگە.
نووسەر لەگەلێک وێستگەی ژیاندا تووشی مەترسی ژیان ومەرگ بۆتەوە، وێستگەی زۆر هەن باسیان لێوەدەکات، بۆ نموونە کارکردن لە کەیسی ئەنفالەکان مەیدانی بەدیدارو سەردان لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکات، پەڕتووکی لەسەر دەنووسێت، بۆیە من بیرەوەرییەکانی دکتۆر باسیرە بە سەرچاوەیەکی بە نرخ وباشتروڕاستگۆی دەبینم، دەکرێت ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە، توێژەران، مێژوونووسان، ئەدەب دۆستان، بە بایەخەوە سوودی لێوەربگرن. هیوادارم هەر تاکێکی کورد ئەم بیرەوەرییانە بخوێنێتەوە دڵنیام تا ئەبەد چێژ وگاریگەری لەبیر ناچێتەوە، من نامەوێ زۆر درێژدادڕی بکەم تەواوی پەڕتووکەکە شەن وکەو بکەم، ئەوەی من باسمکرد، چەند نموونەیەکی گرنگ و پڕ بایەخی نێو ئەو پەڕتووکە بوو، باقی پەڕتووکەکە بۆ خوێنەر جێ دەهێلم بیخوێنێتەوە خۆی بچێتە نێو دەقی پەڕتووکە کەو ئاوێتەی ڕوداوەکان بێت، دڵنیام خۆی لەزۆرێک لە وێستگەکانی ئەم بیرەوەرییەدا دەبینێتەوە.
$سەرچاوە$
1- چەشەو چەشنە ئەدەبییەکان. د. حەمە مەنتک. پەڕتووکخانەی مەم و زین - #هەولێر# 2019
2- ویکیپێدیا- وینستۆن چەرچل [1]