توندوتیژی کۆمەڵایەتی و خێزانی لەوڵاتانی جیهاندا
#ڕەسوڵ بۆسکێنی#
توندوتیژی خێزانی دیاردەیەکی جیهانیە و پەیوەندی بەوڵاتی گەورە و بچووک یا هەژار و دەوڵەمەند نییە، هۆکاری سەرەکی توندوتیژی دژ بەژنان دەتوانین لەجیاوازییەکاندا ببینین، کە دەبێتە هۆکار بۆ کۆسپ و لەمپەر لەنێوان ژن و پیاو لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، لەڕووی جەستەیی و دەرونی و سیکسی کەبەشێوەیەکی سەرەکی پەرەی پێ بدرێت.
توندوتیژی دژ بەژنان شتێکی سرووشتی نییە، بەڵکوو تێڕوانینێکە لەقەبارەی مێژوویی فەرهەنگی کۆمەڵگای جیاواز، بەشێک لە ڕێکخراوە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان ڕێگا خۆشکەرن بۆ توندوتیژی لاوازی دژ بەژنان، هەروەها بەشێک لەدابونەریتی فەرهەنگی و کەلتوریش ئەوانەی کورت بینانە بیردەکەنەوە، لەبەرانبەر مافی یەکسانی ژن و پیاودا، دەتوانێت بیانوویەک بێت بۆ توندوتیژی دژ بەژنان، لەو ڕوانگەیەوە ژنان و کچان دەکەونە بەر هێرشی توند و تیژی، بەڵام زۆریان ئامادەنین، توندوتیژیەکانی بنەماڵەی خۆیان بە پۆلیس ڕابگەیەنن، یاخود دامودەزگای یاسایی گرنگی بەم جۆرە سکاڵایانە نادەن، کە پەیوەندی هەبێت بەکێشەی کۆمەڵایەتیەوە، چونکە ئەم جۆرە کێشانە بەکێشەی خێزانی دەزانن، لەبەرئەوە ڕێژەی ڕاستەقینەی توندوتیژی دەرناکەوێت.
بەپێی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی لێبوردنی گشتی نێودەوڵەتی، کێشەی توندوتیژی لەنێو بنەماڵەکاندا زیاترە لە گیرۆدەبووانی شێرپەنجە و ڕووداوەکانی هاتوچۆ، کەدەبێتە هۆی مەرگ و کەمئەندام بوونی ژنان لە ئەوروپا، لەتەمەنی نێوان 16 بۆ 45 ساڵی، بەڵام ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان کەوتنە داکۆکی کردنی زیاتر لەمافی مرۆڤ، بەشێوەیەکی تازە بۆ بەرگری کردن لەم دیاردەیە، بۆ نموونە: لە ئیسپانیا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی توندوتیژی لەنێو بنەماڵەکاندا، سیاسەتێکی تایبەتی پیادەکرد، بۆ لێکۆڵینەوەی گشتی لەو ژنانەی گیرۆدەی توندوتیژی بوون، یاسایەکی تازەیان داڕشتووە، کە ڕێکخراوی تەندرووستی و پۆلیس بەوپەڕی تواناوە هەوڵ دەدات، هەڵسوکەوت و توندیژی پیاو دژ بەژنان بواری پێ نەدرێت و ڕێگای لێ بگیرێت، ئەم یاسایە پشتگیری دەکات لەو کەسانەی دەبنە قوربانی توندوتیژی و مافیان پێشێل دەکرێت، بەوپەڕی تواناوە پشتگیریان لێ بکرێت، تا هەست بە تەنیایی نەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەی توندوتیژی لەدنیا سەرسوهێنەرە، بەپێی بەراوردێک کە دەوڵەتی ڕووسیا کردوویەتی لە ساڵی 1999 نزیکەی 14000 چواردە هەزار ژن و کچ لەو وڵاتە بەدەست مێرد و کەسوکاریانەوە گیرۆدەی توندوتیژی و کوژراون، سەرەڕای ئەوەش یاسایەکی تایبەت نییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە توندوتیژیی خێزانیە، لەئەفریقای باشوور ئەو ژنانەی لە ماڵی خۆیان بەدەست کەسوکاریانەوە بەچەک دەکوژرێن زۆر زیاترە لەوانەی لەدەرەوە بەدەستی بێگانە دەکوژرێن.
لەوڵاتانی ئیسلامیدا سەبارەت بەم بابەتە کەبەپێی یاسای (شەریعەتی ئیسلامی) بەڕێوەدەچێت، مافی ژنان ئاڵۆزییەکی زۆرتر بەخۆیەوە دەبینێت، دەربارەی شێوازی ڕووبەڕووبوونەوە، بەتایبەت کە ژنان لەپەیوەندی شووکردن و تەڵاقدان دەسەڵاتێکی کەمتریان هەیە، لەڕوانگەی چاودێرانی کۆمەڵایەتیەوە ئەم بابەتە زیاتر ڕێگا خۆشکەرە بۆ توندوتیژی دژ بەژنان لەچوارچێوەی خێزان و بنەماڵەدا، بەربڵاوی بۆچوون و بیرۆکەی فکری کەلتووری لەم جۆرە وڵاتانە، لەم بوارانەدا بۆتە هۆکارێک بۆ ناڕوونی ڕێژەی سەرژمێریەکی ڕاستەقینەی توندوتیژی لەناو خێزان و بنەماڵەکاندا.
لە وڵاتانی ئیسلامیدا بەپێی یاسا (شەریعەتی ئیسلامی) پیاو ئازادە لەوەی چەند ژنی هەتا 4 ژنی هەبێت، چونکە بەپێی شەریعەتی ئیسلامی بەشێوەیەکی گشتی پیاو ئەو مافەی هەیە هاوسەرگیری لەگەڵ ژنی دیکەش بکات، بەبێ ئەوەی پرسوڕایەک لەگەڵ ژنی یەکەمی بکات، بەم جۆرە زۆرجار کاردانەوە و دەمەقاڵێی بێزارکەر دەبێتە هۆی توند و تیژی لەنێو خێزان و بنەماڵەکاندا.
بەپێی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی لێبوردنی گشتی نێودەوڵەتی، توندوتیژی خێزانی لەکۆمەڵگاکانی دابونەریتی زاڵە و بەڕاشکاوانە بەڕێوەدەچێت، وەکو وڵاتی ئەفغانستان بەشێوەی ژیانی دەرەبەگایەتی (فیئۆداڵی) زۆر بنچینەدارە، ژن وەکو بەشێک لەسامان و دارایی تەماشادەکرێت، دەستدرێژی و پێشێلکاری لەمافی ژنان هیچ لێپرسینەوەی لێ ناکرێت و سزا نادرێن، ڕێژەی هێنانی چەند ژنی لەئێڕاق ئێستا بۆتە بابەتێکی گەرمی سیاسی، لەئێرانیشدا سەرەڕای کێشە و پێشێل کردنی مافی ژنان، بابەتی هێنانی چەند ژنی لەناو پیاواندا زۆر پەرەی سەندووە، بۆتە هۆکارێک بۆ پێشێل کردنی ماف و ژنان سەبارەت بە داهاتووی خۆیان لە ترس و دڵەڕاوکێ دابژین.
دەربارەی توندوتیژی دژ بەژنان لە هەرێمی کوردستان لە25- 11- 2017 بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان بەخەندانی ڕایگەیاندوە: لە10 مانگی ڕابردوو لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەهەموو شارۆچکە و شارەدێکانی دەوروبەری هەزار و 923 حاڵەتی توندوتیژی دژ بەژنان تۆمار کراوە، تەواوی حاڵەتەکان بریتییە لە سکاڵا بەپێی مادەی حەوت و هەشتی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان، لەوانەش 28 حاڵەتی کوشتنە کە 10 حاڵەتی کوشتن و 18 حاڵەتی خۆکوشتن تۆمارکراون.
توندوتیژی دژ بەژنان لە وڵاتانی ڕۆژاوا
توندوتیژی دژ بەژنان پەیوەندی نییە بەکۆمەڵگای تایبەت، واتە دەسەڵاتی سیاسی یا کۆمەڵایەتی، بەڵکوو لە هەموو کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتی دیاردەی توند و تیژی دژ بەژنان بەرچاودەکەوێت، لە چوارچێوەی ئابووری و ڕەگەز و فەرهەنگ و کەلتوردا تێدەپەڕێت، ئەزموونی مەترسیەکانی توندوتیژی مافی ژنان پێشێل کراوە، بەشێوەیەک لەوڵاتێکی وەکو بەریتانیا ئامارەکان پیشانی دەدەن.
بەپێی سەرژمێریەک لە وڵاتی بەریتانیا لەهەر 3 ژن، کەسەردانی نەخۆشخانە (بەشی فریاکەوتن) دەکەن، یەکێکیان بەهۆی دیاردەی توندوتیژی خێزانی شتێکی بەسەر هاتووە، لە 25% لە ژنانی بەریتانیا، لەهەر 4 ژن یەکیان لە درێژایی تەمەنی 25%ی بۆتە قوربانی توندوتیژی خێزانی لە ماڵی خۆیدا، وادەردەکەوێت لەهەر چرکەیدا پەیوەندی دەگرن بە پۆلیسی ئەو وڵاتە، بۆ بابەتێک کەپەیوەندی بەتوندتیژییەوە هەبێت، ئەو تاوانانەی ڕاگەیەنراوە 1/4ی تاوانی توندوتیژییە و لە17% پەیوەندی بەتوندوتیژی خێزانیەوە هەبووە، کەمتر لە 35% لەتوندوتیژی بنەماڵەکان بەپۆلیس ڕادەگەیەنرێت، تەنانەت بەشێک لە چاودێرانی یاسایی دەڵێن 11% کەمترە کەبەپۆلیس ڕادەگەیەنرێت.
پۆلیسی لەندەن دەڵێن لەهەر مانگێکدا 7650 سکاڵای سەبارەت بە توندوتیژی بەرانبەر بەژنانمان پێ ڕادەگەیەنرێت، کە بریتین لە سوکایەتی پێکردن، بێ پارەکردن، واتە پارەیان نادرێتێ، ڕێگری کردن لەپەیوەندی لەگەڵ هاوڕێ و کەسوکاریان، دەستدرێژی سیکسی و لێدان.
لەتوێژینەوەیەکی 3 مانگەدا لە 180 کردەوەی توندوتیژی لەخێزانەکاندا کەبەپۆلیس ڕاگەیەنراوە، 128 تاوان ئامادە نەبوون بەپێی یاسایی هەڵسوکەوت لەگەڵ تاوانباراندا بکرێت، لەنێوان ئەو گروپ و نەتەوانەی دیکە، کە لە بەریتانیا نیشتەجێن جیاوازیەکی ئەوتۆی تێدا بەدی ناکرێت، سەربارەت بەدیاردەی توندوتیژی خێزانی بەشێوەیەکی گشتی ڕێژەی تەمەنی 25 بۆ خوارەوە زیاتر بەرەو ڕووی توندوتیژی دەبنەوە.
ئامارەکان ئەوە نیشان دەدەن لەوڵاتی سوید لەچوار ژن یەکێکیان بەرەو ڕووی توندوتیژی دەبنەوە، تەنیا لە ساڵی 2021 دا 34 هەزار حاڵەتی توندوتیژی دژبەژنان تۆمارکراوە، هەروەها پۆلیسی نیشتمانی سوید لە 22ی حوزیرانی 2022 ڕایگەیاند، لە ساڵی 2021 دا 16 ژن بەدەستی هاوبەشی ژیانیان کوژراون، 3 پیاو لەلایەن ژنانەوە کوژراون، کەسایەتیەکی ناسراو لە ڕاگەیاندنێکدا وتی: من دانیشتوی وڵاتی سویدم و ئاگادارم توندوتیژی بەرانبەر بەژنان لەسوید زۆر بڵاوە، بەشێوەیەک لە ڕادیۆی بەشی کوردی سوید کەم ڕۆژ هەیە باسی کوشتن و توندوتیژی بەرانبەر ژنێک بڵاو نەکاتەوە، یەکێکی تر دەنووسێت: هیچ شەمە و یەک شەمەیەک نییە لەوڵاتانی ئەوروپا لەسەر سیکس ئافرەتی تێدا نەکوژرێت، لەلایەن هاوڕێ و ئەوانەی لێیانەوە نزیکن و گوایە بۆ بەسەربردنی ژیانێکی خۆش و ئاسوودە بەیەکەوەن، بەڵام کاتێک ژنەکە قبوڵی هەموو داواکاریەکانی نەکردووە دواتر کوژراوە، تاوانبارەکەش لەترسی سکاڵا و لێپرسینەوەی قانون هەڵدێن، ئەمەش بەشێکی لەبەرئەوەی لەوێ خێزانەکان بچووکن و کەسوکار کەمتر ئاگاداری ژیانی ئاڵۆزی کچەکانیانن.
بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کە لەلایەن گروپەکانی ئاسیایی عەرەب و ئەفریقاییەکانی کاریبی بەڕێوەچووە، ڕوون بۆتەوە بەشێوەیەکی گشتی و مام ناوەند دوای تێپەڕبوونی ماوەی 5 ساڵ بەسەر توندوتیژی خێزانی خوازیاری یارمەتی یاسایین، ڕێژەی دابین کردنی هەزینەی مالی سەبارەت بە توندوتیژی خێزانی لەشوێنە جیاوازەکانی وڵاتی بەریتانیا خۆی لەسەدان ملیۆن پاوەند دەدات، ئەو ڕێژە دیاری کراونەی ڕێکخراوەکانی پەنابەران ئەوە دەگەیەنێت، ژنانی وڵاتی بەریتانیا بەرەو ڕووی تەندوتیژی خێزانی بوونەتەوە، لەهەر 10 ژن کە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە، دانیان بەوەداناوە ڕووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە لەگەڵ مێرد یا ئەو کەسەی لەگەڵی دەژیەن، تەنانەت 1/10ی ئەو ژنانە گیانی خۆیان لەمەترسیدا دەبینن.
ڕێکخراوەی پەنابەران ئەم جۆرە لێکۆڵینەوانە بەگرنگ دەزانێت، چونکە ئەو شێوازانەی دەبێتە هۆی دیاردەی توندتیژی بەنهێنی نامێنێتەوە و ئاشکرا دەکرێت.
توندوتیژی لەوڵاتانی دنیا بەشێوەیەکی گشتی
بەشێوەیەکی گشتی ژنان لەتەواوی وڵاتانی دنیا بەرەوڕووی توندوتیژی دەبنەوە، لەکاتی شەڕ و ناخۆشی لەناو بنەماڵەی خۆیدا بەدەست مێرد و کەسوکاریانەوە، خاتوو ئینکا فلنزبورک بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی لێبوردنی گشتی نێودەوڵەتی دەڵێت: ژنان تەنیا لەبەرئەوەی ژنە دەکەوێتە ژێر گوشاری توندوتیژی لەلایەن بنەماڵە و کۆمەڵگاوە، توندوتیژی دژ بەژنان و کچان لەکۆمەڵگای وڵاتانی ڕۆژاوا شێوەی جیاوازی هەیە، لە لێدان و شەڕوشۆڕ، هەڵسوکەوتی دەرونی کە کار لەناخی مرۆڤ دەکات بەشێوەی بەکەمزانین، بەرگری ئازادی لەهەڵسوکەوتی تاک، هێرش کردن لەسەر کەسایەتی و داڕماندنی دەرون، بەتایبەت لەلایەن کەسوکاریان بەگشتی و مێرد دەکەونەبەر گوشاری توند وتیژی، هەروەها توندوتیژی بەرەوڕووی ژنان و کچان دەبێتەوە بەشێوەی نهێنی و نادیار، زۆربەی ئەو ژنانەی بەرەوڕووی توندوتیژی دەبنەوە لەدرکاندنی ڕاستیەکان خۆیان دەبوێرن، لەسەرئەوەی بەسەریان دێت شەرم دەکەن و بێ دەنگ دەبن، بەڕێژەیەکی زۆر کەم ئامادەن ئەوەی لەبابەتی توندوتیژی بەرەو ڕووی دەبنەوە بیدرکێنن، هەرچەندە شێوەی توندوتیژی کەلەناو بنەماڵەکاندا ڕوودەدات، جێگای سەرنجە لێکۆڵینەوەی گشتی بکرێت لەدنیا.
تەواوی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی پشتگیری یاسایی دەکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بۆ بایەخ پێدانی ژنان بۆ دەربڕینی ڕای خۆیان و چاودێری ژیان و پاراستنی ژنان لە توندوتیژی، بۆ خۆشگوزەرانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی.[1]