$ئەهلی سوننەت و جەماعەت کێن؟$
نووسینی: #سەروەر پێنجوێنی#
وەههابیەکان، و دەم وچاوە دیارەکانی ئیسلامی سیاسی کە باکگراوندێکی وەههابییان هەیە (بەتایبەتی قەڕەضاوی کە هەڵوێست و لێدوانی هەبو)؛ توڕە بون لە ئەنجام و ڕاسپاردەکانی کۆنفڕانسی ئیسلامیی نێونەتەوەیی گرۆزنی کە لە چیچان، بە دروشمی ئەهلی سوننەت و جەماعەت کێن؟ [مَن هُم أهلُ السُّنَّة والجَماعة؟ بيانٌ وتوسيفٌ لمنهجِ أهل السُّنَّة والجَماعة اعتقادًا وفِقهًا وسلوکًا، وأثَر الانحرافِ عنه علی الواقِع]، بەسرا، و سێ ڕۆژ (25-27 / 8 / 2016) بەردەوام بو، بە ئامادەبونی زیاتر لە 200 زانا و پێشەوا و موفتیی موسوڵمانی سوننیی وڵاتان، لەوانە شەیخی ئەزهەر (أحمد الطیب)، و موفتیی پێشوی میسر (علي جمعة).
کۆنفڕانسەکە بەم ڕاگەیەنراوە کۆتایی هاتبو کە 'ئەهلی سوننەت و جەماعەت' بریتین لە ئەشعەری و ماتوریدیەکان لە بیروباوەڕدا، و شوێنکەوتوانی چوار ڕێبازەکە لە فیقهدا، و شوێنکەوتوانی تەسەووفی بێ خەوش لە لایەنی زانست و ڕەوشت و خاوێن کردنەوەی دەرونەوە، کە بەم شێوەیە ڕێبازی حەنبەلی لە بیروباوەڕدا، یان ڕێبازی ئەهلی حەدیث، یان ئەوەی ئێستە پێی دەوترێت سەلەفیەت، لە بازنەی ئەهلی سوننەت و جەماعەت دەچێتە دەرەوە. و چەند ڕاسپاردەیەکی هەبو، لەمانە: پشتگیریی ئەو دامەزراوە ئایینیانەی لەسەر ڕێبازی میانەڕەو دەڕۆن، و هاوکاریی نێوان دامەزراوە ئیسلامیە زانستیە ڕەسەنەکانی وەکو (ئەزهەر) و (زەیتونە) و (قەڕەویین)، بۆ ئەو مەبەستە. و دانانی یاساگەلێک بۆ بەتاوان ناسینی بڵاوکردنەوەی ڕق و کینەی ئایینی و هاندان بۆ ئاژاوەی ئایینی و مەزهەبی.
ئەم کۆنفڕانسە لەو باک گراوندەوە دێت کە گروپە سەلەفی-جیهادیەکان لە چیچان و قەوقاز چالاکییان زیادی کردووە، و ئەم ئیسلامە سەلەفی-وەههابیەش نامۆیە بە ئیسلامی باو و جێگرتوی ئەو ناوچەیە و هەمو ناوچە موسوڵمان نشینەکانی ڕوسیا و ژێر دەسەڵاتی ڕوسیا، کە ئیسلامی ئەشعەریە لە بیروباوەڕدا و سۆفیە لە شێوازی ئایینداری و سلوکدا.. بۆیە دەویسترێت لەم ڕێگەیەوە بەربگیرێت لە تەشەنەکردنی ئیسلامە وەههابیەکە و گروپە جیهادیەکانی. و بێ گومان باک گراوندی سیاسییشی لەپشتە، وەکو ئەوەی ڕێژەیەکی زۆری شەڕکەری ئیسلامی لە سووریا چیچانین کە ئەمانە ئامانجی ڕوسیان، یان گوایە داخی ڕوسیا لەوەی پێشتر کەوتنی یەکێتیی سۆڤیێت بەهۆی جیهادی ئەفغانستانەوە بوە کە سەلەفی-جیهادیەکانی سعودیەی لەپشتەوە بون. بۆیە سعودیە پێی وایە ئەم کۆنفڕانسە ئیسلامیە دژی ئەوە و بۆ دورخستنەوەی ئەوە لە بازنەی ئیسلامی سوننی. هەر بۆیە لە سعودیە دەنگ بەرزبوەتەوە بۆ بەستنی کۆنفڕانسێکی دژەوانە بۆ وەڵام دانەوەی کۆنفڕانسەکەی چیچان.
بەڵام لە ڕاستیدا وەههابییەت لەم کۆنفڕانسەدا دەکەوێتە ئەو چاڵەوە کە خۆی هەڵیکەندوە بۆ دژەکانی خۆی.. نەک بە تەنیا کۆنفڕانسێک، بەڵکوو نزیکەی سێ سەدەیە وەههابیەت خەریکی ئەوەیە هەرچی موسوڵمانی ئەشعەری و سۆفیە بکاتە دەرەوەی بازنەی ئەهلی سوننەت.. وەههابیەکان لە سعودیە ئەشعەریەکان (یاخود ئەشعەری-ماتوریدیەکان) بە گروپی گومڕاو ضال و لادەر دەزانن، بە شێوەیەک بەشی زۆری وتاری ئایینیی مەلا وەههابیەکان تەرخان کراون بۆ باسی خراپیی ئەشعەریەکان بە شێوەیەک وا دێتە پێش چاوت ئەم ئەشعەریانە یەکەم دوژمنی ئیسلام بن! لە کاتێکدا ئەشعەریەکان وا بۆ نزیکەی هەزار ساڵ دەچێت زۆرینەی هەرەزۆری ئەهلی سوننەتن لە هەمو جیهانی ئیسلامی، و خاوەنی دەزگا ئایینیە هەرەگەورەکانی وەکو (ئەزهەر)ی میسری و (زەیتونە)ی تونسی و (قەڕەویین)ی مەغەریبی و چەندان دەزگای ئایینیی ترن، جگە لەوەی ئیسلامی ئاسیایی و ئیسلامی تورکی و ئیسلامی ئەفریقایی بەگشتی هەر ئەم ئیسلامە ئەشعەری-سۆفیەن، بۆیە هەتا ئێستەش زۆرینەی موسوڵمانانی سوننین.. و لەناو ئەشعەریەکاندا پێشەوا ئیسلامیە هەرەدرەوشاوەکان هەڵ کەوتون، وەکو (عەبدولقاهیری بەغدای) و (باقیللانی) و (ئیمام ول حەڕەمەین) و (ئیبن حیببان) و (داڕەقوطنی) و (حاکیم) و (بەیهەقی) و (غەزالی) و (فەخری ڕازی) و (ئیبن عەبدیسسەلام) و (قاضی عیا ض) و (ڕافیعی) و (نەوەوی) و (شاطیبی) و (قەڕافی) و (ئیبن دەقیقیلعید) و (ئیبن حەجەری عەسقەلانی) و (زەکەریای ئەنساری) و (دیهلەوی) و (ئیبن عاشور) و (کەوثەری) و دەیان و سەدانی تر. بە هەمان شێوە وەههابیەکان هەر لە سەرەتاوە بە تەکفیرکردن و بەموشریک زانینی ئەهلی تەسەووف دەستیان پێ کردووە، و هەمیشە بە گۆڕپەرست و مردوپەرست و شێخ پەرست ناویان دەبەن.
ئەمە جگە لەوەی بەجیددی خوێنەوارە وەههابیەکان پێشتریش ئەشعەریەکانیان بە شوێنکەوتەی گروپی نا-سوننی داناوە. بۆ نموونە:
زۆر جار باسی ئەوە دەکەن کە ئەشعەریەکان پاشماوەی کوللابیەکانن، کە شوێنکەوتوی پێشەوایەکن بە ناوی (عەبدوڵڵای کوڕی کوللاب) کە مامۆستای (ئەبول-حەسەنی ئەشعەری) بوە، و ئەشعەریەکان بە پێشین و دامەرزێنەرێکی کۆنی ڕێبازەکەیانی دەزانن، بەڵام وەههابیەکان کوللابیەکان بە گروپێکی گومڕا و نا-سوننی دەزانن، بۆیە مەبەستیان لە گێڕاندنەوەی ئەشعەریەت بۆ کوللابیەت هەر ئەوەیە ئەشعەریەتیش ڕێبازێکی گومڕایە.
هەروەها زۆر جار ئەشعەریەکان بە موڕجیئە دەزانن بەو پێیەی کە پێیان وایە نەبونی عەمەل زیانی بۆ ئیمان نییە و ئیمان زیادوکەم ناکات، و هیچ موسوڵمانێک بە نەبونی عەمەل لە باوەڕ دەرناچێت. بۆیە لێرەوە وەههابیەکان حەز دەکەن ئەشعەریەکان بە بەشێک لە موڕجیئە بزانن کە یەکێکی ترە لە گروپە نا-سوننیەکان.
هەروەها وەههابیەکان زۆر جار ئەشعەریەکان بە جەهمی ناودەبەن، یان دەڵێن جەهمییەت و مەبەستیان ئەشعەریەکانە، و بەگشتی ئەشعەریەت بە پلەیەکی جەهمییەت دەزانن، کە ئەمەش گروپێکی نا-سوننیی ترە و شوێنکەوتەی موتەکەللیمێک بون بە ناوی جەهم ی کوڕی سەفوان. ئەمەش بەو پێیەی ئەشعەریەکانیش وەکو جەهمیەکان هەوڵ دەدەن دەقەکانی وەسفی خوا بە بارێکدا تەئویل بکەن کە تەشبیﮪی خوای بە درووست کراوەکانی لێ نەکەوێتەوە (بۆیە دەوترێت: 'سیفاتی خەبەری' نەفی دەکەن چونکە بە مەجازیان دەزانن)، و وەکو ئەوان دەڵێن خوا لە هەمو شوێنێک هەیە نەک لە شوێنێکی دیاریکراوی وەکو سەرەوە.
هەروەها وەههابیەکان ڕێبازی ئەشعەری بە پلەیەکی جەبرییەت دادەنێن، بەو پێیەی کە ئەشعەریەکان دەڵێن خوا کردەوەی بەندەکان خەلق دەکات و بەندەکان تەنیا کەسبیان دەکەن! [کە ئەمە لە خۆیدا تیۆرییەکی کەلامیی ئاڵۆزی ئەشعەریەکانە، لەسەر ئەمە لەلایەن موعتەزیلەیشەوە بە جەبری دانراون، و هەندێک لە ئەشعەریەکان خۆیان دان بەوەدا دەنێن کە تیۆریەکەیان جەبریەتێکی مامناوەندە].
و بەگشتی وەههابیەکان ڕێبازی ئەشعەری بە شێوەیەکی کاڵی ڕێبازی موعتەزیلە و جەهمییە و موڕجیئە دەزانن. هەتاکو (ئیبن تەیمییە)ی پێشەوایان نووسیویەتی: سەلەف دەیان وت: موعتەزیلە؛ فەیلەسوفە مێچکەکانن، و ئەشعەریەکانیش؛ موعتەزیلە مێچکەکانن! (ۆيَقُولُونَ: إنَّ الْمُعْتَزِلَةَ مَخَانِيثُ الْفَلَاسِفَةِ، ۆالْأَشْعَرِيَّةُ مَخَانِيثُ الْمُعْتَزِلَةِ) (مجموع الفتاوی. ج. 6، س. 359).
بۆیە وەههابیەکان دەمێکە ئەشعەری و سۆفیەکانیان لە بازنەی ئەهلی سوننەت کردووەتە دەرەوە، و ئەهلی سوننەتیان یەکسان کردووە بە ئەهلی حەدیث و سەلەفیەت.
ئیتر ئەشعەریەکان هەقی خۆیانە تۆڵەی خۆیان بکەنەوە.
بەتایبەتی کە وەههابیەکان پاشماوەی هەمان حەنبەلیەکانی ڕۆژگاری ڕابردون کە هەمیشە کەمینە بون، و لە بەغدا هەبوون و لە هەندێک شوێنی نەجد، و هەمیشە ڕەشەخەڵکیان خەریکی نانەوەی ئاژاوەی ئایینی بون، و هیچ کاتێک و لە هیچ شوێنێک زۆرینەیان بەدەست نەهێناوە، و ئێستەش کە لە سعودیە باڵادەستن؛ تەنیا بە زەبری هێز و ترساندن هەمو دەنگێکی ئیسلامیی جیاوازیان لە سعودیە کپ کردووە ئەگەرنا هەمو ڕێبازە ئیسلامیەکان لە سعودیە بونیان هەیە.
$ئینجا وەههابیەکانیش دەکرێت بە هەندێک گروپی نا-سوننیەوە بلکێنرێن:$
وەههابیەکان سورن لەسەر لێکدانەوەی ڕواڵەتی و دەقاودەق بۆ دەقەکانی وەسفی خوا (سیفاتی خەبەری، بەتایبەتی دەست و دەم وچاو و وەستان لەسەر عەرش، و بون لە سەرەوە)، بۆیە لە گروپی موشەببیهە، واتە تەشبیهگەراکان، نزیک دەبنەوە، کە گروپێکی نا-سوننیە، و بە ناونیشانی موجەسسیمەیش ئاماژەیان بۆ دەکرێت واتە ئەوانەی جەستە بۆ خوا دادەنێن. هەروەها گروپی کەڕڕامیەکانیش هەبوون کە ئەمانیش باوەڕیان بەوە هەبوە کە خوا تەنێکە و لە سەرەوەیە و لەسەر عەرش دانیشتوە، بەم شێوەیە هەندێک لەم بیروباوەڕانەیان لە بیروباوەڕی وەههابیەکان دەچێت، هەر بۆیە هەندێک پێشەوای ئەشعەری (وەکو محەمەدزاهیدی کەوثەری) دەڵێن ئیبن تەیمییە و ئیبن عەبدیلوەههاب کەڕڕامین!
وەههابیەکان، و پێشتریش ئیبن تەیمییەی پێشەوای یەکەمیان، خۆشییان لە (عەلیی کوڕی ئەبو طالیب) و نەوە و دەستەکەی نایەت.. و لە بەرانبەرەوە بەرگری لە موعاویە و یەزید و ئومەویەکان دەکەن. لێرەوە لێکچونیان لەگەڵ ناسیبیەکان (النواسب) هەیە، کە ئەوانە بون ڕقیان لە عەلی و بنەماڵەکەی بوە و دژایەتییان کردووە و نەفرەتیان لێ کردووە، کە موعاویە خۆی یەکەم کەس بوە کە ئەمەی دەست پێ کردووە. شیعە هەمو ئەهلی سوننە بە نەواسیب دەزانن، بەڵام لە ڕاستیدا لەناو ئەهلی سوننەدا وەههابیەکان لەوەوە نزیکن بە نەواسیب دابنرێن.
مێژوی وەههابی مێژوی تەکفیرکردنی موسوڵمانانی تر و کوشت و کوشتاری موسوڵمانانی ترە. بۆیە هەر زو پێشەوا ئەشعەریەکان وەههابیەکانیان بە خەواریج ناوبردووە، بەو پێیەی کە لە لایەنی تەکفیرکردنی موسوڵمانەوە لێکچونیان لەگەڵ گروپی خاریجیەکان (الخوارج) ی کۆن هەیە.
زۆر جار پێشەوا ئەشعەریەکان بە حەشوییە (الحَشْوِيّة) ئاماژە بۆ حەنبەلیەکانی دوێنێ و وەههابیەکانی ئەمڕۆ دەکەن، مەبەستیش لەم نازناوە ئەوەیە کەمینەن و وەکو زیادە وان لەناو ئوممەتدا! یان قسەکانیان هیچ تێڕوانینێکی عەقڵییان تێدا نییە و ڕێبازەکەیان بناغەیەکی تۆکمەی نیە، یان مەبەستەکە ئەوەیە دەست بە ڕواڵەتی دەقەکانەوە دەگرن و ئەم ڕواڵەتە پێش هەمو تێگەیشتنێکی قوڵ دەخەن.
لە ڕاستیدا وەههابیەکان ئەو کۆدەنگیە نیسبیەیان تێک شکاند کە لە جیهانی ئیسلامیی سوننیدا پێک هاتبو. ئیسلامێکی سوننیی نموونەیی جێگەی خۆی گرتبو کە لە بیروباوەڕدا ئەشعەری بو کە ڕێبازێکی نیمچەعەقڵانیە، و لە شێوازی ئایینداریدا سۆفی بو بە طەریقەتە جیاوازەکانیەوە، و لە لایەنی فیقﮪ و یاسای ئیسلامیەوە لەسەر چوار ڕێبازی ناودار وەستابو.. و ئەم ئیسلامە سوننیە تەقلیدیە لە هەر شوێنێک نووسخەیەکی خۆماڵیکراو و نەتەوەیی لێ پێک هاتبو، و بە سەرهەڵدانی وەههابیەت ئەم ئیسلامە خۆماڵیکراوە کەوتە بەر هەڕەشەی شۆردنەوە و ڕاماڵین و سڕینەوە، کە ئەمە بارودۆخەکەی شڵەقاند و کێشمەکێشی مەزهەبیی تەقاندەوە و توندوتیژیی مەزهەبی و ئایینیی کردە سیمایەکی دیاری کۆمەڵگای ئیسلامی. وەههابیەکان دەستیان گرت بەسەر پایتەختی ئیسلامدا و خۆیان کردە خاوەنی ئیسلام، و لە حیجاز هەمو ڕێبازە ئیسلامیەکانی تریان بە توندوتیژی لەناوبرد، و ڕێبازە ئیسلامیەکەی خۆیان وەکو نووسخەی نموونەیی ئیسلام هەناردە کرد، بۆیە بارودۆخی جیهانی ئیسلامی بەم ڕۆژە گەیشتوە.
ئێستە جێی خۆیەتی موسوڵمانانی جیهان هەڵوێستی جیددیان بەرانبەر ئەم ڕێبازە حەنبەلی-وەههابیە هەبێت، و قسەکردنی بە ناوی ئیسلامەوە لێ بسێنیەوە. و هەتا پایتەختی ئیسلام لەژێر دەستی وەههابیەکان دەرنەهێنرێت و ئەو ڕژێمە پاشایەتیە ئومەویمەشرەبە کە هاوپەیمانە لەگەڵ بنەماڵەی وەههابی نەڕوخێنرێت؛ جیهانی ئیسلام و جیهان بەگشتی ناحەوێتەوە. [1]