#دەشنێ موراد#: یەک ساڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دوورم
لە 16 ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان خانمە گۆرانیبێژ و چالاکوانی بواری کۆمەڵایەتی (دەشنێ موراد) دوای یەک ساڵ دوور بوون لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پۆستێکی لەسەر بابەتی توندوتیژی دژی خانمان کرد.
لە هەژمارەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام دەشنێ نووسیویەتی (ناو و شێوە و تەواوی ئەو هەژمارانە لە یادمە کە دەتویست لەڕێیەوە ئازاری من بدەیت و نزیک بوو لەوەی من بکوژیت، ساڵێک تێپەڕیووە و لە دوور بوون لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆر شت فێربووم، لە و ماوەیەدا پرۆگرامێکی تایبەت بە کەش و هەوا لەگەڵ 8000 خوێندکار ئامادە کردووە، 10000 پەڕتووکی منداڵانم دابەش کردووە).
ئەو دەڵێت (لەگەڵ تیمەکەم 10 پەڕتووک و 10 پارچەی ڤیدیۆیم تۆمار کردووە، لەگەڵیدا تەواوی وەرزی هاوین سەرقاڵی خاوێن کردنەوەی چیاکان بوون، ئەو کاتەی تۆ سەرقاڵی ئەوە بویت توندوتیژی بەرانبەر بە ئافرەتان بنوێنیت من سەرقاڵی ئەوە بووم خزمەت بکەم).
دەشنێ لە 16 ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی ئافرەتان دەڵێت (تەنیا بۆ ئەم ڕۆژە ئەم پۆستەم کردوو و ناگەڕێمەوە بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەتا ئەو کاتەی هەست بە ئاساییشی پێویست دەکەم بۆ ئەوەی بگەڕێمەوە بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان).
دەشنێ خەڵکی شاری #سلێمانی#یە و ماوەی چەندین ساڵە وەک هونەرمەند و چالاکوانی بواری مەدەنی دەرکەوتووە، ماوەی یەک ساڵی تەواوە لە چالاکی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام دوورە و بەبۆنەی 16 ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خانمان دواین پۆستی بڵاوکردۆتەوە. [1]