$ئیسلام کەی و چۆن و بۆ بەسیاسی کرا؟ (بەشی یەکەم)$
نووسینی: #شێرکۆ کرمانج#
$بەشی یەکەم$
بڵاوبوونەوە و تەشەنەی ئیسلام و پێویستیی دەوڵەت
لەگەڵ هاتنەسەر حوکمی عومەری کوڕی خەتاب (ف. 634-644)، دەسەڵات و قەڵەمڕەوی ئیسلام گەشەیەکی بێوێنەی بەخۆوەدیت و ژمارەی ئەو کەسانەی عارەب و غەیرەعارەب، بە خۆشی یان بەزۆر، هاتنەسەر دینی ئیسلام یەکجار زۆر زیادیکردو قەڵەمڕەوی ئیسلامیش بۆ باکووری ئەفریقیاو باکووری شام و ناوەڕاستی ئاسیا درێژ ببووەوە.
ئەو پێشهاتە بارودۆخێکی ئابووری-کۆمەڵایەتی-سیاسیی لەگەڵ خۆی هێنایە گۆڕێ کە فەرمانڕەواو دەسەڵاتدارانی ئیسلامی ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشەی نەک هەر ئەمنی و ئاساییشی بگرە داراییش کردەوە. سەردارە سەربازیەکانی موسڵمانان بە سەرداری باوەڕداران (أمیر المٶمنین) یشەوە لە شەڕوشۆڕ و هێرشەکانیاندا لە غەزوەکان دەسکەوتی زۆریان بەدەستدەهێنا ، بەمەش سەروسامانیان هێندە زیادی کردبوو لە ئەژمار نەدەهات. بە گۆتەی ئیبن خەلدون دەستکەوتەکان گەیشتنە ئەو ڕادەیەی سەرداری واهەبوو، تەنیا لە یەک شەڕدا دەستی بەسەر 3000 لیرەی زێڕدا دەگرت. ئیبن خەلدون لە زاری مەسعودی (مێژوونووسێکی بەناوبانگی ئیسلام) دەگێڕێتەوەو دەڵێت لە ڕۆژگاری عوسمانی کوڕی عەففان (ف. 644-656) خەلیفەی سێیەم:
یاوەرانی پێغەمبەری موسڵمانان ببوونە خاوەنی موڵک و پارەیەکی زۆر. عوسمان کە کوژرا 150000 دینار و 1000000درهەم لای ژمێریارەکەی هەبوو. بەهای ئەو موڵکانەی لە وادی قورا (وادی القری) و حونەییا هەیبوو، دەگەیشتە 200000 دینار، ئەو چەندان حوشتر و ئەسپیشی لەدواجێما. هەشتیەکی موڵکی زوبێر پاش مردنی عوسمان دەگەیشتە 50000 دینار. ئەو دوای مردنیشی 1000 ئەسپ و 1000 خزمەتکاری ژنی لەدواجێما. داهاتی تەڵحە لە ئێڕاق لە ڕۆژێکدا 1000 دینار بوو و لە ناوچەی ئەلشەرەحیش لەوە زیاتر بوو.
تەویلەکەی عەبدولرەحمانی کوڕی عەوف 1000 ئەسپ و 1000 حوشتر و 10000 مەڕی تێدا بوو. دوای مردنی تەنیا چواریەکی موڵکی دەگەیشتە 84000 دینار. زەیدی کوڕی سابت جگە لە موڵک هێندەی پارچە زێڕو زیو لەدوای خۆی بەجێهێشت کە بەهاکەی دەگەیشتە 100000 دینار. زوبێر خانوی نیشتەنی (إقامە) لە بەسرە، میسر، کوفە و ئەسکەندەریە درووستکردبوو. تەڵحە دانەیەکی لە کوفە درووستکردو خانوەکۆنەکەی مەدینەشی بەبەکارهێنانی پلاستەر و کەرپوچ و دارساج نۆژەن کردبۆوە. سەعدی کوڕی ئەبی وەقاس خانوێکی لە ئەلئەقیق (گەڕەکێکی مەدینە) درووستکرد. بەبەکارهێنانی کاریتە لەسەرەوە خانوەکەی زۆر بەرزو فراوان کردبوو. میقداد خانوەکی لە مەدینە درووست کرد دەرەوە و ناوەوەی لە پلاستەر بوو. یەعلای کوڕی مونەییە 50000 دینار و بایی 300000 درهەم موڵکی لەدواجێما.
قەبارە و زۆریی دەسکەوتەکان خەلیفەو سەردارانی موسڵمانی ناچارکرد بەدوای ڕێگە چارەیەک بۆ چاودێری و بەڕێوەبردنی ئەو سامانە لەژمارنەهاتووە بدۆزنەوە.
ئا لێرەدا دەبێت ئاماژە بەوەش بکرێت، کە لەو قۆناغەدا وەک ئیبن خەلدون دەڵێت، نەخوێندەواری زەقترینی ئەو سیفەتانەبوون کە عارەبی پێدەناسرایەوە، نەک هەر ئەوە عارەبەکان لە ژیانی ڕۆژانەشیاندا زۆر سادە بوون. بۆنموونە ئەبوموسا کە موسڵمانێکی دیاری سەردەمی بەرایی ئیسلامە، خواردنی مریشکی ڕەتکردۆتەوە، چونکە عارەبەکان قەت مریشکیان نەدیتبوو. عارەبەکان گەنمیان بە قڵچغەوە دەخوارد، چونکە بێژینگیان هەرنەبوو. لەبەرئەوە پێویستیان بە بەهانا هاتن و یارمەتی ناعارەبەکان بوو، تاوەکو کاروبارەکانیان بۆ جۆر بکەن و ئەو دامودەزگایانەشیان بۆبەڕێوەبەرن کە پێویستیەکانی ڕۆژانە دەیهێنانە پێش.
دەبێت ئەوەش بگوترێت بۆ سەرکوتکردنی ئەو یاخیبوانەی هەر لەگەڵ مردنی پێغەمبەری موسڵمانان سەریانبزوت، پێویستیی دەسەڵات و دەزگای سەربازی (المٶسسە العسکریە) لەپێش هەموو دامودەزگا دەوڵەتیەکانی دیکە هات. ڕاستی ئەمە لە گۆڕینی نازناوی عومەری کوڕی خەتاب لە خەلیفەوە بۆ ئەمیرلموئمنین دەردەکەوێت. چونکە ڕابەری هێزە سەربازیەکان لەناو عارەبان بە سەردار (أمیر) ناو دەبردرا.
لە قۆناغە سەرەتاییەکانی ئیسلام هیچ بەڵگەیەکی وا لەبەردەستدا نیە، کە نیشانەی بوونی فۆرمێکی سیستیماتیکی باج کۆکردنەوەو نامەو نامەگۆڕینەوە هەبووبێت، تەنانەت پڕۆسەی بەڕێوەچوونی کاروبارێکی سیاسیی ئەوتۆش بەدیناکرێت، کە پێویستیی بە بوونی سکرتاریەت بووبێت. مەبەست لە سکرتاریەت ئەو کەس و دەزگایانەن کە کارئاسانیان بۆ خەلیفە کردبێت، ئەمەش لەبەرئەوە بووە کە سەرەتا خەلیفە سەرقاڵی کاروبارە دینییەکان بوو زیاتر لە کاروبارە سیاسییەکان. دیارە ناکرێت هەرئەمانە بە هۆکار دابنرێن، چونکە هۆیەکی دیکەی گرنگ ئەوەیە کە عارەبەکان لە سەردەمی خەلیفەکانی ڕاشدین و قۆناغە سەرەتاییەکانی دەوڵەتی ئەمەوی، بەڕادەیەکی زۆر بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەتە ساواکەیان پابەندی فۆرم و نەریت و چەمک و پراکتیزە خێڵەکیە باوەکانی عارەبان بوون. لەگەڵ تەشەنە و بڵاوبوونەوەی ئیسلام، چەمک و فۆرم و پراکتیزە عارەبییەکان ناکامڵی و کەمتواناییان بۆ بەڕێوەبردنی ئیمپراتۆریەتە ڕۆژبەڕۆژ فراوانبووەکەی ئیسلامی لەخۆنیشاندەدا. لەبەرئەوە سوودوەرگرتن لە فۆرمی باڵاو گەشەکردوی بەڕێوەبردن بوو بە پێویستیی ڕۆژ.
پێویستبوونی دامودەزگا فەڕمیەکانی دەوڵەت، پێش هەمووشتێک لە دامەزراندنی دیوان دەرکەوت. دیوان وشەیەکە ئەسڵەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زمانەکانی ڕۆژهەڵاتی نزیک (هیندی و ئێرانی)، بەمانای تۆمارکردن یان بەشی دارایی دێت. ئیبن خەلدون لە پەڕتووکی المقدمە (پێشەکی) ئاماژە بەوە دەکات کە دیوان لە ئەسڵا نە عارەبیە و نە ئیسلامی، تەنیا لەو وڵاتانە هەیە کە دەسەڵاتی دنیایی تیایدا زاڵە. دیوان بوو بەدەزگای کۆکردنەوەی باج و سەرانەکان ، بۆ دابینکردنی خەرجیەکانی هێزە سەربازیەکان و پێداویستیە لۆجیستیکەکانی دیکەی شەڕ وشۆڕەکان، لەوانە هێرشەکان بۆ فراوانکردنی سەرزەوی ئیسلام لەگەڵ ئەو هێرشانەش کە دەکرانەسەر یاخیبوان، وەک زەندیقەکان.
عومەری کوڕی خەتاب لەناو موسڵمانان بە یەکەم دامەزرێنەری دیوان دادەنرێت، ئەو دیوانی لەسەر پێشنیازێکی خالیدی کوڕی وەلید (سەرداری بەرەی شامی هێزی موسڵمانان) دانا. گوایە خالید بە عومەری گوتوە من دیومە فەرمانڕەوایانی شام دیوانیان هەیەو عومەریش پێشنیازەکەی قبوڵکردووە. هەندێکی دیکە دەڵێن ئەلهورموزان (سەرداری بەرەی ئەهوازی هێزی موسڵمانان) بیرۆکەی دیوانی خستۆتەپێش عومەر بەمەبەستی ڕێگرتن لە دزینی پارەو خۆدزینەوە لە لەشکری موسڵمانان. هەرچۆنێک بێت، تاسەردەمی عەبدولمەلیکی کوڕی مەروان (ف. 685-705)ی خەلیفەی ئەمەوی، زمانی سەرەکی لە دیوان، نووسین بەتایبەتی، لە هەرێمەکانی ئێڕاق بە فارسی و لە شام یۆنانی بووە، ئەمەش هێندەی دیکە ناڕەسەنیەتی ئەم چەمک و دامەزراوەی دیوانە لە کەلتورو پراکتیزە عارەبیە-ئیسلامییەکان دەردەخات.
هاوشێوەی دامەزراوەی دیوان، نووسینگەی وەزیر (دەزگای ڕاپەڕاندنی کارەکان) وەک دامەزراوەیەک لە قۆناغە سەرەتاییەکانی حوکمی عەباسیەکان دەستبەکاربوو، کە بە میرات لە ئێرانیەکانەوە بۆیان بەجێمابوو. دەبێت ئەوەش بگوترێت کە وەزیر وشەیەکی ئێرانیی پەهلەویەو بە مانای دادوەر (قازی) دێت.
هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوەدەکەن، گوایە پێغەمبەری موسڵمانان کەسانێکی لە یاوەرانی وەک قازی بۆ هەندێک ناوچە ناردوە، بەڵام سەرچاوەکان کۆک نین لەسەر ئەم قسەیە. بۆنموونە هەندێک سەرچاوە دەڵێن کە پێغەمبەری موسڵمانان عەلی کوڕی ئەبی تاڵیبی بۆ یەمەن ڕەوانەکرد، تاوەکو ببێت بە قازی؛ یەکێکی دیکە دەڵێت تاوەکو زەکات و پێنجیەکانەیان (خومسیان) لێوەرگرێت؛ هەندێکیش دەڵێن مەعازی کوڕی جەبەل بۆ یەمەن ڕەوانەکرا، نەک عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب، یەک دەڵێت بۆ ئەوەی ببێت بە قازی و یەک دەڵێت بۆ داگیرکردن، یەکێکی دیکەش دەڵێ وەک ڕێنیشاندەرو مامۆستا ڕەوانەکرابوو. کۆی ئەم قسانە ئەوە دەردەخات کە لە سەردەمی پێغەمبەری موسڵمانان پێناچێت دامەزراوەیەکی فەڕمی دادگا هەبووبێت، کە یەکێک لە سەرەکیترین دامەزراوەی دەوڵەتە، هەر چەند دەوڵەتەکە ساواش بێت.
دوای مردنی پێغەمبەری موسڵمانان عومەری کوڕی خەتاب یەکەمین کەس بوو کە دادوەر (قازی) دابمەزرێنێت. پێویستیی دانانی دادوەر لە ئاکامی زیاد لە پێویست سەرقاڵبوونی عومەر بوو بە کاروباری موسڵمانانەوەو بە کێشە دادوەریەکانیشەوە. بۆیە بۆ کەمکردنەوەی ئەرکەکانی سەرشانی خۆی و پێڕانەگەیشتنی بە یەکلاکردنەوەی هەموو ئەو کێشانەی کە دەخرانە پێشی بڕیاریدا دەسەڵاتی دادوەری بە کەسانێکی دیکە بدرێت. یەکەم نامە کە عومەر نووسیبێتی بۆ دەستنیشانکردنی قازی نامەیەکە، کە بۆ ئەبوموسا ئەلئەشعەری ناردوە، کە والی بەسرە بووە، داوای لێکردووە کە بە کاری قازی هەڵبستێت.
واپێدەچێت کە لە سەردەمی عومەر دەزگای جێبەجێکاری و دادگا لێکجیانەکرابێتنەوە، چونکە ئەو کەسەی کە عومەر داوای لێکردووە ڕۆڵی قازی ببینێت، لەهەمان کاتدا والی بەسرە بووە. لەڕاستیدا یەکەمین نووسینگەی فەڕمی دادگا لە سەردەمی ئەمەویەکان دامەزرا. لەسەرەتا دادوەرەکان هەرکەس لەلای خۆی و بەپێی تێگەیشتنی خۆی بە کێشەکان ڕادەگەیشت چونکە تا ئەوکات شەریعە لەلایەن چوار ئیمامە سوننییە بەناوبانگەکانەوە دانەڕێژرابوو. بەواتایەکی دیکە جگە لە قورئان و سوننە، سەرچاوەیەکی بنچینەیی بۆ قەزاوەت بوونی نەبوو تا بۆ چارەسەری کێشەی نێوان موسڵمانان بۆی بگەڕێنەوە.
تەشەنە و بەرفراوانبوونی سەرزەوی ئیسلام بووە مایەی هێنانەگۆڕێی بارودۆخێکی نوێی وا کە پێویستیی لەدایکبوونی دامەزراوەکانی دەوڵەتی کرد بە پێویستیەکی حەتمی، بەڵام لەبەرئەوەی ئەزموونی عارەبە-موسڵمانەکان لەم بوارەدا زۆر لاواز بوو، هەرزوو پەنا برایەبەر ئەزموون و پراکتیزە ئێرانی و بێزەنتیەکان لەبواری فەرمانڕەوایی. ئەمەش لە دامەزراندنی دیوان و نووسینگەی وەزیر بەئاشکرا دەبیندرێن. واچاکە ئەوەش وەبیربهێنرێتەوە، کە گواستنەوەی پایتەختی موسڵمانان لە مەدینەوە بۆ دیمەشق و دواتریش بۆ بەغدا، کاریگەریی کەلتورو نەریت و پراکتیزە ئێرانی و بێزەنتیەکانی بەسەر موسڵمانان هێندەی دیکە زیاتر و کاریگەرتر کرد.
لە دوو بەشی داهاتوودا باس ڕۆڵی ململانێی دەسەڵات و ئارگیومێنتە سیاسیی-دینییەکان و لەگەڵ تیوری خەلافەت دەکەین. [1]