یەکەم پارێزگاری #سلێمانی# لە سەردەمی پاشایەتیدا
سارا محەمەد عەلی
ئەحمەد بەگی کوڕی تۆفیق بەگی تابوور ئاغاسی کوڕی محەمەدی ساڵح بەگی سلێمان پاشای قەواسە لە بنەماڵەی خەندانە، خەندان باپیرە گەورەیانە لە هەمانکاتیشدا ئامۆزای شەریف پاشا و حەسەن پاشای خەندانە، ساڵی 1898 لە سلێمانی لە دایکبووە، یەکێک لە پیاوە ناودارەکانی سەدەی بیستەم و کەسایەتێکی دیاری سلێمانی بوو. تۆفیق بەگ لە شەڕی نێوان عوسمانی و ڕوسەکاندا شەهید بووە، تۆفیق بەگ دوو ژنی هێنابوو، یەکێکیان لە عەشیرەتی دەلۆ ناوی حەبیبە خانی دەلۆ بوو، هەروەها کچی یەکێک لە ئاغاکانی ناوچەی پشدەریشی بە ناوی حەلیمە خانی مەمەند ئاغای پشدەر هێنابوو. ئەحمەد بەگ کوڕە گەورەی تۆفیق بەگ بوو، لە دوای مردنی باوکی تەمەنی 18 ساڵ تێپەڕی نەکردبوو، بەرپرسیارێتی خێزانەکەی لە سێ خوشک و سێ برا لە ئەستۆگرت. ئەحمەد بەگ لە موسڵ و #کەرکووک# و سلێمانی لای مامۆستای تایبەت خوێندوێتی، قۆناغی سەرەتایی و ئامادەیی لە سلێمانی خوێندووە، ئەعدادیەی موڵکیی لە ساڵی (1914) تەواوکردووە. ئەحمەد بەگ بێجگە لە زمانی دایک، زمانی عەرەبی و فارسی و تورکی زۆرباش زانیووە، جگە لەوانە هەندێک ئینگلیزی و فەرەنسیشی زانیووە. زمانزانیی ئەحمەد بەگ خاڵی ئەرێنی دەرکەوتن و سەرەنجڕاکێشانی دەوروبەرەکەی بووە، هەروەها پەیوەندییەکی بەهێز و بەرفراوانی لەگەڵ کاربەدەستانی بیانی و پیاوانی حکومەت درووستکردووە، لەبەرئەوە چەندین پۆستی کارگێڕیی وەرگرتووە. یەکێک بوو لەو کەسانەی کە مێجەرسۆن تا ماوەیەک کردی بە بەڕێوبەری سورداش.
$ئەحمەد بەگ دەبێتە موتەسەڕیف$
ساڵی 1921 خۆی بۆ ئەندامی بەڕێوەبردنی سلێمانی هەڵبژارد، بەڵام سەرنەکەوت.لە 18-05-1923 ئەدمۆنز ئەحمەد بەگی بە سەرپەرشتی فەرمانگە شارستانییەکانی ناوشار دیاریکردووە، دواترو لە 07-06-1923 ئینگلیز کردوویەتی بە ئەندامی تەشکیلاتی حکومەت، بەڵام دوای سێ ڕۆژ دەستیان لەم فرمانە هەڵگرتووە. ئەحمەد بەگ لە 17-06-1923 چووە کەرکووک، دواتر و لە ساڵی 1924 وەک نوێنەرو نائیبی لیوای سلێمانی بۆ ئەنجومەنی دامەزراندن (تەئسیسی) دەستنیشانکرا.ئەحمەد بەگ لە 17-06-1923 سلێمانی جێهێشت و نەگەڕایەوە، کاتێک هاتەوە بۆ سلێمانی یاوەری کاروانی لەشکرەکان لیڤی بوو. لە ڕۆژی هەینی 21 تەمموزی1922، دوای نوێژی نیوەڕۆ لە مزگەوتی سەید حەسەن موفتی هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبردنی جەمیعەتی کوردستان لە سلێمانی سازدرا، ئەحمەد بەگ وەک ئەندامی دەستە هەڵبژێردرا. هەروەها دواتر بە بڕیاری مێجەر گۆڵد سمیس حاکمی سیاسی ئینگلیز لە 05-09-1923 بۆ ئەوەی سلێمانی چۆڵبکەن، ئەحمەد بەگ یەکێک بوو لە ئەندامانی لیژنەی شەش کەسی بۆ بەڕێوەبردنی لیوای سلێمانی. لە 07-03-1925 کاپتن چاپمان جێگەکەی بۆ ئەحمەد بەگی تۆفیق بەگ چۆڵکرد و وەک یەکەم موتەسەریفی لیوای سلێمانی سەردەمی پاشایەتی لە ئێڕاق دیاریکرا.ئەحمەد بەگ تا 09-04-1927 لەو پۆستە مایەوە، دواتر لە دوای ئینگلیز دەستی لە موتەسەریفی کێشایەوە.
لە ساڵی 1928 ئەندامی نهێنی کۆمەڵەی هیوا بووە، دوای 6 ئەیلولی 1930 حکومەت بە گونجاوترین کەسی زانیوە بۆ ئارامکردنەوەی خەڵک، لەبەرئەوە جارێکی تر لە 28-09-1930 تا 24-04-1935 بە پلەی موتەسەریفی لیوای سلێمانی داندرایەوە، پاشان لە 25-04-1935 بە پلەی موتەسەڕیفی گواستراوەتەوە بۆ لیوای #هەولێر# تا 24-04-1939 لەو پۆستە بەردەوامبووە، دواتر و هەر لە هەمان ساڵدا پلەکەی کەمکرایەوە بۆ موفەتیشی ناوخۆ و بۆ بەغدا گواسترایەوە. لە کۆتایی ساڵانی چلەکان جارێکی تر داوای لێکراوە ببێتەوە نائیبی لیوای سلێمانی، بەڵام قەتیکردەوە، دواتریش داوایان لێکردووە ببێتە بەڕێوبەری گشتی ئینحساری تووتن ئەویشی ڕەتکردەوە. کاتێکیش ساڵح بەگی حوسنی پاشای زاوای شەریف پاشای خەندان ساڵی 1958 پێش (شۆڕشی 14 تەمووزی 1958) ئێڕاق لە قاهیرەوە هاتۆتە بەغدا بە ئەرشەد ئەلحومەریی هاوڕێی قۆناغی خوێندنی ئەستەمبوڵی وتووە (ئەحمەد بەگ بکرێتە عەین لە ئەنجومەنی ئەعیان، بەڵام شۆڕشی 14 تەمووزی1958 ئێڕاقی بەسەردا هاتووەو کارەکە جێبەجێنەکراوە. لە ساڵانی پەنجاکان بەدواوە، لە سیاسەت و پلەو پۆستە حوکمیەکان کشاوەتەوە، بە داهاتی موڵکەکانی ژیاوە. لە ساڵی 1962 لەگەڵ نەژادی کوڕی و حەمە ساڵح بەگی خزمیان لە بەغدا دەستگیرکراون، بڕیاری لە سێدارەدانیان بۆ دەرچوو، بەڵام لەسەر داوای قادر بەگی عیزەت بەگ لەلای عەبدولکەریم قاسم ئازادکران.
$ئەحمەد بەگ پیاوێکی قسە خۆش بوو$
ئەحمەد بەگ ڕوخسارێکی جوانی هەبوو، پیاوێکی قسە خۆش بوو، هەربۆیە توانیویەتی لەناو خەڵک و کاربەدەستانی حکومەت جێگای خۆی بکاتەوە. لە ساڵی 1963 بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەی پڕۆستات کۆچی دوایی کردو لە بەغدا نێژراوە. لە ڕاستیدا ئەحمەد بەگ خزمەتێکی زۆری لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و بازرگانی. ئایینی و ڕۆژنامەگەری بە سلێمانی کردووە کە جێگەی ڕێزگرتنە. هەر لە کردنەوەی مەرزی #پێنجوێن# بۆ کاری بازرگانی لەنێوان ئێران و کوردستاندا ڕێکخستنی شەقامەکانی شارو چاکردنەوەیان درووستکردنی شەقامی نوێ، تەنانەت بە جۆرێک بۆ پاراستنی ڕێگەکان بۆ ئوتۆمبێلی دیاریکردبوو کە نابێ لەو کێشە زیاتر باربکات بۆ سەلامەتی گیانی هاووڵاتیان و ڕێگاکان. هەروەها درووستکردنی پرد لە ڕۆژهەڵاتی سلێمانی بۆ پاراستنی شار لە لافاو کە چەندین جار هاوشاریەکانی تووشی کارەسات کردبوو زیانی گیانی و مادی لێدابوو. لەگەڵ ئەوەشدا بۆ یەکەمین جار لە سەر دەستی ئەحمەد بەگ پۆستە لە زمانی عەرەبیەوە کرا بە کوردی کە ئیدی تەلەگرافەکان بە زمانی کوردی دەنووسرا. لەگەل ئەوەی لە بواری ڕۆشنبیریش چەندین کۆمەڵەو ڕێکخراوی کوردی بۆ خزمەتکردن دامەزراندن لەوانە کۆمەڵەی مەعاریفی لیوای سلێمانی بۆ دانانی پەڕتووکی کوردی و وەرگێڕان پەڕتووک بۆ سەر زمانی کوردی، هەروەها کۆمەڵەی بژاری زمانی کوردی بۆ پاکردنەوەی زمانی کوردی لە وشەی بێگانە دانانی وشەی ڕەسەنی کوردی لە جێگایاندا. دامەزراندنی کۆمەڵەی زانستی کوردان 1926، سەرباری خزمەتکردنی بەلایەنی تەندرووستی زۆر لە سلێمانیدا ڕەنگی دابوویەوە کە لە گرنگی ئەدەبە تەندرووستی ئاژەڵ و کشتوکاڵیش.
$یەکەم قوتابخانەی کچانی لە سلێمانی کردەوە$
بێگومان ئافرەتانیش بەدەر نەبوون لە گرنگی پێدانی ئەحمەد بەگ و چاکسازییەکانی کە یەکەمین قوتابخانەی کچانی لە سلێمانی کردەوە ئافرەتان تیایدا دەیان خوێند. چونکە ئەحمەد بەگ پێیوابوو ئەم کوردە تەنیا بە خوێندن پێشدەکەوێت، هەروەها گرنگییەکی زۆری بە شوێنەوار مێژووییەکان داوە تەنانەت ئەدمۆنز باس لەوە دەکات کە بە یارمەتی ئەحمەد بەگ شوێنەوەری ئەشکەوتی قزقاپانی دۆزیوەتەوە. لەڕاستیدا کارەکان و خزمەتەکانی ئەحمەد بەگ زۆر جی سەرنجن کە پێشکەش بە سلێمانی کردووە دواجار کاتێک کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی دێ نامەیەک بۆ هاوشارییەکانی دەنووسێت (ئەم نامەیە کاتێک نووسیویەتی کە وەک موتەسەڕیفێک بۆ لیوای هەولێر گواستراوەتەوە. ئەحمەد بەگ بەم نامەیە خواحافیزی لە خەڵکی شار کردووە و سوپاسگوزاری خۆی بۆ خەڵکەکەی دەربڕیووە و زۆر بە چاوی ڕێزو خۆشەویستی و بە زمانی گوڵ خواحافیزی کردووە، ئاواتەخوازبووە خوشک و برا کوردەکانی ڕۆشنبیر و پێشکەوتووبن، لە کۆتایی نامەکەدا هیوای ئاوەدانی بۆ کوردستان و ژیانیکی پڕ شکۆ بۆ گەلەکەی دەخوازێ: (بۆ هاووڵاتیانی خۆشەویستم، قیسمەت وایە کە لێتان جودابمەوە لەبەرئەوەی کە بەدەم و دەست نەتان گەیشتمێ، ویستم بە نووسین خواحافیزتان لێ بکەم، ئێستا من هەرچەندە لێتان جوودا دەبمەوە بەڵام ئەم جودائیەی هەر بۆ نییە و تا سەر نییە، لە هۆش و دڵم بەشێکی موناسبیی لەلاتان دەمێنێ و بەجێ دەهێڵم و تا وەقتێ پێوست بێ بتوانم لە خزمەتاندابم بە تەواوی حازربم، زاتەن سرووشتم، سەرنووشتم کە لەم خاکە پاکەی باشووری کوردستان بێ ئیختیار، دڵ و گیانم پێوەندو پێویستێتی هەموو دەیزانن، بەخسوس ئەربابی ئینساف و زی و وقوف و حەمییەت و حەقبین کە هەنگاوی شەباب و جوانیم کەوتە بەر ئەدواری میحنەت بۆ خۆم، هەرچەندە کە عومر دوبارە نابێتەوە ڕابردوو چنگ ناکەوێتەوە لە دەستم چوو. دیسان خۆشبەختانە ئەلێم کە لەبەرئەوەی بۆ خزمەتکردنی ئەم وڵاتە. بە نەزاهەت ئیخلاصەوە صەرف و لە عەینی حاڵدا موثمربووە. بەڕەغمی تەقەدومی عومەرم، خۆم بە جوانبەخت ئەبینم چ ڕۆژێکیش ئەگەر ژیانم وەفا بکا بمێنێ و پێویستیش بێ بۆ بەرزی شەرەفی ئەم وڵاتەو ئەم خاکە پاکە ڕەهنی ئەکەم، بەڕەهنێکی نەزیهو موقەدەس بێ ئەوەی هیچ تەئپیرێکی ئاگادار بتوانێ ئامال و ئیحساساتم زەبوون تەسخیر بکا، ئیتر خواحافیزی لەم پارچەیە لەوەگنی موقەدەسم لەگەڵ ئاواتم بۆ سەربەرزی و خۆشحاڵیتان و هەر بمێنێ جامیعەی ئێڕاقی و بەرزی کوردستان لەناویا، بە خواتان ئەسپێرم).[1]
$سەرچاوە:$
سارا محەمەد عەلی، پەڕتووکی ئەحمەد بەگی تۆفیق بەگ یەکەم موتەسەریفی سلێمانی لە سەردەمی پاشایەتیدا، بەڕێوەبەرایەتی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی، 2022.