$جادوگەری لە ئێڕاقی کۆندا (بەشی دووەم) $
نووسینی: باوان عەبدوڵڵا ئەحمەد
$باسی یەکەم: جادوو لەڕووی زمانەوانی و زاراوەوە$
$پێناسەی جادوو لە ڕووی زمانەوانیەوە:$
وشەی جادوو (السحر) لە زمانی عەرەبیدا بەمانای شتێکی نەرم و ناسک دێت، بۆ نموونە دەوترێت بە قسەکانی سەرسامی کرد یان جادووی لێکرد، ئەمەش لەبەر نەرمی و جوانی وشەکانی و سەرنج ڕاکێشانی دا دەوترێت، هەروەها بە مانای لادانی شت لە حەقیقەتی خۆی دێت بۆشتێکی تر، (الازهری) دەڵێت: (بنەڕەتی وشەی جادوو (السحر) بەمانای گۆڕینی شتێک لە حەقیقەتی خۆی دێت بۆ شتێکی تر، لەبەر ئەوەی جادوو گەر کاتێک شتێکی ناِرەوا (باطل) دەبینێت لە وێنەی شتێکی حەق و ڕاستیدا واتا ئەندێشەی شتێک دەکات لەسەر شتێکی تر. هەروەها (السحور) واتا پارشێو ناونراوە بە (سحور) چونکە لە کاتێکی شاراوە و پەنهانیە لە کۆتایی شەودا، واتا نا ڕوونە نەشەوە نە ڕۆژە کەوتۆتە نێوان هەردوکیان بەشێک لە ناڕوونی تێدایە. وە عەرەب وشەی (السحر) بە کاردێنێت بۆ هەڵخەڵەتاندن لەبەر ئەوەی هۆکارەکەی شاراوە و پەنهانە، یۆنانیەکان وشەی (ماجیا) یان بەکاردێنا بە واتای جادوو ئەم وشەیە ئاماژە بوو بۆ ئەو بۆنەو ڕێو ڕەسمەی کە (ماجو) بەدی دێنا، وە یان وتراوە (ماجوی) کە بەو کاهین و جادوو گەرانە وتراوە کە لە ڕۆژهەڵات، باشووری وڵاتی دوو ڕووبار کاری جادووی یان ئەنجام داوە، یۆنانی یەکانیش وشەی (نیکومانتیشا) یان بەکارهێناوە بۆ جادوو کە بەمانای (ئامادە بوونی ڕۆحەکان دێت) .
$ووشەی جادوو لە ڕووی زاراوەوە:$
(الجصاص) جیاوازی نەکردووە لە پێناسەی جادوو (السحر) لەنێوان مانای زمانەوانی و مانای زاراوەیدا، جادوو لای (الجصاص) بریتی یە لە: (هەرشتێک کە هۆکارەکەی شاراوە بێت، وە ئەندێشە بێت و ڕاستەقینە نەبێت وە بە شێوەی هەڵخەڵەتاندن و بەلاڕێدابردن بێت، (ابن عابدین) پێناسەی جادووی کردووە بەم شێوەیە: (زانستێکە مەبەست لێی بەدەستهێنانی توانایەکی دەروونیە، کە بەهۆیەوە دەتوانرێت چەند کارێکی سەرسوڕهێنەر بکات بەهۆی چەند شتێکی شاراوە.
(ابن خلدون) لە پێناسەی جادوو دا دەڵێت: (جادوو زانستە بە چۆنیەتی ئامادە کاریەکان کە دەتوانێت گیانی مرۆڤ کاریگەری هەبێت لەسەر جیهانی ڕەگەزەکان (العناصر) جا بەهۆی یارمەتی دەرێک بێت یان بەبێ یارمەتیدەر لە کارە ئاسمانیەکان، یەکەمیان جادوویە و دووەمیان تەلیسمە.
جیاوازی پێناسەی (الجصاص) و (ابن خلدون) ئەوەیە بەپێی پێناسەی یەکەم جادوو لای پێشینان ئەوە دەگرێتەوە کە هۆکارەکەی شاراوەیە، جا ئایە ئەوەی کە شاراوەیە هۆکارەکەی فێڵێکی زانستی بێت یان تایبەتمەندی هەندێک بوونەوەری تر بێت، یان خەیاڵکردن بێت یان هەڵخەڵەتاندن. بەڵام هەردوو پێناسەکەی تر (جادوو) بەو شێوەیە دەبینن کەوا سیفەتی هەندێک لە گیانەکانن، کە فبَربوون بەهۆی جادوو کردنەوە کاریگەری بخەنە سەر جیهانی ماددی.
(اوین دیفیز) دەڵێت: (جادوو ئاماژەیە بۆ ئەو هێزانەی کە سرووشت تێپەڕێنەرن (سەر سرووشت - خارق العادە) ، بە شێوەیەکی گشتی پەیوەستە بە کۆنتڕۆڵکردنی هێزە سەر سرووشتیەکانەوە لەلایەن مرۆڤەوە) . یەکێک لە لێکۆڵەران دەڵێت جادوو چەند کارێکی ورد و شاراوەن کە دەتوانرێت بە دەست بهێنرێت بەهۆی فێربوونەوە، کە وەستاوە لەسەر هەڵخەڵەتاندن، وە جادوو لە گیانێکی شەڕانگێزەوە دەردەچێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بێت یان نا ڕاستەوخۆ.
کەواتا وەک بەشێک لەژیان، لای سەرەتاییەکان وەک ڕێکارێک بۆپەیداکردنی خۆراک و خۆلادان لە هێزە شەڕانگێزەکان و لەدوای دەرکەوتنی ئایین و تێکەڵاو بوون لەگەڵیدا، هەر یەکەو لە گۆشە نیگایەکەوە پێناسەی دەکات و زۆربەشیان لە هێڵە گشتییەکان دا یەک دەگرنەوە لەگەڵ بوونی چەند تایبەتمەندییەک، بەتایبەتی تر، پێناسەو زاراوەکان جیاوازی و لێکچونی لەنێوانیان دا هەیە سەبارەت بەخودی وشەکەو پڕۆسەکەش.
$باسی دووەم: جۆرەکانی جادوو$
مرۆڤ لە دێر زەمانەوە ئاشنای جادوو و کاری جادووگەرێتی بووە، بە تایبەتیش لە وڵاتی دوو ڕووبار کە بڕوایەکی پتەویان بە جادوو هەبووە، لێکۆڵەران بە چەندین جۆر پۆلێنیان کردووە ئەمەش دەکەوێتە سەر سرووشتی جادووەکە و ئەو بنەمایەی کە جادووەکە پشتی پێ بەستووە، وە ئەو مەبەستەی کە جادووەکەی بۆ دەنووسرێت لەو جۆرە پۆلێنانەش:
$1- جادووی ناسرووشتی (السحر الخارقی) :$
بریتییە لە کۆمەڵێک دیاردەی نائاسایی (سەر سرووشت) ، ئەم جۆرەیان لە جادوو پێویستی بە هێزێکی نائاسایی هەیە، یان هەستێکی بەرز لە مرۆڤدا کەوای لێدەکات کاریگەر بێت لە یاسا سرووشتیەکان، توانای تێپەڕین و ڕەت بوونی هەبێت لە یاسا سرووشتیەکان، ئەم جۆرەلە جادوو زیاتر پشت دەبەستێت بە ئاڵنگاری (تحدی) یاسا سرووشتیە فیزیای و کیمایی و بایۆلۆجیەکان، هەندێک لە مرۆڤەکان خاوەنی کۆمەڵێک دیاردەی (پاراسایکۆلۆجی) ن کە دەتوانێت سوودی لێ ببینێت لەم جۆرە جادووەدا. (37)
$2- جادووی هاوسۆزی (التعاطفی) :$
ئەم جۆرە لە جادوو مرۆڤ بەکاری هیناوە بەو پێیەی کەوا جادوو زانستە، بەڵام زانستێکی سەرەتایی کۆمەڵێک دیاردە و یاسا لە سرووشتدا هەن مرۆڤ دەتوانێت لاساییان بکاتەوە. (38) ئەم جۆرەشیان دابەش دەبێت بۆ دوو جۆر:
أ- جادووی لێکچوو (السحر التشابهی) :
ئەم جۆرە لە جادوو لە ئەنجامی چاودێری کردنی مرۆڤ بۆ دیاردە سرووشتیەکان پەیدابوو، وای دەبینێت ئەو بەشەی کەوا وەری دەگرێت لە ئاوی ڕووبار لە هەموو ئاوی ڕوبارەکە دەچێت، ئەم جۆرە لە جادوو وەستاوە لەسەر بنەمای لێکچواندن، جادووگەر وێنەی دوژمنەکەی دەکێشێت پاشان لێی دەدات و دەیسوتێنێت لەسەر بنەمای شێوەی لەوکەسە دەچێت کە جادوەکەی لێ دەکرێت دواتر دەستێکی پەیکەرەکە دەشکێت بە گوێرەی ئەو جۆرەی جادووە دەگونجێت هەمان شت بەسەر کەسی جادوو لێکراودا بێت.
ب- جادووی پەیوەندی (السحر الاتصالی) :
ئەم جۆرە جادوویە سەری هەڵداوە لە ئەنجامی چاودێری کردنی مرۆڤ بۆ شتە زیندووەکان لە سرووشتدا وەکو (ڕوەک و ئاژەڵ و مرۆڤ) ، ئەو (تۆو) انەی لە بەروبومێکدا هەن دەتوانرێت هەمان بەروبومی لێ بەرهەم بهێندرێت ئەگەر جارێکی تر بچێنرێت، واتا شتەکان پەیوەندیان بەیەکەوە هەیە، بەپێی یاسای پەیوەندی کە دەڵێت ئەو شتانەی کەوا پەیوەندیان بەیەکەوە هەبووە لە سەردەمێکدا و پاشان لێی جیابۆتەوە، ئەوا کاریگەری لەسەر دەمێنێت، (بەش) کاریگەری لەسەر (گشت) دەبێت هەروەک چۆن گشت کاریگەری لەسەر بەش دەبێت، جادووگەر وای دەبینێت کەوا وەرگرتنی تاڵە موویەک لە پرچی مرۆڤ دەتوانرێت کاریگەری هەبێت بەسەر ئەوکەسەدا بەهۆی ئەو تاڵە مووەوە.
$جادووی هاوسۆزیش بە شێوەیەکی گشتی دابەش دەبێت بۆ دووبەش:$
$1- جادووی سپی:$ ئەم جۆرە لە جادوو لەلایەن کاهینێک لە کاهینەکانی پەرستگاوە ئەنجام دەدرا، بە ڕێوڕەسمێکی ئایینی تایبەت، ئەم جۆرە لەلایەن دەوڵەتەوە ڕێگەی پێدرابوو. (41) چونکە مەبەست لێی چارەسەری نەخۆشەکان بوو بەهۆی دەرکردنی گیانە شەڕانگێزەکان لە جەستەی نەخۆشەکە، ئەم جۆرەیان بەچەند ڕێگەیەک دەکرا لەوانە درووستکردنی پەیکەرێکی هاوشێوەی نەخۆشەکە و پاشان شکاندنی، دوای شکاندنی پەیکەرەکە پێیان وابوو نەخۆشەکە چاک دەبێتەوە و گیانە شەڕانگێزەکە دەچێتە دەرەوە، یان لە ڕێگەی نوشتەکردن و قوربانی کردن بۆ خواوەندەکان بۆ ئەوەی خواوەندەکان شیفای نەخۆشەکە بدەن.
ئەو کاهینەی کە هەڵدەستا بە ئەنجامدانی جادووی سپی نازناوی (ماشماشی) یان لێنرابوو لەلایەن سۆمەریەکان و لەلای ئەکەدیەکانیش پێی دەوترا (اشیبو) ، ئاشیبو هەڵدەستا بە پاککردنەوەی نەخۆشەکان و گوناهباران بەهۆی نوشتە و ڕێوڕەسمی جادوویی، هەر بۆنەیەک نوشتە و جادووی تایبەت بە خۆی هەبوو، لە نوشتەکان بانگی خواکان دەکرا بۆ پاراستنی ئەوکەسەی کە نوشتەکەی بۆ کراوە، هەندێک جار نوشتەکە وێنەی ئەو شەیتانەی لەسەر دەکێشرا کە مەبەست لێی ڕزگار بوونی نەخۆشەکە بوو لێی.
مرۆڤی وڵاتی نێوان دوو ڕووبار بڕوای بە بوونی جادوو هەبوو و پێیان وابوو، وە ژمارەیەکی زۆر جادوومان لەبەر دەستە کەوا ڕاستی ئەوە دەسەلمێنن. نموونەی یەکێک لەو نوشتوانەی کەوا بە مەبەستی شیفای نەخۆشەکان نووسراوە، کە داوا لە خواوەندی (مەردۆخ) خوای بابلیەکان دەکات کە نەخۆشەکە بپارێزێت لە شەیتانەکان، ئەمەش دەقی نوشتەکەیە:
(ئەوە ئەو شەیتانەیە کە نزیک بۆتەوە لە ماڵەکەم، خۆی دەشارێتەوە، وە من لەسەر جیگا کەمم، ئەو من پارچە پارچە دەکات، شەوانە تووشی کابوسم دەکات، تکا دەکەم کەوا بیسپێرن بە خواوەندی پارێزەری دەرگای جیهانی خوارەوە، بە فەرمانی (ننورتا) دەسەڵاتداری جیهانی خوارەوە، بە فەرمانی (مەردۆخ) کەوا نیشتەجێ یە لە (ایساکیلا) لە بابل، تکادەکەم کەوا کڵۆمی دەرگاکە پێ بزانێت کەوا لەژێر پاراستنی ئەو دوو خوایە دان) .
بابلیەکان لە ڕێوڕەسمی جادووی سپیدا کارەکەیان لە پەرستگا یان لە ماڵی نەخۆشەکەدا ئەنجام دەدا. سەرەتا دەستیان دەکرد بە پاککردنەوەی شوێنەکە و پاشان خوێندنی نوێژ بۆ خواوەند (ایا) کە خوای حیکمەت بوو لای بابلیەکان، کە زانا و شارەزایە بەکاری جادوو، وە کوڕەکەی (مەردۆخ) ئەویش کە خوای بابلیەکان بوو، مەردۆخ لە باوکیەوە فێری نهێنی جادوو ببو، وە فێری ڕێگاکانی شیفای نەخۆشەکان ببوو، لەبەر ئەوەی نەخۆشەکان لێی دەپارٍانەوە لە ڕێگەی کاهینەکانەوە بۆ ئەوەی ڕزگاریان بکات لەو نەخۆشیانەی کە تووشیان بووە بەهۆی شەیتانەکانەوە.
$2- جادووی ڕەش:$ ئەم جۆرەیان لە جادوو زیان بەخش بوو، مەبەست لێی زیان گەیاندن بو بە کەسی بەرانبەر (ئەو کەسەی کە نوشتەکەی لێ دەکرێ) لە وڵاتی نێوان دوو ڕووباردا بە شێوەیەکی نهێنی ئەنجام دەدرا، چونکە لە یاساکانی ئێڕاقی کۆندا قەدەغە کرابوو، وە سزای توند بۆ ئەنجامدەرانی دانرابوو، هەندێک جار دەگەیشتە سزای مەرگ، ئەمەش لە ڕێگای هەندێک لە کاهینەکانەوە ئەنجام دەدرا بە یارمەتی شەیتانەکان بە مەبەستی زیان گەیاندن بەو کەسەی کەوا جادوەکەی لێ دەکرا، بۆ نموونە یەکێک دەهات پەیکەری دوژمنەکەی لە (مۆم) یان ماددەیەکی تر درووست دەکرد دەهات ئەو پەیکەرەی دەدایە بەر بزمار و چەقۆ، پێی وابوو کەوا ئەوە دوژمنەکەیەتی و دەیکوژێت و بەو کارەشی زیان بە دوژمنەکەی دەگەیەنێت، یان هەندێکی تریان بە بۆچونی خۆیان دەهاتن گیانە شەڕانگێزەکانیان لە نەخۆشەکان وەردەگرت و دەیان گواستەوە بۆ ناو جەستەی ئەو کەسانەی کە مەبەستیان بوو جادوویان لێ بکەن و ئەم شەڕ و خراپە کاریە لە کەسێکەوە بگوازنەوە بۆ کەسێکی تر، ئەمەش لە ڕێگەی پزیشکە خراپە کارەکان (اشیبو) ەوە ئەنجام دەدرا.
$جۆرێکی تر لە پۆلێن کردنەکانی جادوو ئەوەیە کە جادوویان بە گوێرەی ئەو مەبەست و ویستەی کە جادووی بۆ دەکرێ، کە کراوە بە دوو بەش:$
1$- جادووی خۆ نەویستی (تلقائی) :$ ئەوەیان ئەو جۆرە جادووەیە کەوا خۆنەویستی (لا ارادی) یە کە خودی کەسەکە دەیکات بەبێ ئەوەی هیچ ڕێوڕەسمێکی تایبەت و جادوویەک بکات، کەسەکە هێزێکی تایبەتی لە ناخیدایە بۆ ئازاردانی خەڵکان، کەسەکە دەتوانێت ئەو هێزەی ناو دەرونی ئاڕاستەی کەسانی بەرانبەری بکات بۆ زیان گەیاندن پێیان.
2$- جادووی خۆ ویستی (ارادی) :$ لەم جۆرەیاندا جادووگەر پەنا دەباتە بەر چەند کارێکی دیاریکراو بۆ زیان گەیاندن بە کەسی بەرانبەری ئەمەش بە وتنی چەند دەستەواژەیەک و ڕێوڕەسمی تایبەتی دەبێت وەکو سووتاندنی بخور و گوتنی چەند شتێک.
$بەڵام بە گوێرەی پۆلێن کردنەکەی (ڕیموند فرپ) سێ جۆر جادوو هەیە:$
1$- جادووی بەرهەمهێن:$ ئەو جۆرە جادوو یەیە کەوا تاکەکانی کۆمەڵگە ئەنجامی دەدەن بە ڕاستەوخۆیی، یان لە ڕێگەی جادووگەرە تایبەتەکانەوە ئەنجام دەدرێت لە جیاتی کۆمەڵگە بە گشتی، ئەو جۆرە جادوویە قبوڵ کراوە لەلایەن کۆمەڵگەوە چونکە مەبەست لەم جۆرە جادوویە زیادکردنی بەروبووم و باران و زیادبوونی ڕزق و ڕۆزی و ڕاوی ماسی و زیادبوونی کاری بازرگانیە.
2$- جادووی خۆپارێزی (الوقائی) :$ ئەم جۆرەشیان وەکو جۆری یەکەم پەسەند کراوە لەلایەن کۆمەڵگەوە، چونکە مەبەست لێی پاراستنی تاک و کۆمەڵگەیە وەکو جادوی شیفای نەخۆشەکان جادووی دژی جادووی ڕەش و زیانبەخش.
3$- جادووی وێرانکەر (السحر المدمر) :$ ئەم جۆرەیان مەبەست لێی جادووی ڕەشە کە لەمەو پێش باسمانکرد، لەو جۆرە جادوانەش بریتییە لە جادووی وروژاندنی هەست و سۆز و جادوی وێرانکردنی سەروەت و سامان، جادووی تووشبوون بە نەخۆشی و چەندین جۆری تری جادووی خراپ، ئەم جۆرەی جادوو قبوڵ کراو نەبوو لە کۆمەڵگادا و بە نهێنی ئەنجام دەدرا، وە سزای توند بۆ ئەنجام دەرانی دانرابوو، سەرەڕای ئەوجۆرانەی کە لەمەو پێش باسمانکرد جۆرێکی تر لە جادوو هەیە کەپێی دەوترێت جادووی درۆ یان (چاو بەستەکی - السحر الکاذب) : ئەم جۆرەیان کە پشت بە چاو بەستەکی و فرت و فێڵ دەبەستێت لەناو خەڵکدا زۆر باوە چەندین خەڵکی جیاواز ئەنجامی دەدەن، وە جادوو کەرەکان خۆیان دەزانن کە ئەوەی ئەنجامی دەدەن هەڵخەڵەتاندنی خەڵکە و کاریگەری بوونە لە سەریان بە چەندین ڕێگەی جیاواز، جادوو گەرە فێڵبازەکە هەموو شێواز و کەرەستەکانی جادووی نائاسایی (السحر الخارقی) و جادووی هاوسۆزی (السحر التعاطفی) بەکاردێنێت وە بانگەوازی ئەوە دەکەن کەوا پەیوەندی دەکەن بە هێزە نائاساییەکان و نهێنیەکانی سرووشت ئاشکرا دەکەن.
هەروەک جیاوازی لەنێوان مانا و زاراوەی جادوودا بوونی هەبوو، جۆرەکانیشی جیاوازی زیاتر لە مەبەستەکانیدا هەبوون، هەریەکەو بەنیازێک پەنایان بۆ بردووە، هەروەها مەبەست لە ئەنجامدانیشی بۆ ئامانجی جیاوازو جۆراو جۆر بووە، هەندێک بۆ زیان گەیاندن و هەندێکی دیکە بەمەبەستی سوود لێ وەرگرتن پەنایان یۆ بردووە.
$باسی سێ یەم: سزای جادوو لەیاساکانی ئێڕاقی کۆن$
بە شێوەیەکی گشتی جادوو دابەش دەبێت بۆ دوو بەشی سەرەکی، جۆرێکیان کە پێیان وابوو سوود بەخشە و ڕێگە پێدراوبوو، کە هەوڵی سوود گەیاندنی داوە بە خەڵک ئەویش (جادووی سپی) یە، بەڵام جۆری دووەمیان کە بە (جادووی ڕەش) ناسراوە لە یاسا سۆمەریەکاندا قەدەغە کراوە، وە لە یاسای بابلیەکاندا ئەو کەسەی جادووی ڕەشی ئەنجام دەدا سزای کوشتنی بەسەردا جێبەجێ دەکرا.
لەو دەقە یاساییانەی کە بەردەستن لە یاساکانی ئێڕاقی کۆن وەکو یاساکانی (ئور- نمو) . و لبت عەشتار و ئەشنونا و حەمورابی و یاساکانی ئاشوری، تەنیا لە سێ شوێن دا باسی (جادوو) مان بەرچاو کەوتووە، یەکەمیان لە یاساکانی (ئورنەموو) . لە مادەی چواردا هاتووە دەڵێت: (ئەگەر ژنی پیاوێک پەنای برد بۆ (جادوو) بە مەبەستی هەڵخەڵەتاندنی پیاوێکی تر، بەشێوەیەک کە سەرجێی لەگەڵدا بکات، ئەوا مێردی ژنەکە مافی ئەوەی هەیە کەژنەکەی بکوژێت، بەڵام دەبێت پیاوەکە ئازاد بکات) .
ئەوەی کە بووەتە سزای کوشتن بەسەر ئافرەتەکەدا، پەنا بردنی بووە بۆ کاری جادوو و هەڵخەڵەتاندن، ئەگینا کوشتنی بەسەردا نە دەسەپێنرا، چونکە یاساکانی (ئورنەموو) زیاتر پشت بە بنەمای پێ ژماردن دەبەستن نەوەک کوشتنەوە (القصاص) . بەڵام لە یاساکانی حاموڕابیدا، کە یاساکانی ناسراون بە توندی لەچاو یاساکانی تردا، لە مادەی دوو باس لەوە دەکات و دەڵێت: (ئەگەر کەسێک کەسێکی تری تاوانبارکرد بە جادوو بەڵام نەیتوانی بیسەلمێنێت، ئەوا لەوکاتەدا ئەو کەسەی کە تۆمەتبار کراوە بەکاری جادوو، دەبێت خۆی فڕێداتە ناو ڕووبار، ئەگەر لە ڕووبارەکە دا خنکا ئەوا کەسی تۆمەتبارەکە دەست دەگرێت بەسەر ماڵ و موڵکی کەسی تۆمەتبار کراودا، بەڵام ئەگەر ئەوکەسەی تۆمەتبار کراوە بە کاری جادوو کە بەسەلامەتی دەرچوو لە ڕووبارەکە و ڕووبارەکە بێتاوانی کەسی تۆمەتباری سەلماند، ئەوا کەسی تۆمەتبارکەر دەکوژرێت) .
لەم دەقەدا ئەوە دەسەلمێنێت کە جادوو (مەبەست لە جادووی ڕەش) ە، کارێکی قەدەغە کراوە ئەو کەسەی کە ئەنجامیشی بدات سزای مەرگی بەسەردا دەسەپێنرێت، چونکە کەسێک کە تۆمەتبار کرابا بەکاری جادوو دەخرایە ناو ڕووباری دیجلە یان فوڕاتەوە، بۆ بێتاوانی کەسی تۆمەتبار دەبوو لەو ڕووبارە ڕزگاری ببێت، بەڵام ئەگەر کەسێک بە ئاشکرا کاری جادوویی لێ بینرابا ئەوا سزای کوشتن بوو بێ دودڵی.
وە لە یاسای (ئاشوریەکان) دا هاتووە ئەو کەسەی کە کاری جادوو دەکات سزای مەرگی بەسەردا دەسەپێنرێت. لە مادەی (47) دا هاتووە دەڵێت: (ئەگەر پیاوێک یان ئافرەتێک هەستا بە کاری جادوو، وە ئەو تۆمەتە سەلمێنرا لە دژیان، ئەوا ئەو کەسە دەکوژرێت کە هەستاوە بە کاری جادوو) .
لەو زانیارییانەی سەرەوەدا، بۆمان ڕوون بۆوە، سزاکان لە یاساکانی ئێڕاقی کۆندا بەرانبەر جۆرەکانی ئەنجامدانی سیحردا جیاوازی بچووک لەنێوانیاندا هەیەو تەنانەت لەیاسا سۆمەریەکانیشدا کەزیاتر بەنەرم و نیان و پێبژاردن هەژمار دەکرێت، سزای توندی بۆ دانراوە. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!