نووسەر:مایکل گەنتەر
وەرگێڕ: دەستەی وەرگێڕانی گوڵان
پرۆفیسۆر مایکل گەنتەر مامۆستایە لە زانکۆی تەکنۆلۆژیای تێنیسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و زانکۆی نێودەوڵەتی، ڤیەننا، نەمسا. تایبەت بۆ گوڵان ئەم بابەتەی نووسیوە.
هەرچەندە بە دڵنیاییەوە کوردەکان باشتر لەهەر کەسێکی دیکە شارەزای مێژووی خۆیانن، بەڵام هەندێجار شتێکی سوودبەخشە ئەو نووسینانە بخوێنینەوە کە کەسانی دیکە نووسیویانە، بە تایبەتی بەلەبەرچاوگرتنی پشتگیری ڕۆژاوا و ئەمریکا بۆ داهاتووی کوردەکان. بە ڕەوچاوکردنی ئەم مەسەلەیە هەڵدەستم بە پێشکەشکردنی ئەم پێداچوونەوە کورتە بەهەندێ لەلێکۆڵینەوە ڕۆژاواییەکانی ئەم دواییە لەبارەی کوردەکانی ئێڕاق و ئەزموونی پاڵەوانانەی ئەوان لە بنیادنانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا. بە دڵنیاییەوە، نووسینێکی زۆر لەمبارەیەوە نووسراون، لەبەر ئەوە هەر لە سەرەتاوە داوای لێبوردن دەکەم لەبەر ئەوەی نەمتوانیوە چەندین نووسینی باش و بەپێز لەم وتارە کورتەدا بەسەر بکەمەوە.
دوای نسکۆکەی مەلامەستەفا بارزانی لە ئازاری ساڵی 1975دا، کوڕەکەی (بەڕێز #مەسعود بارزانی#) وەک سەرۆکی نوێی #پارتی دیموکراتی کوردستان# دەرکەوت، کە ئەم پارتە لە 16ی ئابی ساڵی 1946دا دامەزراوە، لە کاتێکدا جەلال تاڵەبانی لە 1ی حوەزیرانی ساڵی 1975دا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی دامەزراند. ئیدموند غەریب لێکۆڵینەوەیەکی تەقلیدی نووسیوە دەربارەی کوردەکانی ئێڕاق تاوەکو ساتەوەختی وەفاتی مەلا مستەفا بارزانی. (بەتاتو) هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی شیکردنەوەیەکی گەورەی خەلفیەتی ڕووداوەکانی ئێڕاق بەشێوەیەکی گشتی تاوەکو کۆتاییەکانی ساڵانی حەفتاکان. لەو کاتەوە و لە ئەنجامی دابەشبوونیانەوە بەهۆی هۆکاری، فەلسەفی، جوگرافی و دیالێکتەوە، ئەوا پێوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی بارزانی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بە سەرۆکایەتی تاڵەبانی لەنێوان هاوکاری کردنی یەکتری و ناکۆک بوون لەگەڵ یەکتردا سوڕاوەتەوە. هەروەها ئەوان ئێش و ئازارێکی زۆریان چەشتووە لە ئەنجامی ئەو سەرکوتکاریە مەترسیدارەی #سەددام حسێن# لە هەڵمەتە جینۆساید ئامێزەکانی ئەنفالدا لەساڵانی 1978-88 ئەنجامیدا، بە هەمان شێوە بەهۆی هێرشی کیمیابارانکردنی شاری #هەڵەبجە# لە 16ی ئازاری ساڵی 1988دا. مەکیە (لەژێر ناوی خەلیلدا) و لە هەمان کاتدا بە بەکارهێنانی ناوی ڕاستەقینەی خۆی، دوو پەڕتووکی زۆر ڕوون و ئاشکرای نووسیوە دەربارەی تاکڕەوەیە پڕ لە مەترسیەکەی سەددام حسێن. دوای شەڕی کەنداوی ساڵی 1991 و شکستهێنانی زنجیرە ڕاپەڕینەکەی مانگی ئازاری ساڵی 1991، کۆچ و ڕەوی بە کۆمەڵی پەنابەرە کوردەکان بۆ شاخەکان بە دوو دڵییەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای ناچارکرد کە نەواییەکی ئارام درووست بکات بەناوی ناوچەی دژە فڕین کە ئەوکاتە دەوڵەتێکی کوردی ئەمری واقیعی کوردی لە باکووری ئێڕاقدا دەستی بە بەرەوپێشچوون کرد. لەوەش زیاتر، بڕیاری بێ پێشبینەی ئەنجومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیاری ژمارە 688 لە5ی نیسانی ساڵی 1991دا ئیدانەی (سەرکوتکردنی خەڵکانی مەدەنی ئێڕاقی لە ناوچە کوردنشینەکاندا) کرد، هەروەها داوای ئەوەی کرد (ئێڕاق دەستبەجێ ئەو سەرکوتکاریە ڕابگیرێت.) ئەگەرچی ئەمە گرنگیەکی ڕەمزیشی هەیە، بەڵام هەرگیز پێشتر کوردەکان بەم شێوەیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی باسنەکراون و پارێزگاریان بۆ دابین نەکرابوو.
لە ڕاستیدا پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی لەماوەی ساڵانی 1994-98دا لەدژی یەکتر شەڕی ناوخۆییان بەرپاکرد. لە کۆتاییدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرپەرشتی ئاگربەستێکی کرد لە ڕێی بانگکردنی بارزانی و تاڵەبانی پێکەوە بۆ واشنتۆن لە سێبتەمبەری ساڵی 1998دا. هەروەها کوردەکان لە سەدا 13ی داهاتی ئەو نەوتەیان بەردەکەوت کە ڕێگە بە ئێڕاق دەدرا بیفرۆشێت، لەدوای ساڵی 1995ەوە. دواتر ئەم ڕێژەیە بەرزکرایەوە بۆ لە سەدا 17. ئاشتی، خۆشگوزەرانی ڕێژەیی و دیموکراسی دەستیان بە گەشەکردن کرد لە دەوڵەتی ئەمری واقیعی کوردستان لە باکووری ئێڕاقدا. گەنتەر لە ڕوانگەیەکی زیاتر ڕەشبینانەوە هەڵدەستێت بە شیکردنەوەی کەسایەتیەکانی بارزانی و تاڵەبانی، موعارەزەی ئێڕاقی لەدژی سەددام حسێن تاوەکو ساڵی 1999، هەروەها شەڕی ناوخۆیی نێوان ساڵانی 1994- و 1998. پەڕتووکەکەی یەڵدز گێڕانەوەیەکی عەمەلی سوودبەخشە بۆ ئەزموونی کوردی، لەنێویاندا پێوەندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە تورکیاوە. ستانسفیڵد شیکردنەوەیەکی بەپێزی نووسیەوە لەبارەی بونیاد و جۆری بڕیار درووستکردنەوە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە تا ساڵی 2002.
لە 19ی ئازاری ساڵی 2003دا، لە کۆتاییدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا شەڕێکی دژی ئێڕاق بەرپاکرد کە بە خێرایی توانیی ڕژێمی سەددام حسێن بڕووخێنێت. کوردەکانی ئێڕاق پێداگیریان لەسەر دامەزراندنی بەلای کەمەوە ویلایەتێکی فیدراڵی ئۆتۆنۆمی لە ئێڕاقی دوای سەددام حسێندا کرد. ئۆلێری، مەکگاری و ساڵح بەشداربوون لە نووسینی کۆمەڵە وتارێکی زۆر باشدا کە پەیوەست بوون بە سیاسەتی ڕێگەچارە دەستوورییەکانی بەردەم داهاتووی کوردەکانی ئێڕاق، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر ڕێگەچارەی فیدراڵیەتدا. گالبرێس تێڕوانینێکی زۆر گوماناوی هەیە لە ئاست داهاتووی ئێڕاق و بەشداری کوردەکان لەو چوارچێوەیدا. ئەحمەد شیکردنەوەیەکی ڕۆشنگەرانە دەخاتەڕوو دەربارەی خەباتی کوردەکانی ئێڕاق هەر لە ساڵی 1991ەوە
تاوەکو 2006 بۆ بەدەستهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە خاوەنی ئۆتۆنۆمی بێت. لۆرانس بەشداری کرد لە نووسینێکی زۆر باشدا کە بریتییە لە گێڕانەوەیەکی ناوداری داوای کوردەکانی ئێڕاق بۆ بەدەستهێنانی دەوڵەت. نەتالی شیکردنەوەیەکی کورت و زۆر وردی ئەنجامداوە دەربارەی جۆرێک لە هاوکاری دەرەکی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەری گرتووە کە ئەم هاوکاریانەش بە ڕاددەیەکی گەورە کاریگەریان هەبووە لەسەر داڕشتنی بونیادی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئۆڵسن ململانێی نێوان ناسیۆنالیزم و سەرمایەداری وەک پڕۆسەی پێکهێنانی دەوڵەت لەباشووری کوردستاندا وەسف دەکات، لەنێویاندا چۆنیەتی کاریگەربوونی کوردەکان بە داگیرکاری ئەمریکا بۆ ئێڕاق لە 2003-2005 و ڕۆڵی تورکیا، سووریا و ئێران. گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی شیکردنەوەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ زۆرێک لە کێشەکانی نێوان ئێڕاق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو، لەگەڵ چەند پێشنیارێکی ژیرانە بۆ چارەسەرکردنیان. ستانسفیڵد و ئەحمەد زادە شیکردنەوەیەکی وریایانە ئەنجام دەدەن لەسەر چەمکە جۆراوجۆرەکانی هەرێمگەرایی کە لەلایەن کوردەکانی ئێڕاقەوە هەوڵی بۆ دەدرێت. گەنتەر ئەوە ڕوون دەکاتەوە چۆن شەڕی ئەمریکا لە ساڵی 2003دا بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی سەددام حسێن کاریگەری لاوەکی خۆشبەختانەی هەبووە لە درووستکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا.
بە لەبەرچاوگرتنی تەبەنی کردنی دەستووری ئێڕاقی لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2005دا هەروەها بە دامەزراوەییکردنی فیدراڵیزم، تورکیا ناخۆشحاڵانە بوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانی قبووڵکرد. لە ڕاستیدا، لە ساڵی 2009دا، تورکیا و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیانکرد بە تەواوکردنی پێوەندیە ئابووریە گەشەکردووەکانیان کە هاوشان بوو بە ئاشتەواییەکی سیاسی پڕ لە ئومێد، ئەمە لە کاتێکدا تورکیا هەوڵی بەرفراوانکردنی سیاسەتە دەرەکیە نوێیەکەی دەدا کە ناسراوە بە سیاسەتی (نەهێشتنی کێشە) لەگەڵ دراوسێکانیدا، ئەویش بە سەرکردایەتی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە ئەحمەد ئۆغلۆ. هەر ڕاستەوخۆ دوای سێ هەڵبژاردنە نەتەوەییەکەی ساڵی 2005، کوردەکان بوونە هۆکاری ڕاگرتنی هاوسەنگی هێز. بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی هاوپەیمانێتی کە پێوستی بە زۆرینەی دوو لەسەر سێ هەبوو، ئەوا هاوپەیمانێتی شیعە کە زۆرینە بوو ناچار بوو داواکاری کوردەکان قبووڵ بکات کە بریتی بوون لە بەدەستهێنانی مافە بەهێزەکان لە ئێڕاقێکی دیموکراتی فیدراڵیدا. ئەم داواکارییانە ئەوەیان لەخۆگرتبوو یەکێک لە دوو سەرکردە سەرەکیەکەی کورد، جەلال تاڵەبانی، پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری وڵاتکە بگرێتە دەست، لە کاتێکدا شیعەکان پۆستی سەرۆک وەزیرانیان گرتەدەست کە دەسەڵاتی بەڕێوەبەرە لە وڵاتەکەدا. بەشێکی دیکەی داواکارییەکانی دیکەی کوردەکان ئەمانەی لەخۆگرتبوو، داواکاری ئەوەی پێی دەوترێت مافی ڤیتۆی کوردەکان بۆ ڕەزامەندی دەربڕین لەسەر یاخود هەموارکردنی هەر دەستوورێکی ئێڕاقی لەداهاتوودا، ڕۆڵی سنوورداری ئیسلام، مافەکانی ئافرەتان، نەبوونی سوپای عەرەبی لە کوردستاندا و داهاتووی شاری دەوڵەمەند بە نەوتی کەرکووک. هەروەها کوردەکان بڕیاریاندا سەرکردەی کورد، مەسعود بارزانی، دەبێت ببێتە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی یەکگرتوو. هیچ مەسەلەیەک هێندەی مەسەلەی پەیوەست بە چۆنیەتی دابەشکردنی سەرچاوە نەوتییەکان و داهاتووی شاری دەوڵەمەند بە نەوتی کەرکووک سەرچاوەی گیروگرفت نەبوو لەنێوان حکومەتی نەتەوەیی لە بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا. ماددەی 140ی دەستووری هەمیشەیی داوای ئەنجامدانی ڕاپرسی دەکات لەسەر داهاتووی کەرکووک لەکۆتایی ساڵی 2007دا، بەڵام بەهۆی ڕێککنەکەوتنی لایەنەکانەوە ئەو ماددەیە جێبەجێنەکرا. لە هاوینی ساڵی 2008دا، نزیک بوو دۆخەکە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و سوپای ئێڕاقدا بتەقێتەوە لەسەر شاری خانەقین، ئەو شارەی دەکەوێتە نزیک سنووری هەردوولاوە. کێشە و مەسەلە گەورە و هەستیارەکانی دیکە لەنێویاندا پێوەندی لەگەڵ تورکیا، پەکەکە کە لە شاخەکانی قەندیل لە سنووری حکومەتی هەرێمی کوردستاندا چەندین بنکەی هەیە، لەگەڵ تۆمەتی گەندەڵی و مەحسوبیەت لەدژی سەرکردە سیاسییە دێرینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان. لە 25ی تەمموزی ساڵی 2009دا، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی و سەرۆکایەتی ئەنجامدا. دووبارە مەسعود بارزانی بە زۆرینەیەکی گەورە بە سەرۆک هەڵبژێردرایەوە کە نزیکەی لە سەدا 70ی دەنگەکانی بەدەستهێنا. ڕەنگە ئەوەی زیاتر بە ئاڵوگۆڕێکی کت و پڕ دابنرێت، دەرکەوتنی بەهێزی گۆڕان بوو بە سەرکردایەتی نەوشیروان مستەفا کە نزیکەی لە سەدا 24ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و توانیی 25 کورسی لە پەڕڵەماندا مسۆگەر بکات، ئەمەش تا ڕادەەیەکی گەورە لەسەر حسابی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو. بەم پێیە، بۆ یەکەمجار پەڕڵەمانی حکومەتی هەرێمی کوردستان موعارەزەیەکی ماناداری دەبێت. لە 7ی ئازاری ساڵی 2010دا و لە هەڵبژاردنە نەتەوەییەکانی ئێڕاقدا هاوپەیمانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی 43 کورسیان بەدەستهێنا، لە کاتێکدا گۆڕان 8 کورسی مسۆگەر کرد و ئیسلامییەکانی کوردستانیش شەش کورسیان لە پەڕڵەمان مسۆگەر کرد کە ژمارەی ئەندامەکانی 325 ئەندامە. هەرچۆنێک بێت، تا ساتەوەختی ئەم نووسینە ڕوون نەبوو لە کۆتاییدا چ جۆرێک لە حکومەتی نیشتمانی پێکدەهێنرێت، ئەمە لەکاتێکدا داهاتووی گۆڕان ناڕوونە. موعارەزەی کوردی لە مەودای کورتدا جێی پێیەکی بەهێزی هەیە، بەڵام بە بەلەرچاوگرتنی ئەو نادڵنیاییەی لە داهاتووی ئێڕاقدا هەیە، ئەوا لە مەودای دووردا پێگەیەکی لەرزۆکی دەبێت.
لیستێکی ڕوون بە کارە بەرچاوەکان:
محەمەد ئێم ئەی أحمد (دانانی بناغەی دەوڵەتێکی کوردستانی لە ئێڕاق.) لە پەرەپێدانی نەتەوایەتی کوردی، لە نووسینی: (محەمەد ئێم ئەی أحمد) و (مایکڵ ئێم گەنتەر)، کۆستا مێسا، کالیفۆرنیا: بڵاوکردنەوەی مازدا، 2007: 85-149.
ئەمە شیکردنەوەیەکی هۆشیارییە لەبارەی خەباتی کوردی ئێڕاق لەنێوانی ساڵانی 1991- تاکو 2006 بۆ حکومەتێکی مۆدێرن و ئۆتۆنۆمی (حکومەتی هەرێمی کوردستان) لە باکووری ئێڕاق.
هانا باتاتو، چینە سۆشیالیستە کۆنەکان و بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکانی ئێڕاق: توێژینەوەیەک لەبارەی چینە کۆنەکان و بازرگانییەکان و لەگەڵ کۆمیۆنیستەکان و بەعسییەکان و ئەفسەرە ئازادەکان. پرنستن: چاپخانەی زانکۆی پرنستن، 1978.
ئەمە لێکۆڵینەوەیەکی کلاسیکییە لەبارەی ئێڕاق تاکو کۆتایی ساڵانی 70کان. هەرچەندە کە لەم شیکردنەوە درێژەدا کوردەکان ڕۆڵێکی بچووک دەگێڕن، بەڵام هاوکات پێویستە ئەمکارەی (هانا باتاتو) بخوێندرێتەوە بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێ تێبگەن لە باکگراوندی ئێڕاق لەبارەی پرسی کورد.
پیتەر دەبلیو گاڵبریس (کوردستان لە ئێڕاقی فیدڕاڵ.) لەبارەی داهاتووی کوردستان لە ئێڕاق، لەنووسینی: براندان ئۆلێری و جۆن ماکگاری و خالید ساڵح. فیلادڵفیا: چاپخانەی زانکۆی پەنسلڤانیا، 2005: 81-268.
تێڕوانینێکی زۆر بەگومان لەبارەی داهاتووی ئێڕاق لەلایەن دیپلۆماتێکی پێشووی زۆر شارەزای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
ئێدمۆند غەریب. پرسی کورد لە ئێڕاق. سیراکۆز، نیو یۆرک: چاپخانەی زانکۆی سیراکۆز، 1981.
توێژینەوەیەکی کلاسیکی لەبارەی کوردەکانی ئێڕاق تاکو نەمانی مەلا مستەفا بارزانی.
مایکڵ ئێم گەنتەر. سەرهەڵدانی کوردەکان: ڕێگەچارەی پەرەپێدراو بۆ کێشەی کورد لەئێڕاق و تورکیا. نیویۆرک: پاڵگرەیڤ ماکمیلیان، 2008.
شیدەکاتەوە لەبارەی چۆنیەتی جەنگی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2003 لە ڕووخاندنی سەددام حسێن کە چ دەرفەتێکی بەختەوەری لێ کەوتۆتەوە لە یارمەتیدان لە درووستکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەوڵەتێکی فیدراڵی لەچوارچێوەی ئێڕاق. دینامیکییەکانی گۆڕانکاری سیاسی شیدەکاتەوە لەناو حکومەتی هەرێمی کوردستان.
. قەیرانی کورد لە ئێڕاق: شیکردنەوەیەکی سیاسی. نیویۆرک: چاپخانەی سانت مارتن، 1999.
ئەم پەڕتووکە شیدەکاتەوە لەبارەی کەسایەتیی مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی و ئۆپۆزسیۆنی ئێڕاقی لەدژی سەددام حسێن تاکو ساڵی 1999 و لەگەڵ شەڕی ناوخۆیی کوردەکانی ئێڕاق لەنێوانی ساڵانی 1994- تاکو 1998 و خەباتی کورد بەشێوەیەکی گشتی لە تێڕوانینێکی زۆر ڕەشبینانە.
گروپی قەیرانی نێودەوڵەتی. نەوت بەرانبەر بە خاک: بەرەو ئاڕاستەی سەفقەیەکی گەورە لەسەر ئێڕاق و کوردەکان. ڕاپۆرتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ژمارە 80 لە ئوکتۆبەری 2008.
توێژینەوەیەک لەسەر زەمینەی واقیع لەبارەی هەبوونی چەندین کێشە لەنێوانی ئێڕاق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پێشنیاری ژیرانە لەبارەی چارەسەرەکان.
سمیر خلیل ئەل (کەنعان مەکییە). کۆماری ترس: سیاسەتەکانی ئێڕاقی مۆدێرن. بێرکڵیک چاپخانەی زانکۆی کالیفۆرنیا، 1989.
تاکو ئەمڕۆش هەر باشترین شیکردنەوەیە لەبارەی دیکتاتۆرییەت و ستەمداریی سەددام حسێن.
کویڵ لۆرانس. نەتەوەیەکی نادیار: چۆنیەتی گەڕانی کورد بەدوای سەربەخۆیی ئێڕاق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی سیاغەکردووە. نیویۆرک: وۆڵکەر ئاند کۆمپانی، 2008.
بابەتێکی زۆر باو و ناسراو و نایاب لەبارەی گەڕانی کورد بەدوای سەربەخۆیی لەلایەنی ڕۆژنامەنووسێکی خاوەن زانیاری و ئاگادار.
کەنعان مەکییە. ستەمداری و بێدەنگی: جەنگ و ستەمداری و ڕاپەڕین و جیهانی عەرەبستان. نیویۆرک: دەبلیو دەبلیو نۆرتن، 1993.
شیکردنەوەیەکی نایاب لەبارەی ستەمداریی سەددام حسێن و نواندنی بێدەنگیی لەلایەنی جیهانی عەرەبستان لەو بارەیەوە بەتایبەتی لەبارەی هەڵمەتەکانی ئەنفال کە بووە هۆی کوشتنی نزیکەی 180، 000 کورد لە کۆتاییەکانی ساڵانی 80کان.
دێنیس ناتاڵی. نیمچە دەوڵەتی کوردی: پێشکەوتن و تەبەعییەت (پشت بەستن بە کەسانی تر، قانع کاکەیی) لە ئێڕاقی پاش جەنگی کەنداو. سیراکۆز، نیویۆرک: چاپخانەی زانکۆی سیراکۆز، 2010.
شیکردنەوەیەکی پوخت و چڕ و دەوڵەمەند کە بریتییە لە تاوتوێکردنی جۆرەکانی یارمەتیی دەرەکی کە لەلایەن کوردەکان وەردەگیرا لەگەڵ چۆنیەتی بەکارهێنانی و ئاستەکانی توانستیان لە بونیادنانەوەی دامەزراوەکانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی.
براندان ئۆلێری و جۆن ماکگاری و خالید ساڵح. داهاتووی کوردستان لە ئێڕاق. فیڵادڵفیا: چاپخانەی زانکۆی پەنسلڤانیا، 2005.
کۆمەڵەیەکی نایاب لە وتار کە مامەڵە دەکات لەگەڵ سیاسەتەکان لەبارەی هەڵبژاردنە دەستوورییە داهاتووییەکانی کوردەکانی ئێڕاق لەبەرانبەر باکگراوندی دەوڵەتێکی ئێڕاقی کە لەکەدارە بەهۆی پاشماوەکانی پاکتاوی ڕەگەزی و جێنۆساید. شیکردنەوەیەکی نایابە لەبارەی فیدڕاڵیزم و چۆنیەتی کارپێکردنی لەسەر کوردەکان.
ڕۆبەرت ئۆڵسن. بزن و سەربڕ (قساب): نەتەوایەتی و پێکهێنانی دەوڵەت لەباشووری کوردستان لەجەنگی ئێڕاق-ەوە. کۆستا مێسا، کالیفۆرنیا: بڵاوکردنەوەی مازدا، 2005.
ئەم پەڕتووکە وەسفی ئەو ململانێیە دەکات لەنێوانی نەتەوایەتی (بزنەکە) لەگەڵ سەرمایەداری (سەربڕەکە)، لەگەڵ پڕۆسەکانی پێکهێنانی دەوڵەت لە باشووری کوردستان و کاریگەرییەکانی داگیرکردنی ئێڕاق لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەر کوردەکان لەنێوانی ساڵانی 2003- تاکو 2005 و ڕۆڵی هەر یەک لە تورکیا و سووریا و ئێران.
گاریس ستانسفیڵد. باشووری کوردستان: پێشکەوتنی سیاسی و سەرهەڵدانی دیموکراسییەت. لەندەن و نیویۆرک: ڕاوتلێج کێرزۆن، 2003.
شیکردنەوەیەکی نایابە لەبارەی بنەما و کەشوهەواکانی درووستکردنی بڕیارەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تاکو ساڵی 2002 لەلایەن قوتابییەکی خاوەن زانیاری و مەعریفەیەکی تایبەت.
گاریس ستانسفیڵد و هاشم أحمد زادە. (کوردی یان کوردستانی؟ بەرچاوخستنی چەمکی هەرێمایەتی لە باکووری ئێڕاق.) لە ئێڕاقێک بە هەرێمەکانیەوە: دانانی بەردی گۆشەی دیموکراسیەتێکی فیدڕاڵ، لە نووسینی: ڕیدار ڤیسەر و گاریس ستانسفیڵد. نیویۆرک: چاپخانەی زانکۆی کۆڵۆمبیا، 2008: 49-123.
شیکردنەوەیەکی وریا لەبارەی کۆنسێپتە جیاوازەکانی هەرێمایەتی کە لەلایەنی کوردەکانی ئێڕاق-ەوە هەوڵی بۆ دەدرێت لە دوتوێی ئەوانەش نەتەوایەتیی مەدەنی و بیرۆکەی نیشتمانی لەلایەنی زۆربەی زۆرینەی کۆمەڵگەی کوردی کە لەچوارچێوەی سنوورەکانی دەوڵەتدا دەژین.
کەریم یەڵدز. کورد لە ئێڕاق: ڕابردوو و ئەمڕۆ و داهاتوو. لەندەن و ئان ئاربۆر، ئێم ئای: چاپخانەی پلوتۆ، 2004: چاپێکی پێداچوونکراو، 2007.
ڕوپێوێکی پراکتیکیی بەسوود لەبارەی ئەزموونی کوردی ئێڕاق لەزمنی ئەوانەش کەرکووک و یاخیبوونی ئێڕاقی. نووسەر شیکردنەوەیەکی ئەنجامداوە لەبارەی پێوەندییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و تورکیا و کوردەکانی ئێڕاق.[1]