نووسەر: دکتۆر #عادل باخەوان#
فەرەنسا، یەکێکە له و پێنج وڵاتە هەرە بەهێزەکەی جیهان، ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشە، شەست و پێنج ملیۆن و سێ سەد و پەنجا هەزار کەسە، یەکێک لە گەورە بەرهەمهێنەرەکانی زانستە لە جیهاندا، وڵاتێکە بە نۆسەد و پەنجا هەزار توێژەرەوە کە بەلای کەمەوە هەر توێژەرێک خاوەنی دکتۆرایەکە، فەرەنسا دەتوانێت لەسەر هەموو ئاستەکاندا : سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، وەرزشی، کولتووری، زانستی، ئەدەبی، کارایی بەسەر جیهانەوە دابنێت. لە وڵاتێکی ئاوادا، تاچەند ئێمەی کورد دەتوانین، وەک ئەرمینی، جوولەکە، تورک و مەغریبیيەکان، خۆمان وەربگێڕینە سەر هێزێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی کاراییدانەر و لە ساتە پێویستەکاندا ئەم وڵاتە بۆ بەرژەوەنديیە باڵاکانی کوردستان و کوردایەتی بەکاربێنین؟
لە شەریف پاشەوە تا کرێکارە ڕەش و ڕووتە کوردەکانی ئەمڕۆی پاریس، کورد پێی لەم وڵاتە نەبڕیوە. پاریس هەمیشە یەکێک بووە له و پانتاییانەی کە سیاسی و ڕۆشنبیران و تەنانەت کرێکارانی کوردیش ڕوویان تێکردووە. ئەم مێژووەش تەمەنی له سەدەیەک تێدەپەڕێت. ئەوەی جێگای وردبوونەوە و ڕامانە لاوازیی و کرچ و کاڵیی ئامادەیی سیاسی و کۆمەڵایەتيی کورديیە لەم ڕووبەرەدا. ڕاستە کە مێژووی ئێمە لەم وڵاتەدا سەدەیەک تێدەپەڕێنێت، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە ئەم سەدەیە، بە بەراورد لەگەڵ ئامادەیی ئه و گرووپانەی کە پێشتر ناومانهێنان، سەد ساڵە لە شکستی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و تەنانەت زانستییشدا.
پەیوەنديیە سیاسیيەکانی ئێمە لەم وڵاتەدا ئه و بازنەیە تێناپەڕێنن کە پێکهاتووە لە چەند کۆنە سەفیرێکی خانەنشین، چەند دیپلۆماتێکی پەراوێزکراو یاخود چەند سیاسیيەکی میدیاتیک کە بۆ دەرکەوتنی زیاتر لە تەلەفزیۆنەکاندا هەمیشە باس لە قوربانیيەکان، بە ئێمەی کوردیشەوە، دەکەن. ئەم بازنە تەسک و بچووکە، لە ڕووبەرێکی تەواو سنورداردا نەبێت هەرگیز ناتوانن بجوڵێنرێن و کاری گەورەی پێناکرێت. ئەوەی نوێنەرایەتی سیاسی ئەرمینیەکان توانی بە پەرلەمانتارە فەرەنسیيەکانی بکات سەبارەت بە جینۆسايدی ئەرمینی، بۆ نوێنەرایەتی سیاسی کرچوکاڵی کورد بە خەونیش نابینرێت. نوێنەرایەتيی کورد تا ئێستاش لەسەر گۆڕەکەی #دانیال میتێران# دەگری و تێنەگەشتووە لەوەی کە دنیای تازە، دنیای پۆست دانیال میتێرانە و بەبێ تۆڕێکی فراوانی سیاسی نیشتمانی تەمەنی کاراییمان لە تەمەنی پەپولەیەک زیاتر نابێت.
لەسەر ئاستی (کۆمەڵگەی مەدەنی)، ئامادەیی کوردی نەک هەر کرچ و کاڵ و لاوازە، بەڵکو هەر بونیشی نییە. بە بەراورد لەگەڵ ئەرمینیەکان، جولەکەکان، مەغریبیەکان و تورکەکان کە خاوەنی سەدان ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنین : ڕێکخراوی ئافرەتان، لاوان، خوێندکاران، ڕۆشنبیران، کرێکاران، مامۆستایان، هتد. هەموو کوردەکانی #باشوری کوردستان#، ئەوەندەی من ئاگام لێبێت تەنيا ڕێکخراوێکیان هەیە کە ئەندامەکانی لە پەنجەی دەست تێناپەڕێن و نەک هەر پشتگیری ناکرێت، بەڵکو بە تووندیش دژایەتی دەکرێت. ئێمە هەزاران کوردمان لە شارەکانی وەک پاریس، لیۆن، مارسیلیا، لیل، بۆردۆ، نیس، کلێرمۆ، ستراسبورگ، تولوز، ...هەیە. بەشێکی زۆری ئەم کوردانە لە فەرەنسادا خێزانیان دروستکردووە وبە قووڵایی کۆمەڵگەی فەرەنسیدا شۆڕبوونەتەوە. گەر نوێنەرایەتيی کوردی لە فەرەنسادا خاوەنی پرۆژەیەکی ستراتیژی بووایە، دەیتوانی تۆڕێکی فراوانی کۆمەڵایەتی لەم سەرمایە بەشەريیە دروستبکات و لەڕێگای ئەم تۆڕەشەوە دەستکاريی وێنەی کوردی لە یادەوەريی کۆلێکتیڤی فەرەنسیدا بکات. بەڵام بەداخەوە لە ئامادەنەبوونی پرۆژەیەکی لەم جۆرەدا، فەرەنسییە کوردەکان وەک ئەتۆم پەرشوبڵاوبوون و هیچ شتێک بەیەکیانەوە نابەستێتەوە.
لەسەر ئاستی زانستيی تراژیدیا ئێمە هیچی لە ئاستەکانی دیکە کەمترنيیه.مێژووی نوێنەرایەتيی ئێمە ناتوانێت فەرەنسای پیەر بۆردیۆ، ئالان تورێن، لوک بۆلتانسکی، ڕێجیس دوبرێ، میشێل فوکو، جاک دێریدا، جیل دولوز، ئۆلیڤەر ڕوا، جیل کەپێل، دانیال ئێرڤیۆ لێژێ و هەزاران گەورە زانای دیکە، ببینێت. ئەوەی ئەم نوێنەرایەتیيە دەیبینێت تەنيا چەند (بەحساب) ڕۆشنبیرێکە کە خاوەنی هیچ پێگەیەکی زانستی نین لە نێو کێڵگەی زانستیی فەرەنسیدا. مێژووی نوێنەرایەتيی ئێمە بریتیيە لە مێژووی نزیکبوونەوە له و کەسانەی کە لە پەراوێزەکانی زانستيی فەرەنسیدا دەژین. باشترین بەڵگەش ئه و ڤیستیڤاڵ و بۆنه و بەیەکگەشتنانەیە کە لە کوردستاندا ئەنجامدەدرێن وهەندێک فەرەنسی بەشداریپێدەکەن کە بە دەگمەن لە پەراوێزەکانی کێڵگەی زانستیشدا دەبینرێن. لەکاتێکدا ئه و سەرمایەی کە لەم جۆرە کەسانەدا سەرفدەکرێت، دەکرێت بەکاربهێنرێت بۆ هێنانی پیاوانی وەک ئالان تورێن، هابرماس یان ئۆلیڤەر ڕوا کە نەوەیەک لە کوردستان خەون بە دیداریانەوە دەبینێت.
بێگومان ناکرێت لە بابەتێکی وادا ئاماژە به و شەپۆلە خوێندکارە نەدەین کە ساڵانە ڕوودەکەنە فەرەنسا و لە زانکۆ جیاوازەکاندا دەست بە خوێندن دەکەن. گەر عەقڵی سیاسيی کوردی لە فەرەنسادا خاوەنی جیهانبینيیەکی بابەتیانە و پرۆژەیەکی ستراتیژيی نیشتمانی بووایە، زۆر بە ئاسانی دەیتوانی لەم هەزاران خوێندکارە بزووتنەوەیەکی خوێندکاریی بەهێز لەسەر ئاستی فەرەنسادا دروستبکات. بزووتنەوەیەک کە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەیتوانی (دەتوانێت) ببێت بە خاوەنی سەدان دکتۆر لە سۆسیۆلۆژیا، زانستە سیاسیەکان، ئەنترۆپۆلۆژیا، ماف و یاسا، جيۆگرافی، پزیشکی، ئەندازیاری، فەلسەفە، ...، لەهەلومەرجێکی ئاواشدا، نەک هەر بەتەنيا وەڵامی پێداویستیيەکانی زانکۆکانی کوردستانی دەدایەوە، بەڵکو ئەم بزووتنەوەیە دەیتوانی ببێت بە هێزێکی چالاکی کشاو بەنێو تەواوی موختەبەرە زانستیە فەرەنسیەکانیشدا. لە کرچوکاڵیی عەقڵی سیاسيی ئێمەدا، ئەم بزووتنەوەیە نەک هەر دروستنەبووە، بەڵکو بەشێکی زۆری ئه و خوێندکارانەش کە گەشتونەتە فەرەنسا، لە ئاستی جیاوازدا تووشی نەخۆشيی دەروونی بوون و دوورنيیە کە لەداهاتوودا تەنانەت دیاردەی خودکوژیش لەنێویاندا سەرهەڵبدات. عەقڵی سیاسيی ئێمە، لەبری باوەشکردنەوە بۆ ئەم خوێندکارانە، لەبری دەستنیشانکردنی (یاریدەدەری کۆمەڵایەتی) بۆیان بۆئەوەی هاوڕێیەتیيان بکات و فێری چۆنیيەتی تێکەڵبوون بە کۆمەڵگەی فەرەنسیان بکات، بەخۆیانیان دەسپێرێت و بەرەلڵای نێو کۆڵانەکانی مۆدێرنیتێی فەرەنسیان دەکات.
بێگومان ئەم شکستانە، لە ئێستا و ئێرەدا بینانەکراون و پەیوەنديیان بە کەسێکی تایبەتەوە نیيە، بەپێچەوانەوە، ئەم شکستانە لەنێو مێژوویەکی درێژدا دروستبوون و هەر لەنێو ئه و مێژووەشدا، بە ئێستاشەوە خۆیان دووبارەدەکەنەوە. دەستنیشانکردنی کەسێکی تایبەت بۆ ئەوەی وەک مەسیح هەموو ئەم شکستانەی بخرێتە سەر شان، هەڵەیە، بەڵام بەردەوامی هەر کەسێکیش لەسەر هەمان ئه و سیستەمی کارکردنەی کە ئەم شکستانەی بەرهەمهێناوە ڕاستەوخۆ دەیکات بە (بەرپرسیار) لە بەشێکی گرنگ لەم شکستانە.
ئایا ڕێگایەک هەیە بۆ چوونەدەرەوە لەم قەیرانە یەک لەدوای یەکانە کە هەموو ئاستەکانی گرتووەتەوە ؟ هەر چەند لەسەر ئاستی پراکتیک هیچ ئاماژەیەک بەڕێوە نيیە بۆ ئەوەی عەقڵی سیاسيی کوردی لە فەرەنسادا ئەم قەیرانانە تێبپەڕێنێت، بەڵام هەر هیچ نەبێت لەسەر ئاستی تیۆری دەکرێت ئێمە پێشنیاری بۆچوونێک بۆ چوونە دەرەوە لەم کۆڵانە داخراوە بکەین. ئەم بۆچوونەش دەکرێت لەسەر ئه و پرانسیپە بینابکرێت کە عەقڵی سیاسيی کوردی لە فەرەنسادا دەبێت عەقڵێکی نیشتمانی بێت و سنورە تەسکەکانی تاکەکەس، حیزب، گروپی دروستکراو لەسەر بنەمای هاوڕێیەتی، نەوەی کۆن، نەوەی تازە تێبپەڕێنێت. پاشان ئەنجومەنێکی نیشتمانيی کوردی لە فەرەنسادا دروستبکات و کاری سەرەکی بریتی بێت لە دروستکردنی پرۆژەی ستراتیژی بۆ هەموو ئه و مەیدانانەی کە ئاماژەمان پێکردن و لە نزیکەوە چاودێريی چۆنیيەتی جێبەجێکردنیان لەلایەن نوێنەرایەتيی حکومەتی هەرێمەوە بکات. ئەستەمە به تەنیا کەسێک، جا ئیتر هەر کەسێک بێت و لە هەر ئاستێکی حیزبی و حکومیدابێت، بتوانێت لە ژوورێکی داخراودا ئەم هەموو بەرپرسیاریەتیيە بگرێتە ئەستۆی خۆی، گەر هەر کەسێک ئارەزووی ئەوەبکات کە ئەم جۆرە کەسە بێت بێگومان دەیەوێت مێژووی ئەم قەیرانانە بەردەوامبێت. بەڵام لە هەلومەرجی وەرگرتنی ئەم پێشنیارەی ئێمەدا، ئیتر لە کاری تاکە کەسیيەوە، پرۆژەی تاکە کەسیيەوە، بەرپرسیاریی تاکە کەسیيەوە دەپەڕینەوە بۆ کاری دەزگایی، پرۆژەی دەزگایی وبەرپرسیاريی دەزگایی. پێموایە گەر عەقڵی سیاسیی کوردیش لە فەرەنسادا، لەبەر بەرژەوەنديیە دابەشبووە جیاوازەکانی، ئەم پێشنیارەی بۆ هەرس نەکرێت و جێبەجێی نەکات، ئەوا سەرۆکایەتيی هەرێم و سەرۆکایەتبی حکومەتی هەرێم، لە پێناوی بەرژەوەنديیە باڵاکانی کوردایەتیدا دەبێت بەسەر هەموو لایەکیدا فەرز بکەن، گەرنا هەموومان پێکەوە، دەلکێین بە مێژووی ئەم شکستە یەک لەدوای یەکانەوە.
سۆسیۆلۆگ و مامۆستای زانکۆ لە پاریس[1]