نووسەر:#حەمەسەعید حەسەن#
بەرگی یەکەمی (بەشێک لە یادداشتەکانم)ی (پرۆفیسۆر دۆکتۆر ناووک!) عیززەدین مستەفا ڕەسوولم خوێندەوە، (1) هەندێک تێبینیم لە کن درووستبوو، وا دەیانخەمە بەر چاوی خوێنەران. سەرەتا لە بەرگی پەڕتووکەکەوە، یان درووستتر له و (پرۆفیسۆر دۆکتۆر ناووک!) ەوه دەستپێ دەکەم. پەڕتووکەکە باسی چالاکییەکانی ناوبراو لە بواری حیزبایەتی، ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندندا دەکات، ئەوانە وێڕای بیرەوەوەرییەکانی خۆی، لە قۆناغە جیاوازەکانی خوێندندا. کەواتە نووسینی ئەو (پرۆفیسۆر دۆکتۆر ناووک!)ە کە پێوەندیی بە کاری بواری ئەکادێمییەوە هەیە، لەسەر بەرگی یادداشتەکانی، ڕەنگدانەوەی بایەخدانە بە توێکڵ و ڕووکەش. زۆرن ئەوانەی، بەراوەژوو سوود لە نازناوی دۆکتۆر وەردەگرن و بۆ شاردنەوەی کەموکووڕییەک یان بۆ نیشاندانی دەسەڵات دەیخەنە گەڕ و پێیان وایە دۆکتۆر، کارگەی بەرهەمهێنانی لێکۆڵینەوەی زانستی، شانازی، شکۆمەندی و ڕێزە، گەرچی ڕێ دەکەوێت، ئەم یان ئەو خاوەنی دۆکتۆرا، لە ئیشوکاری ئەکادێمیدا دەرۆزەی پێ بشیێت، کە عیززەدین مستەفا ڕەسووڵ یەکێک نییە لەوانە.
ئەوانەی دۆکتۆرایان هەیە، تەنیا لە زانکۆدا، دۆکتۆر، یان جوانتر، مامۆستا (ئوستاد)یان پێ دەگوترێت، ئەویش لە لایەن خوێندکارەکانی خۆیانەوە، نەک لە هەموو جێیەک و لە لایەن تەواوی هاووڵاتییانەوە. تۆ ئەی هەڵگری بڕوانامەی دۆکتۆرا، تەنیا ئەو سەروەختە، دۆکتۆر یان ئوستادیت کە دەرس بە خوێندکارانی زانکۆ دەڵێیتەوە، یان سەرپەرشتی (نامە) کانیان دەکەیت، ئەگەر نا، لەدەرەوەی زانکۆ و دوور لە بواری ئەکادێمی دۆکتۆر نیت، دۆکتۆر کەسێکە، نەخؤش دەبینیت و هەوڵی چارەسەرکردنی دەدات. جێی سەرنجە، مامۆستایانی زانکۆ بە گشتی، کەیفیان به و هاووڵاتییانە نایەت کە بە دۆکتۆر بانگیان ناکەن! به و هیوایەی ئوستادەکانی لای ئێمەیش دەرس لە ڕۆڵان بارت، میشیل فۆکۆ، ئیدوارد سەعید، نائووم چۆمسکی و سەمۆیل هینتینگتۆن وەربگرن، ئاخر هیچ کام له و زانایانە، نووسینیان به (دال و خاڵ)ەوە (د.) بڵاو نەدەکردەوە و ناکەنەوە.(2)
(دەشێت هەزاران کەس و زێتریش، بەشداریی لە یانسیبێکدا بکەن، وەلێ تەنیا یەک کەس خەڵاتە گەورەکەی بە نسیب دەبێت و ڕووناکییش تەنیا دەخرێتە سەر وی.) هیچ ڕۆژنامەیەک بایەخ بەوانە نادات کە بۆیان دەرنەچووە، تەنیا ئەو کەسە دەبێتە جێی بایەخ و دیمانەی لەگەڵ ساز دەکرێت کە بەخت یاوەری بووە. ئەوی شارەزای بواری نووسین بێت، ئەم ڕێسایه ڕەچاو دەکات، ئەوی فەرامۆشی بکات، نووسینی دەبێتە فرەگۆیی و درێژدادڕییەکی بێزارکەر. ئێمە ڕۆمان بنووسین یان بیرەوەری بگێڕینەوە، دەبێت لە کورتی بیبڕینەوە و تەنیا باس لە کەسایەتییە گرنگەکان بکەین و بایەخ بە ڕووداوە سەرنجڕاکێش و کاریگەرەکان بدەین، ئەگەر نا خوێنەر بێزار دەبێت و درێژە بە خوێندنەوەی نووسینەکانمان نادات. بۆ ئەوەی خوێنەر بە پەرۆشەوە بمانخوێنێتەوە، دەبێت تووشی سەرسووڕمانی بکەین و باسی شتگەلێکی بۆ بکەین کە چاوەڕێی نەکردبیت و وا بکەین ئەم کوتوپڕی بیداتە دەست ئەو سەرسووڕمان. جێی سەرنجە نووسەرێکی بەئەزموونی وەک عیززەدین مستەفا ڕەسوول ئەو ڕێسایەی کە لە کن نووسەری ڕاستەقینە، ئەلفوبێیە، لەبەر چاو نەگرتووە. (شەش کەس بە دوای نووسەرێکدا دەگەڕێن، ) بەناوبانگترین شانۆنامەی (لویجی پیراندێللۆ 1867 _ 1936)یە، یادداشتنووس به و کەسایەتییانەی بەسەری کردوونەوە، چونکە نەیتوانیوە بە شێوازیکی سەرنجڕاکێش بیرەوەرییەکانی بگێڕێتەوه، هێشتا کەسایەتییەکانی نێو یادداشتەکانی، بە دوای نووسەرێکدا وێڵن، بتوانێت لە پەڕتووکێکدا شیاوی خوێندنەوە بێت، جێیان بکاتەوە. پێ دەچێت یادداشتنووس هەستی بەم کەلێنە کردبێت، ئەوە بۆیە زوو زوو دەنووسێت: ئەگەر ڕۆمانووسێک هەبووایە، دەیتوانی لە ژیانی فڵان کەس، جوانترین ڕۆمان بەرهەم بهێنێت.
ئەوی پەڕتووکەکەی بۆ (د. ناووک) عیززەدین تایپ کردووە، سەرەواوێکی دەربارەی ڕێنووس لە هەناودا نەبووە، ئەوە بۆیە هەمان وشەی بە چەندان شێوەی جیاواز نووسیوەتەوە و هیچیشی سەبارەت بە خاڵبەندی نەژنەوتووە، ئەوە بۆیە بە دەگمەن نیشانەکانی خاڵبەندیی لە جێی درووستی خۆیان داناوه. ئەویشی پەڕتووکەکەی مۆنتاژ یان دیزاین کردووە، پێ دەچێت یەکەمین جاری بێت و خۆی بە یادداشتەکانی پرۆفیسۆر عیززەدین تاقی کردبێتەوە، بۆ نموونە نەیزانیوه، پەراوێز نابێت تێکەڵ بە دەق بکرێت و پێویستە قەوارەی فۆنتەکانیشی جیاواز بێت، یان ڕاستتر بچووکتر بێت، لە هی تێکستەکە. نووسەری پەڕتووکەکە لە ناوەڕاستی ساڵانی سی، سەدەی ڕابردوودا لە دایک بووە، وەلێ بە بەراورد لەگەڵ ئەم پەڕتووکەی ویدا، پەڕتووک ئەو وەختە جوانتر بۆ چاپ ئامادە دەکرا.
لەم پەڕتووکەدا کارێک بە ڕێنووس کراوە، نەک با، گەردەلوولیش بە دەواری شڕی نەکردووە. پێم سەیرە پ. د. ناووک عیززەدین، (وڵات، ورد، وشە و وتم، ) بە (وڵات، ورد، وشە و وتم) بە دوو (واو) بنووسێت، بە مەرجێک هیچ وشەیەک نییە لە کوردیدا بە دوو (و) دەستپێ بکات. د. پ. ن عیززەدین چەندان جار جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە وەرگێڕیکی زۆر باش بووە، ل60 کەچی هەر لە سەرەتای پەڕتووکەکەوە، لە وەرگێڕانی تاقە دێڕێکدا، دەکەوێتە هەڵەی کوشندەوە. لەبری (لم أکن علی ڕأس الحوادث، ولم أکن علی هامشها، بل کنت فی خضمها، ) نووسیویەتی: (من سەرکردەی ئەو ڕووداوانە نەبووم و لە کەناریشیدا نەبووم، بەڵکوو لەناو جەرگەیدا بووم، ل10) کە دەبوو بنووسێت: (من نە سەرکردایەتیی ڕووداوەکانم دەکرد و نە لە پەراوێزیشیاندا بووم، بەڵکوو لەناو جەرگەیاندا بووم.) یان لەبری (الفاضلە، ) سەرفراز دەنووسێت ل160 کە دوو شتی تەواو جیاوازن. یان: (ما وراءالاخبار، ) دەکاتە: (لە پشت هەواڵەوە، ل203) کە دەبوو بیکاتە: (لەودیو هەواڵەکانەوە.)
د. عیززەدین دەنووسێت: (مەلا حەمدوونی شاعیری کوێر. ل17) کوێر دەکەوێتە خانەی جنێوەوە، دەبوو (نابینا) بنووسیت. یان دەنووسێت: (قوتابییەکی تەمەڵمان لەگەڵدا بوو. ل36) ئەوە سووک سەرنجدانی ئینسانە کە بە تەمەڵ ناو ببرێت. لە سوید ئەو مامۆستایەی بە قوتابییەک بڵێت: تەنبەڵ، دووچاری لێپرسینەوە دەبێتەوە. (باری سایکۆلۆژی و دەروونی. ل24) سایکۆ بە مانای دەروون دێت. ئەوەیش سەیرە کە چەند جارێک لەبری (زەوینلەرزە، ) (گوومەلەرزە ل41 و ل172)ی نووسیوە! یان دەڵێت: (دەست و دەم چوومەوە. ل66) دەمودست، درووستە. دەنووسێت: (وتارێکی گەورەی قووڵی نووسیبوو. ل71) گەورە و قووڵ! دەڵێیت باسی زەریاچەی وان دەکات! یان: (دوای ئەو بەنگوباوانە کەوتبێت. ل113) بەنگوباو، هەڵەیە، بەندوباو، درووستە. یان: (وتارێکی دوو زنجیرەییم نووسی. ل145) لەوێدا زنجیرە هەڵەیە، ئەڵقە، درووستە. (نە دووکانێک، نە کۆگایەک نەما دانەخرێت. ل149) نەما هەڵەیە، ما، ڕاستە. یان دەڵێت: (نە ئەندام، نە پاڵێوراوی کۆمیتەی ناوەندی نەبوو. ل218) نەبوو لەوێدا هەڵەیە، بوو، درووستە. یان دەنووسێت: (کارەکانی بە پێی میزاج بوو. ل305) میزاج عەرەبییە بە کوردی دەبێتە: خوڵک. یان دەڵێت: (بە نەخۆشییەکی کتوپڕی درێژخایەن کۆچی دوایی کرد. ل223) هیچی هاوبەش لەنێوان کوتوپر و درێژخایەندا نییە، کە کوتوپڕ بوو، ئیدی درێژخایەن نابێت. یان کە درێژخایەن بوو، ئیدی کوتوپڕ نابێت.
یادداشتنووس ئەوه بۆ فایەق بێکەس کە لە ئاهەنگی نەورۆزی 1945دا، لە سلێمانی بەره و ڕووی ئەدمۆنس، شیعری بیست و حەوت ساڵە دەخوێنێتەوە، بە لوتکەی بوێری لە قەڵەم دەدات، ل126 کەچی کاتێک نووسەری ئەم باسە، لە سلێمانی، لە کۆتایی ئاداری 1979 دا، لە دووەمین فێستیڤاڵی شیعری کوردیدا، شیعری (کاتێ شارەزەدرەواڵه دەورووژێ) بە ڕووی بەعسییەکاندا دەخوێنێتەوە و بە قوتابیی قوتابخانەکەی هیتلەریان دەچوێنێت، د. عیززەدین کە ئەو سەروەختە سەرۆکی نووسەران دەبێت، نەک هەر لایەنی بنووسی ئەم دێڕانە ناگرێت، بەڵکوو سەرکۆنەشی دەکات! دەپرسم: ئایا ئینگلیز لە چاو بەعسدا، کۆتری ئاشتی و مەڕی پەیامبەر نەبوو؟ بە ڕاست بە گژ بەعسدا چوونەوە، لە بە گژ ئینگلیزدا چوونەوە، ترسناکتر و ئازایانەتر نەبوو؟
لایەنێکی گەشی پەڕتووکەکە ئەوەیە، نووسەرەکەی کەسێکە تا بڵێیت بیرتیژ، هەموو ئەو بەسەرهاتانەشی لە بیرە کە سەردەمی ڕوودانیان، بۆ ڕۆژگارێک دەگەڕێتەوە، کە تەمەنی چوار پێنج ساڵێک بووە. بۆ نموونە، ئەوەی لە بیر ماوە کە بۆ یەکەمین جار چووەتە قوتابخانە، کام مامۆستا یەکەمین دەرسی پێ گوتووە. جێی سەرنجە هەندێک جار، هێندە خۆی بیرتیژ نیشان دەدات کە جێی بڕوا نییە، بۆ نموونە، کاتێک بێ سەرچاوە، دوو لاپەڕەیەک لە (خوتبە)یەک دەنووسێتەوە کە نیوسەدەیەک بەر لە نووسینەوەی یادداشتەکانی گوێی لێ بووە. ل150 و 151 کە بۆ داکۆکیکردن لە جووتیارانی عەربەت، شیوعییەکان لە سلێمانی خۆپیشاندان دەکەن و شێخ لەتیف تەقەیان لێ دەکات، نووسەر داکۆکی له و هەڵویستەی شێخ دەکات، ئەوەتا دەڵێت: (شێخ لەتیفی نیوەمەست، خۆی سوێندی دەخوارد کە هەر بۆ گاڵتە و بینینی ڕاکردنی خۆپیشاندەران تەقەی بە ئاسماندا کردووە. ل175) ئەو شیعرەی (ئێریش فرید)م بیر دەکەوێتەوە کە دەڵێت: (منداڵەکان بە گاڵتەوە بەردیان دەگرتە بۆقەکان، بۆقەکان بە ڕاستی دەمردن.)
(1) پرۆفیسۆر دۆکتۆر ناووک. عیززەدین مستەفا ڕەسووڵ، بەشێک لە یادداشتەکانم، لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چاپخانەی دەزگای حەمدی 2006 سلێمانی.
(2) عبدە وازن، حرف الدال... ذاک، الحیاە08. 09. 2008
() هەر ڕستەیەکی نووسەرم بەسەر کردبێتەوە، ڕێنووسەکەیم بۆ ڕاست کردووەتەوە.
() دێلێژە کە گوندێکی زێدەجوانی دەڤەری قەرەداغە، زێدی باوک و باپیری نووسەرە.[1]