ناونیشان: داڕشتنی کردار
ناوی ئامادەکار: سەربەست قادر حەمە
زمانەکەمان پێویستی بە ئێمەیە، وەک چۆن ئێمە بێ زمان نین و ناژین.
ئێمە و زمان بەردەوام لە کارلێکێکی دووسەرەداین، پەیوەستین بەزمانەوە، زمانیش بێ ئێمە دەچێتە دۆخی متبوون و مردنەوە.
کارلێکی ئێمە و زمان هاوکێشەیەکی ئاڵۆزی هاوتەریبە، پێ بەپێ لەنێوان ئێمە و زماندا ڕەوتی ژیان بەردەوامی بەخۆی دەدات و هەردوو لامان لەگەشەی بەردەوامداین.
دوورنییە ڕۆژێک بەهەمان شێوەی نەخۆشکەوتن و مردنی ئێمە زمانەکەشمان نەخۆش بکەوێ و بمرێ.
مرۆڤی زیندوو هەرگیز ئاواتی دیتنی ئەو ڕۆژە ناخوازێ زمانەکەی بمرێت، چونکە گرنگترین پایەی نەتەوەیی لەدەست دەدات.
بەڵام نەخۆشکەوتنی زمان شتێکی چاوەڕوان کراوە و بەهەمان خێرایی بڵاوبوونەوەی پەتا زمانیش نەخۆشینی جۆراوجۆری تێدا بڵاودەبێتەوە و کەموزۆر بە پێی تین و تاوی نەخۆشییەکە کاریگەری لەسەر زمانەکە دەبێت.
سەرنجدانی زمانەکانی جیهان نیشانەی زۆرنەخۆشیمان دەخاتەبەرچاو بەشێوەی جۆراوجۆر تووشی زمانەکان بوون.
زمانی کوردیش بەدەرنییە لە تووشبوون و ماندووبوونی بەدەست کۆمەڵێک لەم نەخۆشییانەوە بەتایبەت و لەسەروو هەموویانەوە نەخۆشییەکانی بەکەم زانین و پشتگوێ خستن.
بەهەرحاڵ دەرفەتی ئەم بابەتە ڕێگەمان نادات لەسەر ئەو لایەنە قسەبکەین، چونکە کاری من لەم وتارەدا وردکردنەوەی لایەنی فەرهەنگ و دەرخستنی ڕێگاکانی فراوانکردنێتی لە پۆلی(کردار)دا.
بێگومان ئەو ڕێگایانەی بۆ ئەم مەبەستە گیراونەتەبەر زیاترن لە ڕێگایەک، هەریەکەشیان کاریگەری و گرنگی خۆی هەیە.
لەناویاندا ڕێگای(داڕشتنی کردار) بەلای منەوە لە کاریگەرترین و بەرهەمدارترینیانە بە تایبەت بۆ زمانی کوردی.
چونکە لەو ژمارە دیاریکراوەی کردار لەهەر زمانێکدا ژمارەیەکی بێشومار کردار ڕۆدەنرێت.
لەو ژمارە کردارەی بەم ڕێگەیە ڕۆدەنرێت بەشێکیان زیاتر لە واتایەک هەڵدەگرن، ئەمەش ڕێگە و دەرفەتێکی ترە بۆ فراوانکردنی زیاتری فەرهەنگی زمان لەڕووی کردارەوە.
لە چەند شوێنی تریشدا باسمان لەوە کردووە هەبوونی واتا واتە هەبوونی وشە.
زمانی کوردی زیاتر لەهەموو بنەماکانی تر لەسەر بنەمای واتا بنیاتنراوە.
واتا لەهەموو لایەنەکانی تر تێیدا زاڵ و باڵادەستە
مەبەستمانە بڵێین دەرکەوتنی هەر واتایەک لەهەر ڕووخسارێکدابێت واتە هەبوونی وشەیەک.
واتە ئەگەر چەند واتا لەهەمان ڕووخساردا دەرکەوتن ئەوە واتای هەبوونی ئەوەندە وشەیە بەپێی ژمارەی واتاکان، نەک بەپێی ژمارەی ڕووخسارەکان.
لە زمانی کوردیدا ئەم دیاردەیە زۆر چالاک و دیارە و بەشێکی زۆری کردارەکانی زمانی کوردی خاوەنی زیاتر لە واتایەکن.
ئەوەی لێرەدا دەیخەینەڕوو هەوڵێکە بۆ کۆکردنەوە و لێکدانەوەی هەندێک لە کردارە درووستکراوەکان و واتا جیاوازەکانیان لە زمانی کوردیدا.
لەم گۆشەیەدا سێ کرداری تێپەڕی زمانی کوردی وەردەگرین و ژمارەیەک لە واتا و لێداڕێژراوەکانیان دەخەینەبەر باس:
1- کرداری (هێنا)ن:
پێش دەستکردن بە شیکردنەوە و ئاماژەکردن بۆ لێدرووستکراوەکانی ئەم کردارە دەێبێ بزانین قەدی ئەم کردارە(هێنا) و ڕەگەکەی(هێن)ە.
بەرانبەرە بە کرداری(هات)نی تێنەپەڕ.
کرداری نزیک لەمەوە لەڕووی واتاییەوە (هاورد)نە.
هەرچەندە ئەم دوو کردارە تەواو لێکنزیکن لەڕووی واتاییەوە، بەڵام نابنە هاوواتای تەواو، چونکە ناتوانرێت لەهەموو بارودۆخێکدا جێگەی یەک بگرنەوە ئەمە جگەلە بەکارهێنانی ناوچەیی، کە ڕەنگە ئەم دوو کردارە بەپێی ناوچەکانی بەکارهێنانیشیان جیاوازبن.
بۆ نموونە (هاورد)ن وشەی لێکدراوی (هاوردەکردن)ی لێدرووست دەکرێت، بەڵام ناتوانین بڵێین: (هێنانەکردن).
ئەگەر بەپێی ناوچەیەکیش ئەم واتا گونجاوبێت، هەمان مەبەستی (هاوردەکردن) ناگەیەنێت.
(هێنا)ن لەو کردارانەیە لەزمانی کوردیدا چالاکییەکی زۆر و بەکارهێنان و دەرکەوتنێکی بەرفراوانی هەیە.
هەر ئەمەشە وای لێکردووە لە داڕشتنی چەندین کرداری تردا بەشدار و بنکەبێت.
لەڕووی هێز و ئاڕاستەوە (هێنا)ن پێچەوانەی (برد)
نە.
چونکە ئاڕاستە لە (هێنا)ندا لە بەرانبەرەوە بەرەو بنکەی هێزە.
لەم کردارە ناوی بکەری (هێنەر) و بەرکاریی (هێنراو) درووستدەکرێت.
(هێنەر) وەک ناوی مرۆڤیش بەکاردەهێنرێت.
$هەندێک لەو کردارانەی لەم کردارەوە درووست دەکرێن:$
1- داهێنان: بەواتای درووستکردن و هێنانەکایەی بیروبۆچوون و شتی نوێ….داهێنەر...داهێنراو.
- داهێنان: بەواتای شانەکردن، قژداهێنانیش دێت.
- ڕاهێنان: بەواتای فێرکردن و ڕاهێنانی کەس، ئاژەڵ، بەڵندە و...تد لەڕێگەی مەشق و فێرکارییەوە...ڕاهێنەر….ڕاهێنراو.
2- بەکارهێنان: خستنەگەڕ و بەکارخستنی پێداویستییەکانی دەوروبەر….بەکارهێنەر….بەکارهێنراو.
- پیا-هێنان....لێخشاندن و پیاهەڵسوونی شتێک بەشتێکی تردا….پیاهێنەر….پیاهێنراو.
3- لێهێنان: دەرهێنانی شتێک لەشتێکی تر….لێهێنەر….لێهێنراو.
4- هێنانەوە: گەڕاندنەوەی شتێک لەشوێنێکەوە بۆ شوێنی خۆی یان بەواتای هێنانەوە و دانانی پرسیار و ….تد…..هێنەرەوە….هێنراوە.
$زۆر کرداری داڕێژراو و لێکدراو و دەستەواژەی تر لەم کردارەوە درووست دەکرێن لەوانە:$
(هێنانەژێربار، دەرهێنان، خێرهێنان، شەڕهێنان، وازهێنان، پێهێنان، پێلێهێنان، پێدەرهێنان، وازلێهێنان، شەقەلێهێنان، وازپێهێنان، سەردەرهێنان، دەست پیاهێنان، ...تد).
2- کرداری(نا)ن:
لەسەرەتای شیکارکردن و وردبوونەوە لەم کردارەدا دەڵێم: (هەموو شتێک بە وردکردنەوە بچوک و بەرتەسک دەبێتەوە، تەنیا زمانە، کە بە وردکردنەوە گەورە و فراوان دەبێت).
ئەم کردارە بە شێوەیەکی گشتی لەگەڵ پێشگر و پاشگرەکاندا، یان بە لێکدراوی واتاکەی ڕوونتر و جوانتر دەردەکەوێت.
قەدەکەی (نا)یە و ڕەگەکەی دەبێتە (نێ).
یەکێکە لە کردارە چالاکە تێپەڕەکان.
بەشدارییەکی گرنگ و کارای هەیە لەفراوانکردنی فەرهەنگ و واتادا.
بەشێک لەو کردارە داڕێژراو و لێکدراوانەی لێی درووست دەکرێت دەتوانن زیاتر لەواتایەک ببەخشن، یان زیاتر لەڕۆڵێک وەربگرن.
ئەمەش یەکێکە لەئاکارە ڕەنگینەکانی زمانی کوردی بەتایبەت لە پۆلی کرداردا.
لەو کردارانەی لەم کردارەوە درووست دەبن بەشێوەی چاووگ دەیان نووسم: (لێنان، تێنان، نانەوە، دانان، ڕاوەدوونان، ڕانان، پێلێنان، هەڵنان، وەلانان، پێوەنان، خۆپێوەنان، دەست بەڕوودانان، وەلاوەنان، پێدانان، دانانەوە، وەدەرنان، ڕاونان، لێکنان، چاولێکنان، …..تد).
هەندێک لەم کردارانە بەشداردەبن لە فراوانکردنی واتادا، یاخود زیاتر لەواتا و مەبەستێکیان تێدا هەڵگیراوە بۆ نموونە:
1- لێنان: لێنەر….لێنراو، دەکرێ بەسێ واتا یان زیاتر بەکاربهێنرێت وەک:
- لێنان: بەواتای درووستکردنی خواردن و چێشت لێنان.
- لێنان: بەواتای بارکردنی بار لە وڵاخ و گوێدرێژ بۆ نموونە دەڵێن:
- بارەکەیان لەکەرەکە نا….بارەکەیان لێنا.
- هەروەها بەواتای پەڕاندنی ئاژەڵێک لە ئاژەڵێکی تر.
ئەم کردارە زۆردەمێکە بەشێوەی ئیدیۆم یان جنێو چووەتە ناو زمانی خەڵکیشەوە بۆ نموونە دەڵێن: ……..کەر لێنێم.
2- نانەوە: ئەم کردارەیان دەکرێ بە سێ واتا یان زیاتر بەکاربهێنرێت بۆ نموونە:
- مریشکەکەی نایەوە.
واتە کاتی کڕکەوتنی مریش لەسەرهێلکە بۆ هەڵهێنان لەلایەن کەسێکەوە جێگەی بۆ چاک دەکرێ و هێلکەی دەخرێتەژێر، ئەوکات مریشکەکەش لەسەری کڕدەکەوێت بۆ ماوەی سێ حەفتە و هێلکەکان ئەوەی پیس نەبێت دەبێتە جوجکە بەم کردەیەش دەوترێت: (هەڵهێنان).
- واتایەکی تری نانەوەی ئاگرە بۆ نموونە دەوترێت:
- ئاگرەکەی نایەوە و ڕای کرد.
- هەروەها واتایەکی تری، کە لەم واتاوە نزیکە شەڕنانەوەیە بۆ نموونە دەوترێت:
- شەڕەکەی نایەوە و خۆشی سەیری دەکات.
- هەروەها بۆ مەیاندنی ماستیش بەکاردەهێنرێت.
کردەی ماس مەیاندن پێی دەوترێت: (نانەوەی ماست).....تد.
3- پێوەنان: ئەم کردارەش بۆ زیاتر لە دوو واتا و مەبەست بەکاردێت.
- بۆ نموونە پێوەنان بەواتای تێتەقاندن، دەوترێت:
- فیشەکێکی پێوەنا...تێتەقاند.
یان: بەردێکم بە چۆلەکەکەوە نا. …..تێگرت….تێتەقاند.
لەهەمان کاتدا ئەم کردارە وەکو ئیدیۆمێک چووەتەناو زمانەوە و بۆ چاوپیسی بەهەمان شێوەی پێوەنانی فیشەک و بەرد بەکاردهێنرێت بۆ نموونە:
- پێیوەنا مەگەر خوا ڕەحمی پێبکا.
- واتایەکی تری دەبێتە: (خۆپێوەنان) لەگەڵ جێناوی خۆییدا بەکاردەهێنرێت.
- واتایەکی تریشی دەبێتە: (چاوپێوەنان) بۆ نموونە دەوترێت:
- چاوی نا بەکونی دەرگاکەوە.
یان: چاوی نا بەدووربینەکەوە…..تد.
هەریەکە لەم کردارانە دەکرێ بەپێی ناوچە و کات و شوێن بەکارهێنان و واتای تریان هەبێت.
3- کرداری(دا)ن:
ئەم کارە هەندێک لە لایەن و سەرچاوەکانی دەوڵەمەندی و دەوڵەمەندکردنی زمانەکەمان پێنیشان دەدات.
لەڕێگەی ئەو واتا جیاوازانەوە لێی بەرهەم دەهێنرێت.
ئەم کردارەش یەکێکی ترە لە کردارە تێپەڕەکان، قەدەکەی (دا)یە و ڕەگەکەی دەبێتە (دە).
گۆڕانکاری و لادان لەیاسای گشتی ڕوودەدات لە وەرگرتنی ڕەگەکەیدا.
ناوی بکەری(بدەر) و بەرکاریی (دراو)ی لێدرووست دەکرێت.
هەریەکە لەکردارەکانی زمانی کوردی بەپێی بارودۆخ و دەوروبەری بەکارهێنانیان بەشدار و ڕێخۆشکەرن بۆ فراوانکردنی فەرهەنگی وشە و واتای زمانەکەمان.
دیارە هەریەکەشیان جیاوازن لەژمارەی ئەو کردار و واتا نوێیانەی لێیان سازدەکرێت.
بۆیە لەکاتی کارکردن لەسەریان دەبینین هەندێک لەهەندێکی تریان چالاکتر و پڕبەرهەمترن.
ئەم کردارە (دا)ن یەکێکە لەو کردارانەی بەڕێژەیەکی بەرچاو کردار و واتای نوێی لێدرووست دەکرێت جگە لەوەی هەندێک لەو کردارانە فرەواتان.
ئەم دیاردەی فرەواتاییە یەکێکە لەدیاردە ناوازە و سەرچاوەکانی دەوڵەمەندکردنی زمانی کوردی.
چەندین ئەرک و واتای جیاواز لەهەمان پۆلەدەنگ(وشە)دا جێی دەکرێتەوە.
بۆئەوەی بابەتەکە لەتاقەتی خوێنەر زیاترنەبێت دەست لەشیکردنەوە هەڵدەگرم و کۆمەڵێک لەو نمونانە و واتا جیاوازەکانیان دەخەمەڕوو:
دا...ن. بۆخۆی بەسادەیی بەواتای پێدانە.
واتە کەسێک شتێک بداتە کەسێکی تر.
ئاڕاستەی هێز ئاسۆییە.
$هەندێک لەو کردارانەی لەم کردارەوە درووست دەکرێن:$
(لێدان، پێدان، تێدان، دانەوە، لێدانەوە، پێدانەوە، تێدانەوە، هەڵدان، هەوڵدان، ئاودان، ئەنجامدان، پێچدان، هەڵدانەوە، سوڕدان، لولدان، دادان، گلدانەوە، بەکوشتدان، لادان، لادانەوە، بادان، بادانەوە، خۆبادان، دەنگدان، دەنگدانەوە، ئەشکەنجەدان، لەخۆدان، لەناودان، پیاهەڵدان، لێتێکدان، تێکدان، تێهەڵدان…..تد).
بۆ نواندنی فرەواتایی هەندێک لەم کردارانە وەردەگرین و واتا جیاوازەکانیان لەڕستەدا بەرجەستە دەکەین.
1- لێدان:
- من لەتۆم دا. …..لێدانی ئاسایی(پیاکێشان).
- سۆندەکەم لە بەلوعەکە دا…..پێوەکردن.
- یاریزانەکە تۆپەکەی لێدا....پیاکێشان، بەڵام ئەم لێدان(پیاکێشان)ە جیاوازە لە لێدانی مرۆڤ.
- من لەئاوەکەم دا. ….بەواتای ملنان لەئاو بەمەبەستی پەڕینەوە.
لەئێستادا (لێدا)ن یەکێکە لەو چاووگانەی زۆر بەچالاکی ڕۆڵدەبینێت لە بەخشینی واتای ڕۆشتنەوە یان ڕاگرتنی دەوام لەلایەن خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانەوە.
2- تێهەڵدان:
- تێرم لەکابرا هەڵدا…….لێدان..تێهەڵدان.
- کۆڵەکەکەمان لەخانووەکە هەڵدا. ….دانەژێر.
- خۆمان هەڵداوە ناو ئاوەکە…...خۆتێفڕەدان.
3- هەڵدان:
- ژنەکە چراکەی هەڵدا. …….گڕەکەی بەرزکردەوە، ئاگرەکەی زیادکرد.
- من بەردەکەم هەڵدا. …..فڕێمدا.
- منداڵەکە بەخێرایی هەڵدەدا. …...بەرزبوونی باڵا، نەشونماکردن.
- خۆم هەڵدایە خوارەوە. …....خۆفڕەدان لەبەرزییەوە.
چەندە لەسەر ئەم بابەتە بڕۆیت و شیکردنەوە بکەیت هەم واتای جیاواز و هەم کرداری نوێ و جیاواز دێتەبەر دیدەت.
بەپێی توانا و گونجانی کات هەوڵ دەدەم لەسەر ئەم جۆرە بابەتە درێژە بە نووسین و هەڵدانەوەی لاپەڕە و دۆزینەوەی قوژبنی نوێ بدەم.
تا ببێتە دەروازەیەک بۆ لێکۆڵینەوەی گشتگیرتر و زانستیانەتر. [1]