$زەواجی موتعە (سیغە)، زەواجی مسیار، زەواجی عەقد چییە؟$
نووسینی: #پێشڕەو ئیسماعیل عارف#
تا ئێستا چەند جۆرێک زەواج هەیە لەوانە: زەواجی موتعە(سیغە) زەواجی مسیار، زەواجی گرێبەست، زەواجی هاوڕێیەتی (boy friend and girl friend).
$زەواجی موتعە (سیغە) لە ئیسلامدا: واتا زەواجی کاتی، دوو مەرج هەیە بۆ زەواجی کاتی:$
1- مارەیی هەر چەندێک بێت گرنگ نییە.
2- کات، هەر چەندێک بێت گرنگ نییە، لەکاتژمێرەوە دەست پێدەکات بۆ ڕۆژ و مانگ و ساڵ.
لە ئایینی ئیسلام دا موتعە (سیغە) شەرعیە و ڕێگە پێدراوە بەو دوو مەرجەی سەرەوە، هیچ ئایەتو فەرمودەیەک نییە لەقورئاندا قەدەغەی کردبێت. لەڕاستیدا جۆرێکە لە لەشفرۆشی و فاحیشەو بغا و، هەر چەندە پێغەمبەر چەند جارێک قەدەغەی کردووە و دوایتر ڕێگەی پێداوە، وشەی موتعە یانی خۆشیو ڕابواردن و لەزەت چێشتن، موتعەش چەند جۆرێکی هەیە لەوانە: موتعەی حەج کە لەکاتی چوونیان بۆ حەج کراوە، موتعەی زەواج کەبەکاتی مارە بڕاوە، هەروەها موتعەی کاتی جەنگ و شەڕو شۆڕەکان، شایانی باسە کەپێغەمبەر بۆ خۆشی موتعەی کردووە، موتعە لەسەردەمی پێغەمبەر و ئەبوبەکر و تەنانەت تا شەش ساڵی خەلیفەی دووەمیش حەڵاڵ بووە و دوایتر خەلیفە عومەر قەدەغەی کردووە لەبەر گیروگرفتی زۆری کۆمەڵایەتی کەلەم دیاردەیە بۆتەوە، وەکو بوونی مناڵ و پارەی لەشفرۆشیەکەو هی تریش.
هەرچەندە لێکۆڵەرەوان و زانایانی ئیسلام لەسەر مەسەلەی موتعە هاوڕانین و زۆربەیان ڕایان وایە کە موتعە بۆ سەردەمی پێغەمبەر ڕەواو شەرعی بووە، بەڵام بۆ سەردەمی ئێستا نابێ وگونجاو نییە، مەسەلەی موتعە لەئیسلامدا مشتومڕێکی زۆری لەسەرەو نیقاشێکی ئێجگار گەورەی لەسەر کراوە کەئایا حەڵاڵە یان حەرامە، لەلای سونەکان ناکرێ و حەرامە، بەڵام لای شیعەکان حەڵاڵە و ڕایان وایە کە موتعە خێرێکی ئێجگار گەورەیە کە بکرێو پشتیان بەقسەی ئیمامەکان بەستووە، ئیمامی جەعفەری سادق دەڵێت: ئەو پیاوەم خۆشناوێت دەمرێت و یەکێک لەڕاسپاردەکانی پێغەمبەر جێبەجێ ناکات، دەمرێت و ژنی سەفەری(موتعە یان سیغە) ناهێنێت.
$زەواجی شەرعی یان ئەوەی باوەو کلتورە:$ کرۆکی گرێبەستی ژن ومێردایەتی لەئیسلامدا بریتییە لەوەی پیاو لەبری جووتبوونی لەگەڵیدا زێڕەدراو بەژن دەدات، لەهاوسەرگیری هەمیشەییدا مارەیی ئەو نرخەیە پیاو لەبری کڕینی زێ بەژنی دەدات. حیللی کەزانایەکی ئایینییەو لەسەدەی سیانزەدا ژیاوە دەڵێت: مارەبڕین دەسەڵاتی پیاو بەسەر زێی ژنەکەیدا دابین دەکات، پیاو ئەگەر ژنەکەی تەڵاقداو هێشتا لەگەڵیدا جووت نەبوو بوو، نیوەی مارەیی دەدات، بەمەدا دیارە مارەیی نرخی کڕین و کەڵک لێوەرگرتنی زێیە.
$زەواجی مسیار:$ زەواجێکی شەرعی و حەڵاڵە، تەنیا فەرقەکەی ئەوەیە کەژنەکە دەستبەرداری هەندێک لەمافەکانی خۆی دەبێت وەکو نەفەقەو سەکەن و مارەیی.
$زەواجی گرێبەست:$ جۆرێکی تازەی زەواجە کەلەعەقدەکەدا لەنێوان ژن و مێردەکەدا کات دیاری دەکرێت، بۆ نموونە بۆ ماوەی دوو ساڵ، دوای ئەوە زەواجەکە کۆتایی دێت، ئەم جۆرەیان لەوڵاتە ئیسلامی و ڕۆژهەڵاتیەکاندا تا ئێستا نییە.
$زەواجی هاوڕێیەتی:$ ئەم جۆرەیان لەوڵاتە ئیسلامی و ڕۆژهەڵاتیەکاندا قەدەغەیە و حەرامە، کچ و کوڕێک بەیەکەوە ئەژین بەڵام بەڕەسمی ژن و مێرد نین، ئەم جۆرەیان لەوڵاتە ئەوروپی و ڕۆژاواییەکاندا باوە. [1]