ناونیشانی بابەت: پەروەردە پەیوەندی بە مۆندیالەوە
ناوی نووسەر: #ڕەئوف ئالانی#
هەموو چوارساڵ مانگێک، خەڵکی جیهان، زۆربەی کاتەکانیان ئاڵوگۆڕی بیرو ڕایە، دەربارەی وەرزش، هەرکەسە و هەڵبژاردەی وڵاتێک بە هەر هۆکارێک بێت، دەکاتە نیازی دڵی و دەبێتە هاندەری ئەو هەڵبژاردەیە، ئەمە جگە لە هاونیشتمانیانی ئەو هەڵبژاردانە کەبەگەرمی پشتیوانی هەڵبژاردەکانیان دەکەن.
زۆرجار لەلایەن هەندێ لە هاندەرەکانی ئەو هەڵبژاردانە، ململانێکان دەگەیەننە، پێکداهەڵپژان و شەڕ لەسەر جادەکان و ناو کافتریاو شوێنەگشتییەکان، بەتایبەت لە و وڵاتانەی ئاستی یەکترقبوڵکردن تێیاندا زۆر نزمە و نەریتی چەسپاندنی بیروڕای کەسی بۆتە نەریتێکی خراپ، ئەکرێ لەسەر ئەوە بابەتی تایبەت و تێرو تەسەل بنووسرێت، تا دەگاتە توێژینەوە و پەڕتووک لە و بوارەدا.
هەر کە دیمەنە جیاوازەکانی هاندەران دەبینین، لەوکاتانەی هەڵبژاردەکان گۆڵ دەکەن، یان بەسەر هەڵبژاردەکانی بەرانبەریان سەردەکەون، هەندێ لەو وڵاتانە زۆر بەئاسایی خۆشیەکانیان دەردەبڕن، هەندێکی تریش هەڵچوون و تێکچوونی شیرازەی دەرونی و بێزارکردنی بەرانبەرەکانیان پەیڕە و دەکەن، هەموو ئەمانە لە ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی جیاواز سەرچاوە دەگرن، ئەوانەی کار کردنیان بواری پەروەردەیە، یان شارەزایی بواری کۆمەڵناسی و دەروونناسین، ئەو ڕاستیە بەباشی هەست پێدەکەن، کە پەروەردە چەندە کاریگەری هەیە لەسەر مامەڵە و هەڵسوکەوتی تاکەکان، هەرلەمناڵییەوە تا هەرزەکاری و گەنجێتی و تەمەنی پێگەیشتن و کامڵبوون.
ساڵی (1710) بۆیەکەمجار یاری تۆپی پێ لە قوتابخانەکانی ئینگلتەرا دەرکەوت، دوای ماوەیەکی زۆر ئینجا ئەو یارییە لەهەموو جیهاندا بڵاوبۆوە و بووە یاریەکی جیهانی، هەربۆیە وانەی وەرزش لە خشتەی وانەکانی خوێندن دانرا، دەرکەوت کە ئەو وانەیە چەندە کاریگەری گرنگی هەیە بۆ مناڵان، تا ئەو وزە زۆرەی هەیانە بەهۆی ئەو وانەیە، بەتاڵبکرێتەوە، هەرچەندە درەنگ هەست بەبایەخ و گرنگی ئەو وانەیە کرا، بەتایبەت لە وڵاتە دواکەوتووەکاندا، تاوایلێهات لە ساڵی (1900) یەکەم مۆندیال لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا ئەنجامدرا، بەشێوەیەکی سادە و ساکار، بەڵام لە ساڵی (1929) بڕیاری ڕێکخستنی یاریەکانی جامی جیهانی بۆهەرچوار ساڵێک جارێک، بەناوی ئۆلۆمپیادەوە دراو لە و کاتەوە کاری لەسەر دەکرێت، هەرجارە و بەپێی پلانی فیفا لە وڵاتەکانی جیهان ئەنجام دەدرێت.
وەک هەمومان دەزانین کە وەرزش بەگشتی و تۆپی پێ بەتایبەتتر، چەندە حاڵەتەکانی دەروونی مرۆڤەکان ئاڕاستەی خۆشنوودی دەکات و زۆر جار دەبێتە هاندەری سەرکەوتنی تاک لە بوارو پیشەکەیدا، (کارداڵ جۆنز) دەڵێ: (تۆپی پێ هەمیشە خاڵی دەستپێک بووە، بۆ خوێندنەکەم) ئەوەش دەربڕی هاندان و پێشکەوتن و خۆدۆزینەوەیە، بۆئەوانەی مەبەستیانە وەرزش بەباشی و چاکی و جوانی بەکاربێنن.
وەرزش کاریگەری زۆر دەکاتە سەر دەرونی مرۆڤ بۆ دۆزینەوەی ئاڕاستەی شیاووگونجاو لەناو کۆمەڵگەدا، زۆرکات جگە لە درووستکردنی گیانی هاوکاری و خۆشەویستی و ڕێزگرتن، فێری ورە بەرزی و بەرگەگرتنی ناخۆشی و ململانێ و چۆکدانەدان دەبێت، ئەوەتا نووسەری گەورەی فەڕەنسا(جان جاک ڕۆسۆ 1712-1778) دەڵێ:(بەرگەگرتن، یەکەم شتە کە منداڵ پێویستە فێری ببێت، ئەوەش زۆرترین و گرنگترینە، کە پێویستە بیزانێت).
زۆر جار ململانێی ڕامیاری و کێبەرکێ ئابووریەکان و ئایدۆلۆژیا جیاوازەکان، لەناو تۆپی پێدا ڕەنگدەداتەوە، بۆیە ئەم وەرزشە تێکەڵ بە کاری ڕامیاری دەبێت، هەربۆیە(تۆمی دۆچێرتی)دەڵێ:(لەتۆپی پێدا سیاسەتێکی زۆر هەیە)، هەندێک ئەم وتەیە بەوەلێکدەدەنەوە، ئەویش پێویستی بە پلانی ورد و نەخشە و ستراتیژ هەیە، دەکرێ بەهەردوو ڕووکارەکەیدا، ڕاست بێت، هەم ململانێی دژەکان و هەم پلانی سەرخستنی ئەو هەڵبژاردەیە.
هەروەها بەپێی ئەو مێژووەی کە بەقۆناغ ئەم وەرزشە بڕیوێتی، لەخۆڕانیە وا بۆتە وەرزشێکی جیهانی و زۆرترین بینەری هەیە، ساڵانە سەدان ملیار دۆلار دەخرێتە خزمەتی بەرەوپێشچوون و ئەنجامدانی تۆپی پێ لەهەموو جیهاندا، (وودی هایس) دەڵێ: (تۆپی پێ یارییەکی ستراتیژی و تاکتیکییە).
ئەوەی بۆئێمەی کورد گرنگ و جێی بایەخە، لەسەرمانە لەڕووی پەروەردەییەوە بایەخی زۆرتر بەم وەرزشە بدەین، بیکەینە ئامرازێکی گرنگ لەپێناو ئامانجێکی گەورەی داهاتووی نەتەوەی کورد، لەم مۆندیالەدا چەند شتێک سەرنجی ڕاکێشاوم، لێرەدا بۆتۆی خوێنەر باسیان دەکەم، یەکەم: هاوڕێیەکی شاعیرم، شەوێک تەلەفۆنی بۆکردم، وتی شتێک هەیە بۆت ئەگێڕمەوە، تۆش بینووسە، چونکە کاری پەروەردەیە، بەباشی گوێم بۆگرت، وتی: لەم شەوانەدا مناڵەکەم لەسەر مۆندیال پرسیاری کردووە، پێی وتوم: ئەوە بۆچی هەموو نەتەوەکانی جیهان چوون بۆقەتەر، کورد نەچووە، بۆئێمە هەڵبژاردەمان نیە؟
وتی ئەوەنە پرسیارەکەی بۆ من قورس بوو، نەمزانی چی پێ بڵێم، وتم ئێمە جارێ نەمانتوانیوە وەک ئەوان کاربکەین، بەڵام ئێمەش لەداهاتوودا هەڵبژاردەی خۆمان دەبێت.
دووەم:لەمۆندیالی ئەمساڵی 2022 قەتەر، ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام، هاندەرەکانی هەڵبژاردەی ژاپۆن بوون، ئەوان شوێنی ئەو خەڵکەیان پاکدەکردەوە کە لێی دانیشتبوون، هەموو ئەوشوێنانەی دەستیان پێی دەگەیشت، بەجوانی جێیان دەهێشت و نووسراوێکیان دادەنا، نووسرابوو: سوپاس بۆ وڵاتی قەتەر.
ئەوەیە دەرخستنی پەروەرددەی درووست و کاردانەوەی لەناو کایەکانی ژیاندا، دەکرێ هەموو جیهان لەوانەوە فێری پێزانین و ڕێزگرتن و خۆشەویستی وهاوکاری و ژیان و ژینگە دۆستی ببێت، دڵنیام پەروەردە ڕۆڵ و کاریگەری باشی لەم شێوازە جوانەدا هەیە کە ژاپۆنیەکان ئەنجامیاندا. [1]