ناونیشانی بابەت: زنجیرە باسێک دەربارەی قژهەڵوەرین
ئامادەکردن: د. #شادیار حەمەلاو#
بەشی یەکەم - پێشەکی
دڵنیاین کە ئەگەر خۆت ئەو کێشەت نەبێ ئەوە هاوڕێ یا خزمێکت هەیە کە تووشی قژهەڵوەرین بووە!
بۆیە بە پێویستمان زانی کە چەن ڕوونکردنەوەیەک بدەین سەبارەت بە بابەتەکە.
سەرەتا با بزانین بەشێوەیەکی سرووشتی تاڵەقژەکان لە چی پێکهاتوون چۆن دەڕوێن و ژیانیان بە چەند قۆناغا دەڕوات تاکو لە سەرچاوەی کێشەکە تێبگەین.
هەر تالە موویەک پێکهاتووە لە 95% کێراتین ئەو پرۆتینەی کە پێست و قژ و نینۆک پێکدێنێت کە ڕێگە بە ئاو نادا بۆ پاراستنی قژەکە، و بەهێزکردنی هەر تاڵە قژێک داکوتراوە بە ناو پێستتدا لەڕێگەی سەلکە مووەوە کە خۆراکە ماددەی لە خوێنەوە دەگات بە ناو قژەکە تاکو بژی.
$سووڕی ژیانی هەر تاڵە موو یا قژێک 4 قۆناغە$
1- قۆناغی گەشە:
لەم قۆناخەدا قژەکە بە چالاکی گەشە دەکات و لەوانەیە ساڵانێک بخایەنێت.
2- قۆناغی جیابوونەوە:
لەم قۆناغەدا کە 10 ڕۆژ ئەخایەنێ تاڵەکە لە سەلکە مووەکەی جیا دەبێتەوە و ئیتر گەشە ناکات.
3- قۆناغی پشوو:
لەم ماوەدا تاڵە قژەکە ئەچێتە باری ڕێستەوە کە دوو بۆ سێ مانگ دەخایەنێت.
4- قۆناغی هەڵوەرین:
تێیدا مووەکە بەتەواوی هەڵدەوەرێت و تاڵە قژێکی تر دێتەوە جێگەی و سووڕەکە بەردەوام دەبێت.
هەڵوەرینی 50 بۆ 100 تاڵ قژ ئاساییە ڕۆژانە کە زۆربەی کات هەستی پێناکرێ چونکە مووی تر جێی تاڵە هەڵوەریوەکان دەگرێتەوە. [1]