شاری #مووش#ی باکووری کوردستان، یەکێکە لەو شارانەی کەمترین ڕێژەی ئافرەت تێیدا خوێندن تەواو دەکەن، چونکە کچەکانیان لە ناوەندی و دواناوەندی لە قوتابخانە دەردەکەن و بەشوویان دەدەن، ئەمەش ناڕەزایی ئافرەتانی بەدوای خۆیدا هێناوە.
''بەهۆی ئەوەی کچەکەمم بردبووە قوتابخانە و ناوم تۆمار کرد، لەلایەن هاوسەرەکەمەوە زۆرم لێدرا، بەڵام چۆکم دانەدا و هەر ناردمەوە بۆ قوتابخانە. بەداخەوە لە تەمەنی 13 ساڵیدا بەناچاری لە قوتابخانە دەرم کرد، چونکە بارودۆخی ئابووریمان خراپ بوو.'' ئەمە گوتەی یەکێک لە ئافرەتەکانی مووش کە ناوی مەلەکە و قسەی بۆ ئاژانسی (DW)ی تورکی کردووە.
مەلەک چوار منداڵی هەیە، دوو کوڕ و دوو کچ، دەڵێت یەکێک لە کچەکانم کاتێک سەرەتایی تەواو کرد لە قوتابخانە دەرم کرد، لە تەمەنی 17 ساڵییشدا بەشووی داوە.
مووش بە بەراود بە شارەکانی تری تورکیا، کەمترین ئافرەت دەنێرێتە قوتابخانە، هەر لە دوای ئەوەی خوێندنی سەرەتایی، یان ناوەندی تەواو دەکەن، ئیدی لە قوتابخانە دەریان دەکەن.
بە گوێرەی ئاماری دەزگای ئاماری تورکیا، لە باکووری کوردستان، ڕێژەی ئافرەت کە لە ناوەندی دەخوێنن 78%ە، بەڵام لە مووشی باکووری کوردستان ڕێژەکە 59%ە.
وەکوو ئەوەی ئاژانسی ناوبراو بەدواداچوونی بۆ کردووە، سێ هۆکار هەن کە لە مووش خانەوادەکان ئافرەت نانێرنە قوتابخانە، یەکەم، هۆکاری هەژارییە، دووەم لە تەمەنێکی زۆر منداڵدا بەشوویان دەدەن و سێیەمیش، لایەنی دینییە، چونکە ئەو شارە زۆر موحافیزکارن و بەشێکی زۆی خێزانەکان پێیان باشە ئافرەت زوو بەشوو بدرێت، نەک بخوێنێت.
لەسەر پاسەکانی مووش نووسراوە ”واز لە فاییز بهێنن“، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە شارەکە زۆر موحافیزکارن، بۆیە ئافرەتەکانیان کاریگەریی ئایینییان زۆر بەسەرەوەیە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕێکخراوی ئافرەتان، یەکێک لەو هۆکارانەی وای کردووە ئافرەت لە مووش نەخوێنێت، فشار خستنە سەریانە لە ڕێگەی پیاوانی ئایینییەوە، بەوەی پێیان دەڵێن خوێندن گوناحە و پێویست دەکات شوو بکەن.
لە مووش، زۆر بەکەمی ئافرەت بەتەنیا دێتە دەرەوە، تەنانەت بۆ کڕینی سەوزە و میوەش دەبێت پیاوێکیان لەگەڵدا بێت و تەنیا نین.
تورکان کەرەهان، سکرتێری ڕێکخراوی (سێن-پەروەردە)ی ئافرەتان لە مووش، پێی وایە لە شارەکەیاندا ئافرەت، یان دەبێت بەپەچەوە بچێتە بەرخوێندن، یان دەبێت بچێتە ئەو قوتابخانەیەی کە پیشەییە، یان دەبێت بچێتە قوتابخانەی ئایینی، یان ڕێگەی نادەن لە هیچ شوێنێک بخوێنێت.
سانییە تەمەنی 34 ساڵانە، دەڵێت لە تەمەنی 13 ساڵاندا بەشوویان داوە و بە هیچ شێوەیەک ڕێگەیان نەداوە بخوێنێت.
ئەو خاوەنی پێنج منداڵە کە گەورەکەیان 20 ساڵانە، وەکوو ئەوەی خۆی باسی دەکات، باوکی پارەی زۆری لە براکانی خەرج کردووە تا بچنە قوتابخانە، بەڵام ڕێگەی نەداوە کچەکانی بچێتە قوتابخانە و ڕێگریی لێ کردوون.
سانییە، کچێکی لە قوتابخانە دەرکردووە، بەڵام پەشیمانە و دەڵێت ئەگەر بەدەستی من بوایە هەرگیز ڕێگەم نەدەدا لەقوتابخانە نەخوێنێت.
دەزگای ئاماری تورکیا بڵاوی کردووەتەوە، لە ساڵی 2020دا، ڕێژەی ئەو ئافرەتانەی لە تورکیا لە تەمەنی 16 بۆ 17 ساڵیدا بەشوو دراون 7%ە، بەڵام ئەو ڕێژەیە لە مووش 11%ە.
بێتول دەمیرئێللەر گوزەل، ئەندامی سەندیکای پارێزەرانی مووش، باس لەوە دەکات کە کاسبکارەکانی مووش، پێیان باش نییە ئافرەت لە تەمەنی منداڵیدا بەشوو بدرێت و دەڵێت پێویستە بخوێنێت. وەکوو ئەوەی باسی دەکات، لە هەوڵدان تا بتوانن وا لە خێزانەکان بکەن، هیچی تر ئافرەتەکانیان لە قوتابخانە دەرنەکەن، بۆ ئەمەش پڕۆشۆریان چاپ کردووە و بەسەر خەڵکیدا دابەشی دەکەن.
جیا لەوەش، لە مووش لێدان لە ئافرەت شتێکی ئاساییە، ئەمەش بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕێکخراوی ئافرەتان لە تورکیا.
مەلەک ئەوەشی پشتڕاست کردووەتەوە و دەڵێت: ”لێدان لە ئێمە لەلایەن پیاوەوە لێدانی ئاسایی نییە، ڕۆژێکیان هاوسەرکەم ئەوەندەی لێدام بوورامەوە، ئەمبوڵانس هات و منیان برد بۆ نەخۆشخانە.''[1]