$محەمەدی کوڕی عەبدولوەهاب و دامەزراندنی ڕێبازی وەهابی$
نووسینی: #سەروەر پێنجوێنی#
لە سەدەی هەژدەهەمدا محەمەدی کوڕی عەبدولوەهاب (1703 - 1792) ڕێبازی حەنبەلی و بیروڕاکانی ئیبن تەیمییەی بوژاندەوە و لە کۆمەڵێک دەستەواژە و شێوگی سادەتر و توندتردا کورتی کردنەوە و خەڵکی سادە و خێڵەکیی بیابانی نەجدی شوێن خۆی خست و ئیسلامێکی بیابانی و ڕواڵەتگەرا و دەقگەرا و توندوتیژی بۆ سەردەمی نوێ بەرهەم هێنا دوای گەشەکردن و بڕینی چەندین قۆناغ لە کولتوری ئیسلامیی سەردەمانی پێشتردا.
محەمەدی کوڕی عەبدولوەهاب لە شارەکەی خۆی (عُيَيْنَة) و پاشان لە مەککە و ئینجا مەدینە خوێندنی ئایینیی خوێندوە، پاشان چوار ساڵ لە بەسڕە وانەی ئایینیی وتوەتەوە، یان - بە پێی هەندێک سەرچاوەی تر - لە شارۆچکەی (المجموعة) سەر بە (البصرة) لای (الشيخ محمد المجموعيّ) وانەی ئایینیی خوێندوە. دوای ئەوە پێنج ساڵیش لە بەغدا ماوەتەوە و لەوێ ژنێکی دەوڵەمەندی مارە کردووە و میراتەکەی بۆ دەمێنێتەوە کاتێک ژنەکە دەمرێت. هەندێک سەرچاوە دەڵێن ساڵێکیش لە کوردستان (ی باشوور) ماوەتەوە، دو ساڵیش لە (هەمەدان) بوە، هەروەها لە (ئیسفەهان) و (قوم) و چەند شارێکی ئێرانیی تریش ماوەتەوە، کە لە و شارە ئێرانیانەدا کەوتوەتە دژایەتیکردنی بیر و شێوازی ئەهلی تەصەووف.
دوای ئەوانەش - دەڵێن - سەردانی حەلەب و دیمەشق و قودس و قاهیرەی کردووە. دوای ئەوەی دەگەڕێتەوە بۆ شارۆچکەی (حريملاء) یان (حريملة) لە نەجد و ناچاری دەکەن بەحێی بهێڵێت، دەگەڕێتەوە بۆ شارەکەی خۆی، عویەینە، لەم ماوەیەیشدا پەڕتووکی یەکتاپەرستی (کتاب التوحيد) ی نووسی کە سەرچاوەی سەرەکیی بیروباوەڕی وەهابییە، و دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی بیروڕاکانی کە بەرهەمهێنانەوەیەکی سادەی بیروڕاکانی ئیبن تەیمییە بون، بۆیە پێداگریی کردەوە لەسەر دابەشکردنی یەکتاپەرستی بۆ یەکتاپەرستیی پەروەدرگارێتی و یەکتاپەرستیی پەرستراوێتی و، هەمو کردەوەیەکی وەکو تکاکاری بە پێغەمبەر و پیاوچاکان و سەردانی گۆڕیان و بونی مزگەوت لەسەر ئەو گۆڕانە و شتی هاوشێوەی بە فرەپەرستی (الشِّرْک) لە قەڵەم دا، هەروەها پێداگریی کرد لەسەر ئەوەی کە ئەو دەستەواژە قورئانیانە کە هەندێک شتی بەرجەستە دەدەنە پاڵ خوا دەبێت بە ئاکار (صِفة) ی ڕاستەقینەی خوا دابنرێن و نابێت بە لێکدانەوە (تأویل) ی عەقڵی لێک بدرێنەوە و ئەمەشی کردە تەواوکەری یەکتاپەرستی بە دەستەواژە و زاراوەیەکی سۆفیستی (سَفْسَطِيّ) بە شێوەی (توحيد الأسماء و الصفات)! [کە ئەمەش دەکاتە هەوڵێک بۆ چەسپاندنی بیرێکی ئەنثرۆپۆمۆرفیست (تشبيهي) بە ناوی یەکتاپەرستیەوە].
لە عویەینە محەمەدی کوڕی عەبدولوەهاب پەیوەندیی بەست لەگەڵ ئەمیری شارۆچکەکە کە ناوی (عوثمانی کوڕی حەمەدی کوڕی موعەممەر) بو، ئەمیر ئامۆزای خۆی بە ناوی (الجوهرة) دا بە محەمەدی کوڕی عەبدولوەهاب و ئەویش داوای لێ کرد کە لە بانگەوازەکەیدا پشتگیریی بکات و پەیمانی پێدا کە بەهۆی شوێنکەوتوانی بانگەوازەکەیەوە دەسەڵات بەسەر هەمو نەجددا پەیدا دەکات و ناوچەی نەجد و عەرەبەکانی دەبێتە موڵکی: (إنّي آمُلُ أنْ يَهَبَکَ اللهُ نَجْداً و عُرْبانَها)!(3).. ئیتر محەمەدی کوڕی عەبدولوەهاب لە ژێر سایەی عوثماندا کەوتە جێبەجێکردنی بەرنامەکانی خۆی: سەرەتا ئەو درەختەی بڕیەوە کە لە لای خەڵکی ئەو شوێنە پیرۆز بو.. خوێندنەوەی پەڕتووکی (دلائل الخیرات) ی قەدغە کرد و نووسخەکانی ئەو پەڕتووکەی سووتاند و (صەلەواتدان) ی لەسەر پێغەمبەر لە وتاری (جمعة) دا قەدەغە کرد.
ئینجا گۆڕی یەکێک لە صەحابە بە ناوی (زەیدی کوڕی خەتتاب) (برای عومەری کوڕی خەتتاب) کە لە جەنگی هەڵگەڕانەوە (الرِّدَّة) دا لە (اليَمامة) لە ناوچەی نەجد کوژرابو و لەوێ نێژرا بو و گۆڕەکەی زیارەتگایەکی ناوچەکە بو، ئیتر هەرچەند خەڵکی ناوچەکە ویستیان بەرگری لە گۆڕی وەلیەکەیان بکەن بەڵام عوثمان (600) جەنگاوەری بۆ پاراستنی محەمەدی کوڕی عەبدولوەهاب ئامادە کردبو، ئیتر ئەویش بە دەستی خۆی شوێنەوار و پێناسی گۆڕەکەی ڕوخاند.. دوای ئەوەش ژنێک کە هەڵەیەکی کردبو محەمەدی کوڕی عەبدولوەهاب فەرمانی دا بەردباران (سەنگەسار) (رَجْم) بکرێت هەتا دەمرێت، ئیتر عوثمان و کۆمەڵێکی تر فەرمانەکەیان جێبەجێ کرد و دوای مردنیشی فەرمانی دا بشۆررێت و کفن بکرێت و نوێژی لەسەر بکرێت. ئیتر دوای ئەم کارانە کە ترس و دڵەڕاوکێ و ناڕەزامەندیی خەڵکی ناوچەکەیان وروژاند فەرمانڕەوای (الأحساء) و (القطيف) و خێڵەکانی دەوروبەریان، کە (سليمان بن محمد بن غرير الحميدي) بو لە خێڵی (بنو خالد)، فشاری خستە سەر عوثمان ئەمیری عویەینە بۆ لەناوبردنی محەمەدی کوڕی عەبدولوەهاب، ئیتر ئەویش ناچار بو دەری بکات لە شارۆچکەکەی خۆی، بە تایبەتی کە عوثمان بەشێک لە باج و دەستهاتەکانی لە فەرمانڕەوای ناوبراوەوە بۆ دەهات، چونکە عوثمان کۆمەڵێک دارخورما و باخ و شتی تری لە (الأحساء) هەبو و بەشێک لە بازرگانیەکانی لە ڕێی بەندەرەکانی (الأحساء) ەوە گوزەری دەکرد.
ئیتر فەرمانڕەوای ناوبراو هەڕەشەی کرد لە عوثمان بە بڕینی ئەو دەستهات و قازانجانە و بڕینی ئازوقەی خۆراک و جل وبەرگ. بۆیە محەمەدی کوڕی عەبدولوەهاب ناچار ڕوی کردە شاری دیرعییە (الدِّرْعِيّة) مەڵبەندی یەکەمی بنەماڵەی سەعودی، لەوێ ئەمیری دیرعییە محەمەدی کوڕی سەعود (1765 مردوە) دامەزرێنەری بنەماڵەی سەعودی، پێشوازیی لێ کرد و کردیە زاوای خۆی و پشتگیریی تەواوی کرد بۆ بڵاوکردنەوە و چەسپاندنی ڕێبازەکەی و محەمەدی کوڕی عەبدولوەهابیش پەیمانی پێدا کە بەهۆی بانگەوازەکەیەوە دەسکەوتێکی زۆری دێتە دەست زیاتر لە و باجانەی کۆیان دەکاتەوە، ئەمەش لە ساڵی (1744) دا بو، ئیتر بوە ڕێبەرێکی ئایینی بۆ ئیماڕەتەکەی و بە و شێوەیەش لە ڕێگەی دەسەڵاتی ئایینی و دەسەڵاتی بنەماڵە و خێڵەوە هەم ڕێبازی وەهابیی چەسپێنرا لەناو بیاباننشینەکاندا کە نەخوێندەواری و ژیانی بیاباننشینیی دور لە شارستانی بەسەریاندا زاڵ بو، هەم خێڵ و هۆزەکانیان ملکەچ کرد و بونە دەسەڵات و بڕیاردەری یەکەم و کۆتایی لە ناوچەکەدا.. هەردوکیان لەسەر ئەوەش ڕێک کەوتن کە دەسەڵات هاوبەش بێت لەنێوان هەردو بنەماڵەکەدا، واتە دەسەڵات و ڕابەرایەتیی ئایینی لە دەستی نەوەکانی محەمەدی کوڕی عەبدولوەهابدا بمێنێتەوە و دەسەڵاتی سیاسییش لە دەستی بنەماڵەی سەعودیدا بمێنێتەوە.. محەمەدی کوڕی سەعود ئەوەی کرد بە مەرج لەسەر محەمەدی کوڕی عەبدولوەهاب کە دوای ڕاگەیاندنی بانگەوازەکەی نەچێت بۆ لای ئەمیری شوێنێکی تر و خێر وبێر و دەسکەوتەکان ببێتە بەشی ئیماڕەتێکی تر.
محەمەدی کوڕی عەبدولوەهاب بە شوێنکەوتەکانی لە خەڵکی شارەکە (دیرعییە) دەوت پشتیوانان (الأنصار) و ئەو کەس و گروپ و خێڵانەش کە لەدەرەوەی شارەکە دەهاتن و شوێنی دەکەوتن پێی دەوتن کۆچکەران (المُهاجِرون) (چونکە خۆیشی کۆچی کردبو بۆ دیرعییە) [ئەمە و زۆر شتی تریش نیشانەی ئەوەن کە مەبەست لە دامەزراندن و شوێنکەوتنی وەهابییەت ئەوەیە کە کۆپییەکی ڕاستەوخۆی ئیسلام بێت لە ساتی سەرهەڵدانیدا: محەمەدی کوڕی عەبدولوەهاب لە بریی محەمەدی کوڕی عەبدوڵڵا، عویەینە لە بریی مەککە، دیرعییە لە بریی مەدینە، جگە لە لاساییکردنەوەی بانگەشەی چڕ وپڕی یەکتاپەرستی و دوبارەکردنەوەی ئەزموونی جیهاد و (غَزَوات) دژی فرەپەرستی و ناوبردنی خۆیان بە تایبەتی بە زاراوەی (موسڵمانان) و (یەکتاپەرستان) و بەکارهێنانی زاراوەی کۆچکەران و پشتیوانان... بەڵام ئەم بەراوردەش ئەوە ناگەیەنێت کە وەهابییەت بە تەواوی بەئەمەک بێت بۆ بەهاکانی ئیسلام، بەڵکوو ئیسلام تا ڕادەیەکی باش هێزێکی شارنشینی بوە و لە قۆناغێکیشیدا زۆری نەمابو هێزە دەشتەکی و بیاباننشینیەکە لەناوی بەرێت، بەڵام وەهابییەت هەڵگری بەهاکانی کۆمەڵگای بیاباننشینە، بۆ بەراوردیش دەکرێت سەرنج لەوە بدەین کە محەمەدی کوڕی عەبدوڵڵا لە گرتنەوەی مەککەدا شارەکەی وێران نەکرد و (ئەبو سوفیان) ی نەکوشت، بەڵام محەمەدی کوڕی عەبدولوەهاب کاتێک شاری عویەینەی گرتەوە شارەکەی وێران کرد و (عوثمان) ی کوشت].
سەعودی - وەههابیەکان لە سەردەمی محەمەدی کوڕی عەبدولوەهابدا و بە پەسەندکردن و سەرپەرشتیی ئەو (لە ڕێگەی هەڵنانیانەوە بۆ پرینسیپی جیهاد - دژی فرەپەرست) هەستاون بە هێرش و هەڵمەتی تاڵان و کوشتار بۆ سەر خێڵەکان لەسەر شێوازە خێڵەکی و بیابانیە کۆنەکە، ئەوەش چونکە محەمەدی کوڕی عەبدولوەهاب هەستی کردووە کە بە بێ هێرش و (غَزَوات) بزووتنەوەکەی دەپوکێتەوە و دەبێت بچێت بە دەم حەز و مێمڵیی هێرش و تاڵانکردن لە لای دەشتەکیەکان. بەڵکوو محەمەدی کوڕی عەبدولوەهاب بۆ خۆی لە سەرنجدانی ئەستێرەی کشاو (شِهاب) ەوە خەڵکی دیرعییەی فێری درووستکردن و بەکارهێنانی چەکی گوللەتەقێن (جۆرێک لە تاپڕ!) دەکرد. تا لە ماوەی چەند ساڵێکدا سامانێکی زۆر و سوپایەکی گەورە پێکەوە دەنێن، لەم هێرشانەشدا هەر دەسکەوتێک بوبێت وەکو شێوازی چەتەی بیابان (بە دابەشکردن بەسەر هەمو بەشداربوانی هێرشەکەدا) دابەش کراوە، دوای لێدەرکردنی پێنجیەک (خُمْس) ی ئەمیر کە ئەمەش شێوازی دابەشکردنی ماڵ وسامانی فرەپەرستە! بەشێکیش لە دەسکەوتەکان ژن و منداڵ بون و دەبونە کۆیلە و کەنیز، وەکو مێژونووسی میسری (عبد الرحمن الجَبَرْتيّ) (1754 - 1822) لە (عجائب اڵاثار) دا دەگێڕێتەوه(. ئیتر لە و کاتانەدا لە نیمچە دورگەی عەرەبیدا ژن و منداڵ بەتاڵانی دەبران و لە بازاڕەکانی نەجددا دەفرۆشران.
محەمەدی کوڕی عەبدولوەهاب ساڵی (1792) و لە سەردەمی (سەعودی کوڕی عەبدولعەزیز) دا مرد، کە لە ماوەی ژیانیدا (20) ژنی هێنابو و (18) منداڵی ببو، لەمانە پێنج کوڕی لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە نەوەکانی بونە زانای ئایینی وجێگەیان گرتەوە لە ڕابەرایەتیی ئایینیدا، کە ئەمەش یەکەم جار بو (لە مێژوی ئیسلامدا) پلەی زانای ئایینی ببێتە بۆماوەیی! [1]