شێوازی توندوتیژی مرۆڤەکان لەنێو خێزان و بنەماڵەدا
#ڕەسوڵ بۆسکێنی#
لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا ڕەفتار و هەڵسوکەوتی مرۆڤ لەچوارچێوەی پەیوەندی نێوان پیاو و ژن دێتەئاراوە، زیادەڕۆیی و دەسەڵاتدارێتی ئاکامەکەی بەتوندوتیژی دەگات، توندوتیژی لەبنەماڵە و لەنێوان هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵایەتی لە تەمەنی جیاواز، ڕەگەزی جیاواز، لەشێوەی جیاوازی ژیان بەهۆی کەموکوڕی سەرهەڵدەدات، توند و تیژی دەتوانێت بەشێوەی کرداری هەڕەشە و گوڕەشە بەردەوام یاکاتی بێت، دیاردەی توندوتیژی بەرانبەر منداڵ لەماوەیەکی کورت یان درێژخایەن کاریگەری پێک دێنێ.
توندوتیژی لەنێو خێزان و بنەماڵەدا لەهەرکات و سەردەمێک بێت، چ لەسەرەتای ژیان یان بەتێپەڕبوونی ساڵانی تەمەن بێتە ئاراوە، توندوتیژی بۆی هەیە جەستەیی، دەروونی، سیکسی، بەرژەوەندی ئابووری، یا خۆشەویستیانەبێت، هەروەها پێش گرتنی خواستی کەسایەتی شێوازێکە لە توندوتیژی، لەژێر سایەی هەموو شێوەکانی توندوتیژی لایەنی بەرانبەر دەکەوێتە ژێر کاریگەری دەروونی و ئێش و ئازارەوە.
هەرچەندە پیاوانیش دەکەونە بەرمەودای توندوتیژی ژنان، بەڵام زۆربەی توند و تیژیەکان لەناو خێزان و بنەماڵەکاندا بەتایبەت شێوازی هەڕەشە و ترساندن و کوشتن لەلایەن پیاوانەوە بەرانبەر بە ژنان و کچان ئەنجام دەدرێت، لەبەرئەوە بەپێی ڕاگەیاندنەکانی پەیوەندیدار بەتوندوتژی سەبارەت بەژن و منداڵان بەیەکەم قوربانی دەژمێردێن و پیاوان وەکو کەسانی پێشێلکار ناوزەد دەکرێن، چونکە ئاماری گشتی دەربارەی توندوتیژی لەدنیادا بەڕێژەی 90%ی قوربانیانی توندوتیژی لەنێو خێزان و بنەماڵەکاندا ژن و منداڵانن و لە 10%ی پیاوانن.
توندوتیژی جەستەیی و هەر شێوازێک لەهێرشی فیزیکی و لێدان بەبێ ویستی خۆی بەتوندوتیژی زۆرەملێ دادەنرێت، ئەگەرچی کاردانەوەی بەنهێنی بمێنێتەوە، بەڵام گەورەترین کاردانەوەی لەدەرووندا هەیە، ئەم ڕەفتارە بەشێوەیەکی بەردەوام و درێژخایەن دەبێتە دیاردەی توندوتیژی، هەروەها دەستدرێژی سیکسی بەشێوەی زینا شێوازێکی ترە لەئەنجامدانی توندوتیژی لەناو کۆمەڵگادا، لەزۆربەی وڵاتان کردەوەیەکی دژە یاساییە و سزای توندی وەک: کوشتن و بەردباران کردن و بەندکردنی لەسەرە، تەنانەت ئەنجامدانی کاری سیکسی لەگەڵ هاوسەرەکەی، بەشێوەیەکی زۆرەملێ پیاو هاوسەری ناچار بکات، لەفەرهەنگی زۆربەی وڵاتان دیاردەی بەزۆرەملێ ئەنجامدانی سیکسی ئەژماردەکرێت و سزای لەسەرە، بەڵام لەفەرهەنگی ئەو وڵاتانانەی پیاو خۆی بەخاوەنی ژن دەزانێت، ئەگەرچی ئەوە وەکو خواستی پیاو ئەژمار بکرێت، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی پەروەردە و هوشیاری، پێویستە یاسا بەرپرسیارێتی لەئەستۆ بگرێت و ئەم کارە بەپێی یاسا ڕێکبخرێت و نابێ بەشێوەی ناچاری و زۆرەملێ ئەنجام بدرێت.
هەروەها توندوتیژی لەڕووی زمانیەوانیەوە کاریگەری گەورەی دەروونی لەسەر لایەنی بەرانبەر هەیە، بەکارهێنانی قسەی ناشیرین و هێرشی ناڕەوا بۆ سەر بەرانبەر بەئەنجامدانی وتەی خراپ و نەشیاو، جنێو و تانە و تەشەر لەناو کۆمەڵگادا، دەربڕینی بەشێوەی توندوتیژی و بەکەمزانین و سوک سەیرکردن، کە ببێتە هۆی ئازاری دەروونی، تەنانەت بەکارهێنانی قسەی ناشیرین و سوکایەتی کردن بەبەرانبەر لەچوارچێوەی بنەماڵەدا دەبێتە هۆکاری توندوتیژی، لەناو خێزاندا بەکەمزانین و شکاندن و سوکایەتی کردن بەژن لەبەرچاوی منداڵ و کەسوکاری بەشێوەی دەربڕین و قسەی ناشیرین، لەڕوانگەی دەروونناسانەوە ئەمانە و چەندین شێوەی بەکارهێنانی تری لەم جۆرە لەقسە و هەڵسوکەوتدا، کەپەیوەندی هەیە بەباری ژیانی تاکی ناو کۆمەڵگاوە، کە ببێتە هۆی لاوازی یاخود ببێتە هۆی بەرەنگارەبوونەوە بە توندوتیژی ئەژماردەکرێت، هەروەها دەنگ لێوەرگرتن و بەخشینی ئازارەکەی بەندازەی قسەی ناشیرین، کە زۆرجار پیاوان بۆ بریندارکردن و بەرزەم کردنی هەستی کچان و ژنانی ناو خێزان و بنەماڵەدا بەشێک لەپیاوان وەک ڕق و کینە بەکاری دێنن، بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی خۆی و سەپاندنی بۆچوونەکانی خۆی، پێ دادەگرێت، بەشێوەیەکی ناڕەوا دەیەوێت تۆڵە بستێنێت، ئەمانە هەمووی بەشێکن لە سەرهەڵدانی توندوتیژی.
لەلایەکی تر ئەنجامدانی کردەوەی توندوتیژی جەستەیی و لێدان و ئازار گەیاندن، شوێنەواری ئاشکرا بەجێ دێڵێ، وەک شکانی ئەندامانی لەش و سووتان و شین بوونەوەی جەستە، بەڵام ئەنجامدانی بەخشینی ئازار بەشێوەی نادیار بەچاونابینرێ، وەکو بەکارهێنانی بوغز و کینە، درۆکردن، درکاندنی نهێنیەکانی ژیانی بەرانبەر، بایەخنەدان بەداخوازی و بەڵێنەکانی بەرانبەر، درەنگ ڕۆیشتنەوە بۆ ناو خێزان و ماڵ، بەخشینی ترس و دڵەڕاوکێ بەهەر هۆکارێک بێت، ڕژدی و قرچۆکی و ڕێگاگرتن لە خۆشیەکانی ژیان، ئەمانە هەمووی دەبێتە هۆی داڕمانی دەروونی و ڕێگاخۆش دەکات بۆ توندوتیژی لەناو خێزان و بنەماڵەدا.
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی کەلەماوەی 7 ساڵ ئەنجام دراوە، 24 هەزار ژن لەوڵاتەکانی ئاسیا، ئافریقا، ئەوروپا، ئەمریکای لاتین بەشداریان تێدا کردووە، ئەم لێکۆڵینەوەیە سەرەتا لە ئەمریکای باکوور ئەنجام دراوە، بەپێی ئاماری ئەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتیە لەمەڕ توندوتیژی کۆمەڵایەتی لەسەر ژنان ئەنجام دراوە، یەک لەسەر شەشی 1/6 ژنان بەدەستی هاوسەر و کەسوکاریانەوە دەبنە قوربانی یاخود دەکەونەبەر هەڕەشە و توندوتیژی، لەسەر ئەم بابەتە ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی ئاماژەی بەوەداوە، لەهەر 18 چریەکدا ژنێک دەکەوێتە بەر هێرش و پەلامار و هیچ شتێک، تەنانەت دووگیانیش لەتوندوتیژی نایانپارێزێ.
بەپێی لێکۆڵینەوەی ئەم ڕێکخراوە لەهەموو کۆمەڵگایەکی دەوڵەمەند و هەژار توندوتیژی ئەنجام دەدرێت، زۆربەی ژنان لەو بڕوایەدان پیاوان دەتوانن لەهەموو بارودۆخێکدا توندوتیژی بەکاربێنن و نابێ یان ناتوانن ڕاستەوخۆ دان بەپێشێل کردنی مافیان دابنێن لەبەرانبەر پیاواندا.
بەپێی ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی کاردانەوەی توندوتیژی لەسەر سەلامەتی ژنان بەبێ لەبەرچاوگرتنی شوێن و کات گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، لەبەرئەوە خوازیارە هەرچی زووترە بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی توندوتیژی کۆمەڵایەتی ببنەوە، بەشێوەیەک خۆشبەختی و ئاسوودەیی بۆ کۆمەڵگا و خۆشگوزەرانی بۆ مرۆڤ بەتایبەت ژن و منداڵان دەستەبەر بکرێت.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!