بابەت: بەڵگەنامەی ئەنفال
ئامادەکردنی: هەڤاڵ زەنگەنە
محەمەد و چوار هاووڵاتی دیکە توانییان خۆیان لەو لێشاوەی ئەنفالکردن دەرباز بکەن کە لەماوەیەکی کورت و لە ناوچەیەکی جوگرافیی بچووکدا بەرانبەر نزیکەی دوو هەزار هاووڵاتیی دانیشتووی گوندەکانی بناری #خاڵخاڵان# ئەنجامدرا، ئەوانەی دەستگیرکران گواسترانەوە بۆ بیابانەکانی خوارووی ئێراق بە مەبەستی زیندەبەچاڵ کردن.
ئەو ڕۆژە 31 ساڵ بەرلە ئێستاو #04-05-1988# بوو، کاتێک لە سێ قۆڵەوە هێرشکرایە سەر گوندی #جەلەمۆرد#، دانیشتوانی گوندەکە بەسەر هەردوو چەمی (بابە ڕوشە و هەزارکانی)دا دابەشبوون و خۆیان حەشاردا.
لە دەوروبەری چەمی بابەڕوشە جگە لە 350 هاووڵاتی گوندی جەلەمۆرد، نزیکەی 1400 دانیشتووی گوندەکانی دیکەشی تێدابوو کە لە ترسی پەلامارەکانی ڕژێمی بەعس خۆیان حەشاردابوو، چەمەکە نزیکەی 2 کیلۆمەتر لە جەلەمۆردەوە دوورە.
ڕۆژی دواتر حکومەتی بەعس دەستیکرد بە خاپوورکردنی گوندەکە لە ماوەی 2 ڕۆژدا بە تۆپ و تەیارە، بۆ ڕۆژی 7-5 بەعس هێرشی کردەسەر چەمی بابە ڕوشەو هەزارکانی، لەوکاتەدا پێنج کەس خۆمان دەرباز کرد کە ئێوارە گەڕاینەوە خەڵکەکە هەمووی ئەنفالکرابوون محەمەد کاکەئەمین بۆ پەرەگراف وای وت.
محەمەد 17 کەس لە خوشک و برا و کەسوکاری ئەنفالکراون، دوای ئەوەی کەسوکارەکەی دەبەنە چیای خاڵخاڵان، لەوێوە بۆ شارەدێی #تەقتەق# و دواتر بۆ #نوگرەسەلمان# دەگوازرێنەوە. لە تەقتەق لەلایەن کەسێکەوە ژن و منداڵەکانی محەمەد ڕزگار دەکرێن و لە نوگرە سەلمانیش دوای شەش مانگ دایکی و کۆمەڵێک هاووڵاتی بەتەمەن ئازاد دەکرێن، بەڵام سەرجەم ژن و پیاو و منداڵ و گەنجەکانی گوندەکە زیندەبەچاڵ کران.
دانیشتووانی جەلەمۆرد زۆرینەی هەرەزۆریان ئەنفالکران، تەنیا چەند کەسێکی کەم لە هەردوو چەمی بابەڕوشە و هەزارکانی خۆیان دەرباز کرد، ئەوان ماوەی زیاتر لە 45 ڕۆژ لە شاخ و کێوەکان ماونەتەوە تا پڕۆسەی ئەنفال کۆتایی هاتووە.
محەمەد دەڵێت بەعس دوای ئەنفالکردنی جەلەمۆرد ڕۆژانە هاتونەتە گوندەکەو هەرچی ئاژەڵ و سەگ و گیانلەبەر هەبووە کوشتوویانە و دارەکانیان بڕیوەتەوە و پاشماوەی هاووڵاتییە بەجێماوەکانیان دەستگیرکرد، ئەوانەی کە لە نزیکی گوندەکە خۆیان حەشاردابوو ڕۆژانە ئەم دیمەنانەیان بەچاوی خۆیان بینیوە.
گوندی جەلەمۆرد دەکەوێتە بناری خاڵخاڵان و لە ڕووی ئیدارییەوە سەر شارەدێی #ئاغجەلەر# ی شارۆچکە #چەمچەماڵ#ە، لە قۆناغی چوارەمی پڕۆسەی ئەنفالدا 485 هاوڵاتی ئەو گوندە ئەنفالکران، لەو گوندە تەنیا 10 بۆ 15 کەس ڕزگاربوون، دواتریش نزیکەی 30 کەس لە بەتەمەنەکانی گوندەکە لە نوگرەسەلمان ئازاد کراون.
ساڵانە لە ڕۆژەکانی سەرەتای مانگی پێنج دا یادی ئەنفالی گوندی جەلەمۆردو بناری خاڵخاڵان دەکرێتەوە، ئەمرۆش ئەو یادە لە مۆنۆمێنتی بابە ڕوشە لە گوندی جەلەمۆرد کرایەوە.
#04-05-2019#
[1]