داوای داخستنی یەکەکانی جێندەری دەکەم لە وەزارەت و دام و دەزگا حکومییەکاندا
حکومەت دەسەڵاتێکی باڵایە و سەرەتایترین ئەرکی ڕەخساندنی ئارامی تاک و کۆمەڵگەیە بە ئامانجی بەرقەرارکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی لەپێناو نەهێشتنی تاوان و بەدڕەشتی و ڕوبەڕوبونەوە و بەگژاچونەوەی هەرشتێک کە ببێتە هۆی پشێوی و تێکدانی شیرازەی خێزان و کۆمەڵگە، هەروەها ئەرکی لە پێشینەی حکومەت ڕێگری کردنە لە دەستێوەردانی بێگانە و هاوکات دانانی سنوورێکە بۆ دەستێوەردانە دەرەکیەکان،
وە ئەوەی گرنگە حکومەت پیادەی بکات پەیڕەوکردنی سیاسەتێکە لەسەر بنەمای ئایینی و کەلتوری ڕەسەنی کوردی و دواجار ڕەنگدانەوەی لەسەر تاک و کۆمەڵگە و پەروەردەیەکی تەندرووست و مرۆڤ دۆست و ڕەوشت بەرز، کاتێک ئەمانە ڕەنگدانەوەی لەسەر تاک و خێزان هەبێت ئیتر ئەوکات.
ڕێزگرتن لە دایک و باوک و گەورە و بچووک و مامۆستا دەبێتە کەلتور تاوانیش قێزەون دەبێت وەک ئەوەی کە لەڕابردوو دا وتا ئێستاش هەمان بووە و شانازی پێوە دەکەین.
بەڵام یەکەکانی جێندەری ڕێک پێچەوانەی ئایین و کەلتوری ڕەسەنی کوردییە لەبری پاراستنی ئاداب و ڕەوشتی بەرزی کوردەواری بە پێچەوانەوە هۆکارێکە بۆ بڵاوکردنەوەی بەدڕەوشتی بەرەڵاکردنی حەز و غەریزە و شەهوات دوور لە ڕەوچاوکردنی بنەمای ئایینی و ئادابی کۆمەڵگەی کوردی، هەڵگرانی دروشمی جێندەر پەروەردەکردنیان لەسەر بنەمای یاخی بوون لە خود و شڵەژان و کەسانی دەروون ئاڵۆز و سەرگەردان کردنی تاک و خۆپەرەستی و ئەنانیەت و حساب نەکردنە بۆ خێزان و کۆمەڵگە و ئایین و عورف کە ئەمانەش دەبنە هۆکاری تێکدانی ئاساییشی نیشتیمانی(ئەمنی قەومی) و ئاشتی کۆمەڵگە کە تاکە شتێکە ماومانە...
بۆیە ئەرکی دەسەڵاتە ئەو بەرمیلە باروتانە بەزوترین کات لە خۆی وخەڵک دوور خاتەوە کە بوونەتە بارێکی قێزەون و گران بەسەر خەڵکەوە و بوجەی گەل ئەخۆن و دژایەتیشی ئەکەن، چۆن دەبێت لەناو دام و دەزگای حکومەت یەکە هەبێت بۆ دژایەتی دین وگەل وئەخلاق ؟ [1]
#مونیرە عەلی عەبدولعەزیز#