نووسەر:#حەمەسەعید حەسەن#
(ناکرێت بڵێین: شیعرمان بە لوتکە گەییشتووە، کاتێک لە بوارەیلی دیکەدا هەژار بین.) هەر ئەو وەختانەی سوکرات، پلاتۆن و ئەرستۆ فەلسەفەیان گەیاندبووە ئاستێکی بەرز، کۆمەڵگەی گریکی کۆن، لە گەلەک ڕووی دیکەوە، پێشکەوتنی گرنگی بە خۆیەوە دیتبوو، شاعیری وەک هۆمیرۆس پەیدا بوو بوو، شانۆ لە لوتکەدا بوو، یارییە ئۆلۆمپییەکان هاتبوونە کایەوە و پەڕڵەمانیش سەری هەڵدابوو. نالی وای کرد، ئەو بۆچوونە، بۆ کورد درووست نەبێت، ئاخر لە کاتێکدا ئێمە لە هەموو بوارێکدا دواکەتوو بووین، ئەو شیعری گەیاندە لوتکە.
لوتکەی بوێریی لە ددانپێداناندا ئەوەبوو، گۆنتەر گراس لە (پیازپاککردن)دا، ددانی بەوەدا نا، لە تافی لاویدا، لەگەڵ گەنجانی نازیستدا هاوکار بووە و گوتی: (ئەوە هەڵەیە کە دەڵێن، با ڕابردوو فەرامۆش بکەین و لاپەڕەیەکی تازە بکەینەوە، ئاخر ڕابردوو هەمیشە دەگەڕێتەوە لامان.) لای ئێمە ددانپێدانان، ئەوپەڕی دەگاتە ئەوەی ددان بە سووکەهەڵەیەکی خۆماندا بنێین.
عاشقی (سوبغ)ی حەقم، قوربانی ڕەنگی قودرەتم
چاوی ماوی، خاڵی شین، کوڵمی سپی، زوڵفی سیا
مامۆستا مەسعوود محەمەدی نالیناس کە لەبری سوبغ، سونع دەنووسێت، ددان بەوەدا دەنێت کە سەهوو بووە، (1) هەرچەندە مامۆستایان مەلا عەبدولکەریمی موددەڕیس و مامۆستا فاتیحی کوڕی، (سونع) بۆ ئەو جێیە بە درووست دەزانن.
سارا ڕۆمانێکە عەبباس مەحموود عەققاد نووسیویەتی، تێیدا ئەزموونی پێوەندیی سۆزداریی نێوان خۆی و ژنێک دەگێڕێتەوە، کە لە ڕاستیدا ناوی (ئەلیس داغر) دەبێت و لە بواری نووسین و وەرگێڕانیشدا چالاک دەبێت. ئەلیس کچی (لەبیبە هاشم)ی خاوەنی گۆڤاری (فتاة الشرق) دەبێت. چونکە ناوی سارا زێتر لەناو جوولەکەدا باو دەبێت و ڕەخنەی ئەوە دێتە سەر عەققاد کە شەیدای کچەجوویەک بووە، ناچار دەبێت ددان بەوەدا بنێت، ئەو ڕۆمانە ئەزموونێکی ڕاستەقینەی خۆی بەسەر دەکاتەوه و سارایش، جوولەکە نەبووە.
جەنانی وەک جینان کردم بە ماوا
(حەبیبە)ی (ماڵیاوا) ماڵی ئاوا
وەک مامۆستا مەسعوود محەمەد ڕوونی کردووەتەوە، نە لە (قەرەداغ) و نە لە کوردستاندا گوندێک بە ناوی (ماڵیاوا)وە نەبووە، زێتر ڕێی تێ دەچێت (حەبیبە)کەیش هەر ناوێکی وەهمی بووبێت. نالی کە هەجووی (مەستوورە)ی کردووە، ناوی ڕاستەقینەی ئەو خانمەی هێناوە، کەچی کە ستایشی یاری کردووە، ناوێکی وەهمی لێ ناوە! ئەمەیش هەر وەک ئەوە وایە کە (پیاو بە ئاشکرا لە ژن دەدات، بەڵام بە نهێنی ماچی دەکات!) کەواتە نالی تەنانەت ددانی بەوەیشدا نەناوە، کێی خۆش ویستووە، ئەمەیش زێتر نیشانەیەکە بۆ دواکەوتوویی کوردەواری و کەمتر پێوەندیی بە قەیرانی بوێرییەوە هەیە.
شۆپنهاوەر دەڵێت: (هەموومان لە هەمان کەشتیدا بەره و عەدەم مل دەنێین.) نیتشه پێی وایە: (کاتژمێری ژیان تا زووتر لە چرکە بکەوێت، زووتر دەسرەوین.) وەک ئەو دوو فەیلەسووفە، زانایانی ئایینیش تاک و تەرایان نەبێت، بە چاو پۆشین لەوەی سەر بە کام دینن، سەنگەریان لە جەستە گرتووە و کولتووری مەرگدۆستی بڵاو دەکەنەوە.
حەڵاڵی بێ نیکاحی حووری عەینم
بە جووتێ نازیری شەرع و فەتاوا
دەتوانین ئەو بەیتە وا لێک بدەینەوە: قەرەداغ بەهەشتە و حەبیبەیش حووری. بە گوێرەی شەرع، پیاو لە بەهەشتدا، بۆ گەییشتن بە حووری، پێویستی بە مارەبڕین نییە، بۆیە نالی کە سەیری حەبیبە دەکات، نەزەرێکی حەرام نییە. لایەنێکی گەشی شیعری نالی کە زانایەکی ئایینیش بووە، به و شیعرەشیەوە کە بۆ مەستوورەی گوتووە، داکۆکیکردنە لە جەستە و گۆرانیگوتنە بە باڵای ژیاندا.
دوککانی توحەف، (کان)ی حەیا، کانیی بەقا بێ
قوببەی لە قیبابی نوقەبا بێ، نەقوپابێ
مامۆستا مەسعوود محەمەد خۆی گوتەنی، (جنێوەکانی شێخ ڕەزای پێ شیعری تەڕوبڕە، )(2) کەچی ئەو شیعرە (مەشهوورە)ی نالی بۆ (مەستوورە)ی گوتووە و دەکەوێتە خانەی ئەدەبی گاڵتەجاڕییەوە، لە ڕوانگەی وییەوە، (زارشڕیی سەردەمی گەنجایەتییە.)(3) هەرچەندە نالی له و شیعرەیدا، قۆشمە تێکەڵ بە (بە گرنگی گرتن) دەکات و گاڵتەجاڕیی بە شێوازی چاوەڕواننەکراو بە کار دەهێنێت. به گرنگی گرتن لێرەدا، ئەو ڕەوانبێژییە بڵندەیە کە نالیی پێ ناسراوە. گاڵتەجاڕی لای نالی، قۆشمەکردنێکی ساکار نییە لەگەڵ ڕووکاری شتەکان، ڕۆچوونە بە ناخیاندا، جیاوازیی نێوان قۆشمەچی و شاعیری ئەدەبی گاڵتەجاڕی، وەک جیاوازیی نێوان کۆلارەی منداڵان و فڕۆکە وایە و ئەگەر ساتیرنووس خاوەنی تێڕوانینێکی قووڵ نەبێت، دەبێتە کلاون. پێوەندییەکی پته و لەنێوان ساتیر و هەجوودا هەیە و هەندێک جار هەجوو لوتکەی ئەدەبی گاڵتەجاڕییە. شاعیرێکی مەزنی وەک (ڤیکتۆر هوگۆ)یش بەرهەمێکی زۆری لە بواری شیعری هەجوودا، لەپاش جێ ماوە.(4)
هەی کەرێکم بوو، چ پەیکەر؟ تەیکەری هەوراز و لێژ
سینە پان و مووچە کورت و شانە بەرز و گوێ درێژ
چەندە پێم خۆش بوو زمانی حاڵی دەیگوت نالیا!
هەردوو حەیوانین، ئەتۆ گوێ کورت و ئەمنیش گوێ درێژ
شاعیر بەهۆی شیعرەوە کاریگەریەتی لەسەر خوێنەران جێ دەهێڵێت، پردی پێوەندی لەنێوان خۆی و ئەواندا هەڵدەبەستێت و بە بیر و ئەزموونی خۆی ئاشنایان دەکات. نالی کە شیعری نووسیوە، خەیاڵی لە کن خوێنەری هۆشیار بووە، وەک چۆن شیعری کەم و پوختی نووسیوە، هەر وایش خوێنەری کەم و پوختی لەبەر چاو گرتووە. کە جاروبار ساتیرەشیعریشی نووسیبێت، بۆ گاڵتە نەینووسیوە، هەر بە هەمان ئەو ئاستە بڵندەی پێی ناسراوە و هەر بە هەمان ئەو (جیددیبوون)ەوە نووسیویەتی کە نامەکەی لە غەریبییەوە بۆ سالم پێ نووسیوە. ئەرەستۆ (ئینسانی پێ حەیوانێکی بگۆ بووە، ) وەلێ ئیبن خەلدوون، پێی وابووە، (ئینسان حەیوانێکی عاقڵە.) نالییش کە ئینسانی بە حەیوانێکی گوێکورت لە قەڵەم داوه، گوتەکەی هیچی لە هیی ئەو دوو فەیلەسووفە کەمتر نییە، ئەگەر باڵاتر نەبێت. هەقە ئەوەیش بڵێم حەیوان لە کن هەر سێکیان بە مانای زیندەوەر دێت، نەک ئاژەڵ.
باس باسی شیعرە و نزیکەی هەموو ئەو زاراوانەی پێوەندییان بە شیعرەوە هەیە، (مێ)ن، وەک: قەسیدە، قافیە، کەلیمە، جوملە، صورە، نەبرە و مەلحەمه. ئەگەر ئەوەی مامۆستا مەسعوود محەمەدی هان داوە، دژی ئەو شیعرەی نالی بوەستێتەوە، ژندۆستیی بووایە، نەیدەگوت: (بارووت کە شتێکی زۆر چاکە بۆ ڕێگە پێ خۆشکردن، تا بشڵێی بەدە بۆ پیاو پێ کوشتن.)(5) پرسیارەکە ئەمەیە: ئایا بارووت تەنیا پیاو دەکوژێت؟ ئایا تەنیا پیاو ئینسانە؟ ئەدی ژن ناکوژێت؟ یان حیسابی ئینسان بۆ ژن ناکرێت؟ مامۆستا مەسعوود محەمەد لە کاتێکدا ئەوەی پێ وەک کوفر وایە، ڕەخنە لە ئەرستۆکرات بگرین، ئەوەی پێ ئاسایییە خۆی سووک سەرنجی (عەمەلە و فەللاح) بدات.(6) ئەو لە کاتێکدا وای بۆ دەچێت کورد (فیودال)ی نییە، کەچی شیعری نالی بە (زادەی فیکری ئەریستۆکراتی لە قەڵەم دەدات.)(7)
لە کاتێکدا مامۆستا مسعوود مەحەممەد خۆی ڕەخنەگرانە باس لە حاڵی حازر دەکات، (ئەوەی پێ سەیرە، ئەگەر ڕەخنەگرانە، سەرنجی ڕابردوو بدەین.)(8) بۆ ئەوەی لە ڕاستی لا نادەم دەبێت ئەوەش بڵێم: جارێک له و ڕێسایە لای داوە و زۆر ڕاستی بۆ چووە کە گوتوویەتی: (بەرزترین بلیمەتیی چەرخێک، ناتوانێت بە کەرەستەی ئەو چەرخە، تەنگوچەڵەمەی کۆمەڵایەتیی چەرخێکی تری دوای خۆی چارەسەر بکات.)(9) بەڵام ئەم پرسیارەی بێ وەڵام جێ هێشتووە: ئاخۆ ئیسلام کە نزیکەی چواردە چەرخ و نیوە، سەری هەڵداوە، کێشە کۆمەڵایەتییەکانی ئەم سەردەمەی پێ چارەسەر دەکرێت؟ ئەگەر نا، ئەدی بۆچی ئەو دروشمەی کە دەڵێت: ئیسلام چارەسەرە، هەنووکە بریقەدارترە؟
پێ ناچێت نالی قەت خۆی ناچاری نووسینی شیعر کردبێت، بەڵکوو ئەوەیان جێی باوەڕە، هەمیشە دەسەڵاتی شیعر ئەوی ناچاری نووسین کردبێت. بەڵام ئەمە به و مانایە نییە کە مامۆستا مەسعوود محەمەد بۆی چووە و دەڵێت: (ئەدەب قابلییەتێکە بەندە بە خاسییەتێکی زگماکەوە.)(10) ئاخر لەمێژە لە خۆراوا، خوێندکار بۆ ئەوە ڕادەهێنرێت ببێت بە ئەدیب و ئەوە بڕاوەتەوە کە ئەدەب پێوەندیی بە ڕاهێنان، خوێندن و ئەزموونەوە هەیە، نەک بە بەهرە و ئیلهامەوە.
نالی بە داوەشەعری، دەقیقی خەیاڵی شیعر
بۆ ئەو کەسەی کە شاعیرە، سەد داوی نایەوە.
نالی به و بەیتە، پێش هەموومان کەوتووە کە شیعری گەلێک لێکدانەوە هەڵدەگرێت. ئەدەبی نەمریش ئەدەبێکە، زیاتر لە لێکدانەوەیەک هەڵبگرێت، بەڵام ئەم بۆچوونە مەرج نییە، بۆ هەموو بەیتێکی نالی درووست بێت.
دڵ دەڵێ سەیری چەمەن خۆشە، جەوابی نادەم
مودەتێکە لە قەفەزدایە، عەزابی نادەم.
له و بەیتەدا (جەوابی نادەم، ) بە مانای (دڵی ناشکێنم، ) یان بە قسەی دەکەم، دێت، مامۆستا مەسعوود محەمەد، بێ ئەوەی ناوی کەسی هێنابێت، بانگەشە بۆ ئەوە دەکات، هەندێک (جەوابی نادەم)یان، بە (جەوابی نادەمەوە، ) لێک داوەتەوه! هەر هیچ نەبێت، نزیکەی هەموومان، ئەوەمان ژنەفتووە کە بەشیر موشیر لە ژنەکەی جودا بووەتەوە، گوتوویەتی: (عەرەب دەرچوو، جەوابم دا.) کەچی مامۆستا مەسعوود مەحەممەد، خۆی بە دەست لێکدانەوەی (جەوابی نادەم)ەوە کە ئاسانە، ماندوو کردووه. ڕاستە نالی لە زۆربەی شیعرەکانیدا داوی ناوەتەوە، وەلێ له و بەیتەدا، نا.
محەمەد ئیقبال یەکێکە له و شاعیرە مەزنانەی دنیای ئیسلام کە قورئان سەرچاوەی شیعری بووە. لەنێو کورددا، هیچ شاعیرێک هێندەی نالی هونەرمەندانە مامەڵەی لەگەڵ قورئاندا نەکردووە. یەکێک لە لایەنە جوانەکانی لێکدانەوەکانی مامۆستا مەسعوود محەمەد، بۆ شیعری نالی، بەسەرکردنەوەی ئەو پێوەندییە هونەرییەی نێوان شیعری نالی و قورئانە.
(جامی تاقی مەیکەدە، میشکاتی قیندیلی دڵه)
شیشە پڕ قەرقەف لە ڕەفڕەف، شاهی عالی ڕەفڕەفە.
کە دەبێتە:
پیاڵەی تاقی مەیخانە، تاقی چرای دڵه. (میشکاتی قیندیلی دڵه، ) له و ئایەتەوە وەرگیراوە کە دەبێژێت: (کمشکاة فیها مصباح.) کە نالی لەبری میسباح، (قیندیل)ی داناوە، بە گوێرەی لێکدانەوەی مامۆستا مەسعوود محەمەد کە ڕاستی بۆ چووگە، موزیکی شیعرەکە بەهێزتر بووگه.
برق البصر لەبەر بەرق و تەلەئلوئی لەئالی
خسف القمر لە ئیشراقی قیامەتی جەمالی
(ددانی چاو ئەبڵەق دەکات و دەرکەوتنی ڕۆژی ڕووی، دەبێتە هۆی مانگگیران کە نیشانەی هەڵسانی قیامەتە.) وەک مامۆستا مەسعوود محەمەد ئاماژەی بۆ کردووە، له و بەیتەدا، بۆ وەسفی یار، سوودی لە ئایەتی (حتی إذا برق البصر و خسف القمر، ) وەرگرتووە.
لادە دەسرۆکەیی هەوری لە جەبین
دەرکەوێ شەمس و قەمەر، نوور و ضیا
لێرەیشدا سوودی لە ئایەتی (وجعلنا الشمس ضیاء والقمر نورا) وەرگرتووە.
ئەبو عەلای مەععەری دەڵێت:
تەنیا دوو جۆر ئینسان دەژین
لەسەر ڕووی ئەم گۆی زەوینە،
ئەمیان دینداری بێ عەقڵە،
ئەویان عاقڵی بێ دینە.()
نە لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا، هیچ دیندارێک هێندەی نالی عاقڵانە، قورئانی لە شیعردا وەگەڕ خستووە، نە هیچ باسکارێک هێندەی مەسعوود محەمەد وردبینانە، ئاوڕی له و مەسەلەیە داوەتەوە. پاولۆ کۆیلو بۆ نۆڤلیتی حاجی کۆمپۆستێللا کە بە سێ هەفتە نووسیویەتی، چوار ساڵ زانیاریی کۆ کردووەتەوە. ئەوی نیازی هەبێت لە بواری لێکدانەوەی شیعری نالیدا، جێدەستی دیار بێت، ئەگەر بڵێم، دەبێت چواردە ساڵی ژیانی بۆ تەرخان بکات، زۆرم نەگوتووە.
مامۆستا مەسعوود محەمەد هێندە بە شیعری نالی سەرسامە، جاری وایە، بە (دەک ماڵت شێوێ نالی!)(11) هەستی خۆی دەردەبڕێت کە ناکەوێتە خانەی هەڵسەنگاندنی ئەدەبییەوە. ئاخر ئیشی ڕەخنەگر ئەوە نییە، بڵێت فڵان شیعر جوانە، ئیشی ئەوەیە پێمان بڵێت: ئەوە چییە وای کردووە فڵان شیعر جوان بێت. نالی و حاجی قادر کە وەک دوو شاعیری کلاسیک ناویان ڕۆییشتووە، مامۆستا مەسعوود محەمەد وەک دوو شاعیری ڕۆمانتیک بە خوێنەریان دەناسێنێت و ڕاستیشی بۆ چووە. نالی کە بایەخی بە یەکیەتیی بابەت داوە، بەڵگەیەکە بۆ ئەوەی شیعری ڕۆمانتیکی نووسیوە، ئاخر لە کلاسیکدا هەر بەیتە بابەتێک بەسەر دەکاتەوە.
مساوی و وەک یەک و لوولن، لە هەردوو لاوە زولفەینی
نموونەی عەکسی حەرفی نوون و میم و واوە زولفەینی
مامۆستا مەسعوود محەمەد، هێندە وردبینانە ئەم بەیتە لێک دەداتەوە، خوێنەر تووشی حەپەسان دەکات. ڕەنگە ئەوەیان ئاسان بێت کە هەردوو زوڵفی لوولی یار، وەک یەک بن، ئەوەی سەرنجڕاکێشە، (وک یک و) (بە ڕێنووسی سەردەمی نالی) ئەگەر لە لای چەپیشەوە بۆ ڕاست بیخوێنینەوە، هەر دەبێتەوە بە وەک یەک (وک یک و.) (لوول) یش هەروەها، لە هەر لایەکەوە بیخوێنینەوە، هەر دەبێتەوە بە لوول. کەواتە مەبەستی نالی لەوەی (لە هەردوو لاوە یەکسانن، ) هەر زوڵفەکان نییە، (وەک یەکو) و لوولیشە. لە نیوەی دووەمی بەیتەکەیشدا هەمان هونەر هەیە، هەر سێ حەرفی نوون و میم و واو، بە پێچەوانەیشەوە بیانخوێنینەوە، هەر دەبنەوە بە نوون و میم و واو. ئەوەیش هەر جێی سەرنجە کە لە وشەی (نموونەی) سەرەتای نیوەی دووەمی بەیتەکەدا، هەمان سێ حەرف، (نوون و میم و واو) بە هەمان ڕیزبەندی هەنە. وەک ڕێزمان دەبوو بڵێت: نموونەی عەکسی حەرفی نوون و میم و (واون) زولفەینی، بەڵام ئەوسا سەروا نەدەهاتەوە. قەت وای بۆ ناچم ئەوە غەفڵەت بێت، ئاخر ئەوێک کە بڵێت:
مەمخەرە هاویەیی هەولی فیراق
دەستی من دامەنی تۆ، ڕۆژی قیا
ئەوێک لەبەر قافیە، دەست لە نیوەی قیامەت هەڵبگرێت، لە گۆڕینی حەرفێک سڵ دەکاتەوە؟ لای مامۆستا مەسعوود محەمەد، ئەو هەڵسوکەتانەی نالی، زادەی ئەوە بوون، لە بواری مامەڵەکردن لەگەڵ وشەدا، خۆی بە ئوستاد زانیوە. بۆ ئەوەی خوێنەر چێژ لە شیعرەکەیش ببینێت، دەڵێم، هاویە، توون یان خەرەندە و (هەول)یش ترس. مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی موددەڕیس ئەو هاویەیەی بە دۆزەخ لێک داوەتەوە، دۆزەخی دووری.
هەرچەندە نالی لە بواری ئیسلامناسیدا زانا بووه و لە (شیعر)ەکانیدا سوودێکی زۆری لە (شەرع) وەرگرتووە، بەڵام ئەوە عیشقە ئەوی کردووە بە شاعیر نەک شەرع. ئاخر ئەگەر شەرع هەوێنی شیعر بووایە، هەموو مەلایەک شاعیری لێ دەردەچوو.
(بێ نییەتی) تەقبیلی دەمت، عاتیلە ڕۆژووم
بێ حەزرەتی میحرابی برۆت، باتیلە نوێژم
ئەگەر نیازی ئەوەم لە دڵدا نەبێت، بە ماچی دەمت ڕؤژوو بشکێنم، ڕۆژووم درووست نابێت، ئەگەر لە میحرابی برۆی تۆدا نوێژ نەکەم، ئەگەر ڕووم لە قیبلەی ڕووخساری تۆ نەبێت، نوێژم بەتاڵه. نالی لەمێژە کۆچی دوایی کردووە، ئەگەر هەنووکە لە ژیاندا مابا، ڕەنگە لەسەر ئەو شیعرە خوێنی حەڵاڵ کرابا. هەرچەندە (نییەت) کە زاراوەیەکی فیقهیشە، لەوێدا گونجاوترە، کەچی لای مامۆستا مەسعوود محەمەد بەیتەکە بە (بێ سوننەتی) دەست پێ دەکات.
10/4/2012
هەولێر
(1) مەسعوود مەحەممەد، چەپکێک لە گوڵزاری نالی، ل161 چاپی دووەم، دەزگای ئاراس 2007 هەولێر.
(2) هەمان سەرچاوە 196
(3) سەرچاوەی پێشوو ل81
(4) د. کفاح درویش، الأدب السیاسي الساخر، القدس العربي 26/2/2012 لندن.
(5) سەرچاوەی یەکەم، ل 99
(6) ل 100 سەرچاوەی یەکەم.
(7) ل 130 سەرچاوەی یەکەم.
(8) ل 108 سەرچاوەی یەکەم.
(9) ل129 سەرچاوەی یەکەم.
(10) ل6 سەرچاوەی یەکەم.
(11) ل61 سەرچاوەی یەکەم.
(12) مەلا عەبدولکەریمی موددەڕیس و فاتیح عەبدولکەریم، دیوانی نالی، کۆڕی زانیاریی کورد 1976 بەغدا.
(13) د. مەحەممەد نووری عارف، فەرهەنگی دیوانی شاعیران (نالی، سالم و کوردی) دەزگای ئاراس 2009 هەولێر.
() اثنان أهل الأرض ذو عقل بلا.... دين وآخر ديّن لا عقل له.[1]