ناو: ڕەشید
ناوی باوک: باقی محەمەد
ڕۆژی لەدایکبوون: 1930
ڕۆژی کۆچی دوایی: 2002
شوێنی لەدایکبوون: گوندی #کۆرکێ# شارەدێی #گۆڕەتوو# سەربە شارۆچکەی #مێرگەسوور# ی پارێزگای #هەولێر#
شوێنی کۆچی دوایی: گوندی کۆرکێ
$ژیاننامە$
ڕەشید باقی محەمەد، پێشمەرگە و هەڤاڵی بارزانی بووە، بۆ یەکێتی سۆڤیەت، ساڵی 1930 لە گوندی کۆرکێ لەدایکبووە، لە شۆڕشی دووەمی بارزان خەباتکاربووە، لە کۆماری دیموکراتی کوردستان لە #مەهاباد# پێشمەرگە بووە و ماوەیەک پاسەوانی بەشی تۆپخانە بووە، لە هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان بەشداریکردووە، لە پێشمەرگایەتیدا پلەکانی سەرپەل و سەرلق و فەرماندەی بەتالیۆنی هەبووە، ماوەیەک پاسەوانی سەرۆک #مستەفا بارزانی# بووە، لە ڕاپەڕینی بەهاری 1991 بەشداربووە، لە پێشمەرگایەتیدا چەند جارێک برینداربووە، هەڵگری میدالیای بارزانی نەمرە، لە ساڵی 2002 لە گوندی کۆرکێ کۆچی دوایی کردووە.
دوای نسکۆی شۆڕشی یەکەمی بارزان کە #شێخ ئەحمەدی بارزانی# و ژمارەیەکی زۆری خاوخێزانی بارزانییەکان پەنا دەبەنە بەر باکووری کوردستان، ئەویش لە 21ی حوزەیرانی 1932 لەگەڵ بنەماڵەکەی ئاوارەی کۆماری تورکیا بووه، بەڵام دوای ئەوەی لە ساڵی 1933 دەسەڵاتدارانی تورک شێخ ئەحمەدی بارزانی ڕادەستی حکومەتی ئێڕاق دەکەنەوە، خانەوادەی ئەوانیش وەک تەواوی ئەو خانەوادانەی لەگەڵ شێخ ئەحمەد ئاوارەی باکووری کوردستان بووبوون، دێنەوە باشووری کوردستان، لە یەکێتی سۆڤیەت خوێندوویەتی و بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە بەشی کشتوکاڵی زانکۆی تاشکەند وەرگرتووە، لە ڕێکەوتی 1 کانوونی دووەمی 2002 لە گوندی کۆرکێ کۆچی دوایی کردووە.
$خەباتنامە$
ساڵی 1943 پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشی دووەمی بارزان کردووە، لە ڕێکەوتی 2 تشرینی یەکەمی 1943 بەشداری لە گرتنی پۆلیسخانەی شانەدەر و لە ڕێکەوتی 10 تشرینی دووەمی هەمان ساڵ بەشداریی گرتنی بنکەی پۆلیسی مەزنێ کردووە. لە گرتنی پۆلیسخانەی ڕێزان لەگەڵ بووە، بەم هۆیەوە لە 19ی ئابی 1945 بە فەرمانی دادگای عورفیی سەربازیی ئێڕاقی دەست بەسەر گشت موڵک و ماڵە گواستراوە و نەگواستراوەکانیدا گیراوە.
لە ڕێکەوتی 25 ئابی 1945 بەشداریی شەڕی چیای قەلەندەری کردووە، بەشداری شەڕەکانی بەردی قەڵاتی و حاجیە سووری کردووە، لە شەڕی بادینان بریندار بووە، لە 5ی ئەیلوول بەشداریی گرتنی بنکەی پۆلیسی مەیدان مۆریکی کردووە.
دوای نسکۆی شۆڕشی دووەمی بارزان لە 11ی تشرینی یەکەمی 1945 ڕوودەکاتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە 31ی ئاداری 1946 لە هێزی بارزانی سەر بە سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان پێشمەرگە بووە، لە 29ی نیسان بەشداری شەڕی قاراوا لە ناوچەی سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە، لە ڕێکەوتی 3 ئایار بەشداریی شەڕی ملقەرەنی مامەشای کردووە.
دوای نسکۆی کۆماری دیموکراتی کوردستان بەشداریی شەڕەکانی قەڵاتان، سنگان و گەڵاسی کردووە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ڕێکەوتی 3 ئاداری 1947 بەشداریی شەڕی نەلۆس و لە ڕێکەوتی 19 ئادار بەشداریی شەڕی نەغەدە و شنۆی کردووە، دواتر کرا بە پاسەوانی بەشی تۆپخانە، لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ڕێکەوتی 19-04-1947 لە ڕێگای (خواکوڕک و دەشتی بەرازگرەوە) بە خاکی کوردستانی باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەی شێروان و مزوری.
ساڵی 1959 بە فەرمانبەر لە ئیدارەی کشتوکاڵ دامەزراوە، بەڵام کاری حکومی نەکردووە و بووە بە پاسەوانی بارزانی لە بەغدا. ساڵی 1961 بەشداری شۆڕشی ئەیلوولی کردووە، ساڵی 1962 بەشداری شەڕی سەری ئاکرێ و سەری پیرسی کردووە و بریندار بووە، لە ڕێکەوتی 14 لەسەر 15 حوزەیرانی 1963 بەشداریی شەڕی سەری ئاکرێی کردووە و جارێکی تریش لە کاتی ڕاوەدونانی حکومەتی ئێڕاق لە نزیک پردی ڕێزان بریندار بووە، بەشداری شەڕەکانی شیلە بەراز، شەهێ، سەفتێ، گۆڕەتوو، گورا بایڤێ(گەروا گوژێ)، ئیشوکور و گەلی حەسەن مەما(گەلی زنتا)ی کردووە.
ساڵی 1975 بەشداریی شەڕی دۆڵی شەهیدانی کردووە و لە هەمان ساڵ دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول، وەک پەنابەر ڕوودەکاتە شانشینی ئێران بۆ کۆمەڵگای زێوە و لەێوە گواستراوەتەوە بۆ شەهری کورد لە پارێزگای چوار مەحالی بەختیاری نیشتەجێ بووە.
ساڵی 1979 بەشداریی شۆڕشی گوڵانی کردووە و سەرلق بووە و لەسەر ڕاسپاردەی ڕێزداران ئیدریس بارزانی و #مەسعود بارزانی# گەڕاوەتەوە بۆ کۆمەڵگای زێوە و کراوە بە فەرماندەی بەتالیۆن و بەرپرسی بنکەی پاسەوانەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی تا ساڵی 1991 لەم ئەرکە بەردەوام بووە.
ساڵی 1991 لەگەڵ جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی گەڕاوەتەوە کوردستان بۆ ڕانیە و دیانا و لە ڕاپەڕین بەشدار بووە، ساڵی 1993 بە فەرمانی سەرۆک مەسعود بارزانی کرا بە ئەندامی لێژنەی کۆمەڵایەتی شێروانی یەک. لە ڕێکەوتی 16 ئابی 1996 لە چوارچێوەی ئاهەنگەکانی یۆبیلی زێڕیندا لەبەر خەبات و بەرخودانی لە شۆڕشی دووەمی بارزان، کۆماری دیموکراتی کوردستان، ڕێڕەوی بەرەو یەکێتی سۆڤیەت، شۆڕشی ئەیلوول، گوڵان و ڕاپەڕین لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی میدالیای بارزانی نەمری پێبەخشراوە، ساڵی 1997 لە شەڕی ناوخۆ بریندار بووە، لە ڕێکەوتی 6 تشرینی یەکەمی 1999 نوێنەری ئیفتخاریی کۆنگرەی دوازدەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان - ئێڕاق بووە لە هەولێر.[1]