ناونیشانی بابەت: جەنگی میرنشینی مەلکیشی و میرنشینی زولقەدری
ئامادەکردنی: حسێن مەلکیشانی بڵباس
میرنشینی زولقەدری لە میرنشینەکانی (#ئەنادۆڵ#) بووە و پایتەختەکەی شاری (بستان) بووە سەر بە هەرێمی (مەرعەش) لە دوای ڕووخانی دەوڵەتی سەلجووقی دامەزراوە.
میرنشینی مەلکیشی، یەکێکە لە میرنشینە گەورە و بەهێزەکانی #کوردستان# کە بە میرنشینی (کوردستان) ناسرابوو و پایتەختەکەی شاری (چەمشگزەک- #دێرسیم#) بووە لە #باکووری کوردستان#.
دەرسیم، یاخود دێرسیم، شارێکی مێژوویی کوردە و لەژێر دەسەڵاتی هەزەبانی-کوردی بووە لە دەوروبەری ساڵی (1070)ی زایینی پاشا مەلکیشۆ توانیی سنووری میرنشینەکە فراوانتر بکات کە پێک هاتبوو لە (34) قەڵا و (16) شار. پاشایانی مەلکیشی لە هۆزی بڵباسن سەر بە ئێڵی گەورەی هەزەبانی کە لە نەوەی پاشا (مەلکیشۆ)، نەوەی پاشا ئەبوولهیجا مووسک کوڕی پاشا چەکۆی هەزەبانین.
ئەم شەڕە لە دەوروبەری ساڵی 1450ی زایینی ڕووی داوە، کاتێک پاشای وڵاتی زولقەدری، پاشا (سولەیمان کوڕی محەمەد زولقەدری) بڕیار دەدات هێرش بکاتە سەر میرنشینی مەلکیشی (بڵباس).
لەو سەردەمەدا پاشای میرنشینی مەلکیشی، پاشا ئەلمەلک ئەلعادل شێخ حەسەن بەگ مەلکیشی بڵباس کوڕی پاشا ئەلمەلک ئەلعادل تاجەلدین کوڕی پاشا کەیقوبا کوڕی پاشا خالید کوڕی پاشا بەهائەلدین کوڕی پاشا محەمەد کوڕی پاشا مەلکیشۆ نەوەی پاشای مەزن ئەبوولهیجاء مووسەک هەزەبانی کوڕی پاشا چەکۆ جەعفەر محەمەد هەزەبانی لە نەوەکانی پاشای مەزن مۆنبازی هەزەبانی لەگەڵ دەوڵەتی ئاق قوینلوو لە سەردەمی پاشایان (ئۆزۆن حەسەن ئاق قوینلووی تورکمان) لە شەڕدا بوو.
زولقەدرییەکان کە کێشەیان هەبوو لەگەڵ بڵباسەکان لەسەر هەردوو قەڵای (کوئراک) و (وئراک) بۆیە ئەم دەرفەتەیان بە هەل زانی بۆ هێرشکردنە سەر پاشا ئەلمەلک ئەلعادل شێخ حەسەن بەگ مەلکیشی بڵباس، چونکە پاشا شێخ حەسەن مەلکیشی سەرقاڵی بەرەنگاربوونەوەی سوپای ئاق قوینلوو بوو.
پاشا سولەیمانی زولقەدری بە سوپایەکی 30 هەزار نەفەری لە تورکمان هێرش دەکاتە سەر کوردانی بڵباس لە میرنشینی مەلکیشی، پاشا شێخ حەسەن مەلکیشی بلباس دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ میر و سەرکردە سەربازییەکانی بڕیار دەدات سوپاکەی بکاتە دوو بەش، بەشێکیان بەردەوامی بە شەڕکردن بدەن بەرانبەر دەوڵەتی ئاق قوینلوو لە دەشتی سەفان کە سنووری میرنشینی مەلکیشی بووە لە نزیک شاری بینگول و بەشێکی دیکەی سوپاکەی ڕەوانە دەکات بۆ شەڕ بەرانبەر زولقەدرییەکان، دوای پێنج ڕۆژ شەڕ سوپای کوردانی مەلکیشی بڵباس بەسەر تورکمانە زولقەدرییەکاندا زاڵ دەبن و خەراپیان بەسەر دێنن، بۆیە پاشا سولەیمان زولقەدری پاشەکشە دەکات بۆ قەڵای خەربوت و کۆتایی بەم شەڕە دێت.
لە هەمان کاتدا بڵباسەکان سەربازانی ئاق قوینلو ڕاو دەنێن.
لێرەدا بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە میرنشینی مەلکیشی (بڵباس) چەند بەهێز بووە و چۆن توانیویەتی لە یەک کاتدا شەڕی دوو دەوڵەت بکات وەک ئاق قوینلو و زولقەدر کە تەنیا سوپای زولقەدر 30 هەزار سەرباز بووە.
$سەرچاوەکان:$
1- پەڕتووکی دیاربکریە، ئەبوبەکری تەهرانی.
2- شەرفنامە شەرف خانی بەدلیسی.
3- تاریخ اربل.
4- صبح الاعشی
[1]