$لەدایکبوون و مردنی ئیسلامی سیاسی$
لە ساڵی 1990 پەرتوکێک بەناوی شکستی گەورە: لەدایکبوون و مردنی شیوعیەت لە سەدەی بیست دەرچوو، پەڕتووکەکە لەلایەن زبیگنیۆ بریجینسکی، ڕاوێژکاری ئاساییشی نەتەوەیی ئەمریکاوە نووسرابوو، تیایدا باسی لە تەشەنەسەندن و بڵاوبوونەوەی بیری شیوعیەتی دەکرد و پاشان کۆنترۆڵکردنی بەشێکی وڵاتان، هەروەها وەڵامی پرسیاری هۆکاری پاشەکشەی شیوعیەتی لە جیهان تێدابوو.
$لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا تەوژمێکی ئیسلامی کە شێوەیەکی توندڕەوانەی هەبوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەریهەڵدا$
نووسەر لەپەڕتووکەکەیدا باسی لەوەکردبوو کە بیری مارکسی لینینی بیرێکی نامۆیە و بەهێز بەسەر گەلانی جیهاندا سەپێندراوە، بۆیە مرۆڤەکان توانای وەرگرتنی ئەو بیرەیان نەبوو لە کۆتایشدا داواکاری خەڵکی بۆ ئازادی پڕ نەدەکردەوەو شکستیهێنا.
ئەمەش تەواو یەکدەگرێتەوە لەگەڵ بیری ئیسلامی سیاسیدا، چونکە ئیسلامی سیاسی بەوشێوەیە لە زۆربەی وڵاتان بڵاوبوویەوە و لە بەشێکی زۆری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ئیسلامی سیاسی بوونە خاوەنی دەسەڵات بەڵام لەلایەن گەلەکانیانەوە ئەو ئیسلامە سیاسییە ڕەتدەکرێنەوە، بۆیە تائێستا بەشێکیان ڕِووخێندراون و بەشێکیشیان ناڕەزایی گەلەکانیان بەردەوامە و هەندێکیشیان لە لاواز بووندان.
لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا تەوژمێکی ئیسلامی کە شێوەیەکی توندڕەوانەی هەبوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەریهەڵدا، پارەی نەوت لە کەندا و ئێران هاوکاری ئەو ڕەوتە بوو، لە دەیەی یەکەمدا سەرکەوتنی وای بەدەستهێنا کە ئینکاری نەدەکرا، بەڵام دواتر هەر ئەو سەرکەوتنە وایکرد ئەو دەسەڵاتدارانە وەک خۆسەپێن دەستبەرداری دەسەڵات نەبن و ناڕەزایی گەلەکانیانی لێ بکەوێتەوە.
$ڕەوتی ئیسلامی لە سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی و بەتایبەت لە ساڵی 2011 گەیشتە ئەوجی خۆی$
ڕەوتی ئیسلامی لە سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی و بەتایبەت لە ساڵی 2011 گەیشتە ئەوجی خۆی، چونکە چیدیکە نەوەی نوێی ئەو وڵاتانە بەرگەی برسێتی و نادادی و چەوساندنەوەی نەدەگرت، بەتایبەت کە زۆرینەی خەڵکی وڵاتانی موسوڵمان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ژێر هێڵی هەژارییەوە بوون.
ڕەوتێکی دیکەی ئیسلامیەکان ئیخوانەکان ویستیان بەهاری عەرەبی و ناڕەزایی گەلان بقۆزنەوە، وایانزانی ئەوان دەبنە ڕێنیشاندەر و سەرکەوتوو دەبن لە کۆنترۆڵکردنی وڵاتانی ئیسلامی وعەرەبی، بەتایبەت دوای ئەوەی محەمەد مورسی توانی سەربکەوێت بۆ سەرۆکایەتی میسر، هەروەها کاتێک حزبی نەهزەی میسر توانی نزیکەی %40 ی دەنگی وڵاتەکە بەدەستبهێنێت، ئەوکات سودانیش لەژێر دەسەڵاتی عومەر حەسەن بەشیردا بوو کە ئەویش شەریعەتی ئیسلامی جێبەجێ دەکرد.
هەر ئەو دەسەڵاتە ئیسلامیانە لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە کە لەلایەن ویلایەتی فەقێ وە بەڕێوەدەبرێت پشتگیری دەکران، ئەویش بەهۆی ئەو دروشمانەی کە ئێران دژ بە ئەمریکا و ئیسرائیل هەڵیگرتوون، هەروەها ئێرانیش بەهۆی فرۆشتنی نەوت و بازرگانی و بڵاوکردنەوەی مەزهەبی شیعەوە توانیبووی دەسەڵاتی خۆی لە زۆرێک لە وڵاتانی ئیسلامی بسەپێنێت.
$ئیخوانەکان ویستیان بەهاری عەرەبی و ناڕەزایی گەلان بقۆزنەوە، وایانزانی ئەوان دەبنە ڕێنیشاندەر$
یەکێکی دیکە لەو وڵاتانەی پشتیوانی ڕەوتە توندڕەوە ئیسلامیەکان بوو، کە هەر خۆشی سەرۆکەکەی ئیخوانییە، تورکیایە، بەتایبەت دوای ئەوەی پارتی دادوگەشەپێدان لەو وڵاتە هاتە سەر حوکم، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی ئێستای تورکیا توانی ئابووری وڵاتەکەی و هەناردەی نەوتی وڵاتانی ئیسلامی لەڕێگەی وڵاتەکەیەوە بۆ وڵاتانی دیکە بکاتە پردی پەڕینەوە بۆ ئەو وڵاتانە تا ئەجێندای خۆی بسەپێنێت.
$ئەم سەرکەوتنە ڕووی لە لێژی کرد$
بەڵام بەخێرایی ئەم سەرکەوتنە ڕووی لە لێژی کرد، تەنیا دوای ساڵێک لە دەسەڵاتی ئیخوان لە میسر ملیۆنان کەس دژی حوکمی ئیخوان وەستانەوە و ئەنجامەکەی کۆتایی دەسەڵاتی ئیسلامییەکان بوو لەو وڵاتە، بەوەش دواتر جەماوەری بوونی حزبی نەهزەی تونس ڕووی لە داکشان کرد، لەکاتێکدا 2011 توانیبووی 42 کورسی پەڕڵەمانی وڵاتەکە بەدەستبهێنێت بەڵام لە هەڵبژاردنی 2014 دایبەزاند بۆ 20 کورسی، لە سودانیش لە 2018 ناڕەزایی خەڵک دەسەڵاتی ئیسلامی سەرۆک عومەر بەشیری کۆتایی پێهێنا، لەکۆتا هەڵبژاردنیشدا کە ئەمساڵ بەڕێوەچوو حزبی نەهزە لە تونس تەنیا %25 ی کورسیەکانی پەڕڵەمانی ئەو وڵاتەی بەدەستبهێنا، ئەوەبوو سەرئەنجام کۆتایی دەسەڵاتی نەهزە لە تونس بینرا، بەوەش دەردەکەوێت دەسەڵاتە ئیسلامیەکانی ناوچەکە یەک بەیەک وەک پوولی دۆمینە بەدوای یەکدا دەکەون.
$لەئێڕاق ساڵانێکە دەوڵەت شکستیهێناوە$
لەئێڕاق ساڵانێکە دەوڵەت شکستیهێناوە، بەڵام بەرژوەوەندی و هاوکێشە هەرێمیەکان ڕێگە بەکەوتنی نادەن و بەزۆر هێشتوویانەتەوە، ئەنجامی ئەو شکستەی دەوڵەت لەئێڕاق ئەوەیە کە بەردەوام چەندین گروپی ئیتنیکی و ئایینی جیاواز دەردەکەون، خەڵک بەردەوام ناڕازییە، بەڵام هەر حکومەتێک دێت ناتوانێت ناڕەزایی جەماوەر دابمرکێنێتەوە، ئەوەبوو لە ساڵی 2014 داعش کە ڕێکخراوێکی توندڕەوی ئیسلامییە ئەو بۆشاییەی قۆستەوە و بەشێکی زۆری خاکی ئێڕاق و سووریای داگیرکرد و خەلافەتی تێدا دامەزراند، کوشتارێکی زۆری دژ بە پێکهاتەکانی دیکە و کورد ئەنجامدا، هەرچەندە ئەو ڕێکخراوە سەرەتا پێشوازی لێکرا لەلایەن ناوچە سوننە نشینە موسوڵمانەکانەوە، هەرچەندە ئیسلامیەکان بەتایبەت ئیخوانەکان ویستیان بەرگری لە کردەوەکانی ئەم ڕێکخراوە بکەن و سەرەتاش بە ئاشکرا و ناڕاستەوخۆ پشتیوانییان دەکرد، بەڵام کاتێک زانییان خەڵکی وڵاتانی ئیسلامی لەم ڕێکخراوەش دڕدۆنگ و تووڕەن بەهۆی کردەوەکانی، دواتر کەوتنە وتنەوەی ئەو دروشمانەی کە داعش بەدەرە لە ئیسلام و وەک ڕێکخراوێکی لادەر لە بەهاکانی ئیسلام وێنایان کرد.
$پاشەکشەی ئیسلامیەکان تەنیا لەڕووی سیاسییەوە نییە$
لە ئێرانیش قەیرانەکان بەمدواییە بەشێوەیەکی بەرچاو هەڵکشان، لەگەڵ دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی بەرێژەی %50 خەڵکی ئەو وڵاتە کەوتنە ژێر هێڵی هەژارییەوە، ناڕەزایی لە سەرانسەری ئێران سەریهەڵداو پاشانیش ناڕەزایەتیەکان درێژبوویەوە بۆ ئێڕاق و لوبنان کە هەمان هۆکاریان هەبوو، ئێستاش دەسەڵات لەو وڵاتە بەردەوام لەژێر ناڕەزایی خەڵکدایە، بەڵام ئەوەی ئێرانی هێشتووەتەوە ئەو هێزەیە کە تائێستا لە مەزهەبگەراییەوە وەریگرتووە.
لە تورکیاش لەگەڵ ئەوەی ڕۆژ بەڕۆژ ناڕەزایی جەماوەری بەردەوامە و قەیران لەدوای قەیران بەرۆکی خەڵکی وڵاتەکە دەگرێت، ئاستی جەماوەری پارتی دادوگەشەپێدانیش لە دابەزیندایە، بەڵام هێشتا دەسەڵاتەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەردەوامی هەیە، لەکاتێکدا دەبێت ئەو پارتە قەیرانی ناوخۆیی وڵاتەکەی چارەسەر بکات، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە بەردەوامن لەدەستێوەردان لە وڵاتانی سووریا و ئێڕاق و لیبیا و چەند وڵاتێکی دیکەش، بە دەیان هەزار ئۆپۆزسیۆن و ناڕازی وڵاتەکەشیان خستووەتە کونجی زیندانەوە، جگە لەوەی ئەو وڵاتە بەردەوام بووەتە سەرئێشە بۆ ئەوروپا و کێشە بۆ قوبرس درووست دەکات و کڵێسەکان دەکات بە مزگەوت و خەریکی بڵاوکردنەوەی ڕقی ئایدۆلۆژییە، کە هەر ئەمەش وایکردووە ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە بەردەوام داوای دەستبەرداربوونی دەسەڵات لە ئەردۆغان بکەن چونکە بەوتەی ئەوان زۆربەی پەیوەندییەکانی تورکیای لەگەڵ وڵاتان ئاڵۆز کردووە و ئابووری وڵاتیشی وێران کردووە.
پاشەکشەی ئیسلامیەکان تەنیا لەڕووی سیاسییەوە نییە، بەڵکوو زۆربەی دەزگا ئیسلامیەکانی لە کۆمەڵگەدا گرتووەتەوە، بەتایبەت لە وڵاتانی کەندا و سعودیە کاتێک دەستەی فەرمان بە چاکە و ڕێگری لە خراپە بەهۆی ناڕەزایی خەڵکی وڵاتەکان دەستیان کرد بە ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە بڕیارەکانیان سەبارەت بە ژیانی خەڵک بۆ ئەو بڕیارانەی پێش ساڵانی هەشتاکان دەریانکردووە.
هەر ئەو بڕیارانەی سعودیە وایکرد، فشار لەسەر دەزگای ئەزهەریش درووست ببێت کە تائێستا پەیوەستە بە وتارە توندە کلاسیکیەکانیەوە، لەکاتێکدا خەڵکی میسر دەیەوێت ئەو دەزگایە فەتواکانی نەرم بکاتەوە و دەستبەرداری هەندێک ئامۆژگاریش ببێت.
$ئیسلامی سیاسی لەئەوروپاش تووشی تەنگژە بووە$
ئیسلامی سیاسی سەرەڕای وڵاتە ئیسلامیەکان لەئەوروپاش تووشی تەنگژە بووە، بەڵام ئەوەی لەوێ جیاوازە ناتوانن هیچ بڕیارێک بەسەر خەڵکی ئەو وڵاتانەدا بسەپێنن، بەڵام دەیانەوێت لەڕێگەی کاریگەری درووستکردن لەسەر ڕەوەندی ئیسلامی لەو وڵاتانە کاریگەری درووست بکەن، بەڵام کێشە درووستکردن بۆ یاساکانی ئەوروپا و دیموکراسیەکەی وایکرد زۆرێک لەو وڵاتانە بەتایبەت فەڕەنسا بکەونە خۆیان، چونکە ئەو ڕێکخراوە ئیسلامیانە دەیانویست لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی بیری توندڕەوی ئیسلامییەوە کۆمەڵگایەکی جیاواز لە ئەوروپا بۆخۆیان داببڕن، کە لە جلوبەرگ و هەڵسوکەوت و بگرە شوێنی نیشتەجێبوون و چالاکی ڕۆژانەشدا جیاوازبن، کە ئەمەش ترسی لای وڵاتانی ئەوروپا درووستکرد کە ئەو بیرە توندڕەوە وەک بۆمبێک بتەقێتەوە، بۆیە لەڕێگەی دەرکردنی چەند بڕیارێکەوە ڕێکخراوە ئیسلامیەکانیان لەو وڵاتە بەرتەسک کردووەتەوە و چیتر ڕێگە بە هەندێک کردەوەی موسوڵمانانی ئەو وڵاتەش نادەن کە ڕێگە خۆشدەکات بۆ بیری توندڕەوی.
$زۆرێک لە خەڵکی موسوڵمان لەوە تێگەیشتوون کە ئیسلام و دیموکراسی دوو شتی زۆر جیاوازن$
تائێستا ئیسلامیەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بەردەوام ئەوان ڕوو لە گەشەن، بەڵگەی ئەوەش دەهێننەوە کە بەردەوام ژمارەی موسوڵمانان لەجیهان زیاتر دەکات، لەکاتێکدا بێئاگان لەو لایەنەی کە ئەگەر هێشتا زۆرێک شوێنکەوتوویان هەیە بەڵام زۆرینەی موسوڵمانانی جیهان بەرنامەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو ڕەوتانە ڕەتدەکەنەوە کە ئەمەش هەر خۆی نیشانەی بوونی گۆڕانکارییە لە ئیسلامدا کە جیاوازە لە بنەماکانی ئیسلام لە ڕابردوودا، ئێستا زۆرێک لە خەڵکی موسوڵمان لەوە تێگەیشتوون کە ئیسلام و دیموکراسی دوو شتی زۆر جیاوازن، بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە مافی مرۆڤ و مەسەلەی ژنەوە، کە بیرکردنەوەی ئازاد و ئازادیەکانی ژن دەگرێتەوە کە هەردووکیان بەپێی شەریعەتی ئیسلام و ڕێساکانی ڕەوتە ئیسلامیەکانیش ناکۆکن لەگەڵ ئیسلام، بەڵام ئێستا دەیانەوێت سود لە دیموکراسی و مافی مرۆڤیش وەربگرن تا کەموکوڕیەکانی خۆیانی پێ دابپۆشن، بەڵام ئەم گۆڕانکاریانەش هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە ئیسلامی سیاسی لەمەرگی کۆتایی نزیکبووەتەوە، ئێستا ئەوەی بە نموونەی ئیسلامی سیاسی لە جیهان وێنا دەکرێن چەند نموونەیەکی کەمن کە دنیایەک ڕەخنەیان لەسەرە، نموونەی ئەوانەش تورکیا و کۆماری ئیسلامی ئێران و بزووتنەوەی حەماس و بزووتنەوەی تاڵیبانن، کە ئەوانیش بەردەوام خەڵکی ناوچەکانیان لێیان ناڕازین و نەمان یان گۆڕانکاری لە دەسەڵاتەکانیان تەنیا لەسەر کات وەستاوە. [1]