د. سامان سۆرانی
زۆر جار، کە دێتە سەر باسی #فەلسەفە# لەناو کۆمەڵگەی ئێمە، دەبینین چۆن نیگاکان پڕ دەبن لە گومان و یەکسەر ئەو پرسیارە دەکرێ: ئەرێ ئەم زانست و بیرە بۆ ئەمڕۆ سوودی چییە... لە سەردەمانی کۆن مرۆڤەکان باوەڕیان پێی هەبوو، بەڵام ئەمڕۆ هیچ کاریگەرییەکی دیاری لەسەر گەشەکردن و پەرەسەندنی کۆمەڵگەکان نیە، ئیتر بۆ دەبێ گرینگی پێ بدرێ؟
کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قوتابخانەکانیان کاریان کرد بۆ خۆڕزگارکردن لە وانە وتنەوەی فەلسەفە، چونکە ئەو کۆمەلگانە پێیان وابوو، فەلسەفە بیری چینێکی دیاریکراو لەخۆ دەگرێ کە دژ بە ئایینە.
لەبەرانبەردا کۆمەڵگەکانی ڕۆژاوا فەلسەفە بە دایکی هەموو زانستەکان دەبینێ و لە سەرجەم کۆلێژ و زانکۆ ناودارەکان وانەکانی فەلسەفە دەخوێنرێ و هەموو قوتابییەک لە قۆناغەکانی خوێندندا بنەماکانی زانستی فەلسەفە و مێژوو و ژیاننامە و هزری بیرمەندە دیارەکان و قوتابخانەکانی فەلسەفە دەخوێنێ، تا ئاسوی فراوانتر و دیدی بۆ ژیان قووڵتر بێت و لە لۆژیک تێ بگات، بۆ ئەوەی بتوانێ لە کاتی بڕیاردان و بیرکردنەوە و قایلکردن و دیالۆگ و ڕەخنە و پۆلێنکردن و ڕەتکردنەوە ڕێبازێکی زانستی پەیڕەو بکات.
فەلسەفە ئەو توانایە بە مرۆڤ دەبەخش، تا بە شێوەیەکی زۆر تایبەت بڕوانێتە گەردوون و لە سەرجەم بوونەوەرەکان، بە مرۆڤیشەوە، بکۆڵێتەوە و بنچینەکانی ئاکار و لۆژیک فێربێت.
فەلسەفە زانستێک نیە، کە گرینگی بە بوارێکی تایبەت بدات، فەلسەفە بیرکردنەوەیە لە بیرکردنەوە و لە بەڕێوەبردنی جیهانی ماددی و هەست و میتافیزیک. فەلسەفە هەوڵدانی بێ وچانە بۆ گەیشتن بە دانایی و بەدەستهێنانی کڕۆکی زانیاری سەبارەت بە خودی مرۆڤ و ژینگەی دەرەوەی و ئەو هێزەی بزوێنەرەی جیهان دەجوڵێنێ.
ڕاستە لەگەڵ کاتدا فەلسەفە پەرەی سەندووە و توانیویە فۆکۆس بخاتە سەر لۆژیک و شیکردنەوەی چەمکەکان.
لەبری ئەوەی تەنیا تێگەیشتنی بۆ ژیان هەبێ، فەلسەفە بووە بە زانستێکی پەیڕەوکراو، تیایدا فەیلەسوفەکان کاریان لەسەر شێواز و ڕێگەکانی ژیانکردن کرددوە.
هەر لەسەردەمی (ڕابوون) ڕێنێسانسەوە فەلسەفە بە زانست و ئەزموونەوە سەرقاڵ بووە، دواتر بوونگەرایی و هیومانیزم و قوتابخانەکانی تری وەکو مۆدێرنیتە و پاش مۆدێنرنیتە و نهیلیزم لە جیهان سەودایان پەیداکرد.
کڕۆکی فەلسەفە پرسیارکردن و گومانکردنە لەهەموو شتێک، گرێنەدانی عەقڵە بەو نەگۆڕانەی، کە لەسەرووی ڕەخنە و پێداچوونەوە بوونیان هەیە.
بەڵام پرسیار ئەوەیە، بۆچی فەلسەفە لە ئێستادا گرێدراوە بە پێشکەوتنی ڕۆژاوا بەسەر گەلانی تر، کە بە ئەندازەی خۆیان گرینگییان بە فەلسەفە داوە.
وەڵامەکەی هەر ئەوەیە، کەوا سەرجەم زانستەکان بە گریمانە و دەرککردنی تایبەت و ڕاستەوخۆ دەست پێ دەکات و دەخرێتە بەر تاقیکردنەوە و توێکینەوە بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی تاقیکراو و سەلمێنراو.
بابەتی گەیشتن بە گریمانە پڕۆسەیەکی عەقڵی فەلسەفییە و پێویستی بە تایبەتمەندییەکانی بیرکردنەوەی فەلسەفی و ماتیماتیکی ئەبستراکت هەیە، پێش چوونە ناو ئەزموونی زانستی بابەتی.
ئەمەش وای کردووە، عەقڵی ڕۆژاوایی لەسەرەتادا پێش بکەوێت و لەو بوارەدا هەنگاوی جۆری بنێت، ئەو جۆرە عەقڵە فەلسەفییە تا ئەمڕۆ لە ڕۆژاوا پەیڕەو دەکرێت.
تا ئەو کاتەی لە کومەڵگەی ئێمە بە چاوێکی نزم تەماشای فەلسەفە بکرێت و ئەو کەسانەی لەو بوارە سەوڵی خۆیان لێ دەدەن بێ ڕێزییان بەرانبەر بکرێ، قۆناغەکانی بنیادنانی ژیری بە ناتەواوی دەمێنێتەوە و ناکەوێتە سەر ڕاستە ڕێی خۆی.
زۆر هەوڵ دەدرێ بۆ پەلکێشکردنی زانست و مەعریفە و کایەکانی تری مۆدێرنیتە بۆ ناو کۆمەڵگەکەی کوردستانی، بێ ئەوەی کار بکرێت بۆ گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە لە پێکهاتەی فیکریی عەقڵی کوردستانی ب، تاوەکو عەقڵی کوردستانیش بتوانێ زانست بە شێوەیەک لە شێوەکان لە خۆبگرێت، بۆ ئەوەی نە تەنیا کارمان ئەزبەرکردن و بەکاربردن بێت، بەڵکوو داهێنانی زانیاری و مەعریفە بێت و ڕێڕەو و ئاڕاستەی مەعریفی نوێ بەرهەم بهێنین.
لەم کۆمەڵگەیە بە شێوەیەکی زۆر ڕێژەیی و کەم دەرفەت بە فەلسەفە دەدرێ، تا بتوانێ خۆی بخزێنێتە ناو مامەڵەکردنمان لەگەڵ ڕەهەندەکانی ژیانی مرۆیی.
ڕاستە فەیلەسوف ئەو کەسەیە، کە دەتوانێ هەموو وەڵامێ بە پەنهانی بهێڵێتەوە، ئەویش لە ڕێگەی پرسیارکردن و گومانکردنی فەیلەسوف لە ڕاستی و درووستی وەڵامەکان و پابەندنەبوونی بە ڕاستییەکان و بەردەوامبوونی لەسەر چالاکی عەقڵی بە شێوەیەکی پەرۆشانە، بەڵام فەلسەفە زیاتر حاڵەتێکی زیهنییە، نەوەک جۆرێکی دیاریکراوی زانیاری، ئەمەش وامان لێ دەکات بەردەوام دەرگای نوێ بەسەر بوارە مەعریفییە جیاجیاکان بکەینەوە و بێ وچان پەرەیان پی بدەین.
ئەم وتارەی ئێمە لێرەدا بانگهێشتنامەیەکە بۆ ڕامانێکی فەلسەفی لە پێناو جوڵاندنی کۆمەڵگەی کوردستانی لەم ڕووەوە، بەتایبەتی کاتێ لامان ئاشکرایە کەوا زۆرێ لە ڕاستییە نەگۆڕەکانی ئەمڕۆ لە ڕووی زانستییەوە لە پرسیاری فەلسەفییەوە سەرچاوەیان گرتووە.
زۆربەی کات نەزۆکی فەلسەفە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پرسیارانەی، کە هەر لە ئەزەلەوە لە مێشکی مرۆڤەکان بوون و کاریان پێ نەکراوە.
پرسیارکردن و لێکۆڵینەوە لە ئەگەری تێکەوتەکانیان ستراتیژێکی عەقڵانییە بۆ گەیشتن بە تێڕوانینێکی قووڵ لە ئێستا و داهاتوومان، بۆ دانانی پێوەری بەڵگە بۆ هەڵسەنگاندنی باوەڕ و بیر و ئەرگومێنتەکانمان، جا لە هەر بوارێکی ژیانمان بێت.
فەلسەفە زانستێکە، هەوڵدەدات بۆ بەخشینی یەکبوونی نەتەوەیی لە هەموو بوارەکانی مەعریفەی مرۆیی. فەلسەفە جێگرەوەی ئەو ڕاستیە ڕەهایەیە، کە بە ملیاران مرۆڤ لەسەردەمی فەلسەفەی ژمارەیی و لە ژینگەی ڤیرچواڵ ڕیاڵیتی پەی پێ دەبەن، ئەگەر چی هێشتا هەر زمان شان بە شانی شۆڕشی ڕێژەیی فەرهەنگی، کەرەستەی سەرەکیی فەلسەفەیە.
سیستەمەکان لە فەرهەنگێکەوە بۆ فەرهەنگێکی تر جیاوازن، بەڵام هەموو فەرهەنگەکان بە یەکسانی شیاون و هیچ پێوەرێکی کامڵ نییە بۆ پێوانەکردنی چاکە و خراپە، یان بۆ پێوانەکردنی ڕاست یان هەڵە. چاکە و خراپە، ڕاست و هەڵە بەرهەمی ئەو کۆمەڵگە و شارستانیەتەن، کە مرۆڤەکان ئینتمایان بۆی هەیە و ناتوانن ببن بە پێوەری گشتی.
بۆیە گەندەڵی و ناگەندەڵی فەلسەفە یان تێوەگلانی فەلسەفە بە گەندەڵیی مرۆڤ لە کاتی نمایش و پراکتیزەکردنی چەمکە دینی و ئایدیۆلۆژیای دەروونییە یاخییەکاندا، کارگەلێکی جەمسەریە بۆ مانەوەی ڕەگەزی مرۆیی و تەنیا ئامرازی بیرکردنەوە نیە.
ناکرێ ئەم سەردەمە ناوبنرێت سەردەمی کۆتایی ئەخلاق و ئەم سەدەیە بە سەدەی کۆچکردنی چەمکی ئەخلاقی کلاسیک ناوزەد بکرێت.
فەیلەسوفەکان خاوەندی هزری بەرز و ڕۆشنگەرایین و بەردەوام هەوڵ دەدەن بۆ چاککردنی دۆخی کۆمەڵگەکانیان، بەمەبەستی دەستەبەرکردنی ئاشتی ناوخۆ و دەرەوە، لەپێناو ژیان لە جیهانێک، کە تەژی بێت لە خۆشەویستی و لێبووردەیی و دادپەروەری و گەشەسەندن.
مێژووی فەلسەفە پڕە لەو فەیلەسوفانەی، کە کاریان لەسەر چارەسەرکردنی قەیرانی و گرفتەکانی کۆمەڵگەکانیان کردووە.
دیارترین نموونە بیرکار و فەیلەسوفی گەورەی دیاردەگەرایی ئەڵمانیە، ئێدمۆند هۆسرل، خاوەندی پەڕتووکی قەیرانی زانستەکانی ئەوروپا و فینومینۆلۆژیای ترانسێندێنتالی، کە وەکو سوکرات و ئەفڵاتون و ئەرستۆ و تۆما ئەکوینی و تۆماس هۆبز و جۆن لۆک و بێرتراند ڕاسل و لێڤی شتراوس و کەسانی تر بە باشترین شێوە گوزارشی لە قەیران و گرفتەکانی کۆمەڵگەی خۆی کردووە.
بۆیە هیچ کاتێک فەیلەسوف و بیرمەندەکان هۆکاری دواکەوتن و داڕمانی کۆمەڵگەکانیان نەبوون، بە پێچەوانەوە ئەوان بەردەوام هۆکاربوون بۆ ئەوەی وڵاتیان لە گێژەنگاوی قەیرانەکان ڕزگاری بێت و نەتەوەکانیان دووچاری نەهامەتی گەورە نەبن.
ئەمڕۆ فەلسەفە تەنیا گەمەیەکی هزری، یان کەرەستەیەکی فێرکاری و ڕێبازێکی تیۆری گشتگیر و بەرزەفڕ نیە، بەڵکوو ئامرازێکە بۆ گۆڕانکاری و کارتێکردن لە واقیع و ئاڕاستەکردنی.
ئەمڕۆ فەیلەسوف تەنیا دانایەک نیە، بەڵکوو سیاسییە، نە بە مانا ئایدیۆلۆژییەکەی سیاسەت، بەڵکوو بە مانا فەلسەفی و ئەخلاقییەکەی چەمکی سیاسەت. بۆیە فەلسەفە وەکو ئاڕاستەکار و ڕێبەری کۆمەڵگە و بابەتە سەرەکییەکانی دەمێنێتەوە.
دکتۆرا لە فەلسەفە، زانکۆی هایدلبێرگ-ئەڵمانیا.[1]