$ڕەوتی شیرازی سەلەفییەت لە بەرگی شیعەی ئیمامی$
نووسینی: زیرەک ئەحمەد ڕەحمان
$پێشەکی$
لەنێو مەزهەبەکانی ئیسلامەتیدا، هەر تەنیا پۆڵێن ئەوە نییە دینەکە بۆ چەند مەزهەبێک پۆڵێن بکرێت. بەڵکوو لە خودی یەک مەزهەبیش جاری وایە چەندان ئاڕاستەی جیاجیا دەردەکەون، بە ئەندازەی سنووری نێوان دوو مەزهەب لێک جیاوازن. بەڵام دواجار ڕواڵەتی دەرکەوتن، لە ژێر چەتری یەک مەزهەب کۆیان دەکاتەوە.
لە سەرەتای دەرکەوتنی دینی ئیسلامدا، جیاوازییەکان لە دوای قۆناغی پێغەمبەرایەتیدا زوو دەرکەوتن، ئەم جیاوازیانەش بەشێکیان سەریان لە ناکۆکیدا دەرچوو، دوا جاریش هەریەکەیان وەک مەزهەبی سەربەخۆ دەرکەوتن.
لەگەڵ ئەوەی دیاریکردنی سەرەتای هەر مەزهەبێک ئاسان نییە، چونکە لەوانەیە ڕیشەی سەرەتاییان لە دەرکەوتنی ئیسلامەوە هەبووبێت، یاخود درووستتر ئەوەیە جگە لە قوڕئان، سەرچاوەکانی تری دنیای ئیسلامی بۆ مێژوویەکی زۆر درەنگتری دوای قوڕئان بگەڕێنەوە. بەڵام هەر چۆنێک بێت، ئەوەی وەک ئەمری واقیع لە دنیای ئیسلامەتیدا هەیە، دوو مەزهەبی گەورە و سەرەکی ئیسلامەتیان لێ پێکهاتووە. ئەویش سوننە و شیعەن. ئەگەرچی هەریەکە لەم مەزهەبانە بۆ چەندان قوتابخانەی عەقائیدی و فیقهی دابەشبوون. هەریەکەشیان خاڵی هاوبەش و جیاوازی لەناو مەزهەب و مەزهەبەکانی دەرەوەی خۆی هەیە.
لەناو مەزهەبی شیعیدا، مەزهەبی ئیمامی یاخود دوازدەیی، زۆرینەن بە بەراورد لەگەڵ ئیسماعیلی و لقەکانی و مەزهەبی زەیدی. بۆیە لەم باسە هەر جارێ وشەی شیعە هاتبێت، مەبەست لەم مەزهەبەیە.
$ڕێبەراتیی مەزهەب$
سەرەتای ئەم مەزهەبە بۆ پرسی ئیمامەت دەگەڕێتەوە، کە لە ئیمامی عەلی دەست پێ دەکات و بە محەمەدی مەهدی کوڕی حەسەنی عەسکەری کۆتا دێت، هەر بەم بیروباوەڕە، دوا ئیمام بە فەرمانی خوا چووەتە دۆخی غەیب، لە هەر ئان و ساتێک کەوا زەمینەساز بێت دەردەکەوێت. بەڵام لە ماوەی نەبوونی ئیمام و تا ئێستا لەسەر پرسی ڕێبەرێتی ئەم مەزهەبە ناکۆکی هەیە. هەر لە سەرەتادا، زۆرینەی ئەم مەزهەبە لەسەر ئەو ڕایەبوون کەوا ئیمامی مەهدی لە غەیبی بچووکیدا، لە ڕێگەی چوار نێردەیەوە پەیوەندیی بە هاومەزهەبەکانی دەکرد. بەڵام بەرەیەک لە سەرەتادا ئەمەیان ڕەتکردەوە و باوەڕیان وابوو پەیوەندیی ئیمام پچڕاوە و چاوەڕێی هاتنی دەکەن. ئەم بەرەیە بە نووسەیڕی ناسراون، دەشێ ئەم باسە لە داهاتوودا بکەینە پرسی باسێکی ترمان.
بەڵام ئەوەی دوای ونبوونی ئیمام لە غەیبی گەورەدا، ئەو بەرەی باوەڕیان بە چوار نێردەکە هەبوو. لەسەر ئەوەی پایەی دینی و سیاسی لە دەست کێیە؟ ناکۆکی تێکەوت، ئەمیش پتر دەکەوتە بن ڕای ئەو زانایەی کەوا پێشەوایەتی حەوزەی عیلمی دەکرد. مەبەستیش لە حەوزەی عیلمی: بریتییە لە دامەزراوەیەکی زانستی و مرۆیی ئامادەساز بۆ ئیجتهاد لە زانستەکانی شەریعەتی ئیسلامی و هەڵگرتنی ئەرکی گەیاندنی دین بەپێی بنەماکانی مەزهەبی شیعی. هەرچەند ئەم جۆرە خوێندن و ئیجتهادە ڕابردووی دووری هەیە بەڵام ناونانی ئەم دامەزراوە بە حەوزە مێژووەکەی هێندە کۆن نییە و بۆ سەدەی بیست دەگەڕێتەوە. ئیتر بە پێی ئەم جۆرەی خوێندن، تاڵبی عیلم دەبێ چەندان قۆناغ ببڕێ تا دەگاتە پلە باڵاکانی دین لەو مەزەهەبە.
$ئەخباری و ئوسووڵی$
لەنێو زانایانی ئەو مەزهەبە بە شێوەیەکی بەرچاو دوو ڕەوت بە زەقی دەردەکەوێت. ڕەنگە زۆر جاریش بەریەک بکەون. ئەوانیش ئوسووڵییەکان و ئەخبارییەکانن. ئوسووڵی: مەبەست لەو ڕەوتەیە کەوا لە لێکدانەوەی پرسە دینییەکان بە ئەندازەیەکی زۆرتر لە ئەخبارییەکان پشت بە بەڵگەی عەقڵی دەبەستن، مەبەستیش لە بەڵگەی عەقڵی بریتییە لەو ئەندازەی ژیری دەیگاتێ لە حوکمدانی شەرعی، بە حوکمی عەقڵی لە زانستدا بەرەو حوکمی شەرعی دەچێت. ئەمە مانای ڕەهاکردنی ژیری نییە بە ئەندازەیەک دەقەکان توڕهەڵدات، لە هەموو بوارێکدا، بەڵکوو بواری ژیری تایبەتە و کەسانی تایبەتمەند لە لێکدانی هەردوو مەسەلەی ژیری و نەقڵ لێی دەزانن. بەڵام سنووری وەرگرتنی بەڵگەی نەقڵی بەپێی ئەم ڕەوتە، تۆزێ بەرتەنگترە، چونکە بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە قورئان دەبەستن وەک تاکە سەرچاوەیەکی یەکلاکەرەوەی زادەی خودا. بەڵام سوننەت مەبەست لە حەدیسە، ئەوانەی یەکلاکەرەوەن و بە متەواتر ناسراون (واتە کۆمەڵێک لە کۆمەڵێکی تر.. ئاوا گێڕابیانەوە کەوا مەحاڵ بێت ئەو هەموو خەڵکە لەسەر ناڕاستییەک ڕێککەوتبن) یاخود ئەو حەدیسانەی قورئان یا ئەمری واقعی ڕاستی و درووستیان دەسەلمێنێت. بەمەش بوارێکی بەرفراوانتر بۆ ژیری دەڕەخسێنرێت، زۆرینەی موجتەهیدانی ئەم ئاڕاستەیە بە شێوەیەکی گشتی بۆ پڕکردنەوەی شوێنی ئەم هەموو دەقە زۆرە، پشت بە زانستی ئوسووڵی فیقﮪ دەبەستن، ناودارانی ئەم ئاڕاستەیە: لە کۆندا: شێخی موفید، سەید موڕتەزا، شێخی تووسی و موحەقیقی ئەردەبیلی، لە هاوچەرخەکانیش: عەلی خامەنەیی، محەمەد حسێن فەزلوڵڵا، جەوادی تەبریزی، فەڕقەد قەزوینی و محەمەد باقر سەدر..
لە بەرانبەر ئەم ڕەوتەدا، ئاڕاستەیەکی تر هەیە کەوا بە ئەخباری ناسراوە ئەم ئاڕاستەیە لە هەڵێنجانی حوکم تەنیا پشت بە قوڕئان و ئەو دەقانە دەبەستن لە محەمەد پێغەمبەر و ئەهلی بەیت ڕیوایەتکراون، پشت بە ئیجتهاد نابەستن، بۆیەش بە ئەخباری ناسراون چونکە لە ئەحکامی شەرعی تەنیا پشت بەو دەنگوباس و گێڕانەوانە دەبەستن لە ئەهلی بەیتەوە وەرگیراوە، ئەڵبەت نە ڕۆڵێک دەدەنە ئیجماع، نە عەقڵ. هەرچی ئەو حەدیسانەشی لە چوار پەڕتووکە متمانەکراوەکانی شیعە هەیە، ئەوا بێگومان زادەی ئیمام و مەعسوومەکانی خانەوادەی پێغەمبەرن، هەموویشی ڕاست و درووستن، ئیتر پێویست بە زانستی تر ناکات بۆ هەڵێنجانی حوکمی دین. مەبەستیش لە چوار پەڕتووکەکە ئەمانەن:
1- الکافی: لە گرنگترین سەرچاوەکانە دانەرەکەی محەمەد کوڕی یەعقووب کولەینییە.
2- من لا یحضرە الفقیه: دانەرەکەی شێخ ئەبو جەعفەر محەمەد کوڕی عەلی کوڕی بابەویهە قومی کە ناسراوە بە شێخ سەدووق.
3- تهذيب الأحکام: دانەرەکەی ئەبو جەعفەر محەمەد کوڕی حەسەن تووسی بە شێخی تایەفە ناسراوە.
4- الاستبصار، هەمان نووسەرە.
جا هەریەکە لەم سەرچاوانە چەندان لێکدانەوە و لێکۆڵینەوە و ڕوونکردنەوەی کۆن و نوێیان هەن.
ئەوانەی لەو سەردەمە لەژێر ئەم ئاڕاستەیە پۆڵێن دەکرێن: لە کۆندا: شێخی سەدوق، حوڕی عاملی و ئەمین ئەسترئابادی، لە هاوچەرخانیش: حەسەن ئەڵڵایاری خاوەنی کەناڵی کەوسەری ئاسمانی، عەبدولحەلیم غزی، سادات و مەڕجەعییەتی شیرازی و یاسر حەبیب.
$بنەماڵەی شیرازی$
بنەماڵەیەکی ئێڕاقی و نازناوێکی ئێرانی. ئەو بنەماڵەیە لە کەربەلا نیشتەجێن، بەڵام بەهۆی هاتوچۆیان بە مەبەستی خوێندن و چوونە لای زانایانی باڵای مەزهەبیان تاک تاک جێ گۆڕکێ بوونە لەوانیش سەید محەمەد حەسەن شیرازی، کە ناسراوە بە میرزای یەکەم و موجەدید. لەگەڵ ئەوەی لە (1812) لە شیراز لەدایکبووە، بەڵام چەندان شاری کردووە بۆ دەستکەوتنی زانستی شەرعی، دواجار لە دوای وەفاتی مەرجەعی ئەنساڕی مامۆستای بە کۆی دەنگ دەبێتە مەڕجەع لە شاری نەجەف. لەوێوە وردە وردە ئەم ئاڕاستەی ڕووەو گەشەکردن دەچێت.
هەرچەند ئەو بنەماڵەیە بانگەشەی سەیداتی دەکەن و مێزەری ڕەش لەسەریان دەکەن، وەک ئاماژەیەک بەوەی ڕەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە سەر پێغەمبەری ئیسلام، بەڵام بەردەوام ڕەچەڵەکیان دەکەوێتە بەر نەشتەری نەیارانیان، بەوەی هیچ ڕشتەیەکی ڕاست و درووستیان نییە ڕاستی ئەم ڕەچەڵەکەیان بسەلمێنێت، بەڵکوو لە سەرچاوەکانیان ئاماژە بەوە دەکەن لە نەوەی زەیدی کوڕی ئیمام زەینلعابدینی کوڕی ئیمام حسێنن.
هەر چۆنێک بێت میرزای شیرازی بە مێزەری ڕەشی ئەهلی بەیت دەرکەوت و لە کارە هەرە ناسراوەکانی کردنەوەی حەوزەی سامەڕا و شۆڕشی توتنە. هەرچی حەوزەی سامەڕایە لە (1873) لە شاری سامەڕا دایمەزراند وەک بزاوتێکی زانستی شەرعی، چەندان قوتابخانەی گرتبووە خۆ، نزیکی بیست ساڵێک زۆر بەرفروان بوو، تا ئەوەی ترسی گۆڕینی دیمۆگرافیا کەوتە سەر ئەم شارە بۆ شارێکی تەواو شیعی. بەڵام بارەگای مەڕجەعییەت لە نەجەف بوو، بۆیە ئەم قوتابخانانە پووکانەوە بە تایبەت دوای مەرگی شیرازی.
$شۆڕشی تووتن$
دەرکەوتنێکی تری بەرچاوی شیرازی و سەرکردایەتییە شیعییەکەی، بریتی بوو لە حەرامکردنی کێشانی تووتن. پوختەی ئەم ڕووداوە؛ کاتێک کۆمپانیای ڕەجی بەریتانی دەستیگرت بەسەر تووتنی ئێرانی، لە کاردانەوە بەرانبەر ئەمەدا خۆپیشاندان و دژایەتی چوار شاری ئێرانی گرتەوە، زانایانی دینی لە پێشەوەی سەرکردایەتیکردنی ئەم کاردانەوەیە بوون شێخ فەزلوڵڵا نووری لە تاران و ئاغا نەجەفی ئەسفەهانی لە ئەسفەهان، سەید عەلی ئەکبەر فال ئەسیری لە شیراز، میرزا جەواد موجتەهیدی تەبریزی لە تەبریز، تا کار گەیشتە ئەوەی لە ڕێبەری شیعە لە سەردەمی شا ناسڕەدینی قاجاری فەتوای حەرامیی تووتن بدات، بەمەش شا ناچار بوو لەم ڕێککەوتنە بکشێتەوە و هەڵیوەشێنێتەوە، دەقی فتوای شیرازی دەڵێ: بە ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان، بەکارهێنانی تووتن و تنباک بە هەر شێوەیەک بێت، حوکمەکەی دژایەتیکردنی ساحێب عەسر و زەمانە مەبەست لێی ئیمامی مەهدییە، دەرکەوتنی کەسایەتیی باڵای دینی لەو ساتەوەختانەدا، ئەستێرەی ئەو کەسایەتییە درەوشاوەتر دەکات. ئەمەش بۆ نەوەکانی دوای خۆشی بەخێرگەڕا.
$شۆڕشی بیست لە ئێڕاق$
میرزای دووەم ناوی محەمەد تەقی کوڕی میرزا محەمەد عەلی شیرازییە، لە هاوەڵانی میرزای یەکەم موجەدیدی شیرازی بوو، لە شیراز لە دایکبووە، هەر لە منداڵیدا پەیوەندیی بە ئەڵقەی دەرسە شەرعییەکان کردووە، دواجار پەیوەندیی بە دەرسەکانی میرزای یەکەم لە سامەڕا کردووە، و بەردەوام هاوەڵی بووە. لێی دانەبڕاوە تا گشت قۆناغەکانی خوێندنی حەوزەی بڕیوە، دوای مردنی مامۆستاکەشی بۆتە شوێنگرەوەی لە ئیجتهاد. لەسەر ڕێڕەوی مامۆستاکەی بەردەوام بووە، هەمان شێوازی تێکەڵاوبوون بە گۆڕان و پێشهاتە سیاسییەکان.
دوای جەنگی یەکەمی جیهانی، سەپاندنی ئینتدابی بەریتانی، چەندان جموجۆڵ لەو ناوچانەی ژێر دەسەڵاتی ئینتداب دەرکەوتن. وەک بەرەنگاربوونەوە دژی هێزەکانی بەریتانیا. میرزای دووەم لە ساڵی (1920) فتوای یەکەمی دژی دەسەڵاتی بەریتانییەکان دا، بە حەرامکردنی کارکردن لە هەر فەرمانگەیەک بەرژەوەندی بەریتانیای تێدا بێت. ئەمەش بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی زۆرێک لە فەرمانبەرانی ئەوساکەی ئەم فەرمانگانە. پاشان دوای چەندان کۆبوونەوەی نهێنی لەلایەن پیاوانی دینی و عەشایری و کەسانی نیشتیمانی، لە هەمان ساڵ میرزای دووەم فتوای جیهادی دژی بەریتانییەکان دا. ئەمەش بووە هۆی هەڵگیرسانی شۆڕشی (1920) لە ئێڕاق، دواجار هەمان ساڵ میرزای دووەم، ژەهرخوارد کرا و مرد. ئەڵبەت ئەمە زۆر ئاسایی پەنجەی تۆمەت بۆ بەریتانییەکان و دۆستە ئێڕاقییەکانیان درێژ دەکرێت.
$تۆکمەبوونی مەڕجەعی$
مەهدی کوڕی حەبیبوڵڵا شیرازی نەوەی میرزای یەکەم، لە کەربەلا لەدایکبووە هەر لەوێش ساڵی(1961) مردووە. لە سەردەمی ئەودا، بەرەی شیرازی پتر و فراوانتر بوون، وەک مەدرسەیەکی سەربەخۆ لەناو مەڕجەعییەتی شیعی. بە حوکمی ئەوەی چوار کوڕی هەبوون، جگە لەوەی دوو کوڕیشی بە منداڵی مردوون، هەر چواریان پلەی باڵای حەوزەیان بڕیوە هەر لە تەمەنی خۆی، خاوەنی دەیان سەرچاوە و پەڕتووکی زانستەکانی شەریعەتە. لەو سەردەمەدا، ئەم ڕەوتە بوونە خاوەن دەیان دامەزراوە و حسێنییە لە وڵاتانی ئیسلامی و نائیسلامی.
$ململانێی خومەینی و شیرازی$
تۆکمەتر بوونی شوێنپێی شیرازییەکان لە مەڕجەعییەت، لە مەڕجەعێکی تازەدا خۆی گرت، ئەویش محەمەد کوڕی مەهدی حسێنی شیرازی (1928-2001) بوو، کوڕی مەڕجەعی پێشووی شیرازییەکان. ناوبراو تەواو باڵا دەرکەوت، تەنانەت لەلایەن هەندێک لە هەوادارانی بە موجەدیدی دووەمی شیرازی سوڵتانی دانەران ناسراوە. لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران دژ بە حوکمی شا، زۆربەی خەڵک پشتگیری شۆڕش بوون، لەناو ئەوانیش مەڕجەعە باڵاکان. بەڵام دوای سەرکەوتنی دۆخەکە لە بەرژەوەندی خومەینی، خەونە گەورەکەی شیرازی ڕووی لە پووکانەوە کرد، تا ئەوەی هەر ئیمام جومعەی بۆ مایەوە.
گەرچی مەڕجەعی شیرازی گەورەترین پشتیوانی خومەینی بوو لە کۆتایی شەستەکان بە دواوە، وەک نوێنەری نوێکەرەوەی ئاڕاستەی شۆڕشگێڕی بوون لە بەرانبەر ئاڕاستە کلاسیکییەکەی حەوزەی نەجەف. لەوەش زیاتر جێی تێبینی، لە سەرەتادا خومەینی تەنیا بیری لەوە دەکردەوە، زانایانی حەوزە بخرێنە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت، گەرچی لەژێر سایەی حوکمی شای ئێرانیش بێت، بەڵام شیرازی بیرۆکەی دامەزراندنی تیۆری ویلایەتی فەیقهی لەلا گەڵاڵە ببوو. بەڵام دۆخەکە پێچەوانە بۆوە، خومەینی توانی ئەم دەسەڵاتە بگرێتە دەست. شیرازی و بەرەکەی هیچیان بۆ نەمایەوە. تا وای لێ هات کەسانێکی باڵای حەوزەی قوم تووشی لێپێچینەوە بوون و ڕاپێچی دادگا کران، بە تۆمەتی پلاندان بۆ کودەتا بەسەر خومەینی لە ساڵی (1982) لەوانەیش سادق قوتبزادە و ئایەتوڵڵا محەمەد کازم شەریعەتمەداری کە باڵاترین مەڕجەعەکانی ئەوساکەی قوم بوو، هەرچەند ئەوانە لەسێدارە نەدران، بەڵام شکۆی ئەو بەرەی شکاند، دوای سەپاندنی تۆمەتەکە، شەریعەتمەداری خرایە ژێر نیشتەجێبوونی زۆرەملێ و دابڕانی لە حەوزە و لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆن مێزەری مەڕجەعی لەسەری هێنرایە خوارەوە و بەسەری کۆتەوە داوای بووردن و بەخشینی لە خومەینی کرد، ئەم دیمەنە شیرازی داڕووخاند، بۆیە بڕیاری گۆشەگیری دا لە ماڵەکەی خۆی، ئەم کاردانەوەیە نەریتێکی باوی مەڕجەعەکانە بۆ دەربڕینی تووڕەیی و ڕەخنە و بەرەنگارییان، لەگەڵ ئەوەی هەندێک ئەمەیان بە نیشتەجێی زۆرەملێ دانا. بەمەش شیرازی لە تیۆریستی ویلایەتی فەقیهەوە گۆڕا بۆ دوژمنە سەرسەختەکەی هەمان تیۆری خۆی. بە واتا کەوتە داوی ئەو تیۆرەی خۆی دانەری بوو، تیۆرەکە بووە بەڵا بۆ خۆی و هەوادارانی. بەمەش ئەم ڕەوتە سەرەڕای ئەو هەموو لایەنگر و دامەزراوانەی هەیان بوو، نە لە ئێڕاقی سەردەمی سەدام حسێن شوێنیان بووەوە، نە لە ئێرانیش بوونە ئەو دەسەڵاتدارە ڕەهایەی بناغەیان بۆی دانابوو.
$لە وڵاتانی تری ئیسلامی$
ئەو ڕەوتە لە سەرەتای خۆکۆکردنەوەیان جێی مشتومڕی تەنانەت ناو مەڕجەعییەت بوون، نەک ئەوەی تەنیا ڕژێمی بەعس دژایەتییان بکات، یاخود ڕژێمی ئێران، تەنانەت مەڕجەعبوونیشیان خاڵی نەبوو لە کێشمەکێشمی ناو ماڵی شیعی. بەڵکوو هەندێ لە زانایانی ئەوساکەی نەجەف دانیان بەو مەڕجەعییەتە نەنا، بگرە مەڕجەعی باڵای ئەوساکە موحەسەن حەکیم هۆشیاری لەبارەیانەوە دا، تەنانەت ئاگاداری شەقامی شیعی کردەوە لەو ئاڕاستە شیرازییەی ئەوسا کە ناسرابوو بە بزووتنەوەی (رسالیین) و بزووتنەوەی مەڕجەعییەت، تەنانەت ئایەتوڵڵای خوئی جاڕی جەنگێکی فقهیی و سیاسی لە دژیان دا و ئەم ململانێیەی نێوانیان تا ئەمڕۆش بەردەوامە. بەر لەوەی لە ئێران جێگیر بێت، محەمەد شیرازی ماوەیەک لە کوێت مایەوە، ئەمەش بووە هۆی بوونی پەناگەیەک لەوێ بۆ هەندێکی شیرازییەکان. حەسەن شیرازی براشی چووە شام بۆ بڵاوکردنەوەی بیری ڕەوتی شیرازی، ئەمەش بووە ململانێیەکی تری ناو ماڵی شیعی لەوێ لەگەڵ مەڕجەعی باڵای لوبنانی مووسا سەدر. بەڵام بەخت یاوەری هیچ کامیان نەبوو.
مووسا سەدر لە ساڵی (1978) لە لیبیای سەردەمی قەزافی شوێن بزرکرا. دواجار حەسەن شیرازی لە ساڵی (1980) لە بەیرووت لەلایەن شانەیەکی چەکداری حزبی بەعسی ئێڕاقییەوە تیرۆرکرا لە ڕێی چوونی بۆ پرسەی مەڕجەعی باڵای دینی ئایەتوڵڵا محەمەد باقر سەدر و بنت هودای خوشکی کە ڕژێمی ئێڕاقی کوشتبوونی. ئەمەش پتر بە شکستی شیرازییەکان بوو، چونکە هەریەکە لە حیزبوڵڵا و بزووتنەوەی ئەمەل وەک میراتگری مووسا سەدر دەرکەوتن. لە سووریاش دەسەڵات لە دەست حزبی بەعس باڵی حافز ئەسەد بوو. ئەمەش هیچ زەمینەیەکی لەباری وای نەبوو بۆ هیچ خەونێکی سیاسیی ئەم ڕەوتە.
$ڕادیکاڵی و سرووتی مەزهەبی$
ئەم ڕەوتە دوای بێهوودەیی لە تیۆری ویلایەتی فەقیﮪ، بە تێپەڕینی کات، خۆی لەناو جموجۆڵێکی تردا دۆزیەوە، کە لە شەقامی شیعیدا بە سرووتاندنی مەزهەب ناسراوە، واتە چی بۆنە و ماتەمەکانی ئەو مەزهەبە هەیە چەندان سرووت (طقوس)یان بۆ نمایش کرد، تەنانەت لەناو ماڵی خودی ئایەتوڵڵا سادق شیرازی مەڕجەعی ئێستای ئەو ڕەوتە کە لە شاری قوم نیشتەجێیە ناوبراو دوای مردنی محەمەد حسێنی شیرازی برای بووە مەڕجەعی باڵایان. ئەڵبەت مردنی عەلی برازای کارەکەی ئاسانتر کرد، گومانیش دەکرێ عەلی حسێنی شیرازی، بە دەستی ئێران کوژرا بێت. بە هەر حاڵ جۆرێکی وا مومارەسەکردنی ئەم سرووتانە ڕەوتی شیرازی وەک مەزهەبێکی جیاوازی ناو ئەو مەزهەبە دەرخست، هەر لە لەخۆدان و تیخبازی، مەبەست لێی سنگ کوتانە بە ناو لەپ کە زۆرێکی شیعە دەیکەن، بەڵام لەخۆدان بە زنجیر و هەندێکیان سەری زنجیرەکان نووکە تیخی پێوەیە، بەڵام تیخبازی واتە خۆبریندارکردن بە شمشێر و قەممە، تا ئاستی خوێناویبوونی جەستە. هەروەها سرووتێکی تر ڕۆیشتن لەسەر خەڵووزی گەشکراوە. ئەم ئاڕاستەیە زۆر توند دەستی گرتووە بەم سرووتانە...
$شیعەگەری لەندەنی$
دوای بڵاوبوونی ئەو بنەماڵەیە بۆ کوێت، قوم و شام، برایەکی تریان بە ناوی موجتەبا شیرازی ڕوودەکاتە لەندەن. هەرچەندە لە سەردەمی مەڕجەعییەتی باوکی و هەردوو براکەی، هیچ ڕۆڵێکی باڵای نەبووە، بەڵام بەهۆی دژایەتیکردنی توندی تەواوی مەزهەبی سوننی بە سیمبوڵە دیارەکانییەوە وەک ئەبوبەکر، عومەر، عوسمان، عائیشە، حەفسە و تا دەگاتە کەسایەتییەکانی ئەم سەردەمە، تەنانەت چەندان جوێنی زۆر سەیر و سەمەرە لە وانەکانی بەرانبەر ئەو کەسایەتییانە بەکاردێنێت، ئاسایی ناوی ئەندامی زاوزێی مرۆڤ لەو جوێنانە بەکاردێنێت. نەک هەر ئەوەندە کەوتە وێزەی تەواوی ئەو کەسایەتییە شیعانەشی کەوا نەرمونیانییەکیان بەرانبەر سوننەکان هەیە، وەک: خومەینی خامەنەئی، محەمەد حسێن فەزلوڵڵای مەڕجەعی لبنان، حەسەن سەفار زانای شیعی سعوودی، موقتەدا سەدر و... تاد لەلایەن نەیارانیانەوە ئەم ناوی شیعەگەری لەندەنی بەم ڕەوتە دەگوترێ.
$خادیمانی مەهدی$
بەکاریگەری موجتەبای شیرازی، کەسایەتییەکی تری شیعی بە بنەچە کوێتی، بەناوی یاسر حەبیب لە لەندەن، ئاڕاستەیەکی توندڕەو و توندوتیژی درووستکرد بەرانبەر هەموو ئەو ڕەمزانەی سوننەمەزهەب و تەنانەت ئەو شیعانەشی بەرانبەری ناکۆکن. خاوەنی کەناڵێکن بە ناوی فدک، نووسینگەیان بە ڕەسمی و ناڕەسمی لە چەندان شاری شیعەنشینی وڵاتانی جیاجیا هەیە. هەرچەند زۆرجار چالاکییەکانیان لە وڵاتانی ئیسلامی ڕادەگیرێت و سزا دەدرێن، بەڵام لە لەندەن بە ئازادی کار و چالاکییەکانیان ئەنجام دەدەن. لە چالاکییەکی پێشبینی نەکراوی ئەم ڕەوتە دەستگرتن بوو بەسەر باڵوێزخانەی ئێران لە لەندەن و هەڵکردنی ئاڵاکەیان بوو لەسەر باڵاخانەی ئەم باڵوێزخانەیە.
$دامەزراوەکانی شیرازی$
ماوەتەوە کارکردنی ئەم ڕەوتەیە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و دینی و فیقهییەوە کە لە وڵاتانی ئیسلامی چەندان کەناڵی سەتەلایت و دامەزراوەی کۆمەڵایەتی و تەندرووستی و دینییان هەن، کە ڕاستەوخۆ لەلایەن وەکیلانی مەڕجەعییەتی شیرازییەوە سەرپەرشتی دەکرێن. بەشداری چالاکی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆنە دینییەکان، هەروەها دامەزراوەی پەڕتووک و دەیان دامەزراوەی چاپی پەڕتووکیان هەیە پتر بایەخ بە کەلەپووری چاپی ناودارانی ئەم ڕەوتە دەدەن. بە پێی ئاماژەی ڕەسمی خۆیان لە وڵاتی ئیسلامی و نائیسلامی بە فەڕمیی کاردەکەن، ئەمانیش: ئێڕاق، ئێران، سووریا، لوبنان، کوێت، ئیماڕات، بەحرین، ئەفغانستان، ئەمریکا، کەنەدا و ئوستڕالیا. ئەمە جگە چەندان دامەزراوەی تری ناڕەسمی و ڕێگریان لێرە و لەوێ. لەگەڵ ئەمەش ئەم ڕەوتە خاوەنی چەندان کەناڵی ئاسمانییە، لەوانیش: یەکەم کەناڵی سەر بە شیرازییەکان کەناڵی ئەنوار (الأنوار) بوو، دوای بە دوای ئەمە چەندین کەناڵی تری بە دوادا هات ئێستا ژمارەیان کەناڵە: کەناڵەکانی کە پەخشیان بە زمانی عەرەبییە بریتین لە: المرجعية، الأنوار، الأنوار2، الإمام الحسين، المهدي، الحوزة العلمية، الشعائر، العباس، فورتين، العقيلة، الإمام الحەسەن. کەناڵە زمان فارسییەکانیشیان: المرجعية، الإمام الحسين، إمام العصر، الحوزة العلمية، بيت العباس، أبو الفضل العباس، القائم، الإمام الصادق، السلام، الغدير. جگە لەمانەش دوو کەناڵی تریان بە زمانی ئینگلیزی پەخش دەکرێن ئەمانیش: المرجعیە و الامام الحسین. کۆی ئەم کەناڵانەش وانە و بەرنامەی مەڕجەعە شیرازییەکان و زانا حەوزەوییەکانی سەر بەئەوان پەخش دەکەن، هاوکات کۆڕە ماتەمبارییەکان و شیوەن و لەخۆدان و بۆنەکانی تایبەت بە مەزهەب پەخش دەکەن. ئەڵبەت ئەمە جگە لە دامەزراوەکانی سەر بە یاسر حەبیب و موجتەبا شیرازی لە لەندەن چونکە لە سایتی ڕەسمیی شیرازییەکان دانەنراون.
$ئەنجام$
بنەماڵەی شیرازی جگە لەوەی سەیدبوونیان جێی مشتومڕە، بەڵام بە سەرەتایەکی بەهێزەوە هاتنە گۆڕەپانی سیاسی و دینی مەڕجەعی، بەڵام هاتنە سەر حوکمی بەعس لە ئێڕاق و سووریا، خومەینی لە کۆماری ئیسلامی لە ئێران، لە ڕووی سیاسییەوە ئەو ڕەوتەی پووکاندەوە.
خەونی ویلایەتی فەقیهی شیرازی، ویستێکی باڵای ئەو بنەماڵەیە بوو، بۆ درێژەدان بە پێشینانی خۆیان میرزای یەکەمی شیرازی خاوەنی فتوا و شۆڕشی تووتن، میرزای دووەمی گەورە موفتی شۆڕشی (1920) لە ئێڕاق. بەڵام ئەم خەونە بووە چانسی ئایەتوڵڵا خومەینی و وەک ئیمامێک دەرکەوت و بەڕەکە لەبن پێی مەڕجەعی شیرازی دەرچوو، . هەوادارێکی زۆری بەرچاویان هەیە لە وڵاتانی ئێران، ئێڕاق، کوێت و وڵاتانی تری ئیسلامی. توندڕەوییەکی لە ڕادەبەریان هەیە لە بەرزڕاگرتنی مەڕجەعەکانیان و پابەندیی بە دەقەکانی مەزهەب. دەتوانین بە سەلەفییەتی شیعە ناوببرێن. لەناو شەقامی شیعیدا، بە ڕەوتێکی سرووت (طقوس)ی سەیر و سەمەرە ناسراون، پتر لە بۆنەکانی وەک عاشووڕا و چلە (أربعینیە) و بۆنەکانی تردا دەرکەوتەیان هەیە. لە وڵاتی ئێران، سەرەڕای باڵادەستی شیعە، تەواو لە قاڵبدراون لە ڕووی سیاسییەوە، لە ڕووی دینی و سرووتییەوە، لە ئاستێکی بەرتەنگ پیادەی دەکەن. لە کوێت هیچ جموجۆڵێکی سیاسییان نییە، پتر مەراسیمەکانیان لەناو حسێنییەکاندایە. لە ئێڕاقیش بەهۆی نالەباری دۆخی سیاسییەوە، بە ئاشکرا بە بەراورد بە مەڕجەعییەتی سیستانی و حەکیم و ئەوانی تر دەرکەوتەی سیاسییان کەمترە، دەرکەوتەیان پتر لە حسێنییەکان و کەناڵەکان و بۆنە دینییەکانی ئەو مەزهەبەیە، ئەوانەشی لەژێر کاریگەری یاسر حەبیب و موجتەبا شیرازین ناوبەناو دەرکەوتیان هەیە، هەندێ جاریش قەدەغە دەکرێن. لە ئەرووپاش پتر وەک نەوەیەکی بزێو و لەدەستدەرچوو وان، کەوا هەندێ جار مەڕجەعە باڵاکانیان لە قوم و نەجەف تووشی شەرمەزاری دەکەن. [1]