$کوردستان و کورد لە قۆناغی مێژووی سەدەکانی ناوەڕاستدا 14$
نووسینی: #کەیوان ئازاد#
$(کورد) چۆن لە ئایینی ئیسلامی ڕوانی؟$
دوای خستنە ڕووی ئەو هۆکارانەی ڕۆڵیان لە بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام لە کوردستاندا بینی، لەپاڵ ئەو زەمینەسازییەی هێزەکانی سوپای عەرەبی ئیسلامی هێنایە خاکی کوردستان، پێویستە ئاماژە بەوە بکەین، کە (کورد) وەک پێکهاتە و نەتەوەیەکی ئەو ڕۆژگارە مێژووییە، چۆن لە ئایینی ئیسلام و ئەو سوپایەی ڕوانی، کە ئایینەکەیان گەیاندە خاکەکەی؟ ئەو ئایینەی بە پۆلێک فەرماندەی سەربازی ئیسلامی و بە سەدان هەزار چەکداری عەرەب و پێکهاتەکانی ترەوە، هێنرایە خاکی کوردستان و بە کۆمەڵگای کوردی گەیشت.
جارێ بەر لە هەر شتێک پێویستە ئاماژە بەوە بکەین، کە هاتنی ئەو ئایینە بەهۆی ئەو هێزانەی ئەرکی بڵاوکردنەوەیان پێ سپێردرا، کەوتە سەردەمی دەوڵەتێکی ئایینی و ئیسلامی، کە دواتر ناوی (دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدی)ی لێ نرا. ئەو هێزە چەکدارانەشی ئەو ئەرکەیان پێ سپێردرا، پێکهاتەی سەربازیی ئەو دەوڵەتە بوون، کە لەلایەن کەسایەتییەکەوە بەناوی (خەلیفە) واتا (جێنشینی پەیامبەری ئیسلام) وەک گەورەی دەوڵەتەکە بەڕێوە دەبرا.
ئەوەشی گرنگ بوو، تا ئەو کاتەی ئەو دەوڵەتە لە ساڵی (41ک/661ز) کۆتایی بە دەسەڵاتی هات، زۆرینەی کۆمەڵگای کوردی شتێکی وەهایان لەسەر ناو و خەلیفەکانی و پێکهاتەکەی نەدەزانی، بۆیە ئەم لایەنەیان دەخەینە دواوە و تەنیا تیشک دەخەینە سەر تێڕوانینی تاک و خێزان و کۆمەڵگای کوردی بۆ ئەو ئایینە.
کاتێکیش دەمانەوێت تێڕوانینی کورد بۆ ئایینی ئیسلام بزانین، دووچاری زۆر کێشە دەبین، چونکە لەلایەک کەمترین سەرچاوەی مێژوویی لەو بابەتەیان ڕوانیوە. لەلایەکی دیکەوە کەمترین زانیاری لەسەر کۆ کراوەتەوە و زانراوە و بەردەستیشە. تەنانەت یەک سەرچاوەی کوردی بە شێوەی زاری ئەو کاتەمان لەنێو کۆمەڵگای کوردیش دەست ناکەوێت، تا لە تێڕوانینی تاک و خێزان و کۆمەڵگای کوردی ئاگادارمان بکاتەوە.
ئەمەو لە کۆی سەرچاوە مێژووییەکانی مێژوونووسانی ئیسلام و تەنانەت سریانی و نەتەوە و پێکهاتەکانی تریش، ئەوەمان دەست ناکەوێت، بەڵکوو تەنیا بەوە دەگەین، کە لە کۆی پڕۆسەی بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام بە ناوچەکانی کوردستان و مامەڵەی بەرپرسان و سەربازانی سوپای عەرەبی ئیسلامی و هاوپەیمانییەکانیان، کورد ئایینەکەی لە ئەرکە سەرەتاییەکانییەوە ناسی. ئەو ئەرکانەش بریتی بوون لە (باوەڕ، نوێژ، ڕۆژوو، زەکات، حەج).
بەو هۆیەشی پێکهاتەی کۆمەڵگای کوردی لە ڕووی باوەڕی ئایینی و پێگەی کۆمەڵایەتی و توانای ئابووری و ئاستی خوێندەواری و فەرهەنگی، تەواو جیاواز بوو، بۆیە ناتوانین لەوبارەیەشەوە بە تێڕوانینێکی گشتگیر و درووستی تەواوی کۆمەڵگای کوردی بگەین، تەنیا ئەوەندە نەبێت، بە سەرەداوەکانی ئەو تێڕوانینە دەگەین. وەک ئەوەی کاتێک ئەو ئایینە بە کۆمەڵگای کوردی گەیشت و تا ئەو کاتەی ئەم دەوڵەتە لەسەر گۆڕەپانی سیاسی بوو، پەڕتووکی پیرۆزی ئایینەکە (قورئان) نەگەیشتە کۆمەڵگای کوردی، چونکە، تا کۆتایی دەسەڵاتی ئەم دەوڵەتە کۆ نەکرایەوە و نەنووسرایەوە.
فەرموودەکانی پەیامبەری ئیسلامیش (د.خ.)، هەر بە زار بوو، چونکە دوای (دوو) سەدە، ئەوانیش نووسرانەوە. هەر بۆیە ئایینەکە تەنیا لە باوەڕهێنان بە یەکتاپەرەستیی خودا و پەیامبەرایەتیی (محەمەد کوڕی عەبدوڵڵا/ د.خ.)و فریشتەکان و پەڕتووکە پیرۆزەکان و پەیامبەران و ڕۆژی دوایی، کورت کرایەوە. لەپاڵ (پێنج) ئەرکی نوێژی ڕۆژانە و (30) ڕۆژی ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان و زەکات و حەجی ماڵی خودا.
لەوبارەیەشەوە یەک سەرچاوە و زانیاریمان لەبەردەستدا نییە، تا بگەینە ئەوەی، کە ئایا چەند کەس و خێزانی کورد لە ماوەی (30) ساڵی تەمەنی ئەو دەوڵەتەدا لەنێوان ساڵانی (11-41ک/ 632-661ز) بۆ بەجێهێنانی ئەرکی حەج سەردانی شارەکانی (مەککە و مەدینە)ی کردووە و (کەعبەی پیرۆز)یان بینیوە، کە ڕۆژانە (پێنج) جار بۆ ئەرکی نوێژ ڕوویان تێ دەکرد؟ یان شاری (مەدینە)یان ناسی و بینی، کە مەزارگەی پەیامبەری ئایینەکە بوو؟ ئەمەو جگە لەوەی تا سەرەتای چوارەمین خەلیفەی دەوڵەتەکە بەناوی (عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب/ ڕ.خ) پایتەختی دەوڵەتەکە بوو؟
کاتێکیش زانیاریمان لەسەر ئەوە نەبێت، ئەستەمە بەوە بگەین، کە ئایا یەک تاکی کورد لەو ماوەیەدا بۆ بەجێهێنانی ئەرکی حەج سەردانی ئەو شارانەی کردووە؟ یان ئەو ئەرکەی بەجێ هێناوە؟ لەکاتێکدا هەر لە ساڵی (15ک/ 636ز) ئایینەکە گەیشتە چەند گوند و شارۆچکەیەکی ئەوپەڕی باشووری کوردستان. هەروەها دوای ساڵی (21ک/ 641ز)و بە شکستی (ئیمپراتۆڕیی ساسانی) لە شەڕی (نەهاوەند)، کۆتایی بە دەسەڵاتی ساسانییەکان هات و خاکی ئەو دەوڵەتە، کە بەشێکیان خاکی کوردستان بوو، کەوتە دەست سوپای عەرەبی ئیسلامی و بە دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدییەوە وابەستە کرا.
تەنانەت کاتێکیش (ئەبوو لوئلوئەی فەیرووز) وەک کوردێکی لوڕستانی لە ساڵی (23ک/ 643ز) و لەلایەن گەورەکەیەوە نێردرایە شاری (مەدینە)، تا کۆتایی بە ژیانی (عومەری کوڕی خەتاب/ ڕ.خ) دووەمین خەلیفەی ڕاشدی بهێنێت، نەیزانی ئەو کەسەی بۆی دەچێت، خەلیفەی موسڵمانان و جێداری پەیامبەری ئیسلام و یەکێکە لەوانەی لەسەر زاری پەیامبەرەوە (د.خ.) لەلایەن پەروەردگارەوە مژدی بەهەشتی پێ دراوە.
ئەوەش بەو مانایە هات، کە تا ئەوکات و بگرە دواتریش، پەیامی ڕۆحیی ئایینەکە بە زۆرینەی کۆمەڵگای کوردی نەگەیشتبوو، تا وەک پەیامێکی نوێی ئاسمانی لێ بڕوانرێت، بۆیە هەر باس و شرۆڤە و بۆچوونێک لەوبارەوە، کە ئاماژە بە پابەندیی تەواوی کۆمەڵگای کوردی بکات بەو ئایینەوە، دوورە لە ڕاستییەوە. ئەوەش بەوە نا، کە کۆمەڵگای کوردی دژی ئەو ئایینە ئاسمانییە بووبێت، بەڵکوو بەو مانایەی، تا تەمەنی ئەو دەوڵەتە دوایی هات، پەڕتووکی پیرۆزی ئایینەکە و فەرموودەکانی پەیامبەرەکەی تەنیا لە زاری ئەو باوەڕدارە عەرەبانە بیستبوو، کە بەمەبەستی بڵاوبوونەوەی ئایینەکە هاتبوونە گوند و شارۆچکە و شارەکانی کوردستان. ئەمەو جگە لەوەی ئەو هێزانە، لای بەشێکی دانیشتوانی کوردستانیش وەک هێزێکی داگیرکار ناسرابوون، نەک ڕزگارکەر. [1]