$کوردستان و کورد لە قۆناغی مێژووی سەدەکانی ناوەڕاستدا 12$
نووسینی: #کەیوان ئازاد#
$هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام لە کوردستاندا$
$هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان$
هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان یەکێکی دیکە بوون لەو هۆکارانەی ڕۆڵیان لە گەیشتن و بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام لە کوردستاندا بینی. ئەم لایەنەش پەیوەست بوو بە پێکهاتەی کۆمەڵگای کوردی، کە لە چەند توێژێکی جیاجیا پێکهاتبوون. لەسەروویانەوە، خاوەن موڵک و ئەو کەسایەتییانە بوون، کە لە سنووری هەردوو دەوڵەتدا بەرپرسیارێتییان هەبوو. بەرپرسیارێتییەکەش سیاسی بووبێت یان کارگێڕی و سەربازی.
بەشێکی دیکەیان ئەو مووغ و قەشە و پیاوانی ئایینی هەردوو ئایینی زەردەشتی و کریستیان بوون، کە لە شوێن خۆیانەوە و لای هەردوو دەوڵەت پارێزراو و خاوەن پێگەی ئایینی بوون. ئەمەو جگە لە قەشە و مامۆستایانی هەردوو ئایینی (مانی و مەزدەک)، کە لە ماوەی دەسەڵاتی ئایینەکەیاندا لە ئیمپراتۆریی ساسانی ڕۆڵ و قورساییان هەبوو. لە خوار ئەوانیشەوە بازرگانان و پیشەوەران و کاسبکاران بوون، لەگەڵ توێژەکانی جووتیار و کرێکار و زەحمەتکێشەکانی کورد. خوارترین توێژی کۆمەڵگاش کۆیلەکان بوون، کە ئاسایی ئەم توێژەش لەنێو کۆمەڵگای کوردیدا هەبوو و لەلایەن هەردوو دەوڵەتەوە بە کۆیلە کرابوون.
ئەم جیاوازییەش لە پێکهاتەی کۆمەڵگای کوردی، وەک هەردوو کۆمەڵگای ساسانی و بێزەنتی، بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ یەکتری دابڕابوو. واتە هەر توێژە و بە شوێن بەرژەوەندی و کاری خۆیەوە بوو، مەبەستی نەبوو چی بەسەر توێژەکەی تر دێت؟ بە واتایەکی تر ئەو جیاوازییە چینایەتییە هۆکار بوو کە لایەنی کۆمەڵایەتی چ ڕۆڵێک لەسەر بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام و ڕەتکردنەوەی لەلایەن بەشێکی پێکهاتەی کۆمەڵگای کوردەوارییەوە دەبێت؟
بۆ نموونە، کاتێک سوپای عەرەبی ئیسلامی ڕووبەڕووی سوپای ئیمپراتۆریی ساسانی بووەوە، خاوەن موڵکدارە کوردەکان و بەرپرسە کارگێڕییەکانی دەوڵەت، تا بە ئەفسەر و سەرباز و مووغ و پیاوانی ئایینیی زەردەشتی دەگات، لە دژی هاتنی سوپای عەرەبی ئیسلامی و هاتنی ئایینی ئیسلام بوون بۆ کوردستان. کاتێکیش سوپای ساسانییەکان تێکشکا و کۆتایی بە دەسەڵاتی سیاسی ئەو دەوڵەتە هات، وازیان نەهێنا و کەوتنە نەخشە و پیلان لە دژی هەر هێرش و شاڵاوێکی تری ئەو سوپایە بۆ نێو خاکەکەیان.
وەک ئەو کارەی (بابە شوجاعەددینی نەهاوەند) ناسراو بە (ئەبوو لوئلوئەی فەیروز) لە تیرۆرکردنی خەلیفە (عومەری کوڕی خەتاب) ئەنجامی دا. ئەوەش دوای ئەوەی دووەمین خەلیفەی دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدی لە مزگەوتی شاری (مەدینە) و لە ساڵی (644ز) تیرۆر کرد. ناوبراو جووتیارێکی کوردی شاری (نەهاوەند) بوو، کە لەلایەن بەرپرسێکی لێدراوی ساسانی و لەسەر فشاری خاوەن موڵکە کوردەکەی نێردرا بۆ ئەو کارە.
هەرچی توێژی بازرگان و پیشەوەر و کاسبکارانی کورد بوون، ئامانجیان ئەوە بوو، ئەم دۆخە کۆتایی پێ بێت و ئاشتی باڵ بکێشێت بەسەر گوند و شار و ناوچەکەیاندا، چونکە شەڕ لە بەرژەوەندییاندا نەبوو. تەنانەت لە ڕابردوودا شەڕەکانی ساسانی و بێزەنتی زۆر ماندووی کردبوون و زیانی گەورەی پێگەیاندبوون. هەر بۆیە بە گەیشتنی سوپای عەرەبی ئیسلامی بە ناوچەکانیان و بەستنەوەی بە دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدی، بەو ئومێدەوە بوون، دەوڵەتی نوێ دووچاری نەهامەتییەکی تریان نەکات و بۆ لەوەودوا بە ئاشتی و ئارامی بژین و سەرقاڵی کار و ژیانی خۆیان بن.
پێوەند بە هەردوو توێژی جووتیار و کرێکار و تەنانەت ئەو خێزانە کەمدەرامەت و زەحمەتکێشانەی کورد کە لە سەردەمی ساسانییەکاندا، ناخۆشترین دۆخی دارایی خۆیان بەڕێ دەکرد، وەک توێژی پێشوو بەو هیوایە بوون سوپا و دەوڵەتی نوێ، ئاوڕێکی خێریان لێ بداتەوە و لەو ناهەموارییەی ژیان ڕزگاریان بکات.
جیاواز لە (دوو) توێژانەش، ئەوانەی وەک خزمەتکار لە کۆشک و باڵەخانە و باخی خاوەن موڵک و بەرپرسانی وڵات و فەرماندەکانی سوپا و ئاتەشکەدە و کڵێسا و دێرەکاندا کاریان دەکرد، لەگەڵ ئەوەدا بوون، هەردوو ئیمپراتۆریی ساسانی و بێزەنتی شکست نەهێنن و ڕووبەڕووی سوپای عەرەبی ئیسلامی بوەستن، چونکە پێیان وابوو، بە نەمانی ئەو دەوڵەتە، گەورەکانیان دووچاری کێشە دەبن و بەهۆیەوە کارەکەیان لەدەست ئەدەن. زانیاریشیان لەسەر ئەوە نەبوو، کە سوپا و دەوڵەتی نوێ، چارەنووسی ئەوان بەرەو کوێ دەبات.
جیاواز لەو توێژانەش، ئەوانەی بە هەر هۆیەک لە هۆیەکان و بەناچاری ملیان بۆ سوپای عەرەبی ئیسلامی دا و دۆخە نوێیەکەیان قبووڵ کرد، کێشەیەکیان لەکۆڵ سوپای عەرەبی ئیسلامی و دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدی کردەوە، بەوەی لەبری ڕووبەڕووبوونەوە، بێدەنگییان هەڵبژارد. تەنانەت هەندێکشیان بوونە پشتیوان و ڕێ نیشاندەری سوپاکان و دەوڵەتانی خەلافەتی ئیسلامی لە قۆناغی دواتردا.
ئەوانەی باس کران بۆ ناوچەکانی نێو سنووری ئیمپراتۆریی بێزەنتی و تەنانەت دەوڵەتی ئەرمەنستانیش هەر ڕاست بوو. هۆیەکەش ئەوە بوو کە هەردوو دەوڵەتەکە، یەک سیاسەتیان بەرانبەر پێکهاتەکانی نێو سنووری دەسەڵاتیان پیادە دەکرد، تەنیا جیاوازیان بنەماڵەی دەسەڵاتدار و ئایینی فەڕمی دەوڵەت بوو، بۆیە بەو دۆخەی کۆمەڵگای کوردی پێدا تێپەڕ بوو، زۆر ئاسایی بوو لایەنی کۆمەڵایەتی هۆکارێکی تر بێت بۆ خێرا بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام لە کوردستاندا. [1]