سەرکردایەتی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#، لە #کەرکووک# بڕوای بە حکومەتی هەرێم نییە.
یەکێتی لە کەرکووک، نایەوێت #لەتیف ڕەشید# وەک #بەرهەم ئەحمەد ساڵح# بێت
دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە ڕۆژانی 9 تا 15ی مانگی ڕابردوو، یەکێتی لە کەرکووک 14 حزب و لایەنی کوردستانی کۆکردەوە، لە کۆتایدا بڕیاردرا نامەیەک بۆ لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری ئێڕاق بنێردرێت.
لەو نامەیەدا کە ئیمزای یەکێتی و 13 لایەنی کوردستانی تێدایە لەناویاندا پارتی ئیتحادی تورکمانی تێدایە، هەر یەک لە #نەوەی نوێ# و #پارتی دیموکراتی کوردستان# بە دەم بانگێشتەکەی یەکێتییەوە نەچوون و بەشداری کۆبونەوەکە و نووسینەوەی نامەکەیان نەکردووە.
یەکێتی لە کۆبونەوەی حزبەکاندا حکومەتی هەرێم و پارتی بەوە تۆمەتبار کردووە کە تەنیا لە ڕاگەیاندنەوە باسی پرسی کەرکووک دەکەن و لە واقیعدا لەگەڵ ئەوەدا نین دۆخی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە.
لە نامەی حزبە کوردستانیەکان بۆ لەتیف ڕەشید کە پێک هاتووە لە حەوت خاڵ داوایان کردووە دەستوەردان لە پرسی کەرکووکدا بکات و دۆخی سەربازی لەسەر شارەکە لابدرێت و ڕێ بگیرێت لە پشکنینی شەوانەی هێزەکانی سوپا و هەڵکوتانە سەر ماڵان لە گەڕەکە کوردییەکان بەبێ فەرمانی دادوەر.
هەروەها داوایانکردووە ڕێگری بکرێت لە دەستوەردانی سوپا لە کەیسی زەوی جوتیارانی کورد و لایەنگریکردنی عەرەبی هاوردە، دادپەروەری هەبێت لە دانانی پۆستەکانی کەرکووک و خزمەتگوزاری بۆ گەڕەکەکانی شارەکە.
لە نامەکەدا داواکراوە، بارەگا سەربازییەکانی ناو شارەکە هەڵبگیرێت و دۆسییەی ئەمنی ڕادەستی پۆلیسی ناو شار بکرێت و ڕێ لە تەعریبی نوێ لە پارێزگاکە بگیرێت. بەپێی ماددەی 140ی دەستوری ئێڕاق مامەڵە لەگەڵ دۆخی کەرکووک بکرێت.
حزبەکان داوایان لە سەرۆک کۆمار کردووە، هێڵێکی گەرم لەنێوان خۆی و لایەنە کوردستانییەکانی کەرکووک دابنێت و هاوشێوەی سەرۆک کۆماری پێشوو نەبێت.
یەکێتی، لە کۆبونەوەی لەگەڵ حزبەکان لە کەرکووک دانی بەوەدا ناوە نیگەران بوون لە بەرهەم ساڵح کە هیچی بۆ پرسی کەرکووک نەکردووە و تەنانەت تا خولەکەی خۆی تەواو کردووە سەردانی کەرکووکی نەکردووە.
14 لایەنە کوردستانیەکەی کەرکووک بڕیاریانداوە، دوو نامەی تر لەسەر دۆخی کورد لە پارێزگاکە ئاڕاستەی هەریەک لە محەمەد شەیاع سوودانی سەرۆک وەزیری ئێڕاق و نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتوەکان لە ئێڕاق بکەن. [1]