ناونیشانی بابەت: هۆی چییە پێستت بووە بە لیر؟
ئامادەکردن: د. #شادیار حەمەلاو#
لیر - Urticaria
لیر: یەکێکە لە جۆرەکانی هەستیاری پێست کە درووست دەبێت کاتێک کەسەکە بەرکەوتەی بە ماددەیەک دەبێت کە هۆی سەرەکی هەستیارییە.
$لەو شتانەی کە ئەگەری هەستیاربوونت هەیە پێی$
1- خواردن:
هەرچەندە هۆیە تەواوەتییەکەی نەزانراوە، بەڵام هەندێ کەس هەستیارن بە هەندێ جۆری خواردن وەکو هێلکە، باینجان، شیرەمەنی و هەتادوایی.
2- دەرمان:
ئەگەر دەرمانێکت بە کارهێنا و تووشی لیر بووی ئەوە بە ئەگەری زۆرەوە هەستیاریت بە یەکێک لە ماددەکانی ناو دەرمانەکە هەیە.
گرنگە کە ناوی دەرمانەکە لای خۆت بنووسیت و هەرگیز جارێکی تر بەکاری نەهێنیتەوە.
3- ژینگە:
پێوەدانی مێرووەکان یان گۆڕانی پلەی گەرما یان هەندێ گژوگیا هۆکارن بۆ درووستبوونی لیر لە هەندێ کەسدا.
$بە چیدا دەزانی لیرە؟$
نیشانەکانی لیر
1- خورانی پێست کە بە خوراندن خراپتر دەبێت.
2- خورانەکە ناوە ناوە دێت و دەڕوا.
3- وەکو پەڵەی سوور لەسەر پێست دەبینرێت.
زۆربەی کاتەکان لیری پێست لە کەمتر لە چەند هەفتەیەک کۆتایی دێت بەڵام هەندێ کات لە 6 هەفتە زیاتر دەخایەنێت.
گرنگرین کار کە بیکەیت ئەوەیە کە خێرا چارەسەر وەربگریت و جارێکی تر بەرکەوتەت لەگەڵ ئەو شتە نەبێ کە تووشت دەکات. [1]