ناونیشانی بابەت: ئەو ڤیتامینانە کامانەن کە دەوری گرنگیان هەیە بۆ بەهێزبوونی قژ و ڕێگڕی لە ڕوتانەوە؟
ئامادەکردن: د. #شادیار حەمەلاو#
هەڵوەرینی قژ کاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر دەرون، جگە لەوەش لە کێشەی تەندرووستی جەستە یان لە کەمیی ڤیتامینی جەستە ئاگادارت دەکاتەوە، ئەمەش پێویستی بە چارەسەرکردنە.
$گرنگترین ئەو ڤیتامینانەی کە ڕۆڵی گەورەیان هەیە بۆ بەهێزکردنی مووەکانی قژ:$
بایۆتین:- باشترین ڤیتامینە بۆ قژ، چونکە یارمەتی درووستبوونی پڕۆتینی کیراتین دەدات لە قژا وە هەروەها یارمەتی گەشەی ڕەگی موەکانی قژ دەدات، دەتوانیت لە زەردێنەی هێلکە، بادەم، گوێز، شیر، پەنیر و ماستدا بەدەستیبهێنیت.
ڤیتامین A:- ئەم ڤیتامینە یارمەتی شێدارکردنەوەی پێستی سەر دەدات، هۆکارە بۆئەوەی پێستی سەر چەوری سرووشتی خۆی بەرهەمبهێنێت، ئەم ڤیتامینە لە سپێناغ، گێزەر، تەماتە، جگەر، پەتاتەی شیرین، مانگۆ و هەیە.
ڤیتامین C:- وەکو دژە ئۆکسان لە جەستەدا ڕۆڵ دەبینێت، یارمەتی گەشەکردنی خانەکانی قژ دەدات، دەتوانیت ئەم ڤیتامینە بەدەستبهێنیت لە شیلک، بیبەر و میوە مزرەکان.
ڤیتامین D:- کەمی ئەم ڤیتامینە هۆکارە بۆ هەڵوەرینی قژ و تەنکبونی، باشترین سەرچاوەکانی بریتیین لە تیشکی خۆر، زەردێنەی هێلکە و قارچک.
ڤیتامین E:- دەورێکی زۆر گرنگ ئەبینێ لە هێشتنەوەی تەندرووستی پێست و قژ. باشترین سەرچاوە خۆراکییەکان بریتیین لە گوڵەبەڕۆژە، بادەم، سپێناغ و ئەڤۆکادۆ.
باشترە پێش ئەوەی هیچ ڤیتامینێک بەکاربهێنیت، پشکنینی خوێن بکەیت و بە ڕاوێژکردن لەگەڵ پزیشکەکەت ئەو ڤیتامینە بەکاربهێنیت کە جەستەت پێویستیەتی. [1]