نووسەر: دکتۆر #عادل باخەوان#
یە کێک لە و دیاردە گرنگانەی کە لە ئێستاو ئێرەی کوردستاندا پێویستی بە چاودێری، هاوڕێیەتی و پاشان ڕاڤەکردنی بەردەوامی زانستە کۆمەڵایەتییەکانە و بریتییە لە دیاردەی سەرەتاکانی سەرهەڵدانی (شار) وەک کردەی (تەمەدون/یوربانیزاسیۆن)ی ژیانی کۆمەڵایەتی کە ڕاستەوخۆ کارایی دادەنێت بەسەر گەشەکردنی نەک هەر پانتاییە فیزیکیەکانی نیشتەجێبوون، بەڵکوو بەسەر پێگە کۆمەڵایەتییەکانیشەوە.
زانستە کۆمەڵایەتییەکان، هەر لە مارکسەوە تا دەگاتە دۆرکایم، ڤێبەر، زیمۆل و قوتابخانەی شیکاگۆ، چەندین تیۆری مەزنیان لەسەر شاری مۆدێرن و قەیرانەکانی بەرهەمهێناوە. بۆ مارکس، هێڵی جیاکەرەوەی نێوان شار و لادێ، یەکێکە لە بنەما سەرەکیەکانی دابەشبوونی کارو کەڵەکەبوونی سەرمایە و پاشان گەشەکردنی ئەو شتەی کە ناوی دەنێت (ئیستیغلال)کردنی خوارەوەی کۆمەڵگە (کرێکاران) لەلایەن سەرەوەی کۆمەڵگە (بۆرژواکان)ەوە.
لای دۆرکایم، خزمەتگوزارییە ماددیەکان، ستراکتۆرە کۆمەڵایەتیە نوێیەکانی شارو دەزگا فەڕمیە مۆدێرنەکان، ئەو پانتاییە نوێیانە درووست دەکەن کە بە جۆرێکی دیکە ژیانی کۆمەڵایەتی تاکەکان ڕێکدەخەن، جۆرێک کە دابڕانێکی ڕیشەیی لەگەڵ ڕابردوودا بەسەر هەموواندا دەسەپێنێت. دۆرکایم پێیوایە کە ئەوە تەنیا لە شاردایە کە چڕبوونەوەی (ئەخلاقی) و چڕبوونەوەی (فیزیک) پێکەوە ڕێدەکەن و دەگەنە لوتکە. لە شاردا چالاکیە مرۆییەکان چوارچێوەی جیاواز وەردەگرن و تایبەتمەندیەکان لە هەموو مەیدانەکانی ژیاندا قووڵ دەبنەوە، لێرەوە هاریکاری (مێکانیک) کۆتایی پێدێت و هاریکاری (ئۆرگانیک) جێگای دەگرێتەوە.
زیمۆل پێیوایە کە شار هەموو دەرگاکان لەبەردەم دەرکەوتنی مرۆڤ وەک کەسی تاکدا دەکاتەوە. شار دێت و مرۆڤ لە دەستی (تائیفەکان)، عەشرەتەکان، خێزانەکان، گرووپە هۆلیستەکان دەردەهێنێت و فێریان دەکات کە چۆن ببن بە مرۆڤی تاک.
ڤێبەر لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە کلیک لەسەر شار دەکات. ئەو پێیوایە شار کە پانتایی بازرگانی گەورە و گۆڕینەوە مەزنە ئابووریەکانە، لەم ڕێگایەوە مرۆڤەکان لەسەر عەقڵانیەتی گوتارو ڕەفتارەکانیان ڕادەهێنێت، عەقڵانیەتێک کە لە مێژوویەکی کۆمەڵایەتیدا دەیانخاتە نێو ڕەوتی (چوونەدەرەوە لە دنیای ئەفسانەکان).
ئیشکالیەتی شار، لەگەڵ پرۆگرامە فراوانەکەی قوتابخانەی شیکاگۆدا، لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا، بەشێوەیەکی گشتی دەبێت بە یەکێک لە مەیدانە هەرە بەهێزەکانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان، بەڕادەیەک کە ناکرێت بەبێ کارکردن لەسەر شار باس لە ئامادەیی زانستە کۆمەڵایەتییەکان بکەین. لەبیستەکانی سەدەی ڕابردوودا، چەند هۆکارێک قوتابخانەی شیکاگۆ ناچاردەکەن بە جێبەجێکردنی سەدان پرۆگرامی گەورەی زانستی لەسەر شار. ئێمە دەتوانین بەم شێوەیە ئاماژە بەو هۆکارەکان بکەین:
1. گەورەبوون و فراوانبوونی سینەماییانەی شارەکان.
2. سەرهەڵدانی کۆچی گەورە نەک هەر لە لادێکانەوە، بەڵکوو لە هەموو دنیاوە بۆ شارە ئەمەریکیەکان.
3. جێگۆڕکێکردنی پێگە کۆمەڵایەتییەکان.
4. دڕانی پێوەندییە کۆمەڵایەتیە کلاسیکیەکان.
5. سەرهەڵدانی بەهێزی (تاوانی ڕێکخراو) و (ڕیزپەڕیی ڕادیکاڵ).
هەمو ئەم هۆکارانە زانستە کۆمەڵایەتییەکانیان بە سەدان توێژینەوەی مەیدانی ناچارکردو دەرەنجامیش مەعریفەیەکی فراوان لەسەر شار بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی لەدایکبوو.
من پێم وایە لە ئێستای باشووری کوردستاندا، چەند دیاردەیەکی زیندوو دەتوانن زانستە کۆمەڵایەتیە (کوردییەکان) ناچاربکەن بە سەدان توێژینەوە لەسەر شاری (کوردی) کە لە خۆبیناکردنی بەردەوامدایە. ئەو دیاردانەش بریتین لە:
1. کۆچی بەردەوامی لادێییەکان بۆ شار، کشانی فیزیکیانەی شار.
2. کۆچی عەرەبەکان بەرەو شارە گەورەکان.
3. ئامادەبوونی (کرێکارە هەژارەکانی) وڵاتە کڵۆڵەکان.
4. گەڕانەوەی کوردە ئەوروپیەکان بۆ کوردستان.
5. گەیشتنی بۆرژوازیەتێکی ئیسلامی و ئەوروپی سیپی پێست و ئامادەییان لە شارە گەورەکانی کوردستاندا.
6. دابەشبوونە نوێیەکای شار لەسەر بنەمایەی چینایەتی و سەرهەڵدانی بۆرژوازیەتی نوێی کوردی.
بێگومان بۆ بەرهەمهێنانی مەعریفەیەکی بابەتیانە لەسەر هەریەکێک لەم شەش خاڵە، ئێمە دەبێت چەندین توێژینەوەی سۆسیۆلۆژی مەیدانی ئەنجامبدەین و لەسەر هەر یەکێکیان هەموو ئەو داتایانە کۆبکەینەوە کە دەکرێت ڕێگامان پێدەبن لە واقیعی ئێستای (شاری کوردی) تێبگەین. بەڵام لە ئامادەنەبوونی سەنتەری توێژینەوەی زانستی تایبەت لەم بوارانەدا و لە چاوەڕوانی درووستکردنیاندا، ئێمە چەند تێبینیەکی گشتی لەسەر کارایی کۆی ئەم شەش خاڵە بەسەر شاری کوردییەوە دەخەینە ڕوو.
ئەم تێبینیانە دەرەنجامی ئەو شتەن کە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا پێیدەوترێت: میتۆدی چاودێریکردنی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆی واقیعێکی تایبەت لەلایەن سۆسیۆلۆگەوە. باشترین میتۆدێک کە ئێمە بەردەوام کاری پێدەکەین بریتییە لە میتۆدی چاوپێکەوتن فەردی و فۆرمی ڕاپرسی، بەڵام لە ئامادەنەبوونی ئەم میتۆدەداو بۆ نووسینی خێرای ئەم بابەتە کورتە، کە نابێت لە هەزار وشە تێپەڕێت، ئێمە دەرەنجامەکانی میتۆدی یەکەم بەکاردەهێنین.
هەر یەکێک لە و شەش خاڵەی سەرەوە، لە ئاستی جیاوازدا بەشداریان کردووە لە (سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی ئامادەیی فیزیکی دانیشتووانی شار). ڕاستە هەولێریەکان پێکەوە لە شارێکدا دەژین کە پێی دەوترێت هەولێر، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە چەند پرۆسێسی بەمۆدێرنەکردنی شاری هەولێر بەرزببێتەوە، هێندەش دانیشتووانی شار سەرلەنوێ بەسەر پانتاییە جوگرافیەکاندا، کە دواتر دەبن بە پانتایی گرووپە کۆمەڵایەتییەکان، دابەشدەبنەوە. جیابوونەوەی سەنتەری شار لە پەراوێزەکانی، جیابوونەوەی پەراوێزە (ڕاقیەکانی شار) لە پەراوێزە (شەعبیەکان)، جیابوونەوەی قوتابخانە (تایبەتەکان) لە قوتابخانە (گشتیەکان)، جیابونەوەی بازاڕە بۆرژواکان لە بازاڕە داڕزاوەکان، هەموو ئەم جیابوونەوە جوگرافیانە لە هەمانکاتدا دابەشبوونی کۆمەڵایەتی توندیش بەدوای خۆیاندا دەهێنن، یاخود پێش ئەوەی دابەشبوونی جوگرافیبن، دابەشبوونی کۆمەڵایەتی/ئابوورین. چەند ڕەوتی مۆدێرنیزەکردنی شار سەرکەوێت، هێندەش سنووری نێوان گرووپە کۆمەڵایەتییەکانی شار تۆختردەبنەوە، چەند ئەم سنوورانەش تۆخترببنەوە، هێندەش شار گۆڕانکاری ستراکتۆراڵی بەسەردا دێت و دەبێت بە مەیدانی ململانێی نوێ، گرەوی نوێ، ستراتیژی نوێ و دواتر مۆدێلی ژیان و پێوەندی کۆمەڵایەتی نوێ.
لێرەوە سەرمایەکان، سەرمایەی کولتوری، سەرمایەی کۆمەڵایەتی، سەرمایەی ئابووری، سەرمایەی بڕوانامە، بەشێوەیەکی تەواو نایەکسان بەسەر ئەم گرووپە کۆمەڵایەتیە نوێیانەی شاردا دابەشدەبن. ئیتر سەرەوەی کۆمەڵگە، لە شارە کوردییەکاندا، لە و ئەکتەرە کۆمەڵایەتیانە پێکنایەت کە بەتەنیا خاوەنی سەرمایەی ئابوورین، بەڵکوو لە و ئەکتەرانە پێکدێت کە لەهەمانکاتدا خاوەنی هەموو سەرمایەکانن. هەروەها ئیتر خوارەوەی کۆمەڵگە لە و ئەکتەرە کۆمەڵایەتیانە پێکنایەت کە بەتەنیا خاوەنی سەرمایەی ئابووری نین، بەڵکوو لە و ئەکتەرانە پێکدێت کە بە پلەی زۆر نزم لەهەموو سەرمایەکان نزیکدەبنەوە. واتە شاری نوێی کوردی ئیتر کۆتایی بە و چیرۆکە دەهێنێت کە پێیدەوتین: هەموو ئەو خوێندکارانەی کە پلەی بەرزی بڕوانامە بەدەست دەهێنن، مناڵی خوارەوەی کۆمەڵگە (هەژاران)ن. ڕەنگە، وەک ئیستیسنا، تا ئێستا و لە داهاتووشدا چەند خوێندکارێکی هەژار پلەی بەرز بەدەست بهێنن، بەڵام هەموومان دەزانین کە (ئیستیسناکان) لێرەن بۆئەوەی (قاعیدەکە(بسەلمێنن نەک هەڵی بوەشێننەوە.
دابەشبوونەوەی کۆمەڵایەتیانەی جوگرافیای شار، دوو پرۆسێسی لێکدژ، بەڵام پێکەوە، دەخاتە کار. یەکەمیان بریتییە لە خۆداخستن بەسەر گرووپە کۆمەڵایەتییەکانی هاریکاریدا و دووەمیشیان بریتییە لە گریمانەی سەرهەڵدانی (فەردانیەتێکی) یاخی لە خودی ئەو گرووپە کۆمەڵایەتیانە. کاتێک کە دابەشبوونی زانستیانەی کار، زاڵبوونی تایبەتمەندی لە هەموو بوارەکانی ژیانداو فۆرمەکانی (جیاوازیی) کردەکان هەژموون بەسەر تەواوی کۆمەڵگەدا دەکەن و پێوەندییە کۆمەڵایەتیە (ترادیسیۆنێلەکان) دەدڕێنن، ئیدی بۆشاییەکی ڕۆحی قووڵ لای مرۆڤەکان درووستدەکەن، بۆشاییەک کە وایان لێدەکات بەدوای پێوەندی (جێگرەوە(دا بگەڕێن و لە هەلومەرجێکی ئاواشدا سەرلەنوێ خۆیان فڕێ دەدەنەوە نێو باوەشی گرووپە داخراوەکان و پێیانوایە کە دەتوانن لەم باوەشانەدا بە ئارامی ژیان بەسەربەرن. بەڵام دواتر تێدەگەن لەوەی کە ژیانی مۆدێرنی شار، کارایی بەسەر خودی ئەم باوەشانەشەوە داناوە و دەستکاری چوارچێوەکانی کردون.
ڕاستە باوەشەکان لێرەن، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە هاوکێشەکانی بارگاوی بوون بە پرسیارەکانی ژیانی مۆدێرنی شار. بۆنموونە، ڕاستە کە خێزان تائێستاش یەکێکە لەم باوەشە ترادیسیۆنێلە کوردیانە، بەڵام کەمن ئەو خێزانانەی کە نە کەوتونەتە ژێر پرسیارەکانی تەلەفۆنی مۆبایل، کەناڵە ئاسمانیە بیانیەکان، ئەنتەرنێت، فەیسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە. لە دۆخێکی ئاواشدا گریمانەی (فەردانیەت)ی یاخیبوو لە خودی ئەم باوەشانە سەر هەڵدەدات...
ئەم تێبینیانەی من لەسەر شاری نوێی (کوردی) تەنیا سەرەتایەکن بۆ وروژاندنی ئیشکالیەتێکی گەورە کە بەڕێوەیە و بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵیدا دەبێت هەمو لایەک خۆی ئامادەبکات. سەرەتای خۆئامادەکردنیش لە مەعریفەیەکی بابەتیەوە دەستپێدەکات. هەربۆیە ئێمە هەوڵدەدەین لە ژمارەکانی داهاتودا و هەر لەم گۆڤارەدا، کار لەسەر هەریەکێک لە و شەش دیاردەیە بکەین کە ڕاستەوخۆ بەشداریدەکەن لە بەرهەمهێنانی شاری نوێی کوردی و گۆڕنکارییە کۆمەڵایەتییەکانیدا. بابەتی داهاتووشمان لەسەر کۆچی (لادێیەکان) بۆشار، کارایی ئەوان بەسەر شارو کارایی شار بەسەر ئەوانەوەیە.[1]