ئیلاهی هەر تۆی فەردی فریادڕەس
هەر تۆی بۆ بێکەس، پشت و پەنا و پەس
هەر خۆت شارەزای لە حاڵی ئینسان
لە ئەوەڵ عومری تا ئاخیر نەفەس
خودایە شەکوام بگاتە دەرگات
یەکجار پەشێوم بێ شەوق و هەوەس
ڕۆژ و شەو پیشەم شین و گریانە
دائیم مەحزوونم وەک تەیری قەفەس
لەو ڕۆژەی بوومە تاکوو ئەم کاتە
هیچ خۆشیم نەدی غەیرەز دەرد و بەس
دائیم لارە خوار، بێ جێ و سەرگەردان
ناڵەی دەروونم وەک دەنگی جەرەس
ئەڕۆم بەڕێوە ئەژنۆم ئەلەرزێ
جەرگ و هەناوم بووە بە قەقنەس
خودا بۆ خاتر سی جزمەی قورئان
ئەو عومرەی ماوە نەڕوا بە عەبەس
بە تاعەت بشۆ ژەنگی دڵ لوتفی
ڕۆژ و شەو ڕوو کە بارەگای ئەقدەس[1]