$ئەقڵگەرایی: زانستی کەلام و موعجیزەی قورئان لە بیروباوەڕی موعتەزیلەدا (بەشی سێیەم)$
مەزهەب وڕێبازی موعتەزیلە پشتی بە ئەقڵی ڕوت بەستبو، لە بەرئەوەش کە لایەنی وپڕۆسەی پەرچوکاری (موعجیزە) لە سەرو چوارچێوەی ئەقڵەوەیە، بۆیە دەبینین موعتەزیلەکان بە چاوی وریایی وسڵکردنەوەو گومانەوە سەیری دەکەن، ئەوان پێیان وایە مرۆڤ لە ڕەفتاروکردەوەی خۆیدا بەتەواوەتی ئازاد و سەربەستە وتەنیا لە ژێر ڕووناکی ژیری و هێزی فکردا دەتوانێ لە ڕاستی شتەکان تێبگات، لای ئەمان ژیری ئەو هێزەیە کە دەتوانێت لەوەحی تێبگات ولێکیبداتەوە ئەگەر مانایەک لە ماناکانی قورئان لەگەڵ ژیری ولۆژیکدا ناکۆکبوایە ئەوا دەقەکەیان بە جۆرێک تەئویل دەکرد کە لەگەڵ دەقەکەدا بگونجێ ، بە بۆچونی موعتەزیلە مەعریفە لە وەحیەوە لە دایک نابێت، بەڵکوو لەعەقڵەوە درووستدەبێت، بۆیە خودی وەحی خۆشی دەبێت لەڕێگای عەقڵەوە لێکبدرێتەوە، ژمارەیەکی زۆر لە موعتەزیلەکان دەیانگوت نووسینی قورئان و باشتر لەویش شتێکی نامومکین نییە لەوەی کە دەگوترا قورئان پەڕتووکێکی ئاسمانیە و لە مەنبەعی وە حیەوە نازڵبوە نارازی بون هەروەها باسی ئەو موعجیزانەی لە قورئاندا هاتبون بە دڵیان نەبوە، ئەوەی کە دەریا بۆ پەڕینەوەی بەنی ئیسرائیل بە ڕێبەری موسا وشک بوبێ وگۆچانی موسا وەکو ئەژدیهای لێهاتبێ و عیسا مردوی زیندوکردبێتەوە بە چاوی گومانەوە لێیان دەڕوانی و ڕەتیان دەکردەوە هەروەها پێغەمبەری ئیسلامیان دەدایە بەر هێرش ودەیانگوت ژنەکانی پێغەمبەر زیاتر لە ئەندازەن و لە حاڵەتێکدا قورئان لە(سورەتی نسا ء ئایەتی 3) دیاریکردووە بەوەی کە هەر پیاوێکی موسڵمان هەقی چوار ژنی هەیە.
بەنیسبەت موعجیزەبونی قورئان لای موعتەزیلە، ئەوان وای بۆ دەچن کە هەر سورەتێک لە سوڕەتەکانی قورئان بۆخۆی موعجیزەیە سەربەخۆ، هەندێکیان دەڵێن مەرج نییە ئەو ئایەتەی موعجیزەیە بە ئەندازەی سورەتێک بێت، بەڵکوو مەرج ئەوەیە ئایەتەکان زۆربن بۆ ئەوەی ببنە موعجیزە، ئەبوحەسەن ئەشعەری دەڵێ : کەمترین سەرسامی لەناو قورئاندا سوڕەتە بەکورتی بێت یان بەدرێژی یاخود بەپێی تواناکەی، موعتەزیلەکان دەڵێن: هەرسوڕەتێک لەسەرەوەی موعجیزەیە، لەگەڵ ئەوەشدا لەناویاندایە ئایەت بەپێی سوڕەت ناکەنە مەرج، بەڵکوو ئایەتە زۆرەکان دەکەنە مەرج، یەکنەگرتنیش لەسەر موعجیزەی وشەکانە لەناو قورئاندا، لە ئیبراهیم نەزامەوە دەگێڕێنەوە کە گوتویەتی: ڕێکخستنی قورئان و چۆنیەتی داڕشتنی ڕستەکانی نەک هەر موعجیزە نییە، بەڵکوو بەندەکانی دیکەی خوداش دەتوانن وەکو قورئان، یاخود باشتر لەویش بهۆننەوە، هەروەها موعجیزەی قورئانیش لەوەدا دەبینێت کە باس لە داهاتو دەکات، ئەویش نەک بە شێوەیەکی غەیبیانە، بەڵکوو لە شێوەی ڕودانێکی درووست وتەواودا، پێشی وایە ڕێکخستنی قورئان و جوانی ولێکدانی کەلیمەکانی موعجیزەی پێغەمبەرنین، وە بەڵگەنین لەسەر ئەوەی کە بانگەشەکردنی پێغەمبەرایەتی ڕاستە، بەڵکوو ئەوەی بەڵگەیە لە سەر ڕاستیەکەی هەواڵەکانیەتی دەربارەی داهاتو، دەنا ڕێکخستنی قورئان و جوانی لێکدانی کەلیمەکانی ئەوە لەتوانای خەڵکیشدا هەیە شتی ئاوا بنووسن، ئەگەر هاتباو ڕێگری نەکرابایە لە نووسینی شێوەی قورئان.
شەهرەستانی بۆچونی ئیبراهیم نەزام لەبارەی موعجیزەی قورئان بە پوختی دەگێرێتەوە: نەزام پێی وابوە موعجیزەی قورئان لە ڕوی هەواڵەکانیەتی کە باس لە ڕابردو داهاتو دەکات هەروەک خەڵکی لە دژایەتیکردنی لادا، بەتایبەت عەرەبەکان کە بە توندی بەم کارەوە خەریکبون گەر لەسەر ئەم ڕێڕەوە بەردەوام بوان ئەوا دەیانتوانی سورەتێک بنووسن کە لە ڕوی زمان پاراوی، ڕێکخستن وڕەوانبێژی و داڕشتنەوە لە چەشنی قورئانبێت، قورئان موعجیزەیە چونکە ئاگاداری غەیب ودەرونی خەڵکە، نەزام بڕوای بە ئیعجاز لەنەبونی ئیعجازدایە بەم مانایە کە خودی قورئان لە ڕوی داڕشتن وڕێکخستن وڕەوانبێژی موعجیزەنیە، بەڵام بێهێزکردنی مرۆڤ لە درووستکردنی هاوشێوەی قورئان موعجیزەیە.
(ئەبو قاسم البلخی)ش کە یەکێکبوە لە موعتەزیلە بەناوبانگەکان لە هەردو سەدەی سێ وچواری کۆچی دا لە مەقالەکانیدا باسی (ئیبراهیم نەزامی) کردووە سەبارەت بە موعجیزەی قورئان و گوتویەتی: بەڵگەی قورئان ئەوەیە کە بریتییە لەهەواڵ و نادیاری لە ڕێکخستن و نووسین ودانانی نیە، چونکە ڕێکخستنی کارێکی ئاسانەو لە توانادا هەیە، بەڵام ئەگەر ڕێگری لێنەکرابایە.
(ئەبوحەسەن ئەشعرەی) لە(ئیبراهیم نەزام) دەگێڕێتەوە: ئایەت وسەمەرەیی (عەجایبی) لە قورئاندا باسکردنە لە داهاتو، بەڵام نووسین وداڕشتنی قورئان شتێکە مرۆڤەکانیش لە توانایاندایە بەڵام ئەگەر ڕێگری لێنەکرابایە.
لێرەدا دەپرسین و دەڵێین موعجیزە چییە؟ ئەگەر لایەنی یەکەمی تەوەری پەرچوکاریی غەیبی نوێنەرەوەی هەواڵ و ڕوداوەکانی ئاییندەبکات، ئەوا لایەنێکی دیکەی ئەم پڕۆسەی پەرچوکارییە نوێنەرەوەی هەواڵ وبەسەرهاتی پێشینەو پەیامبەرانی بەڕێ وپەڕتووکە دابەزیوەکانیان دەکات لەوەدا کە چۆنیەتی چێکردنی (ئادەم) یان گرتۆتە خۆ کە چۆن بوە لەگەڵ فریشتەکان و شەیتاندا، هەروەها چیرۆکی نوح لەگەڵ گەلەکەیدا دواتر ئیبراهیم وئیسحاق ویعقوب ویەحیا وئەیوب وموسا وعیسا ئەوانی دیکە، کەواتە موعجیزەی پێغەمبەرەکان بەپێی چۆنیەتیی سەردەمەکە خۆیان گونجاندوە لەگەڵ موعجیزەدا ئەوەتا موسا هات دژایەتی سیحری کرد، لەبەرئەوەی لە سەردەمی فیرعەونەکاندا لە سیحردا زۆر پێشکەوتوبون، عیساش هات بە هونەری مردو زیندوکردنەوە، چونکە ئەو دەمە قەومەکەی نوقمی ئەو داوایە بون، ئەو کاتەی محەمەدیش هات سەردەمەکەی باوی باشترین دەربڕین ودەرکەوتنی ڕەوانبێژی بو هەربۆیە بە قورئان ڕێنوێنی کردن ودانایی ئاڕاستە دەکرن لە گشت بەشەکاندا بە بەڵگەو بە پەند، هەتاکو ئەوانەی سەردەمی ئەو کاتە نەچنە سەر ڕێچکە لاواز و دواکەوتوەکان.
موعتەزیلەکان گوتویانە سەرسامیی و موعجیزە لەڕێکخستنیی قورئاندانی یە، نکۆڵی لە گشت موعجیزەکانی قورئان دەکەن وەکو لەتبونی مانگ هەروەها لە سەر ئەم فەرمودەیەی کە(عبداللە کوڕی مسعود)دەیگێڕێتەوە لەسەر ڕوداوی لەتبونی مانگ لەسەر دەستی پێغەمبەر ئیبراهیم نەزام دەڵێت ئەمە درۆیەکی ئاشکرایە، چونکە خودا کارێکی ئاوا بۆ تاکە کەسێک ناکات، یان چۆن کەس بە لەتبونی مانگی نەزانیەوە و مێژونووسان باسیان نەکردووەو شاعیرەکان ئاماژەیان پێینەکردووە هیچ کافرێکی پێ موسڵمان نەبوە، ئەم ئایەتەش (اقتربت الساعە وانشق القمر)(قمر/1) بەم جۆرە تەفسیردەکەن کە لەتبونی مانگ نزیکبۆتەوە نەک لەتبوبێ ، وە نکۆڵی لە داردەستەکەی موسا دەکەن.
هەروەها (موسی المردار) کەپێشی دەڵێن ڕاهیبی موعتەزیلە لەبارەی موعجیزەی قورئانەوە گوتویەتیی: خەڵکی دەتوانن بنووسن وەکو قورئان لە ڕوی: زمان پاراوی، ڕێکخستن، و ڕەوانبێژی (فصاحە، و النظم، البلاغە).
(عبدالقادر البغدادی) لەپەڕتووکەکەی بەناوی (الاصول الدین)دا ئارای خۆی لەسەر یەکێ لە موعتەزیلەکان دەرخستوە و دەڵێ : ئیبراهیم نەزام پێی وایە کە موعجیزەی قورئان لەو ڕوەی ئەو هەواڵانەی تێدایە لەسەر داهاتو، ئەویش نەک بە شێوەیەکی غەیبیانە و نادیاری، وە نەبونی موعجیزە لە ڕێکخستنیدا، هەروەها (ئیبراهیم نەزام) لەگەڵ زۆربەی موعتەزیلە پێی وایە کە مرۆڤ دەتوانن وەکو ئەم قورئانە دابنێنن و بەڵکوو لەویش کامڵتر لەبورای پاراوی وڕێکخستندا، سەبارەت بەم ئایەتەش کە خودا دەڵێت (قل لئین.....لبعض ظهیرا)(الاسرا ء/88) موعتەزیلەکان ئەم ئایەتە بەم شێوەیە لێکدەدەنەوە، کە خودا هیچ مەبەستی نەرێکردنی موعجیزەی قورئان نیە، تەنیا پێداگری پێغەمبەرایەتی دەکات لە بێمنەتی عەرەبەکان لە دژایەتی وەکو خۆی.
(هشام فوتی و عباد بن سلیمان) یەکێکن لە موعتەزیلیە گەورەکان و لە بارەی موعجیزەی قورئانەوە گوتویانە: هیچ شتێک ناڵێین لە ڕکابەری بەرانبەر خودا، هەروەها هیچیش ناڵێین کە باس لە دژایەتی پێغەمبەرایەتی محەمەد بکات، قورئانیش ناکەینە زانستی پێغەمبەر، وە پێیان وابوە قورئان ناتەباییە، وقورئان لە داڕشتن وڕێکخستنی موعجیزەنیە، دەشڵێن: شەقبردنی دەریاو گۆڕینی گۆچان بۆ مارو لەتبونی مانگ وسەرکەوتنی موسا بەسەر ساحیرەکانی فیرعەوندا وڕۆشتنی بەسەر ئاودا ئەمانە هیچی بەڵگەنین لەسەر ڕاستی پێغەمبەرایەتی وبانگەوازەکەیان.
یەکێکی دیکە لە ڕێبەرانی موعتەزیلە کە باسی موعجیزەی قورئانی کردووە جاحیزە کە قوتابی نەزام بوە هەرچەندە جاحیز خۆی پەڕتووکی لەسەر دارشتن ورەوانبێژی و ڕێکخستنی قورئان نووسیوە ڕەنگە پەڕتووکی نظم القرأن یەکەم پەڕتووکی لەم جۆرەبێت. جاحیز لە پەڕتووکی (حیوان)دا لە باسی هود دەڵێ چۆن سلێمان لەو پێگە پێغەمبەرایەتیەی کە هەیبوەو جن وئونسی لە خزمەتدابون لە سەبای پاشاو خێزانی بێئاگابوبێت؟ لە وەڵامدا بابەتێکی سەرنج ڕاکێش دەورژێنێ کە هەندێک جار خودا بەهۆی بەرژەوەندیەک مێشکی مرۆڤ لە بابەتگەلی زۆر ڕون وئاشکرا بە لاڕێدا ئەبات. پاشان دەڵێت نموونەیەکی دیکە ئەو شتەیە کە خودا لە مێشکی عەرەبەکانی دورخستەوە و لە دەرونی ئەوانی لە دژایەتیکردنی قورئان لادا هەرچەندە پێغەمبەر لە داڕشتنی قورئان بەربەرەکانی ئەکردن، بەڵام نەمانبینی کەسێک بیر لە دژایەتیکردن و شەڕ لەگەڵ قورئان بکاتەوە، هەندێ لە زانایان پێیان وایە کە هەوڵەکان لە دژایەتیکردنی قورئان پاشگەزکراونەتەوە ئەمەش یەکێکە لە موعجیزەکانی قورئان، هەڵبەتە جاحیز لە کاتێکدا ئەمە دەڵێت کە پێی وایە قورئان خاوەن داڕشتنێکی بدیعەو خەڵکی ئاسای توانای درووستکردنی شتی لەم جۆرەیان نەبوە لەو سەردەمەدا.
قازی عبدالجبار لە ئەبوهزیلەوە دەگێرێتەوە کە نەبونی دژایەتی لە قورئاندا هۆکارەکەی ئیعجازە، دەڵێ پێغەمبەر لەگەڵ کافرەکاندا شەڕی دەکرد بەڵام چونکە نەیانتوانی قورئان درووستبکەن ڕویان لەکارێکی دیکەکرد، قازی عبدالجباریش گوتویەتی: ئێمە ئەوە بەکەلامی خودا نازانین کە هەر گوێمان لێیبێت، ئێمە ئەوە بەکەلامی خودا دەزانین کە موعجیزە بێت دەلالەت بکات لە سەر ڕاستی پێغەمبەر، وەهەواڵمان پێبدات کە کەلامی خودایە، بەڵام موعجیزە نیە، بەڵام کردویە بە بەڵگەیەکی پتەو بۆ ئێمە لەداناییەکان بەتایبەت لایەنە زانستیی وئەحکامەکانی تا بۆی بگەڕێینەوە لە حەڵاڵ وحەرام دا، بەستایش کەواتە ئەوەیە دەیبیستین ودەیخوێنینەوە لەم ڕۆژەدا. [1]