بابەت: وتار
ئامادەکردنی: ماڵپەڕی پەڕەگراف
#حاجی محەمەد# 27 ساڵی ڕەبەق بۆ منداڵەکانی لە پرسەدا بوو، تا کۆتایی حوکمی #سەددام حسێن# چاوێکی لەڕێی گەڕانەوەیاندا بوو، کە بەعسیش نەما هەموو ئومێدێکی هێنانەوەی ڕوفاتەکان و بینینی گۆڕەکانیان بوو، بەڵام هیچیانی نەدی.
ئەو پیرە پیاوەی چەمچەماڵ، لە دوای شاڵاوەکانی ئەنفالەوە ڕیشی نەتاشی و بۆ کوڕەکانی گریا، تا لە تەمەنی 85 ساڵیدا بە نائومێدییەوە کۆچی دواییکرد.
حاجی محەمەد، نموونەی کەسوکاری هەزاران ئەنفالکراوەو دوای تێپەڕینی 31 ساڵ بەسەر ئەو کارەساتەدا، چاوەڕێی ئەوەن لانی کەم ڕوفاتی ئەزیزانیان بگەڕێندرێنەوەو لەڕێی پشکنینەوە، ناسنامەکانیان ئاشکرا بکرێت.
ئەوەی لەو دۆسیەیەدا لە هەموان زیاتر بێ ئومێد بوون، تاقانەکانی ئەنفالن، لە خەمی ئەوەدان گیان لەدەستبدەن و بۆ هەتاهەتایە ئەنفالکراوەکانیان بێ ناسنامە بمێننەوە، بەوپێیەی پشکنینی دی ئێن ئەی(DNA)یان بۆ نەکراوە تا لەگەڵ ڕوفاتی گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا بەراورد بکرێن.
-داواکارین ئەو پشکنینەمان بۆ بکرێت تا لەگەڵ ڕوفاتەکان بەراورد بکرێین و لەمەودوا کەسوکاری ئەنفالەکان گڵکۆیەک هەبێت بۆ ئازیزانیان و سەردانی بکەن #عادل مەجید# بۆ پەرەگراف وای وت.
عادل تەمەنی گەیشتۆتە 46 ساڵ، خەڵکی گوندی #سەرچنار# ی شارەدێی #ئاغجەلەر#ە و تاقانەی ئەنفالە، دوای بێسەروشوێن بوونی باوک، دایک، دوو برا، دوو خوشک و کەسوکاری لەو شاڵاوەدا.
لە سەروبەندی کارەساتی ئەنفال، عادل تەمەنی تەنیا 15 ساڵ بووە، بە دەردەسەریی و ڕوداوی زۆردا تێپەڕیوە، چونکە لەو کاتەدا لەگوندێکی تر لە ماڵی نزیکێکیان بووە و کاتێک گەڕاوەتەوە، گوندەکەی خۆیانی بە چۆڵی بینیوە، دواتر لە شوێنێکی تر لەگەڵ کەسوکاری بە یەکتری شادبونەتەوە.
چیرۆکی ئەو پیاوە دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی چوارەمی ئەنفال، کە لە 3ی ئایار تا 15ی ئایاری 1988ی خایاند، بۆ سنوورەکانی ئاغجەلەر، تەقتەق، شوان و دۆڵی زێی بچوک، هەر ئەو کاتەش بوو گوندەکانی #گۆپتەپە# و #عەسکەر# کیمیاییباران کران.
خێزانەکەی عادل، دوای ڕۆژێکی پڕ لە ڕووداو هەواڵیان پێدەگات بچنە تەقتەق و خۆیان ڕادەست بکەن، بەهۆی هەبوونی لێبوردنەوە.
جاشەکانمان لەڕێگادا بینی و گوتیان عەفوات نەماوە بەڵام گوێمان پێنەدان، چونکە وتمان بگەڕێینەوە هەر دەکوژرێین.
ئەوان زۆرینەیان ژن و منداڵ بون، لەگەڵ گەیشتنیان بە سوپای ئێڕاقی هەموو کەلوپەلێکی بەنرخیان لێوەرگیرا، بە ئۆتۆمبێلەکانی خۆیان بە تایبەت تراکتۆر، بەڕێکران بۆ کۆمەڵگایەکی تەلبەند، لەوێ بە برسێتی مانەوە.
تا ئەوکاتە لەگەڵ دایک و باوکم بوم، دایکم 20 دیناری شاردبووەوە و پێیدام وتی کوڕم دنیا مان و نەمانە با پێت بێت، عادل دەڵێت لەوێ فرسەتێک ڕێککەوت و دەرگاکە کرابووەوە، ئەمنەکە پشتی لە دەرگاکە بوو، بۆیە توانیم هەڵبێم و لە دوری 50 مەتر بە دەمانچە دوو فیشەکم ئاڕاستە کرا، بەڵام بەرمنەکەوت.
عادل دوای هەڵاتنی دەچێتە ماڵی خاڵی لە تەقتەق و دوای ئەو، ئیتر هەموو کەسوکاری بە زیلی سەربازیی ڕەوانەی نوگرەسەلمان و خوارووی ئێڕاق کران.
دوای ئەو هەموو دەردەسەرییە، عادل کە تەمەننا دەکات لەگەڵ کەسوکاری بوایە و ئەوکات جیانەبوایەتەوە، ئێستا لانی کەم دەیەوێت وەک کەسوکاری بە زیندویی نەگەڕانەوە، هیچ نەبێت تەرمەکانیان وەربگرێتەوە و گۆڕیان هەبێت.
بەجێهێنانی ئەو ئومێدەی عادل، دوای دۆزینەوەی ڕوفات و هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئەنفال، پێویستی بە پشکنین هەیە تا ئێسک و پروسکی خێزانەکەی بناسرێتەوە.
دی ئێن ئەی بەردی بناغەی هەموو بونەوەرێکە -لەبەکتریاوە تا مرۆڤ-، سیفاتە ویراسیەکانیان لەو پشکنینەدا هەڵگیراوە، لە مرۆڤ دا نیوە بەنیوە لە دایک و باوکەوە دەچێت بۆ نەوەکانیان.
دکتۆر فەرهاد بەرزنجی، پسپۆڕی دی ئێن ئەی و بەڕێوەبەری سەنتەری مایکرۆجین بۆ پەرەگراف وتیبۆ ناسینەوەی ڕوفاتێک دەتوانرێت سامپڵ لە ئێسک، خوێن، موو، لیک، نینۆک و پێستی کەسوکارەکەی وەربگرین.
ئەو زیاتر ڕونیکردەوە بۆ بەراوردی ئەو نموونە وەرگیراوە دەبێت باوک و دایک لەگەڵ منداڵ لێکچونی پشکنینەکەی لەسەدا 99 کەمتر نەبێت، بۆ خوشک و برا دەبێت لەسەدا 96 کەمتر نەبێت، بەڵام بۆ بەراوردکاری برا و برا کە لە باوکەوە برابن هەروەها ئامۆزا کە باپیریان یەک بێت پشت بە y کرۆمۆسۆم دەبەسترێت و لەنێوانی خوشکەکانیش یان خوشک و برا یان پورزا و خاڵ کە نەنکیان یەک بێت پشت بە دی ئێن ئەی مایتۆکۆندەریا دەبەسترێت تا دڵنیابینەوە لە ناسینەوەی، ئەمەش بۆ حاڵەتێک کە لە خوار سەدا 99وە بێت.
دکتۆر فەرهاد وتیبۆ بابەتی ئەنفال پشت بە ئێسک دەبەستین ئەگەر ساڵانێکی زۆریشی بەسەرداچوبێت، ئەگەر باوک و دایک ئەنفال بن دەتوانین نموونە لە منداڵەکانیان وەربگرین و بەپێچەوانەشەوە ڕاستە.
ئەو پزیشکە پسپۆڕە ئاماژە بەوەشدەکات، ئەو پڕۆسەیە قورس نییە، چونکە دەتوانرێت نموونەی کەسوکاری ئەنفالکراوان بەتایبەت تاقانەکان و بەتەمەنەکان وەربگیرێن بەرلەوەی کۆچی دوایی بکەن، تا نموونەی دی ئێن ئەی یان لەبەردەستدا بێت بۆ بەراوردی ڕوفاتەکان.
وەرگرتنی نموونە بۆ پشکنیکی دی ئێن ئەی؛ بۆ 200 کەسوکاری ئەنفالکراو 700 دۆلاری تێدەچێت و ئەگەر بەراوردیش بکرێت لەگەڵ ڕوفاتەکان بۆ هەر کەسێک 300 هەزار دیناری دەوێت، ئەوەش وەکو دکتۆر فەرهاد دەڵێت پارەیەکی زۆر نییە بۆ حکومەت و لە ناوخۆشدا دەتوانرێت بکرێت، وتیشی کردنەوەی تاقیگەیەکی گەورەی تایبەت بە دی ئێن ئەی کە لەهەموو دونیادا پەسەندکراو بێت تەنیا 10 ملیۆن دۆلاری دەوێت.
بۆ تاقانەکانی ئەنفال، کە بە نەمانیان ناسنامەی کەسوکاری ئەنفالکراوەکانیشیان بە نادیاری دەمێنێتەوە، پێشنیار دەکرێت نموونەی دی ئێن ئەی یان وەربگیرێت و ئەنجامەکەی هەڵبگیرێت، تا کاتی هەڵدانەوە و گەڕانەوەی ڕوفاتی ئەنفالەکان.
#ئیسماعیل هەنارەیی#، کەسوکاری ئەنفالکراو و نووسەری پەرتووکیی تاقانەکانی ئەنفال بۆ پەرەگرافوتیلە هەرێمی کوردستان 164 تاقانەی ئەنفال هەیە، 5 تاقانەش کۆچی دواییان کردووە و کەسیان نەماوە، ئەم کەسانەش لە ئەنفال و کیمیاییباران و بارزانییەکاندان، بەڵام لە کەیسی فەیلییەکاندا تاقانە نییە.
لە هەرێمی کوردستان لە کۆی 182 هەزار ئەنفالکراو و ئەنفالی بارزانییەکان، تەنیا ڕوفاتی دوو هەزار و 500 ئەنفالکراو لە بیابانەکانی ناوەڕاست و خواروی ئێڕاق هێنراونەتەوە، ئەوەش لە مۆنۆمێنتەکانی تایبەت بە ئەنفال بەخاکسپێردراون. هەروەها 171 ڕوفاتی نوێ لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی سەماوە دەرهێنران، بەڵام هێشتا نەگەڕێندراونەتەوە بۆ هەرێم و بەخاک نەسپێردراون.
کەسوکاری ئەنفالەکان، بەشێکیان تا ڕوخانی حوکمی بەعس بە سەرۆکایەتی سەددام حسێن لە 2003دا ئومێدی ئەوەیان هەبوو ڕۆڵە بێسەروشوێنەکانیان لە ژیاندا مابن و بگەڕێنەوە، بەڵام لەوەدا بێ هیوا بون، لەبری ئەوە چەندین گۆڕی بە کۆمەڵ دۆزرانەوە.
فوئاد عوسمان، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بۆ پەرەگراف وتیوەزارەتی شەهیدان لەگەڵ هێنانەوەی هەر ڕوفاتێک لە پزیشکی دادوەری سامپڵی دی ئێن ئەی یان لێوەرگرتووە و هەریەکە و کۆدێکی پێدراوە و لەسەر گۆڕەکانیان دراوە.
ئەوەی دەمێنێتەوە وەرگرتنی سامپڵی خوێنی کەسوکارەکانیانە، ئەوەش پڕۆسەیەکی فراوانە و پێویستی بە توانایەکی زۆر هەیە، ئێمەش ئەو موختەبەرەمان نییە نەمانتوانیوە دەست بەو پڕۆسەیە بکەین، فوئاد عوسمان دەشڵێت، وەزیری شەهیدان داوای کردنەوەی تاقیگەیەکی تایبەت بە دی ئێن ئەی کردووە لە هەموو دیدارەکانی لەگەڵ شاندە بیانییەکاندا.
شاڵاوەکانی ئەنفال، لە ساڵی 1988 و بۆ ماوەی حەوت مانگ بەردەوام بوو (شوبات بۆ ئەیلول)، لەو ماوەیەدا بە هەشت قۆناغ و لە هەشت ناوچەی جیاوازی کوردستان ڕژێمی بەعس زیاتر لە 182 هەزار کەسی بێسەروشوێن کرد و دواتر کۆمەڵکوژکران، جگە لە وێرانکاریی هەزاران گوند.
دڕندانەترین بەشی ئەنفال، بە قۆناغی سێ دادەنرێت، کە ناوچەی گەرمیانی گرتەوە و تەنیا گوندێک لەو سنورە بە ئاوەدانی نەمایەوە، بەشێکی زۆری خەڵکی ناوچەکە ئەنفالکران و ئەوانیتر بۆ ئۆردوگای زۆرەملێ ڕاگوێزران.
ئەم ڕاپۆرتە پەرەگراف ساڵی 2019 بڵاویکردووەتەوە، ئەمساڵیش لە یادی ئەنفالدا جارێکی دیکە بڵاوی دەکاتەوە بەهۆی ئەوەی ئەم پرسە هێشتا وەکخۆیەتی و بەلای تاقانەکانی ئەنفالەوە وەرگرتنی (دی ئێن ئەی) لێیان بابەتێکی زۆر گرنگە و داواکاریی سەرەکییانە. [1]