نووسەر:دکتۆر عادل باخەوان
کۆمەڵگەی کوردی پێکهاتەیەکە لە لاشەیەکی بیناکراوی دامەزارو لەسەر کۆمەڵێک گرووپی گونجاوی شەحنکراو بە چەندین چوارچێوە لە بەهای (ترادیسیۆنێل)ی کۆمەڵایەتی درێژبووە بەنێو مێژوووی ئەخلاقی و ئایینیمانی و کەلتوریماندا. بێگومان ئەم لاشەیە، وەک بەشێک لە ناسیۆنالیستەکان دەیانەوێت پێمان بڵێن، دیاردەیەکی سرووشتی نییە و خاوەنی هەمان ڕەگەزی دیاردەکانی وەک دەریا و بەفر و باران نییە. بەپێچەوانەوە دیاردەیەکی بەشەریە و بەدەست خۆمان و لەنێو خۆماندا درووستبووە. واتە کۆمەڵگەی کوردی، شووناسەکەی، ئایینەکەی، ئینتیما بۆی پەیوەندیان بە ئەزلەوە نییە و دیاردەی سرووشتیی بەڵگە نەویست نین، بەڵکوو لەنێو مێژوووی کۆمەڵایەتیماندا (کۆمەڵایەتی بەمانا فراوانەکەی) بینامانکردون و ئەمەش دەمانخاتە بەردەم بنەمای هەر شتێک لەنێو مێژووویەکی کۆمەڵایەتیدا بینابکرێت، لەنێو مێژوویەکی دیکەی کۆمەڵایەتیدا دەکرێت هەڵبوەشێنرێتەوە. ئەوەی وا لە مرۆڤەکان دەکات کە خودی ئەم فاکتە کۆمەڵایەتیانە بخەنە نێو کردەی (تەقدیس)ەوە، مەبەست لە فاکتەکانی وەک کۆمەڵگە، شوناس، ئینتیما، ئایین، ئەخلاق و هەمو هاوشێوەکانیانە، تێنەگەشتنە لەم ڕەگوڕیشە مێژوویە کۆمەڵایەتیانەی خودی ئەو فاکتانە و کورتکردنەوەی وشیاریە لە (کردەی تەقدیس)دا کە لە قۆناغی دووەمی مێژووی فاکتەکاندا دەستپێدەکات.
بێگومان ئەو مێژووە کۆمەڵایەتیەش کە ئەم کردەیەی تیادا درووستدەبێت (کردەی تەقدیسکردن)، هەمان ئەو مێژووەیە کە تاکە پەرتەوازەکان، تاکە سەرگەردانەکان، تاکە بەرەڵاکراوەکانی نێو کۆڵانەکانی وجود، لەنێو گرووپی پێکەوە گونجاودا کۆدەکاتەوە. گرووپێکی بەشەری بۆئەوەی ببێت بە گرووپێکی گونجاوی کۆمەڵایەتی، دەبێت پێش هەموو شتێک کۆدەنگیەکی ناوەکی لەسەر چەند نۆرمێکی فراوانی هەژمووندار بۆ خۆی درووستبکات. بۆنموونە نۆرمی وێناکردنی ژن، وێناکردنی هاریکاری، وێناکردنی گوێڕایەڵی، وێناکردنی پێگەی باوک یان براگەورە، وێناکردنی سەرۆکی خێڵ، وێناکردنی پەیوەندی بە کار و قازانجەوە، تاد. بەبێ کۆدەنگی لەسەر سیستەمی نۆرمە ناوەکیەکان، گرووپی گونجاو درووستنابێت. ئەوەی وادەکات کە کۆمەڵگەکانی پۆست مۆدێرنیتێ وەک کۆمەڵگە هەڵبوەشێنەوە کۆتایهاتنە بە ئامادەیی کۆمەڵایەتی ئەم گرووپانە، بێگومان لە ئاستێکی دیکەدا، چونکە ئەو گرووپانەی کە مۆدێرنیتێ درووستیان دەکات هەڵگری هەمان سیستەمی بەهای پێکەوە گونجاوی گرووپەکانی کۆمەڵگەی ترادیسیۆن نین.
ئەوەی ئێمە لێرەدا دەمانەوێت کلیکی لەسەر بکەین کۆمەڵگەی کوردییە کە لەنێوان سنوورەکانی مۆدێرنیتێ و ترادیسیۆندا تووشی جۆرێک لە دڕان بووە. دڕانی بەشێک لە سنوورەکانی ترادیسیۆن و دڕانی بەشێکی دیکە لە سنوورەکانی مۆدێرنیتێ. کۆمەڵگەی کوردی شانۆی دەرکەوتنی ئەو سەدان گرووپە کۆمەڵایەتیەیە کە لەنێو مێژوویدا درووستبوون و هەر یەکەیان خاوەنی جیهانبینییە کی گونجاوی ئەخلاقی، ئایینی، کۆمەڵایەتی و ئابووریە لەگەڵ ئەوی دیکەیاندا. نۆرمە باڵاکانی ئەم گرووپانە، هەر لە بادینانەوە بیگرە تا دەگاتە هەورامان، هەمان ئەو نۆرمانەن کە شەرعیەت و هێزو دەسەڵاتی هەژموونیان لە (ترادیسیۆن)ەوە وەردەگرن و ئەمەش وایان لێدەکات کە تاڕادەیەکەی زۆر بتوانن لە یەکتر تێبگەن، وەک یەک بیربکەنەوە، لە یەک سیستەمی ڕەوشتیدا ئاوێزان ببن، وەک یەک هەست بە خۆشی و ئازارەکان بکەن، تەنانەت چێژ وەرگرتن لە خواردن، سێکس، گەشتکردندیشیان تا ڕادەیەکی زۆر لەیەک نزیک بێت.
بێگومان دەکرێت لێرەدا ئێمە چەندین نموونە بخەینە بەردەست. هەر لە لەدایکبوونی مناڵێکەوە و چۆنییە تی بانگدان بەگوێیدا تا بیناکردنی پێوەندیەکانی ئەم مناڵە لەگەڵ باوک، دایک، برا، خوشک، گەڕەک، مامۆستا، قوتابخانە، مزگەوت، دواتر حزب، زانکۆ، خێڵ، ژن، سەفەر، خێزان درووستکردن، مناڵکردن، ئۆتۆمۆبیل و سەدان شتی دیکەدا، دەکرێت بخەینە ژێر کۆنترۆڵی تاقیکردنەوەو پشکنینەوە، بەڵام لە وتارێکی وادا نەجێگای ئەوە دەبێتەوە، نە کاتی ئەوەشمان هەیە و ئومێدەکەم ئەم کارە لە توێژینەوەیەکی درێژتردا بکەم.
ئەوەی کەلەم سیستەمە فراوانە دەڕواتە دەرەوە، ڕاستەوخۆ لەلایەن خودی سیستەمەکە و هەموو دەزگاکانییە وە(خێزان، قوتابخانە، زانکۆ، حزب، مزگەوت، کڵێسە، گەڕەک، خزم، هاوڕێ، فەرمانگە) نەفرەتی لێدەکرێت و وەک سەرەتانێک، دومەڵێک، شتێکی پیس بە لاشەی پاکی کۆمەڵگەوە دەخرێتە سەر شانۆ و لە کۆبوونەوەکاندا پێناسەدەکرێت. وەستانێکی خێرا لەسەر دیاردەی ژن کوشتن لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ڕووناکی دەخاتە سەر چۆنییە تی ئیشکردنی پرۆسێسی بەنەفرەتکردنی هەر مرۆڤێک کە، بە جۆرێک لە جۆرەکان، لە ئاستێک لە ئاستەکاندا لەم سیستەمە بێتە دەرەوە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی بەدواداچوونی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە وەزارەتی ناوخۆ، لە 7 مانگی ئەمساڵدا لە هەرێمی کوردستان 235 ئافرەت سووتاون یان خۆیان سووتاندووە، کە بەوشێوەیە بووە: 106 ژن لە #هەولێر#، 43 #دهۆک#، 62 #سلێمانی#، 24 ژنیش لە#گەرمیان#. بەپێی ڕیپۆرتاژێکی ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی، لە 1992 تا 2006، نزیکەی 12 هەزار ئافرەت لە باشووری کوردستاندا کوژراون یان خۆیان کوشتووە. [1]