ناونیشان: ئەو نیشانە سەرەتاییانە چییە کە پێت دەڵێت تۆ داخوران و سەوەفانی ئەژنۆت هەیە؟
ئامادەکردن: د. #هەڤین کەمال شا محەمەد#
1- ئازار: دیارترین نیشانەی داخورانی جومگەی ئەژنۆ ئازارە لە جومگەکەدا، جۆری ئازارەکە بەپێی کەسەکە و حاڵەتەکە دەگۆڕێت، بۆ نموونە هەندێک جار دێت و دەڕوات، هەندێک جاریش بەردەوامە و لەناکاو زیاد دەکات.
هەندێکجار ئازارەکە کەمە و جاڕسکەرە، زۆر جاریش لەوانەیە تیژ و تووند بێت.
ئازاری سەوەفان و داخوران بەهەندێک چالاکی و وەرزش زیاتر دەکات، بۆ نموونە: سەرکەوتن بەسەر پلەی زۆری پلیکانەدا، ئەنجامدانی سکوات لە کاتی وەرزشدا، لەکاتی شۆفێریدا...هتد.
2 - هەڵئاوسان: بەهۆی برینداربوونی ئەو چینی کڕکڕاگەی دەوری ئێسکەکانی داوە لەکاتی جووڵەدا ئێسکی ناو جومگەکە بەریەک دەکەون و ئەمەش دەبێتە هۆی درووستکردنی ئاوی زیادە لە جومگەکەدا و هەڵئاوسان لەو کیسی بورسایانەی دەوری جومگەکەیان داوە.
3- ڕەقبوون: بەهۆی بەریەک کەوتنی ئێسکەکان و هەڵئاوسانی جومگەکە هەستی ڕەقبوون لە جومگەکەدا درووست دەکات. هەندێک کەس تەنیا لەبەیانیاندا بۆ ماوەی نیو کاتژمێر ڕەق دەبێت جومگەکەی و لەدوای ئەوە سرووشتی دەبێتەوە، هەندێکیش لە دوای دانیشتن بۆ ماوەیەکی زۆر هەست بە نەجووڵان و ڕەقبوونی جومگەکەی دەکات.
4- سووربوونەوە و گەرمبوونی جومگەکە: هەندێکجار بەهۆی هەوکردنی جومگەکە پێستی دەوروبەری جومگەکە سوور دەبێتەوە و گەرم دادێت کە ئەمیش نیشانەیەکی گرنگە بۆ ئەوەی بەزووترین کات ڕای پزیشکی پسپۆڕ وەربگیرێت بەتایبەتی ئەگەر هەڵئاوسانی لەگەڵدا بێت.
5- گۆڕان لە توانای جووڵەی جومگەکە: توانای جوڵاندنی جومگەکە کەم دەبێتەوە، بۆ نموونە ئەو کەسانەی داخورانیان زۆرە یاخوود مامناوەندە ناتوانن بە تەواوی ئەژنۆیان بنوشتێننەوە یاخوود ڕاستیبکەنەوە.
6- زیادبوونی نیشانەکانی لەگەڵ نەجووڵان: ڕەقبوونی جومگەکە لەوانەیە زیاد بکات لەگەڵ پشوو بۆ ماوەیەکی زۆر، بۆ نموونە لەکاتی دانیشتن یان خەوتن بۆ ماوەیەکی زۆر کە دەیانەوێت جومگەکە بجوڵێنن هەست بە ئازار و ڕەقی دەکەن لە جومگەکەدا.
7- تەقەتەق و کرتەکرت: هەستکردن یاخوود بیستنی کرتەکرت لەناو جومگەکەدا کاتێک دەینوشتێنیتەوە بۆ نموونە لەکاتی ئەنجامدانی نوێژکردندا یاخوود سکوات، نیشانەی لێکخشانە لە جومگەکەدا بەڵام بەبێ نیشانەکانی تر مەرج نییە بەتەنیا نیشانەی داخوران بێت.
8- قفڵبوون یاخوود نوشتانەوەی جومگەکە: هەستکردن بە قفڵبوون یاخوود نوشتانەوەی لەپڕی جومگەکە لەو کەسانەدا زۆرە کە قۆناغی داخورانەکەیان مامناوەندە یاخوود زۆرە، یاخوود لەو کەسانەی کە تووشی پوکانەوەی کڕکڕاگەکە دەبن و پارچەیەکی لێدەکەوێتە ناو جومگەکە، یاخوود لە وانەی تووشی پێکانی بەستەر و تەقینی کڕکڕاگەی هیلالی دەبن، هەستدەکەن جومگەکەیان هەندێکجار دەردەچێت. [1]