$کورد لە ململانێ ناوخۆییەکانی دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدیدا$
نووسینی: #کەیوان ئازاد#
دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدی (20) ساڵی لە تەمەنی بەڕێ نەکردبوو، ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشەی ناوخۆیی بووەوە. کێشەکان بە ئاستێک بوون، نەک تەنیا کۆتایی بە ژیانی خەلیفەی چوارەم (عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب/ ڕ.خ) و دەسەڵاتی خەلیفەی پێنجەم (حەسەن کوڕی عەلی/ ڕ.خ) هێنا، بەڵکوو کۆتاییش بە دەسەڵاتی دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدی هات. بەوەش دەرفەت بۆ بنەماڵەی ئومەوی هاتە ئارا کە بگەنە پایەی دەسەڵات و بۆ ماوەی (89)ی ساڵی داهاتوو، جڵەوی کۆمەڵگای ئیسلامی بگرنە دەست و دەوڵەتی خەلافەت بەڕێوە ببەن.
سەرەتاکانی ئەم کێشەیە کەوتە سەردەمی خەلافەتی (عوسمانی کوڕی عەفان/ ڕ.خ)، ئەوەش کاتێک دەسەڵاتەکەی ڕووبەڕووی چەندین کێشەی ناوخۆیی بووەوە، بەو هۆیەشەوە کوردستانی بندەستی دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدی و کوردی نێو ئەو دەسەڵاتە کەوتنە نێو ئەو کێشانە. بەتایبەت دوای ئەوەی زنجیرەیەک ڕاپەڕین لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان سەریان هەڵدا و ڕووبەڕووی ئەو والییانە بوونەوە، کە ڕاستەوخۆ لەلایەن خودی خەلیفەوە دانران و هۆکاری کێشە ناوخۆییەکان بوون.
ئەو کارەی خەلیفەش، کوژرانی خۆی بەدوا هات، کاتێک لە ساڵی (35ک/655ز) لەلایەن پۆلێک ناڕازیی وڵاتی میسڕ لە ماڵەکەی خۆی و لە شاری (مەدینە) و لە کاتی قورئان خوێندندا کۆتایی بە ژیانی هات. بەدوایدا وڵات ڕووبەڕووی قەیرانی گەورە بووەوە، تا گەیشتە ململانێ توند و خوێناوی لەنێوان (عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب) و نەیارانی.
یەکەم ململانێش کەوتە نێوان خەلیفە و (عائشەی کچی ئەبووبەکری سدیق ڕ.خ) و هاوکارانی (زوبێری کوڕی عەوام و تەڵحەی کوڕی عوبەیدوڵا) لە ساڵی (36ک/656ز) و لە شەڕی (جەمەل)ی نزیک بەسڕە. شەڕەکەش بە سەرکەوتنی خەلیفە و شکستی (عائیشە) و هاوپەیمانەکانی دوایی هات.
دووەم ململانێش کەوتە نێوان خەلیفە و (موعاویەی کوڕی ئەبی سوفیان)، والیی شام لە بنەماڵەی ئومەوی لە ساڵی (36ک/656ز) و لە شەڕی (سەفین)، کە شەڕەکە بە ڕێککەوتن دوایی هات و (دادوەری)ی لێ کەوتەوە. لێکەوتەی ئەو ڕووداوەش دابەشبوونی کۆمەڵگای ئیسلامی بوو بۆ (سێ) بەرە. بەرەی لایەنگرانی خەلیفە (عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب/ ڕ.خ)، کە دواتر بە (پەیڕەوانی شیعە) ناسران. بەرەی لایەنگرانی والیی شام (موعاویەی کوڕی ئەبی سوفیان)، کە دواتر بە (پەیڕەوانی سوننە) ناسران. هەرچی بەرەی سێیەمە، بە (کۆمەڵی خەواریج) ناسران، چونکە ئامادە نەبوون، ملکەچی هیچ یەک لە خەلیفەی ڕاشدی و والیی شام بن.
لەنێو ئەو دۆخەدا، دواجار خەلیفە (عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب/ ڕ.خ) بەناچاری و لەپێناو گەڕانەوەی یەکڕیزی بۆ کۆمەڵگای ئیسلامی، شەڕی کۆمەڵەی خەواریجی لە ناوچەی (نەهرەوان) و لە ساڵی (38ک/658ز) کرد. ئەو شەڕەش سەرباری ئەوەی شکستی بە کۆمەڵی خەواریج هێنا، بەڵام ئەوانی لە گۆڕەپانی سیاسی دوور نەخستەوە، بەڵکوو بەرەو ناوچەی شارەزوور ڕاپێچی کردن و لەوێ کۆ بوونەوە.
بەو ڕووداوەش ناوچەیەکی کوردستان نەک هەر بووە مۆڵگەی کۆمەڵێکی ئیسلامیی ناڕازی لە دەوڵەت و خەلیفە، بەڵکوو ناوچەیەکی کوردستانیشی کردە ناوچەیەکی نەیاری دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدی و تەنانەت والیی شام. لێرەوەش ناوچەی شارەزوور وەک ناوچەیەکی کوردان، بووە مەڵبەندی (چوار) بەرەی دژ بە یەک. بەرەیەک بوونە پشتیوانی کۆمەڵی خەواریج، بەو هیوایەی تۆڵەی خۆیان لە دەوڵەتی خەلافەت و فەرماندەکانیان بکەنەوە، کە پێشتر لە سیاسەت و کاری بەرپرسانی دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدی ڕازی نەبوون.
بەرەی دووەمیش دژی کۆمەڵەی خەواریج وەستان و پشتیوانییان لە خەلیفەی ڕاشدی و دەسەڵاتەکەی کرد. بەرەی سێیەمیش بێدەنگییان لە ڕووداوەکان هەڵبژارد و خۆیان تێکەڵی ئەو کێشمەکێشە سیاسییە نەکرد. بەرەی چوارەمیش ئەوانە بوون، کە باوەڕیان بە ئایینی ئیسلام نەهێنا و لەسەر ئایین و باوەڕی پێشووی خۆیان مانەوە. ئەو ڕووداوانەش تەنیا ناوچەی شارەزووی نەگرتەوە، بەڵکوو سەرجەم ناوچە کوردییەکانی نێو دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدیی گرتەوە.
هەرچی کۆمەڵگای کوردی و ناوچە کوردییەکانە بۆ (پێنج) بەرەی دژ بە یەک دابەش بوون. (چوار) بەرەیان لەوانە بوون کە موسڵمان بوون و باوەڕیان بە ئایینی ئیسلام هێنابوو. لەنێو ئەوانیش بەرەیەک لەگەڵ دەوڵەتی خەلافەت مانەوە، کە کوردی ناوچە جیاجیاکانی کوردستانی گرتەوە، جگە لە ویلایەتی شام. بەرەی دووەمیش، کە کوردەکانی خۆراوای کوردستانی بندەستی ویلایەتی شامی دەوڵەتی خەلافەت بوون، پشتیوانییان لە والیی شام و بنەماڵەی ئومەوی کرد، چونکە ئاساییش و ئاوەدانی بۆ ویلایەتەکە و ناوچەکانیان بەدەست هێنابوو.
بەرەی سێیەمیش پشتیوانییان لە کۆمەڵەی خەواریج کرد، چونکە بە هێزێکی نوێوە هاتە مەیدان و وەک ڕەوتێکی ئایینی نوێ دەرکەوتن و دژ بە دەوڵەتی خەلافەت وەستان. بەرەی چوارەمیش ئەوانە بوون، کە خۆیان لەو ڕووداوە سیاسییە دوورەپەرێز گرت و تێکەڵ بەو کێشمەکێشە سیاسییە نەبوون. هەرچی بەرەی پێنجەمە، ئەوانە بوون، کە موسڵمان نەبوون و باوەڕداری ئایینەکانی (ئێزدی، کاکەیی، جوو، زەردەشتی، کریستیان، مانی، مەزدەکی) بوون.
لێرەوە کۆمەڵگای کوردی لەسەر خاکی کوردستان و دەرەوەی، لەبری ئەوەی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی کۆیان بکاتەوە و کاروبارەکانیان بۆ بەڕێوە ببات، بۆ (پێنج) بەرەی دژ بە یەک دابەشی کردن. ئەو دابەشکردنەش بۆ قۆناغەکانی داهاتوو درێژەی کێشا. بە ئاستێک، کە ئەگەر پەرتەوازەتری نەکردبن، کۆی نەکردنەوە. هەر بۆیە یەکەمین دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی نەیتوانی ئەو پەیامە بگەیەنێت، وەک لە هاتنی بۆ کوردستان و ناوچە کوردییەکان هەڵی گرتبوو! [1]