ناو: جەودەت
ناوی باوک: شاکر عەلی
ڕۆژی لەدایکبوون: #21-10-1946#
ڕۆژی کۆچی دوایی: #24-04-2021#
شوێنی لەدایکبوون: #هەولێر#
شوێنی کۆچی دوایی: هەولێر
$ژیاننامە$
هونەرمەند (جەودەت شاکر عەلی) لە ڕێکەوتی (21-10-1946) لە گەڕەکی (تەکیەی قەڵای هەولێر) هاتۆتە دنیاوە.
خێزانەکەیان پێک هاتوون لە پێنج برا و شەش خوشک.
دوای قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی ساڵی (1964-1965 دارالمعلمین) ی لە هەولێر تەواوکردووە، سەرەتا وەک مامۆستا لە ناوچەی مێرگەسوور دامەزراوە و دواتر لە بارزان و سرێشمە و تەرجانیش مامۆستا بووە و پاشان بۆ (چالاکی قوتابخانەکانی هەولێر) گوێزراوەتەوە و لێرە بە ناونیشانی (سەرپەرشتیاری هونەری) کاریکردووە.
هاوینی ساڵی (1975) خوولی مەرکەزی میوزیکی لە (پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی بەغدا) لە ماوەی دوو مانگدا بەسەرکەوتوویی تەواوکردووە. یەکەم بەشداریکردنی وەک موزیکژەن لەسەرشانۆی (هۆڵی گەل) ، لە میانی (تیپی موزیکی خانەی مامۆستایان) بەسەرپەرشتی مامۆستا (زیادین قەساب) بووە.
مامۆستا جەودەت (01-06-1966) هاوسەرگیری کردووە و خاوەنی شەش کوڕ و دوو کچ بووە، لە ماوەی ژیانی هونەریدا ئەندامی چەندین تیپ بووە لەوانە:
تیپی مۆسیقای سەندیکای مامۆستایان، تیپی مۆسیقای چالاکی قوتابخانەکانی هەولێر، تیپی هونەری هەولێر، تیپی مۆسیقای هونەرە میللییەکان، هەروەها ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تیپی هونەری هەولێر و دەستەی کارگێڕی سەندیکای هونەرمەندان بووە، ئەندامی سەندیکای هونەرمەندانی ئێراق و کوردستانیش بووە، لەگەڵ تیپی هونەرە میللییەکان سەفەری دەرەوەی بۆ وڵاتانی: ئەڵمانیا و سۆفییەت و نەمسا و فەرەنسا و سویسرا کردووە. مامۆستا جەودەت شاکر (23) بەرنامەی تەلەڤزیۆنی بۆ (50) گۆرانیبێژی تورکومانی ئامادە و تۆمارکردووە، ئاوازی دوو تابلۆی بەناوەکانی (لۆشوانۆ) و (سنجانێ) ی بۆهونەرە میللییەکان داناوە، هەندێک ئاوازی بۆ گۆرانیبێژان داناوە و کۆمپانیای (بابل) ی ئێراقی بۆی تۆمارکردوون، لەبەڕێوەبەرایەتی هونەرەکانی میوزیک لێپرسراوی ئیداری و هونەری بووە و لە هەمان کاتدا لە هەموو چالاکییەکانییدا بەشداربووە، لە پێگەیاندنی (تیپی مۆسیقای منداڵانی هەولێر) لەگەڵ هونەرمەندان: ڕەنجبەر خۆشناو، جەمال عوسمان، جەودەت هاشم، هاوکاری نووسەری ئەم دێڕانە بووە.
دواجار بەهۆی نەخۆشی لە (24-04-2021) کۆچی دوایی کردووە. [1]