لە ژێر ڕۆشنایی ئەم ئایەتە پیرۆزە و چەندین دەقی دیکەدا، گرنگیی ئەم بابەتە دەخەمە ژێر دیدی خوێنەرانی ئازیز
(ۆمِنْ آيَاتِهِ خَلْقُ السَّمَاۆاتِ ۆالْأَرْضِ ۆاخْتِلَافُ أَلْسِنَتِکُمْ ۆأَلْۆانِکُمْ إِنَّ فِي ذَٰلِکَ لَآيَاتٍ لِّلْعَالِمِينَ) سورة الروم (22)
واتە: یەکێک لە نیشانە و بەڵگەگانی خودای گەورە درووستکردنی ئاسمانەکان و زەوی و جیاوازیی زوبان وڕەنگە، بۆسەر زوبانی وەکو (کورد و عەرەب و تورک و فارس و ئینگلیز و ئۆردۆ و فەرەنسی و کوری و سینی و.. هتد) ئەمەش بەڵگەونیشانەیە بۆ هەموو خەڵکی جیهان.
وەکو دیارە ڕۆژانە دەبینین میللەتی کورد لەلایەن گەلانی دیکەوە، بەتایبەت (تورک و عەرەب و فارس) ڕووبەڕووی جۆرەها ئەشکەنجە و ئازاری دەروونی و جەستەیی و ئاوارەیی و کوشتن و لەسێدارەدان و بەندکردن دەبێتەوە، تەنیا لەبەر ئەوەی کوردین قسەکردن و خوێندن و نووسین بەزوبانی دایک قەدەغەیە، لە هەندێک کات و شوێندا پۆشینی جلوبەرگی کوردی قەدەغەیە و ژیاندەخەمە مەترسییەوە و، لە هەندێک وڵات خوێندنەوەی وتاری هەینیش بەزوبانی کوردی قەدەغەیە.
دەبێ ئەوە بزانین کە خودای گەورە مرۆڤی لە دوو ڕەگەزی جیا لە نێرو مێ درووست کردووە، ئینجا بەسەر نەتەوەو عەشیرەتدا دابەشی کردووە، ئەوەش تەنیا بۆ ناسین و لێک تێگەیشتنە، ئەوەی لە لای خودای گەورە ڕێزدارترە، ئەو کەسەیە تەقوای باشتر بێت.
خودای گەورە لە قورئاندا دەفەرموێ:
(يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاکُمْ مِنْ ذَکَرٍ ۆأُنْثَی ۆجَعَلْنَاکُمْ شُعُوبًا ۆقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا إِنَّ أَکْرَمَکُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاکُمْ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ) [سورة الحجرات:13].
پێغەمبەر (د.خ.) دەفەرموێت (لا فرق بین عربی ولا أعجمی و لا أبیض ولا أسود إلا بالتقوی) واتا: هیج جیاوازیەک لەنێوان عەرەب و غەیری عەرەب و سپی پێست و ڕەش پێستدا نییە، تەنیا بە تەقوا نەبێت.
کەواتە ئەم وتە جوانە ڕوو لە مرۆڤایەتی بەگشتی دەکات و گەلی عەرەب بە تایبەتی، (1400) ساڵ زیاترە کە ئایینی پیرۆزی ئیسلام ڕێی لە هەموو جۆرە دەمارگیرییەکی نەتەوەیی و عەشیرەتی و چینایەتی جۆراوجۆر گرتووە، بۆیە ئایینی پیرۆزی ئیسلام ڕێگەی لە هەموو جۆرە دەمار گیرییەکی ڕەگەز و میللەت و ڕەنگی پێست گرتووە و ڕێگە بەهیج کەس نادرێت خۆی بەسەرخەڵکیدا بە ئاغا بزانێت و، نابێت هیچ کەسێک خاکی خەڵکی کەسانی دیکە داگیر بکات.
ئایینی پیرۆزی ئیسلام بە هیج شێوەیەک ڕێگەی بە ڕەگەزپەستی نەداوە و، هەروەها ڕێگەی لە ڕکابەریی نێوان ئایین و نەتەوە و مەزهەب و عەشیرەت و...هتد گرتوە.
خودای گەورە بناغەی پێکەوەژیانی بۆ مرۆڤایەتی داناوە، بۆئەوەی کەس بەسەرکەسی دیکەوە خۆی بە گەورەتر و باشتر دانەنێت، کەس لەکەس باشتر و ڕێزدارتر نییە مەگەر بە تەقوا نەبێ، هەروەک لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە، فقال تعالی (إِنَّ أَکْرَمَکُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاکُمْ) سورة الحجرات.
خۆ ئەگەر باس لە جلوبەرگ بکەین، جلوبەرگی پیاو و ژنی کورد لە هەموو جلوبەرگی وڵاتانی دیکە جوانتر و شەرعیتر و داپۆشراوترە، دەگێڕنەوە جارێکیان گابانی کوردی دەڕواتە خزمەتی پێغەمبەر (د.خ......) و دەستێک جلی کوردیی پیاوانی پێشکەش دەکات، ئەویش لەبەری دەکات و زۆر دڵی.خۆش دەبێت و، دەفەرموێت: باشترین و جوانترین جلوبەرگە، بەڵام لەبەر نەریتی کۆمەڵگەی عەرەبی و نامۆیی شێوازی جلوبەرگەکە دایدەنێت، کەواتە پێغەمبەری سەروەر (د.خ.) هیج جۆرە جلوبەرگی میللەتانی دیکەی ڕەت نەکردووەتەوەو، هیج کامیانی بەسەر ئەوی دیکەدا پیرۆزتر نەکردووە، بۆیە لەبەرکردنی دشداشە هیچ سونەتێکی پێوە نییە، تەنیا ئەوە نەبێت بۆ مزگەوت و نوێژی هەینی دەبێ چلوبەرگت پاک وخاوێن و داپۆشراو بێت.
خودای گەورە خاکی کوردستانی بە پیرۆز داناوە، ئەو کاتەی پێغەمبەر نوح (د.خ.) لە کەشتییەکەیدا بوو، ولافاوە گەورەکە هەڵسا و، لەکاتی نیشتنەوەی کەشتییەکەیاندا دوعای کرد کە خودای گەورە لە پیرۆزترین شوێن بیانگیرسێنێتەوە، وەکو لەدەقی ئایەتەکەهاتوە: (رَّبِّ أَنزِلْنِي مُنزَلًا مُّبَارَکًا ۆأَنتَ خَيْرُ الْمُنزِلِينَ)سورە المؤمینون /29.
ڕێگریکردن لە هەرکەس ونەتەوەو خەڵکێکی ڕەسەن کە بە زوبانی دایک قسە بکات، تاوانێکی گەورەیەو خودای باڵادەست سزای قورسی بۆ ئامادە کردووە، بەدرێژایی مێژووی کورد کە بەردەوام میللەتی کورد بۆ ئازادی قوربانیی زۆری داوە و ڕێگریی گەورەی لەبەرانبەر کراوە، بۆنموونە: #لەیلا قاسم# لەسەر کوردبوونی لەسێدارە درا، لەیلازانا تەنیا لەبەر ئەوەی خودای گەورە بە کورد.خەلقی کردووە و بەزوبانی دایک داوای مافی نەتەوەکەیی کردووە، بێدەنگیان کرد و زیندانیان کرد، مامۆستا زارای بوێر تەنیا تاوانی ئەوەیە کە منداڵە چاوگەشەکانی میللەتەکەیی فێری نووسین و خوێندنەوەی زوبانی دایک کردووە و...، چەندین نموونەی دیکەش هەن.
تاکۆ ئێستەش لە وڵاتی ئێران نابێ بەکوردی بخوێنن و بنووسن، هەروەها لە وڵاتی تورکیاو سووریاش بە هەمان شێوە، تەنانەت لێنەگەڕاون وتاری هەینی و نزاکانیشیان بەکوردی بێت، کەخودای گەورە ڕێگەی پێ داون و بەو شێوەیە درووست کراون، خودای گەورە نەهی لە ڕەگەزپەرستی کردووە و، پێغەمبەرمان محەمەد (د.خ.) زۆر توڕەبووە لەو کەسانەی کە دەماری ڕەگەز پەرستییان هەبووە، ئەگەر تەماشا بکەین لەگەڵ ئیمامی عومەر و خالید و حەمزە و گابانی کوردی و سەلمانی فارسی و سوهەیبی ڕۆمی وەک برا بوون.
نەتەوەی کورد بەهیج نەتەوە و گەلێکی دیکە ناسڕدرێتەوە و کۆتایی پێ نایەت، هەرجەندە کیمیاباران بکرێن و ئەنفال و زیندەبەچاڵ و ڕاگواستنی بەسەردا بهێنرێت و، هەرچەندە هەوڵی گۆڕینی ناسنامەی میللەتەکەمان بدەن بۆ (عەرەب و تورک و فارس) بەڵام ناتوانن خۆشەویستیی دڵی تاک تاکی کورد بگۆڕن، ئەوەتا دەبینین هەموو هەوڵەکانیان بە درێژای زەمان پوچەڵ بووەتەوە، ئەگەر لەیلایەک لەسێدارە بدرێت، هەزاران لەیلای دیکەمان ماوە، ئەگەر لەیلایەک دەمکوت بکرێت لە پەڕڵەمان، هەزاران لەیلای دیکەمان ماوە کە بۆ مافی نەتەوەکەی هاواربکات، ئەگەر زارایەک زیندانی بکرێت هەزاران زارا ی بوێرمان ماوە تا منداڵەکان فێری خوێندن و نووسینی زوبانی دایک بکات.
هیوادارم میللەتی کورد لە ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمندا یەکڕیز و یەکدەنگ بن و، ناکۆکییەکان وەلا بنێن و، دەست لە ناو دەست بنێن بۆ فەراهەمکردنی مافی نەتەوەکەمان.
پێویستە لە قوتابخانەکەنماندا منداڵەکانمان ئاشنا بکرێن بە قوربانیدان و لەخۆبردوویی ئەم هەموو ژن و پیاوە قارەمانانەی خەباتیان بۆ گەلەکەمان کردووە، بۆ نموونە(شێخ عەبدولسەلام بارزانی، مەرحووم مەلا #مستەفای بارزانی#، #قازی محەمەد#، #شێخ مەحمود#، #شێخ سەعیدی پیران#، لەیلا قاسم و لەیلا زانا و مامۆستا زارا).
مەلا ڕەعد نووری ئۆمەربلی
کارگێڕ و وتەبێژی لقی هەولێری یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان.[1]