$کوردستان و کورد لە قۆناغی مێژووی سەدەکانی ناوەڕاستدا 13$
نووسینی: #کەیوان ئازاد#
$کورد چۆن لە دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدیی ڕوانی؟$
پێوەند بە تێڕوانینی کوردیش بۆ دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدی، ڕووبەڕووی چەندین کێشەی مێژوویی دەبینەوە. ئەوەش هەر لە نەبوونی زانیاری و سەرچاوەی پێویست لەوبارەیەوە، تا بە شێوازی مامەڵەی کوردەکان دەگات بەو دەوڵەتەوە. هۆیەکانیش دیارن، لەلایەک کاری ئەو دەوڵەتە بڵاوکردنەوە و گەیاندنی ئایینی ئیسلام و فراوانکردنی سنووری دەسەڵاتی بوو بۆ دەرەوەی نیوەدوورگەی عەرەبی. لەلایەکی دیکەوە بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێزانە بوو، کە بوونە لەمپەر و کۆسپ لەبەردەم شاڵاو و ئەرکە ئایینییەکانیاندا.
ئەمەو جگە لەوەی پێویستیشیان بەوە هەبووە، پەیامی ئایینی و هەروەها سیاسی و هەژموونی خۆیان بەو گوند و شارۆچکە و شارانە بگەیەنن کە دەستیان پێ گەیشت.
لەم دۆخەشەدا قورس بوو، بە تێڕوانینی پێکهاتەیەکی ژێردەستی وەک (کورد) بگەین، کە چۆن لەو دەوڵەتە نوێیەیان ڕوانیوە، لەکاتێکدا ئەزموونێکی باشیان لەگەڵ هەردوو ئیمپراتۆریی ساسانی و بێزەنتی نەبوو، کە هەردووکیان (دوو) دەوڵەتی ئایینی بوون.
جارێ بەرلەوەی بۆچوونە جیاوازەکان لەمەڕ تێڕوانینی کورد بۆ ئەو دەوڵەتە بخەینە ڕوو، پێویستە ئاماژە بەوە بکەین، کە ئەو دەوڵەتەی ڕۆڵی یەکەمی لە گەیشتن و بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلامی بە کوردستاندا بینی، چۆن و چی بوو؟ چۆن سەری هەڵدا و چۆنیش سەری لە کوردستان دەرهێنا؟ دواتر چی لە کورد و خاکەکەی ویست؟
بۆ وەڵامی هەریەک لەو پرسیارانە، پێویستە لەوەوە دەست پێبکەین، کە ئەو دەوڵەتە، دووەمین قەوارەی سیاسیی ئیسلامی، دوای (دەوڵەتی مەدینە) بوو، کە لەلایەن پەیامبەری ئیسلام (د.خ) لە شاری (مەدینە) دامەزرا و دواتر پەلی بۆ زۆرینەی ناوچەکانی نیوەدوورگەی عەرەبیی هاوێشت. بە کۆچی دوایی پەیامبەر (د.خ) لە ساڵی (11ک/632ز)دا (دەوڵەتی مەدینە) کۆتایی پێ هات.
بە واتایەکی تر، تەنیا (11) ساڵ تەمەنی بوو، دوای کۆچی دوایی پەیامبەری ئیسلامیش لەو ساڵەدا (دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدی) بە خەلافەتی (ئەبووبەکری سدیق/ ڕ.خ) دەستی پێکرد و دامەزرا. ئەوەش دوای ئەوەی لە (کەپری بنەماڵەی ساعید)ی شاری (مەدینە) وەک یەکەمین خەلیفەی موسڵمانان دیاری کرا. ماوەی دەسەڵاتی دەوڵەتەکەش (30) ساڵ بوو، کە تێیدا جگە لەو خەلیفەیە، هەریەک لە (عومەری کوڕی خەتاب، عوسمانی کوڕی عەفان، عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب، حەسەن کوڕی عەلی) یەک لەدوای یەک گەیشتنە پایەی خەلافەت. لەو ماوەیەشدا ئایینی ئیسلام گەیشتە کوردستان، وەک لە باسەکانی پێشوو تیشکمان خستە سەر.
پێوەند بە تێڕوانینی تاکی کورد و کۆمەڵگای کوردیش بۆ ئەو دەوڵەتە، دووچاری کێشەی زۆر دەبینەوە، چونکە لەلایەک وەک تێڕوانینی کورد بۆ ئایینی ئیسلام لەو سەردەمەدا، کەمترین سەرچاوەی مێژوویی لەو بابەتەیان ڕوانیوە. تەنانەت یەک سەرچاوەی کوردییش بە شێوەی زاری ئەو کاتەی کوردستان و لەنێو کۆمەڵگای کوردی دەست ناکەوێت، تا لە تێڕوانینی تاک و خێزان و کۆمەڵگای کوردی ئاگادارمان بکاتەوە، کە چۆن بۆ ئەو دەوڵەتەیان ڕوانیوە؟
بەڵکوو تەنیا بەوە دەگەین، کە کۆمەڵگای کوردی لە چاوی شاڵاوەکان و سوپای عەرەبی ئیسلامی و فەرماندەکانیان بۆ ئەو دەوڵەتەیان ڕوانیوە. واتا کەمترین تاکی کورد بە ناوی دەوڵەتەکە و خەلیفەکانی و پایتەختەکەی و پێکهاتەکەی و سنوورەکەی ئاشنا بووە. دیارە یان مەبەستیان نەبووە لەوبارەیەوە زانیارییەکیان دەست بکەوێت، یان پێویستیان نەبووە. ئەمەو پێدەچێت بەهۆی شاڵاو و ململانێکان و سەپاندنی سیاسەتی دەوڵەتەکە لەلایەن فەرماندەکانی سوپا و کاراکتەرەکانی، نەیانتوانیوە و نەیانوێراوە خۆیان لە قەرەی وەها باسێک بدەن.
هەر بۆیە ئەوەی لای زۆرینەی تاک و خێزانی کۆمەڵگای کوردی گرنگ بووە، ژیانی خۆی و خێزانی و سەر و ماڵی پارێزراو بێت. هەروەها لە سەردەمی دەوڵەتی نوێدا دووچاری کێشە و لێپرسینەوە و سزا نەبێت، بەڵکوو لەبەرانبەردا پاداشت بکرێت. ئەمەو جگە لەوەی جیاوازیی پێکهاتەی کۆمەڵگای کوردی لە ڕووی باوەڕی ئایینی و پێگەی کۆمەڵایەتی و توانای دارایی و ئاستی خوێندەواری، شێوەی تێڕوانینەکانی گۆڕیبوو.
وەک ئەوەی چینی خوارووی کۆمەڵگا و ئەوانەی نەخوێندەوار و هەژار بوون، مەبەستیان نەبووە کێ ڕابەرایەتییان دەکات و کێ سەرۆک و خەلیفەیانە، بەڵکوو ئەوە گرنگ بوو، سکی خۆیان و خێزانەکانیان تێر بێت و برسی نەبن. هەروەها ئەوانەیشی باوەڕداری ئایینەکانی (جوو، زەردەشتی، کریستیان) بوون، بەهۆی پێدانی باجی جزیەوە، باکیان بەوە نەبووە، کێ دەسەڵاتدار و کێ خەلیفەیە و ناو و شێوازی حوکمڕانی دەوڵەتەکە چییە و چۆنە؟
ئەوانەشی خاوەن موڵک و سەرۆک خێڵ و سەرۆک هۆز و بازرگان و چەکدار بوون، کاریان لەگەڵ ئەو فەرماندەی سوپا و والییانە بوو کە فەرمانڕەوایەتیی شار و ناوچەکەیان دەکرد، نەک خەلیفە و دەوڵەتەکە، بۆیە نە کاریان نەکەوتبووە پایتەخت، نە خەلیفەی دەوڵەتەکە. بە هەموو ئەوانەش تێڕوانینێکی ورد و گشتگیر لەلایەن کورد بۆ ئەو دەوڵەتە نەبوو. هەر بۆیە لەدوای کۆتاییهاتن بە دەسەڵاتی ئەو دەوڵەتە، زانرا (دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدی) چی بوو؟ وەک خەلیفەکانی چۆن و چییان کرد؟ [1]