نووسەر: #ڕێبوار سیوەیلی#
کوردی بەشەکانی دیکەی کوردستان مافی خۆیانە لە ئێمە زیاتر لەم هەرێمەدا بمێننەوه
هەرێمی کوردستان چیی بۆ کوردی بەشەکانی دیکەی کوردستان کردووە، کە ژمارەیەکی بەرچاویان بە ویستی خۆیان و لە خۆشەویستییانەوە بۆ ئەم ئەزموونە هاتوونەتە ئێرە و ژمارەیەکی دیکەشیان بە ناچاری و لە ئەنجامی گوشار و کێشەی پارچەکانی دیکەی کوردستان کە هەتا ئێستاش ژێردەستەیی ڕژێمە بێگانەکانن و ژمارەیەکیشیان وەک گەشتیار و بۆ هەڵمژینی هەوای ئازادیی، هاتوون.
پێشەکی، دەمەوێت بڵێم کوردی بەشەکانی دیکەی کورستان لە ئێمە زیاتر مافی هاووڵاتیبوون و مافی مەدەنی و مافی تایبەتیی خۆیان هەیە لەم هەرێمەدا بمێننەوە، چونکە لە هەموو ئەو وڵاتانەی تێیاندا دەژیین، سەرچاوەی چەوساندنەوە، ڕووشکێنی، سەرکوتانەوە، مەحرومییەت و تەنانەت گرتن و زیندان و لە سێدارەدانیشیان بریتییە لە کوردبوونەکەیان، جگە لە هەرێمی کوردستان. بۆیە ئەوان هەتا کوردبن و لە و وڵاتانەدا بژین کە تێیاندا دەچەوسێنەوە، ئەو وڵاتانە بە نشتیمانی خۆیان نازانن و هەرێمی کوردستان نیشتمانی یەکەمیانە.
چەمکی نیشتمان لەلای مرۆڤ چەمکێکی هەستەوەریانەی قووڵە و ڕەگوڕیشەیەکی دەروونی، هەستەکی و هووشیاریانەی هەیە. ڕەنگە زۆر لە کوردی شوێنە جیاوازەکانی هەرێم و بەشەکانی دیکەی کوردستان هووشیاریی ئەوەیان نەبێت، کە ئەوان کوردن و کوردستان نیشتمانیانە، هەروەک چۆن زۆر لە کوردستانییەکانیش، هەستی ئەوەیان نییە کە کوردستان وڵاتی ئەوانە. من بیستوومە کابرا بەخۆی دەڵێت (من کریستیانی خەڵکی زاخۆم و ئێراقیم) ، لە کاتێکدا هەشمانە دەڵێت (من کوردی کریستیانم) . لەنێوان ئەم دوو گوزارەیەدا جیاوازییەکی گەورە لەنێوان دوو جۆر هۆشیاریدا هەیە، هۆشیارییەک کە شوناسی خۆی ڕەتدەکاتەوە و شوناسێکی ناڕەسەن بۆخۆی درووستدەکات، لەگەڵ هۆشیارییەک کە جەخت لە شوناسی خۆی دەکاتەوە بۆ بەرجەستەکردنی جیاوازیەکانی. ئەمەی دواییان هەمیشە پەسندە، چونکە کوردستان جێگەی جیاوازییەکان دەبێتەوە، بەڵام جێگەی خۆجیاکردنەوە نییە.
من وەها تێگەیشتووم، کە ئێمە بە جیاوازییەکانمانەوە کوردستان نیشتمانمانە، هەرکات باس لە کێشە نیشتمانییەکان یان پڕۆژەی نیشتمانی یاخود حکومەتی نیشتمانی دەکەین، باسی پڕۆژە و کێشە و حکومەتێک دەکەین، کە ڕەچاوی پێکهاتەکانی هەرێم و گەلان و کەمینە نەتەوەکانی دەکات. لێرەدا گوزارەی (کوردستان) بە تەنیا مانای وڵاتی کورد ناگرێتەوە، هێندەی ئەوەی ئاماژەیە بە جوگرافیایەک کە پێکهاتە و نەتەوەی دیکەیشی تێدا دەژیین. بەڵام ئەگەر بمانەوێ خۆمان جیابکەینەوە، کوردستان مانایەکی نامێنێت و ئەمەش بریندارکەرە، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی لەپێناوی کوردستاندا خوێنیان بەخشیوە.
کورد هەمیشە لە هەستێکی قووڵەوە وابەستەیی خۆی لەگەڵ خاک و نیشتماندا دەدۆزێتەوە. نیشتمان بۆ کورد مانایەکی دیکەی هەیە وەک لەوانەی هەرگیز هەستی لە دەستدانی نیشتمانیان نەبووە. ئەم هەستەی کورد لە و پەیوەندییە قووڵەی ئەوانەوە دێت لە ئاست لەدەستدان و غیابی نیشتماندا. سیحری مانەوەی کورد لەناو مێژووی ئەزموونکراویدا، بە هەر شێوازێک کە پەنای بۆ بردبێت و مانەوەی خۆی لە ڕێگەیەوە دابینکردبێت، هەر ئەم هەستەیەتی بەرانبەر بە خاک و نیشتمان. پەیوەندیی کورد، لەدەرەوەی پەیوەندیی مرۆڤ بە زەوی و موڵکایەتیەوەیە، هێندەی ئەوەی پەیوەندیی مەعنەوی ئەوانە بە شوێنێکی تایبەتەوە.
من نە دژی عەرەب، یان فارس، یان شیعە و سووننەم، نە دژی سەحرا و نە دژی دەریا و نە دژی هیچ شتێک کە کولتووری ئەوانیترم بیر دەهێنێتەوە، بەڵام من خۆم بە ئێراقی نازانم لەگەڵ ئەوەشدا حەفتا ساڵ پێش لەدایکبوونی من جوگرافیایەکی سیاسی بە ئێراق ناوبراوە و ئایدیۆلۆژیایەک هەبووە، کە ناوەرۆکی بۆ ئەم ئێراقە داتاشیوە. دەشێت ئەم هەستە و ئەم لەخۆتێگەیشتنە، هەست و لەخۆتێگەیشتنی کوردی پارچەکانی دیکەیش بێت کە لە و وڵاتانەدا دەژیین سەدان و بگرە هەزاران ساڵە چیرۆکی لە و شێوەیەیان بۆ دادەتاشرێت و بە زۆر و بە خوێن و قڕکردن وەک دەرمانی تاڵ دەکرێت بە گەرووی هاووڵاتیانی کوردی وەک ئێمەدا. نیشتمان لە چیرۆکدا جوان و خۆشە، بەڵام بەتەنیا چیرۆک ناتوانێت هەستی نیشتمان لەلای مرۆڤ درووستبکات.
ئەو شتەی زۆری تێدا بێت، لە دواجاردا یەق دەکرێتەوە. بەمجۆرەش هەروەک چۆن ئێراقیبوون لەلای من دەرمانێکی تاڵە، ئاواش ئێرانیبوون، تورکییبوون و سووریاییبوون لە و وڵاتانەدا بۆ هاوزمانەکانم دەرمانێکی تاڵە و لە هەلی مێژوویی جیاوازدا یەقی دەکەنەوە. ئەگەرچی قووتدانی ئەم فۆرمانەی شوناس، ئەم دەرمانە تاڵانە بۆی هەیە بێهۆشکەر و بەشێوەیەکی کاتیانە ئارامبەخشی زۆرێک لە هاوزمانەکانیشم بێت، جا بە سەپاندنی بەزۆر، یان لە ناهووشیارییەوە بێت.
لەبەر ئەوە هەرچەندە واقیعی هەرێمی کوردستان لە زۆربواردا هەمان تامی دەرمانە تاڵەکەی هەیە، بەڵام قووتدانی ئاسانە چونکە ئەم تاڵاییە ناچێتە جەستەیەکی نامۆوە. لێرەوە، کوردبوون پڕە لە هەدادان و دۆخێکی ڕۆحیانەی عاریفانە و سۆفیانەیە کە بۆ هەموو کوردێک شیاوی قەبووڵکردنە. هەر لەبەر ئەم پەیوەندییە قووڵەی نێوان کوردبوونی سۆژەی هەستەوەر و خودی هووشیار و کوردستانیبوونی نیشتمانە، کە بۆ ئێمە و بۆ کوردی پارچەکانی دیکەیش قابیلی پەسەندکردنە.
بەڵام بۆی هەیە هەم هەستکردنی سۆژە بە کوردبوونی خۆی و هەم هەستکردنی ئەم سۆژەیە بە بێ نیشتمانی، لە ساتەوەختیکدا نا ئومێدانە و هەمان چێژی تاڵایی هەبێت و ژەهراوی ئێراقیبوون و تورکیاییبوون و ئێرانیبوون و تاراوگەییبوونمان بیر بخاتەوە. ئەمەش ئەو ساتەوەختەیە کە تێیدا بکەری هەستەوەر بە هەمان شێوەی کە لە وڵاتە بێشوناسکراوەکانی لێوەی هاتوون، لێرەش هەست بە بێشووناسی خۆیان بکەن.
ئەمە ئەو ساتەوەختەیە کە دەبێت تێیدا پرسیار بکەین: ئایا ئێمە چیمان بۆ کوردی بەشەکانی دیکەی کوردستان کردووە، کە لێرە لەگەڵمان دەژیین و سەفەر بۆ هەرێمەکەمان دەکەن و بەناچاری، یان بە خواستی خۆیان تێیدا دەمێننەوە؟
مەرج نییە ئەوان هەموویان ببنە (هێمنی موکریانی) و بانگیی (ناڵەی جودایی) بە گوێی جیهاندا بدەن. بەڵام ئەوان لەئێستاشدا هەمان بارودۆخیی دەروونی و هەستی بێشوناسی تێدەپەڕێنن کە هێمن تیایدا دەژیا. ئەوان لە سنوورەکانەوە وەک بیانی و بێگانە، پێشوازییان لێدەکرێت. لە پرسگەکان بە هەمان شێوە ڕادەگیرێن و لە فەرمانگەکانی حکومەتدا وەک بیانی لە ڕیزی بێگانەکاندا سەف دەبەستن و لە شارەکانماندا و لە فرۆشگاکان و لە ناوڕێدا هەمان هەستی خۆبەنامۆبوونیان تێدا دەڕوێت، کە ئێمە جاران لە پرسگە و شارانی نائازاد و فەرمانگەکاندا هەمان بوو.
هەروەک چۆن ئیدی ئێمە ناتوانین لە و هەستەدا بژین و لە کەسی قبووڵ ناکەین بە و چاوە تەماشامان بکات، کە کوردبوونەکەمان سەرچاوە بوو بۆ ئەویتر تا لێوەی نیگامان بکات، ئاواش بۆ کوردی بەشەکانی دیکە قورسە لە پارچەیەکی دیکەی کوردستاندا وەک بیانی تەماشایان بکرێت و کوردبوونیان و هاتنیان لە بەشێکی دیکەی نیشتمانەوە بکرێتە سەرچاوەی جیاکردنەوەیان. من دەزانم ئەم جیاکردنەوەیە، ئەم جۆرە لە بەخۆنامۆکردن، پلانی شاراوە و مەبەستگەرایانەی هیچ بکەرێک، یان کارمەندێکی ئاساییش، یان پاسەپۆرت و مانەوە، یان دائیرەکانی نیشتەجێبوون و هیچ دانیشتوویەکی ئەم هەرێمە نییە لە ئاستیاندا، بەڵام لێم ڕوونە ئەمە زمانی یاسا و زمانی دەسەڵاتیی هەرێمەکەمانە بۆ لە دوورڕاگرتنی ئەوان و درووستکردنی مەودایەکی دەروونی لەنێوان هەرێم و پێکهاتەی دانیشتووانیدا. ئەم زمانە زمانێکی مەترسیدارە، چونکە کاریگەریی ترسناکی هەیە بۆ سەر هەستکردنی ئەوان و لەخۆتێگەیشتنیان و دواجار پەیوەندییان بەم هەرێمە و کوردبوونیانەوە.
ئەوە هەر تەنیا ئایدیۆلۆژیای بەرانبەر نییە کە لە ئێمە وێنەیەکی دیکە درووستدەکات، کە ئێمە نین، بەڵکوو ئەوەی ئەو وێنەیە بەرجەستە دەکات خۆمانین لەبەرانبەر ئەوانی دیکەدا، کە دەبینە شتێکی دیکە لەوەی کە هەین، یان دەبێت هەبین. ئەمەش هەرچەندە دەبێتە هۆکاری بریندارکردنی هەستی ئەوان، بەڵام بەڵگەیشە لەسەر ئەو ناهووشیارییەی کە لەم ساتەوەختەدا چواردەوری کوردبوونی ئێمەی گرتووە. ناهووشیارییەک، کە ڕەنگە زۆر سەرچاوەی جیاوازیی هەبێت، بەڵام ناکرێت لەدەرەوەی خۆمان بێت و ناکرێت سەرچاوەیەکیش لەوانە جۆرێک لە لەخۆڕازیبوونی ڕەگەزپەرستیانەی پێچەوانە نەبێت، کە ئێمەی داگیر کردووە و دەبێتە هۆکاری هەر ڕەگەزپەرستییەکی دیکەیش، کە لە ئێمەوە ئاڕاستە دەبێت بۆ هەموو ئەوانی دی..
بۆیە هەتا ئێمە بەمجۆرە بین لەگەڵ ئەو بەشەی دیکەی خۆمان، کە جوگرافیا و سیاسەت و ئایدیۆلۆژیاکان تێماندا ڕەگاژۆی کردوون، ناتوانین وەک پێویست بۆ ئەوانیتر هەبین و دەبینە دۆزەخ و سەرچاوەی نائومێدی و ناتوانین هیچیان بۆ بکەین.
دەبێت دوعا بکەین تا لەم فۆرمەی ئێمەبوونە ڕزگارمان ببێت و هووشیار ببینەوە لە ئاست ئەو فۆرمەی کوردبووندا، کە ناوەرۆکەکەی، زمانەکەی، دروشمەکانی و پەیام و ئامانجەکەی چ لە واقیع و چ لە یاسا و چ لە زمانی فەرمانگەکانیدا یەکسان دەبێتەوە بە یەکدی. چونکە ئەم دوو فاقییە لە ئەخلاقدا، دەبێتە هۆی دابەشبوونێکی دووفاقیانەی دیکەی کوردەکان لە نشتیمانی خۆیاندا، ئەو کاتەش نابێت پێمان ناخۆش بێت، کە کریستیانیەکی زاخۆیی خۆی بە ئێراقی بزانێت، لەکاتێکدا کە ئەو ئاساییش و ڕزق و ئاسوودەییەی بۆی لواوە، تەنیا لەم هەرێمەدا دەستەبەر دەبێت، نەک لە شوێنێکی دی..
لەبەر ئەوە هەرسێ دەسەڵاتەکەی هەرێم لەبەرانبەر ئەم واقیعەدا، لە بەردەم ئەزموونێکی مێژووییدان.
سەرۆکایەتیی هەرێم بە بەخشینی ڕێنمایی بەردەوام لەسەر پرانسیپی کرانەوەی کۆمەڵایەتی و فرەیی کولتووری و ڕێزگرتنی یەکسان لە هەموو پێکهاتەکان و ڕەچاوکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤ و میوانداریی و پەیوەندیی هاووڵاتیان بە ئەوانی دیکەی کۆچبەران و هاوزمانەکانمانەوە.
سەرۆکایەتیی پەڕڵەمان و دەسەڵاتی یاسادانان بە پێشکەشکردنی پڕۆژە یاسا و هەموارکردنەوە و دووبارە داڕشتنەوەی ئەو یاسایانەی پەیوەندییان بە مافی تاکەکەس و کەرامەتی مرۆیی و مافی بێگانەکان و هاوزمانانەوە هەیە. هەروەها بە خاوێنکردنەوە و دووبارە داڕشتنەوەی ئەو ڕستە و گوزارانەی بۆنی جیاکارەیی و ڕەگەزپەرستی و جۆرەکانی بەپەراوێزخستنیان لێدێت.
هەروەها پێویستە سەرۆکایەتیی حکومەت، بە دەرکردنی ڕێنمایی و فەرمان و بەرچاوڕوونیی بۆ لایەنە پەیوەندارەکان و بواری جێبەجێکردن، بەتایبەتی لەبارەی چۆنێتیی پیادەکردنی یاساکان بە لەبەرچاوگرتنی شعوری هاووڵاتیان و بێگانەکان و هاوزمانان، بەشداریی بکات لە خستنەڕووی هووشیارییەکی یاسایی بۆ کارمەندانی جێبەجێکار، هەر لە پۆلیس و ئاساییشێکەوە، تا کارمەندانی پۆست و پرسگەی فەرمانگەکانەوە تا دەگاتە وەزیرەکان. ئەم ڕێنماییانە گرنگن بۆ خاوێنکردنەوەی هەرجۆرە وتەیەک، لە بارە میزاجییەکەی و خستنەڕووی وەک ڕێنمایی یاسایی کە لە ڕێگەیانەوە پەیوەندیی دەسەڵات و هاووڵاتیان بە یەکسانیی ڕێکدەخرێت. بەمجۆرەش ئێمە دەکەوینە بەردەم بەکولتوورکردنی دیموکراسی و دیموکراتیزەکردنی خود، لەدەرەوەی هەر جۆرە بڕیارێکی میزاجیانە و خۆبەخۆ کە پێویستییەکی هەنووکەیی ئەزموونەکەمانە. چونکە ئەم ئەزموونە بەبێ سیما و زمان و ڕەفتارە یاساییەکانی لە ئاست ئەوانی دیکەدا نابێتە ئەزموونێکی ڕاقیی و شانازییەک بۆ مێژوو بەجێناهێڵێت.
سەرۆکی بەشی فەلسەفە کۆلیژی ئەدیبات زانکۆی سەڵاحەدین.[1]