$موعتەزیلە..کێشەی تێکەڵکردنی دەسەڵات و ئایین$
بە درێژایی مێژوی ئیسلام، کێبڕکێ لەنێوان چینی پێشکەوتوخواز و محافیزکار و تەقلیدییەکاندا بونی هەبووە، زەقترین کێبڕکێ ئەوەیە کە لەنێوان ئەقڵگەرا و دەقگەراکاندا درووست بووە.
لە مێژوی ئیسلامدا ئەوانەی بە توندی پابەند بون بە دەقە پیرۆزەکانی قورئان و حەدیسەوە، بە ئەهلی سوننە و جەماعە بەناوبانگ بون، بە تایبەت لە بوارەکانی عەقیدە و خوداناسی.
بەڵام ئەگەر گروپێک باسی ئەقڵگەرایی ئایینی و کاراکردنی ڕۆڵی ئەقڵیان لە بوارە ئایینییەکەدا کردبێت و ویستبێتیان ئەقڵ بکەنە پێشەنگ، ئەوا مۆرکی کوفریان دراوەتە پاڵ، ئەمەش بە ڕای زۆرێک لە توێژەرانی مێژوی ئیسلام یەکێکە لە هۆکانی چەقبەستویی لە ئایین و ئەقڵیەتی ئایینیدا.
ئەم ململانێیە لە سەردەمی عەباسییەکاندا گەیشتە ترۆپک، لەو سەردەمەدا دو ئاڕاستە پەیدا بو، یەکیان بریتی بو لە دەستگرتن بە پاشماوە و گەڕانەوە بۆ دەقی فەرمودە و وازهێنان لەسەر پێوانە و قیاس تەنیا لە ناچاریدا نەبێت، دوەمیشیان بریتی بو لە خستنەگەڕی ژیری و کردنی بە پێوانە بۆ لێکدانەوەی مەسەلە ئاڵۆزەکان. نموونەی یەکەم، فەرمودەناسان کە زۆرینە بون، دوەمیش موعتەزیلە بون کە هەڵگری زانستە تازەکان بون، ململانێ و ناکۆکیی فیکری لەنێوان ئەم دو لایەدا ڕوی دا لە مزگەوتەکان و حەلقە دەرسییەکاندا بە گفتوگۆ ڕوبەڕوی یەکتر دەبونەوە.
کێشەی ئەم ململانێیە ئەوە بو کە دەسەڵات تیایدا بێلایەن نەبو، هەر ماوەیەک و خەلیفەکان بە پێی بیرکردنەوە یان بەرژەوەندیی خۆیان بە لایەکدا دەکەوتن و لایەکەی تر لە ئازادیی ڕادەربڕین بێبەش دەکرا.
$یەکەم گروپی ئەقڵگەرای ئیسلام$
(موعتەزیلە) بە یەکێک لەو کۆمەڵە ئەقڵگەرا گرنگانەی مێژوی ئیسلام دادەنرێن، ئەمانە کۆمەڵێک بون زۆر گرنگییان داوە بە فەلسەفە و هزر و پێشکەوتن.
باوەڕیان بە جیاوازیی چینایەتی نەبووە، کاریان لەسەر درووستکردنی یەکسانی کردووە لەنێوان (عەبدەکان) و خەڵکی تردا، زۆر دژی خورافە بون لە ئاییندا، بە هەمو شێوەیەک لە ڕێگەی پێوەرە ئەقڵییەکانیانەوە خورافەچییەکانیان بە درۆ خستونەتەوە، جەختیان کردووەتەوە لە ڕێگەی پێوەرە ئەقڵییەکانەوە شتەکان وەربگیرێن.
$مێژوی درووستبونی موعتەزیلە$
درووستبونی هیچ گروپێک لە مێژوی ئیسلامدا بە دەر نییە لە کارتێکەرە سیاسییەکان، بۆیە هەندێ لە مێژونووسان، درووستبونی گروپی موعتەزیلە بۆ هۆکاری سیاسی دەگەڕێننەوە.
ئەو کاتەی ئیمامی عەلی و موعاویە چارەسەری ناکۆکییەکانیان کرد، کۆمەڵێ لە هەردو گروپەکە (عەلی و موعاویە) جیا بونەوە، بەڵام هەندێکی تر لە مێژونووسان هۆکاری درووستبونی موعتەزیلە بۆ جیاوازیی هزری و دیدگای ئەوان بۆ مەسەلە ئایینییەکان دەگێڕنەوە بەو بەڵگەیەی کە موعتەزیلەکان بە فەلسەفەی یۆنان کاریگەر بون.
لە ئەنجامی بەیەکگەیشتنی فیکرە جیاواز و فەلسەفییەکانی ناوچەکانی دی لەگەڵ ئیسلامدا، کۆمەڵێک کاریگەر بون بە فەلسەفەی (یۆنانی، هندی، بیروباوەڕی یەهودی و نەسرانییەکان) دامەزرێنەری ئەم فیکرەش (واصلی کوڕی عەتایە) (80-131ک) کە یەکێک بو لە قوتابیەکانی حەسەنی بەصری.
$بۆچی بەم گروپە دەوترێت موعتەزیلە؟$
موعتەزیلە کۆمەڵێکن کە ئەهلی سوننەت و جەماعەت بە پشتبەستن بە دەسەڵات ئەوانیان ناو ناوە موعتەزیلە، بەڵام ئەوان خۆیان ناویان لە خۆیان نابو ئەهلی عەدل و تەوحید، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە مانەوە لەناو ئیسلام یان دەرچون لێی پەیوەندیی بە ململانێوە هەبووە.و کێ دەسەڵاتی بە دەستەوە بوبێت ئەویتری بەرکەنار خستوە.
ئەمە بۆ (خەواریج)یش هەر ڕاستە (خەواریج) کە بە مانای دەرچوەکان دێت، ناوێکە دەسەڵاتی زاڵ لە سەردەمی خۆیدا ئەم ناوەی لێناون بەمەش ئەوان لە ڕاستیدا درەچو لە دەسەڵات و بیرکردنەوەی باوی گشتین نەک دەرچو لە ئایین.
$سەردەمی دەسەڵاتی موعتەزیلەکان$
لەگەڵ دەستپێکردنی دەسەڵاتی عەباسییەکاندا موعتەزیلەکان دەسەڵاتیان پەیدا کرد، ئەوان لەگەڵ سێ خەلیفەی عەباسییەکاندا پەیوەندییان خۆش کرد و لەناو دەسەڵاتی عەباسیدا پێگەی گرنگیان بە دەست هێنا، گرنگترینیان مەئمون بو، ئەو هەم پێیان سەرسام بو هەم ملکەچ بو بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان و بە تەواوی مەزهەبەکەیان پشتیوانی کرد، تەنانەت بۆ چەسپاندنی بیروڕاکانیان بە تایبەت لە بابەتی خەلقی قورئاندا توندوتیژی لە بەرژەوەندیی ئەوان و لە دژی نەیارەکانیان بە کار هێنا ئەمەش جارێکی تر کێشەی بێلایەن نەبونی دەسەڵات لە ڕوی ئایینی و ئایدیۆلۆژییەوە لە مێژوی ئیسلامدا دەردەخات.
بەڵام لە هەمان کاتدا لایەنگری مەئمون بۆ موعتەزیلە بویە هۆی گەشەسەندنێکی گەورەی فەلسەفە لە جیهانی ئیسلامیدا کە مێژونووسان هۆکاری ئەم گەشەسەندنە دەگەڕێننەوە بۆ دانانی (ئەحمەد کوڕی ئەبی داودی ئیادی) بە قازی، بەڵام هەر ئەوەی موعتەزیلەکان دەسەڵاتیان گرتە دەست کەوتنە چەوساندنەوەی نەیارە هزرییەکانیان، ئەمەش بووە.هۆی دەرکەوتنی ئەوەی پێی دەوترێت (مەینەتییەکە)، لە مێژوی ئیسلامدا کە ناسراوە بە (المحنە).
$گەشەسەندنی موعتەزیلە و سەردەمی (مەینەتییەکە)$
بیرۆکەی (قورئان مەخلوقی خودایە، نەک ئەزەلیی بێت) کە داهێنراوی موعتەزیلە و پاشان پشتگیری دەسەڵاتی خەلیفەی هەبو هۆکاری ئەم میحنەتە بو کە تیایدا چەندین زانای ئەهلی سوننەت و جەماعەت ئەشکەنجە دران تا دان بەوەدا بنێن کە قورئان مەخلوقە نەک (سیفاتی خودا)، لە گرنگترینیان ئەحمەدی کوڕی حەنبەل کە یەکێک بو لە زانا گەورە و ناودارەکانی ئیسلام و ڕەتی بیرۆکەکەی موعتەزیلەکانی کردەوە لە پای ئەمە ئەشکەنجەیەکی زۆر درا.
$ڕۆڵی موعتەزیلە لە مێژوی هزری ئیسلامیدا$
موعتەزیلە یەکەمین قوتابخانەی کەلامییە لە ئیسلامدا، ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە.لە برەوپێدانی هزری ئایینی و فەلسەفیدا، بنیاتنەری بنەما ئەقڵییەکانی عەقیدەی ئیسلامییە، لە ڕێگەی قوتابخانەی ناوبراوەوە بزافی ئەقڵگەرایی هاتەئاراوە و توانی لە هەیمەنەی چەقبەستویی بێمانا و پەیوەستبونی ڕەها بە دەقەوە کەم بکاتەوە.
پێشەوایان و قوتابیانی ئەم قوتابخانە، ئەقڵیان کردبووە.پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی زۆرێک لە کێشە ئایینییەکان.
موعتەزیلە وەکو تەوژمێکی هزری و ڕێبازێکی ئەقڵانی دەرکەوتنیان حەتمی بو، دەبوا هەر ببونایە بۆ چونە ناو ئەو مەیدانخوازی و ململانێ فکرییەی ئیسلام و مسوڵمانان دوچاری ببون لە لایەن هەواداران و هاوبیرانی جولەکە، کریستیان، بەراهیمە، مانەوی، مەزدەکی، سابیئە، سومەنی و دەهریەکان لە لایەک، بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گرسوپە لادەرە شیعی و سوننیەکان لە لایەکی ترەوە.
لەم بارەوە خاوەنی پەڕتووکی (الانتصار) دەڵێت: ״بێجگە لە موعتەزیلەکان کەس نەبو بەرپەرچی دەهرییەکان (واتە مولحیدەکان بە دەستەواژەی ئەمڕۆ) بداتەوە.״
گەورەیی موعتەزیلە لەوەدا بو هەوڵیان دەدا گرنگی بدەن بە بیر وبۆچونی نەیاران و دژەکانیان و ئاشنا بن بە میتۆد و بەڵگە و ڕەخنە و وردەکارییەکانیان، تا بتوانن بە هەمان شێواز و ڕێبازی خۆیان وتوێژیان لەگەڵدا بکەن و ڕەتیان بدەنەوە، لە ڕێگەی بەڵگە ئەقڵییە حاشاهەڵنەگرەکانەوە بەرگری لە ئیسلام بکەن.
لە لایەکی ترەوە یەکەمین هەوڵ کە درا بۆ نزیککردنەوەی دەقە ئایینییەکان لە ئەقڵەوە و سەلماندنی نەبونی ناسازی و ناڕێکی لەنێوان ئەقڵ و نەقڵ، فەلسەفە و ئاییندا لە لایەن موعتەزیلەکانەوە بو.
$تێڕوانینی موعتەزیلە بۆ هەندێک پرسی گرنگ$
لە بارەی بنەمای پاداشت و سزاوە موعتەزیلەکان دەڵێن: ئەگەر خودا درووستکەر و سەپێنەری کاری بەندەکان بێت، ئەوکات بنەمای پاداشت و سزا هیچ واتایەکی نابێت، چونکە وەک دەڵێن: ئەگەر لە چارەی فڵان نووسرابێت کافرە، ئیتر ئەم کەسە کافرە تاوانی چییە کە لە ئەزەلەوە نووسرابێت لە چارەیدا کە دەبێت کافر بێت؟ بۆچی خودا سزای دەدات؟
لە بارەی واتاداریی داوا شەرعییەکان موعتەزیلە پێیان وایە ئەگەر مرۆڤەکان ئازاد نەبن و هیچ ڕۆڵێکیان نەبێت لە بەدیهێنانی کار و کردەوەکانیاندا، ئەو کات هیچ واتایەک بۆ بنەمای داوالێکرنی شەرعی نامێنێت، کەواتە بۆ ئەوەی داوا شەرعییەکان بەجێ و واتادار بن، کەسی باش پاداشت بکرێت، خراپەکارانیش بە سزا بگەن، دەبێت مرۆڤەکان ئازاد و سەرپشک بن لە کار و هەڵسوکەوتەکانیاندا و بە دور بن لە هەر جەبرییەت و سەپێنراوییەک.
لە بارەی هۆکاری لۆژیکیی ناردنی پێغەمبەران موعتەزیلەکان دەڵێن: ئەگەر خودا سەپێنەری کارەکان بێت و بەندەکان ڕۆڵیان نەبێت، ئیتر سودی ناردنی پەیامبەران لە چیدایە؟ کە خوا خۆی دیاری کردووە و بڕیاری داوە کێ دەبێتە باوەڕدار و کێ بێباوەڕ دەبێت، ئیتر پەیامبەران بۆ دەنێرێت؟ کەواتە بۆ ئەوەی ناردنی پەیامبەران بەسود بێت و ئامانج لە ناردنیان ڕون بێت، دەبێت دانبنرێت بە بنەمای سەرپشکایەتیی مرۆڤەکاندا.
بۆ بنەمای قەزاوقەدەر کە گەورەترین گفتوگۆی لۆژیکیی لە سەردەمی ئیسلامدا دەربارە کراوە، بەڕای موعتەزیلەکان لەناو کار و هەڵسوکەوتەکانی مرۆڤدا چەندین کاری چەوت و نەشیاو و قێزەونی وەک بێباوەڕی، درۆ، دزی، بەدڕەوشتی و ستەم بەدی دەکرێت، ئەگەر بوترێت خودا درووستکەر و بەدیهێنەری کارەکانە، ئەو کات کارە قێزەون و نەشیاوەکانیش پاڵ دەدرێن بۆ لای خودا، کە ئەمە مەحاڵە.
پەیبردنی ئەقڵ بە باشی و خراپییەکان، یەکێکە لە و بنەما گرنگانەی موعەزیلە دایان هێنا، وروژاندنی ئەم مەسەلەیە بە یەکەمین هەوڵی نزیککردنەوەی ئەقڵ و دەق دادەنرێت، زانایانی کەلام و ئوسوڵی فیقﮪ گرنگییەکی زۆریان بەم بابەتە داوە، لە پێشیانەوە موعتەزیلەکان کە خۆیان داڕێژەری بیرۆکەکە بون و چەندین مەسەلەی تریان لەسەر بنیات ناوە.
موعەزیلە وتویانە: خوای پەروەردگار عەقڵی بەخشیوەتە مرۆڤەکان تا جیاوازی لەنێوان باشی و خراپییەکاندا بکەن، عەقڵیش توانای ئەم پەیبردنەی هەبووە.لە پێش هاتنی شەرعدا، هاوکات ئەم پەیبردنە وردەکاریی مەسەلە پەرستشی و شەرعییەکان ناگرێتەوە، کە لەدەرەوەی چوارچێوەی ئەقڵدان، بەڵکوو ڕەچەڵەکی باشی و خراپییەکان، حەقیقەتە سەرەتایی و سەرەکییەکان، بنەما مرۆیی و ئاکارییەکانی وەک: ناسینی خودا، ڕاستی و درۆ، داد و ستەم، ئازادی و چەوساندنەوە، ئازار و خۆشی و هاوشێوەی ئەمانە دەگرێتەوە، دواتر کە شەریعەت دێت لە لایەکەوە جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەو باشی و خراپییانەی پێشتر ئەقڵ پەی پێ بردون و دەرکی کردون، لە لایەکی ترەوە یاریدەدەرە لەو مەسەلانەی ئەقڵ بە باشی پەی پێ نەبردون، بەمەش شەریعەت شوێنکەوتە و تەواوکەری ئەقڵە.
لەگەڵ هەمو ئەو ڕۆڵە گرنگەی موعتەزیلە لە مێژوی هزر و فەلسەفەی ئیسلامدا بینیویانە، لەگەڵ ئەوەش کە تاکە گروپ بون تویانیویانە لە ڕوی لۆژیکییەوە ئیسلام لە تێکشکاندن لە لایەن نەیارە فیکرییەکانییەوە بپارێزن، کەچی موعتەزیلە لە مێژوی ئیسلامدا و بە ئێستاشەوە بە گروپێکی لادەر لە ئیسلام دادەنرێن لە لایەن زۆرینەی ئەهلی سوننە و جەماعەتەوە، ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە هۆکارێک لە هۆکارەکانی تەکفیر لە مێژوی ئیسلامدا پەیوەستە بە تێکەڵاوکردنی دەسەڵاتی دنیایی بە دەسەڵاتی ئایینییەوە. [1]