ناونیشانی بابەت: قەڵەو کردنی دەموچاو
ئامادەکردن: د. #کامەران ژاژڵەیی#
بەشێکی بەرچاو لە خانمان کێشەی لاوازی دەموچاویان هەیە و هەمیشە ئەو پرسیارە دووبارە دەکرێتەوە چۆن بتوانن دەموچاویان قەڵەو بکەن یا کام دەرمان گونجاوە و بێ زیانە.
$بە گشتی ئەوانە دەموچاویان لاوازە دەکرێن بە سێ گرووپەوە:$
1- ئەو کەسانەی کێشیان کەمە و لاوازن: ئەم کەسانە لە ڕێگای زیادبوونی کێشەوە دەموچاویان قەڵەو دەبێت.
2- ئەوانەی کێشیان نۆڕماڵە بەڵام کێشەی لاوازی دەموچاویانەیە:
لە ڕێگەی بەرنامەی خۆراکی و وەرزش و بەکارهێنانی هەندی دەرمان و تەواوکەری خۆراکی و ڤیتامینی گرنگ بۆ دەموچاو و هەندێ گیراوەی سرووشتی یا کرێم و مەڵحەمی تایبەتەوە چارە دەکرێن.
3- ئەوانەی کێشان زۆرە یا قەڵەون بەڵام دەموچاویان لاوازە: چارەسەری ئەم جۆرە کەسانە لەوانی تر قورسترە بەڵام بە هەمان ڕێگاکانی جۆری دووەم چارەسەر دەکرێت لەگەڵ پاپەند بوون بەڕێجێمی خۆراکی هاوسەنگ و دەوڵمەند بە پڕۆتین و سەوزە.
$گرنگترین هۆکارەکانی لاوازی دەم و چاو:$
1- لاوازی و کەمی کێش و بەد خۆراکی.
2- هۆکاری بۆماوەیی.
3- چوونە تەمەنەوە.
4- کەمی کۆلاجین و کەمی ڤیتامین و کانزاکان و وشک بوونەوەی جەستە لە ئەنجامی کەم ئاو خواردنەوە.
5- سترێس و دڵەڕاوکیی بەردەوام و خەمۆکی.
6- شەونخوونی و کەمخەویی.
7- ئالوودە بوون بە خواردنەوە کحولیەکان و ماددە هۆشبەرەکان.
8- جگەرە کێشان و نێرگەلە کێشان.
9- زۆر خواردنی شیرینی و چپس و خواردنی قووتوو و سیستمی خۆراکی ناتەندرووست.
$شێوازی چارەسەرکردن:$
چارەسەرکردنی هەر کێشەیەکی تەندرووستی سەرەتا بە دەست نیشانی هۆکارەکەی دەست پێ دەکات لەگەڵ گرنگی دان بە نەهێشتنی گەر بتوانرێت، هەروەها چارەسەرکردنی هەر جۆرێک لەو جۆرانەی سەرەوە ئاماژەیان پێ دراوە کە پێی کێش و تەمەن و باری تەندرووستی گشتی ئەو کەسە دەگۆڕێت. [1]