$کۆمەڵکوژی ئاسوورییەکان لە سیمێل؛ ئابی 1933$
نووسینی: #ئامانج حەسەن ئەحمەد#
واژووکردنی پەیماننامەی نێوان بریتانیاو ئێڕاق لە 1930 و نەبوونی بڕگەو ماددەیەکی سەربەخۆ سەبارەت بە مافی گروپ و پێکهاتە ئایینی و ئیتنییەکانی ناوچەکەک بووە هۆی ناسەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی ئێڕاق، بەجۆرێک گەلانی ئێڕاق بە کوردو عەرەب و ئاسووری و پێکهاتە ئایینی و ئیتنییەکانی دیکەوە، هەریەکەیان بە تێڕوانینێکی جیاوازەوە هەڵوێستی خۆیان بەرانبەر بەو پەیماننامەیە دەربڕیوە، لەو بارەیەوە عەرەبەکان پێیان وابوو ئەم پەیمانە نەک هەر سەربەخۆیی بۆ ئێڕاق بەدی ناهێنێت، بەڵکوو هێندەی تر دەسەڵاتی ناراستەوخۆی بریتانیا لە ئێڕاقدا زیاتر دەکات و جۆرێکە لە بەندایەتی بۆ حکوومەتی بریتانیا، هاوکات گەلی کورد بەوپەڕی نەرێنی و نیگەرانییەوە لە پەیماننامەی ئێڕاق–بریتانیان ڕوانیوەو هەر لە سەرەتاوە لە ڕێگەی کۆمەڵێک یاداشتەوە نیگەرانی خۆیان لە بەرانبەر دیاری نەکردنی مافەکانی کورد، ئاڕاستەی هەردوو حکوومەتی ئێڕاق و بریتانیا کردووەو ژمارەیەک لە ڕۆشنبیران و کەسایەتی و سەرۆک خێڵە کوردییەکان، لە زۆربەی شارو شارۆچەکەکانی باشووری کوردستاندا لە ڕێگەی پێشکەشکردنی یاداشت و تەنانەت ئەنجامدانی گردبوونەوەو خۆپیشاندانی ئاشتیانەوە، هەڵوێستی خۆیان لە دژی بەهەند وەرنەگرتنی پرسی کورد لەنێو پەیماننامەکە دەربڕیوەو بەئاشکرا داوای بەدیهێنانی سەربەخۆیی کوردستانیان پێشکەش بە هەردوو حکوومەتی بریتانیا وئێڕاق کردووە، هاوکات ئاسوورییەکانیش بەگومانەوە لە دەرئەنجامەکانی پەیماننامەی ساڵی 1930ی نێوان بریتانیا و ئێڕاقیان ڕوانیوە، چونکە پێیان وابوو بەهیچ شێوەیەک ئاماژە بە ماف و جیاوگی ئاسوورییەکان نەکراوە کە لە ساڵانی پێشوودا بەردەوام لەلایەن کاربەدەستانی بریتانیاوە بەڵێنی ئۆتۆنۆمی و هەندێک جاریش سەربەخۆییان پێدرابوو، ئەمەش وایکردبوو کە ناوەرۆکی پەیماننامەکە بە پاشەکشەیەکی ڕاستەوخۆی سیاسەتی بریتانیا بزانن. وەک کاردانەوەیەکیش لەبەرانبەر بێباک بوونی بریتانییەکان لەبەرانبەر بەڵێنەکانیان، بە شێوەیەکی فراوان یاداشت و سکاڵایان لە دژی بریتانیا و حکوومەتی ئێڕاق ئاڕاستەی کۆمەڵەی گەلان کرد و پێشنیاری ئەوەیان کرد کە سەرجەم ئاسوورییەکان بە شێوەی کۆمەڵ لە یەکێ لە وڵاتە ئەوروپییەکاندا نیشتەجێ بکرێن یاخود لە ئاسانترین ڕێگەچارەدا بیانگوێزنەوە بۆ سووریا، چونکە پێیان وابوو لە دوای ڵابردنی ماندات، ناتوانن لە ئێڕاق بژین.
دوای ئەوەی داواکارییەکانیان ئەنجامێکی ئەرێنی لێ نەکەوتەوەو ئەو ڕاستییەیان بۆ دەرکەوت کە هەردوو حکوومەتی بریتانیاو ئێڕاق بێ باکن لەبەرانبەر داواکارییەکانیان، هەریەکە لە مارشیمون و داودی باوکی و سوورماخانی پوری، پلانێکی نوێیان بۆ فشارخستنەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان داڕشت، کە پێکهاتبوو لە یاخی بوونی چەکدارە ئاسوورییەکان لە ڕیزەکانی سوپای لیڤی و دوورکەوتنەوەیان لە ڕاژەی سەربازی، بۆ ئەو مەبەستە لە 1ی حوزەیرانی 1932دا بە واژووی زۆربەی ئەفسەرە ئاسوورییەکانی نێو سوپای لیڤی، بیرخەرەوەیەکیان ئاڕاستەی جەنەراڵ (براون)ی سەرکردەی سوپای لیڤی کرد، کە تیایدا هاتبووبەهۆی لەبەرچاونەگرتنی داهاتوی ئاسوورییەکان لە لایەن بریتانیاوە، سەربازە لیڤییەکان بڕیاریانداوە لە ڕێکەوتی 1ی تەموزی 1932وەوە، کۆتایی بەراژەی سەربازییان بهێنن.
ئەم بریارەش بووە هۆی نیگەران بوونی بریتانییەکان، ئەوەبوو لە 14ی حوزەیرانی 1932دا، (سیر فرەنسیس همفریز)ی مەندوبی سامی بریتانیا، نووسراوێکی ئاڕاستەی خودی مارشیمون کردو لە مەترسییەکانی ئەو بڕیارە ئاگاداری کردەوەو پێی ڕاگەیاند کە ئۆباڵی هەر ڕووداو و کارەساتێک کە لە ئەنجامی ئەو هەڵوێستەی دواییانەوە ڕووبدات، دەکەوێتە ئەستۆی مارشیمون و سەرۆک خێڵەکانیان.
بۆ تاووتوێکردن و هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکە و لێکۆڵینەوە لە دوایین هەڵوێستی بریتانیا بەرانبەر بە ئاسوورییەکان، مارشیمون داوای بەستنی کۆنگرەیەکی فراوانی کرد، بۆ ئەو مەبەستە بە ئامادەبوونی زۆربەی سەرۆک خێڵەکان لە 15و16ی حوزەیرانی1932دا لە (سەری ئامێدی) کۆنگرەیەکی فراوانیان ئەنجامداو سەرجەمیان هاوهەڵوێستی خۆیان بۆ مارشیمون دووپات کردەوە، کۆنگرەکەشیان بە گەڵاڵەکردنی چەند بڕیارو داواکارییەک کۆتایی پێهێنا، کە بە(پەیمانی نیشتیمانی ئاسووری) ناسراوەو خۆی لەم خاڵانەی خوارەوەدا دەبینێتەوە:-
ئاسوورییەکان وەک نەتەوەیەکی نیشتەجێی ئێڕاق بناسرێن، نەک وەک کەمینەیەکی دەمارگیری ئایینی.
ناوچەی هەکاری بلکێنرێت بە ئێڕاقەوەو ڕادەستی ئاسوورییەکان بکرێت، بۆ ئاوەدانکردنەوەشی بوجەیەکی تایبەتی بۆ تەرخان بکرێت.
لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی بڕگەی دووەمدا، پێویستە لەنێو ئێڕاقدا نیشتیمانێکی نوێ بۆ ئاسوورییەکان بدۆزرێتەوە، کە ناوچەکانی ئامێدی و زاخۆ و دهۆک و ئاکرآ و سنوورەکانی دەوروبەریان لەخۆ بگرێت و بە ناوی ئاسوورییەکانەوە تۆماربکرێن، هاوکات پێویستە تەواوی بەرپرسیارێتییەکان لەو ناوچانەدا بە ئاسوورییەکان بسپێردرێن و شانبەشانی عەرەبی، زمانی سریانیش لە ناوچەکەدا بەفەڕمی بەکار بهێنرێت.
دانپیانانی هەردوو دەسەڵاتی دینی و دنیایی مارشیمون و بەخشینی مەدالیای شەرەف بە مارشیمون لە بەرانبەر ئەو خزمەتانەی پێشکەش بە حکوومەتی ئێڕاقی کردووە.
پێویستە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێڕاقدا، ئاسوورییەکان نوێنەریان هەبێت.
کردنەوەی قوتابخانە لەو ناوچانەی کە ئاماژەی پێدراوە، بەجۆرێک کە خوێندن تیایاندا بە زمانی سریانی و عەرەبی بێت.
دامەزراندنی بنکەی تەندرووستی لە ناوچە ئاسووری نشینەکاندا.
کردنەوەی دامەزراوەی ئەوقاف بۆ پیاوانی ئایینی ئاسوورییەکان.
بەهیچ جۆرێک ئاسوورییەکان لەچەک دانەماڵرێن.
ئەگەر تاکو ڕێکەوتی 28ی حوزەیرانی 1932، هەردوو حکوومەتی بریتانیا و ئێڕاق ئەم داواکاریانەیان پەسەند کرد، ئەوا ئاسوورییەکان لە ڕیزەکانی سوپای لیڤیدا بەردەوام دەبن لە خزمەتکردن، بە پێچەوانەوە ئەگەر پەسەند نەکرێن ئەوا سووردەبن لە سەر دوورکەوتنەوەیان لە سوپای لیڤی و بە هەموو توانایانەوە بەشداری لە بزووتنەوەی ئاسووری دەکەن.
ڕووداوو پەرەسەندنە سیاسییەکانی سەرەتای ساڵانی سییەکان، پەیوەندی نێوان ئاسوورییەکان و دەسەڵاتدارانی هەردوو حکوومەتی بریتانیا و ئێڕاقی بەرەو ئاستێکی مەترسیدار ئاڕاستە کرد، بەتایبەتیش هێشتنەوەی زۆرەملێی مارشیمون لە بەغدا لە لایەن حکومەتی ئێڕاقەوە، هێندەی تر پەیوەندی نێوانیانی ئاڵۆزترکرد، لەو بارەیەوە هەندێک لە لایەنگرە دڵسۆزەکانی مارشیمون، لەنێویشیاندا (یاقو کوڕی مەلک ئیسماعیل) سەرۆک عەشیرەتی تیاری و (لۆقۆ شلیمون بیداوی) سەرۆک عەشیرەتی تخوما، وەک کاردانەوەیەک لە بەرانبەر دەست بەسەرکردنی مارشیمون، یاخی بوونیان لە دژی حکوومەتی ئێڕاق ڕاگەیاند.
بەڵام جەختکردنەوەی کاربەدەستانی ئێڕاق لەسەر ڕەتکردنەوەی داواکارییە سەرەکییەکانی مارشیمون و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ چەکداماڵین و ڵاوازکردنیان، جگە لە کۆچکردنیان بۆ دەرەوەی ئێڕاق، هیچ بژاردەیەکی دیکەی لەبەردەم لایەنگرانی مارشیمون نەهێشتبۆوە، ئەوە بوو لە 17ی تەمووزی 1933دا دەستەیەک لە چەکدارانی ئاسووری بە سەرکردایەتی مەلک یاقو و مەلک لۆقو، لە ڕێگەی (فیشخابور)ەوە گەیشتنە سووریا و داوایان لە دەسەڵاتدارانی فەرەنسا کرد کە ئاسوورییەکان لە ناوخاکی سووریادا نیشتەجێ بکات. بەڵام پێش ئەوەی ڕەزامەندی دەسەڵاتدارانی فەرەنسا لە (بەیروت) بەدەستبهێنن، مەلک یاقو داوای لە سەرجەم گوندنشینە ئاسوورییەکان کرد، کە بەرەو سووریا بەڕێکەون ودڵنیاشی کردنەوە کە فەرەنسییەکان بەڵێنیانداوە کە لە زەوییەکی گونجاودا نیشتەجێیان بکەن و تا(5)ساڵی داهاتووش باجیان لێوەرناگرێت، ئەمەش هاندەرێکی باش بوو کە تاکو 21ی تەمووز، نزیکەی (1350)چەکداری ئاسووری چونە نێو خاکی سووریاوە.
سەبارەت بە حکوومەتی ئێڕاقیش، هەڵوێستێکی توندیان بەرانبەر کۆچ و ڕەوی نایاسایی ئاسوورییەکان دەربڕی و ئەم ڕووداوەشیان بە پێشێلکردنی سەروەری خاکی ئێڕاق لەقەڵەمدا، هەربۆیە تەواوی توانا سەربازی و دبلۆماسییەکانیان لە دژی ئاسوورییەکان خستەگەڕ و پێیان وابوو کە هەلێکی زێڕینیان بۆ ڕەخساوە تاکو کۆتایی بە مەترسی ئاسوورییەکان بێنن.
هاوکات حکوومەتی فەرەنسا لە ژێر کاریگەری فشاری بریتانیا و ئێڕاق، بەفەڕمی داواکاری ئاسوورییەکانی سەبارەت بە نیشتەجێ بوونیان لەنێو خاکی سووریا ڕەتکردەوە، لەو بارەیەشەوە کاپتن ڵارست ڕاستەوخۆ بە مەلک یاقوی ڕاگەیاند: بەداخەوە کە لەبەرئەوەی ئاسوورییەکان لە لایەن حکوومەتی ئێڕاقەوە ناچار نەکراون وڵات بەجێبهێڵن، حکوومەتی فەرەنسا ناتوانێت داواکارییەکەتان پەسەند بکات. ئەوەشی خستەڕوو کە حکومەتەکەی ئامادە نییە بەهۆی ئاسوورییەکانەوە پەیوەندی سیاسی خۆیان لەگەڵ حکوومەتی بریتانیا بخەنە مەترسییەوە.
دوا هەڵوێستی حکوومەتی فەرەنسا، چەکدارە ئاسوورییەکانی ناچارکرد کە لە ئێوارەی 4ی ئابی 1933دا بە شێوەیەکی نهێنی سنووری سووریا بەرەو ئێڕاق ببەزێنن، بەم هۆیەشەوە پێکدادانێکی چەکداری قورس لەنێوان سوپای ئێڕاق و چەکدارە ئاسوورییەکاندا لە ناوچەی دیرابون و چیای(بێخێر)ڕوویدا، کە لە ئەنجامدا ژمارەیەک کوژراو وبرینداری لێکەوتەوە، وەک کاردانەوەیەکیش لە بەرانبەر ئەم ڕووداوەدا، بەفەرمانی (بەکر سدقی) فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لە باکووری ئێڕاق، فرۆکە جەنگییەکانی ئێڕاق تەواوی ناوچەکەیان بۆردومان کردو بەو هۆیەشەوە ئاسوورییەکان ڕووبەڕوی شکستێکی گەورە بوونەوەو ناچارکران جارێکی تر پەنا بۆ سووریا ببەنەوە، کە ئەمەش سەرەتای قۆناغێکی دژواری بۆ ئاسوورییەکان خولقاندو بەرەو ئاییندەیەکی ترسناک ئاڕاستەی کردن، بەجۆرێک هیچ ئومێدێک بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخەکە لە ئارادا نەمابوو.
شکستی چەکدارە ئاسوورییەکان لە شەڕی دیرابووندا دەرفەتێکی ناوازەی بۆ حکوومەتی ئێڕاق ڕەخساند تا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تەواوی گوندو ناوچە ئاسووری نشینەکانی باشووری کوردستان بگرێتەوە، ئەوەبوو سوپای ئێڕاق، پەلاماری گوندو شارۆچکەکانی سنووری(دهۆک، زاخۆ، ئامێدی)یانداو بەوهۆیەشەوە ژمارەیەکی بەرچاو لە دانیشتوانی سیڤیلی ناوچەکە بوونە قوربانی کە ژن ومنداڵ و بەساڵاچوو لەنێو کوژراوەکاندابوو، جگە لەوەش زۆربەی گوندەکان ڕووبەڕوی تاڵانی و کاولکاری بوونەوە.
سەبارەت بە هەڵوێستی کورد لە بارەی ڕووداوەکانی ئابی 1933وە، هەندێک لە سەرچاوەکان بەوانەی ئاسوورییەکانیشەوە ئاماژە بەوە دەکەن کورد بەرپرسیارانە مامەڵەی لەگەڵ دۆخەکەدا کردووەو لە زۆربەی کاتدا هاوکاری ئاسوورییە لێقەوماوەکانیان کردووە، لەو بارەیەوە یوسف مالک بەم شێوەیە باس لە هەڵوێستی ئەرێنیانەی کورد دەکات ودەڵێت: بە پێچەوانەی ئەوەی چاوەڕوان دەکرا، هەریەکە لە شێخ نوری بریفکانی و ئەحمەد ئاغای ئەتروشی و قادرئاغای ئاکرێی، لەو بارودۆخە کارەساتبارەدا، هاوکاری ئاسوورییەکانیان دەکرد. هاوکات لە میانەی هەڵمەتە سەربازییەکاندا، کاربەدەستانی حکوومەتی ئێڕاق داوایان لە شێخ مەحمود و شێخ ئەحمەدی بارزان کردووە کە بەشداری لە شەڕی جیهادی دژ بە ئاسوورییەکان بکەن، بەڵام لە هەڵوێستێکی جوامێرانەدا ئەو داواکارییەیان بە ناڕەوا زانیوە و ئامادەنەبوون بەشداری لە تاوانێکی لەو شێوەیەدا بکەن. کە دەکرێت بە بایەخەوە لەم هەڵوێستە بڕوانرێت، چونکە لە هەلومەرجێکی وەهادا باشترین دەرفەت لەبەردەم کورددا بووە کە تۆڵەی ڕابردوو لە ئاسوورییەکان بکەنەوە، کە ساڵانێک بوو لیڤییە ئاسوورییەکان هەموو تواناکانی خۆیان بۆ سەرکوتکردنی شۆڕشەکانی کورد لە باشووری کوردستاندا بەکارهێنابوو، بەڵام بە پێچەوانەوە هەوڵیانداوە خۆیان لە شەڕی ئاسوورییەکان بەدووربگرن، کە ڕەنگە ئەم هەڵوێستەشیان بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە سەرکردە کوردەکان تا ڕادەیەک درکیان بەو ڕاستییە کردووە کە لێدانی ئاسوورییەکان، ئۆپەراسیۆنێک بووە بۆ چاوترساندنی هەموو بزووتنەوەیەکی ناوخۆیی، بەتایبەتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد.
سەرباری ئەوەی توندوتیژییەکی زۆر دژی ئاسوورییەکان ئەنجامدراوە، بەڵام ناوچەی(سمێل)، کارەساتێکی مرۆیی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، چونکە ئاسوورییەکانی ئەم ناوچەیە لەلایەن سوپای ئێڕاقەوە ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژییەکی مەترسیدار بوونەوە، ئەمەش لە کاتێکدابوو کە هەندێک لەو چەکدارە ئاسووریانەی کە لە شەڕی سەر سنوورەکان ڕزگاریان ببوو، لە 10ی ئابدا گەیشتنە گوندی سمێل، هەربۆیە دەسەڵاتدارانی حکوومەتی ئێڕاق بەمەبەستی جێبەجێکردنی ئەو پلانەی کە لە دژی ئاسوورییەکان دەستیانپێکردبوو، هێزەکانیان ئاڕاستەی سمێل کرد، سەرەتا لە ڕێگەی فرۆکەوە بانگەوازیان بۆ دانیشتوانی سنوورەکە بڵاوکردەوە کە تیایدا داوایان کردبوو بە مەبەستی پاراستنیان لە چەکداری خێڵەکان، سەرجەم ئاسوورییەکان لە سمێل کۆببنەوەو تەنیا (60) کاتژمێریشی وەک مۆڵەت دیاریکردبوو کە لەو ماوەیەدا چەکەکانیان ڕادەستی بنکەی پۆلیسی ناوچەکە بکەن، دڵنیاشیان کردبوونەوە کە سەروماڵیان پارێزراو دەبێت، بەپێچەوانەوە ڕووبەڕوی توندترین سزا دەبنەوە. لە بەرانبەردا ئاسوورییەکان هیچ بژاردەیەکی دیکەیان لەبەردەمدا نەبوو جگە لە پەسەندکردنی ئەم داواکارییە نەبێت، هەربۆیە تەواوی چەکەکانیان ڕادەستی حکومەت کردو پاراستنی گیانی دانیشتوانی ناوچەکەشیان بە کاربەدەستانی حکومەت سپارد.
لە بەرەبەیانی 11ی ئابی 1933دا، پاش دڵنیابوونەوەیان لە چەکداماڵینی ئاسوورییەکان، سوپای ئێڕاق گەمارۆی گوندی(سمێل)یانداو بەوپەڕی دڵڕەقی و توندوتیژییەوە کەوتە گیانی دانیشتوانی ناوچەکە و کۆمەڵکوژییەکی گەورەیان لە دژی ئاسوورییەکان ئەنجامدا، کە تا ئێوارەی هەمان ڕۆژ بەردەوام بوو، بەو هۆیەشەوە(490) کەس لە ئاسوورییەکان کوژران، کە (6)ژن و(4) منداڵ لەنێو کوژراوەکاندابوون، بەپێی زانیارییەکانی ستافۆردیش کۆی ئاسوورییە کوژراوەکانی تەموز و ئاب دەگاتە (600) کوژراو، کە بە پێی هندێک سەرچاوە لە سێ گۆڕی بەکۆمەڵدا نێژراون.
جێگەی باسە، سەرچاوەکان لە زمانی هەندێک لە شایەتحاڵەکانەوە بەشێوەیەکی سامناک و تراژیدیا ئامێز لە بارەی پەلاماردانی ئاسوورییەکانی سمێلەوە دەدوێن، لەو بارەیەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە سەربازەکانی سوپای ئێڕاق، سەرەتا سەرجەم دانیشتوانی گوندەکەیان لە ماڵەکاندا هێناوەتە دەرەوەو پاشان گولەبارانیان کردوون، سەرەتا ژمارەیەک لە ئاسوورییەکان بە مەبەستی پاراستنی گیانی خۆیان پەنایان بۆ ماڵی (کۆریئیل) بردووە کە یەکێک بوو لە لایەنگرانی حکومەت و خاوەنی ڕەگەزنامەی ئێڕاقی بووە، بەڵام چەکدارەکانی سوپا، جیاوازییان لەنێوان دۆست و دوژمنەکانی خۆیاندا نەکردووە، بەڵکوو تەنیا ئاسووری بوون باشترین بەڵگە بووە تاکو گولە باران بکرێت، بەم شێوەیە کۆریئیل و داودی کوڕی گولەباران کراون و تەواوی ئەو کەسانەش کە بە مەبەستی خۆپاراستن پەنایان بۆ ماڵەکەی بردبوو، گولەباران کران کە ژمارەیان (80)کەس بوو، ئەگەرچی (ئیسماعیل عەباوی توحلە) فەرمانی کردبوو کە ئافرەت و منداڵ ئازار نەدرێن، بەڵام بە پێچەوانەوە ژمارەیەک لە ژنە ئاسوورییەکان ڕووبەڕوی دەستدرێژی و سوکایەتی پێکردن بوونەتەوە. هاوکات لەگەڵ ئەم ڕووداوانەدا، زۆربەی گوندو شارەدێکانی سەربە شارۆچکەی دهۆک، ڕووبەڕوی تاڵانی و کاولکارییەکی بەرچاو بوونەتەوە، بەجۆرێک لەکۆی (95) گوندی ئاسوورییەکان (65)یان لە دوای تاڵانکرنیان سوتێنراون.
دوای ئەوەی حکوومەتی ئێڕاق لە شاردنەوەی کردەوە تاوانکارییەکانیدا سەرکەوتوو نەبوو، هەوڵیدا سەرجەم تاوانەکە بەتەنیا بخەنە ئەستۆی خێڵە کوردییەکان، بۆ ئەو مەبەستەش لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایانگەیاند: داڕێژەر و جێ بەجێکەری پلانی کوشتاری ئاسوورییەکان، تەنیا کوردەکان ئەنجامدەری بوون، هەرئەوانیش بوون بەهۆی پەڵامارەکانیانەوە گەورەترین زیانیان بە ئاسوورییەکان گەیاندووەبەڵام ئەم تۆمەتبارکردنەی کورد بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە بەڵگەنامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی بریتانیادا ڕەتدەکرێتەوە کە تیایدا فرانسیز همفریز، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە کوشتاری ئاسوورییەکان لەلایەن سوپای ئێڕاقەوە ئەنجامدراوە، نەک لە لایەن چەکداری خێڵەکانەوە، هاوکات لە هەمان بەڵگەنامەدا ئاماژە بە هەڵوێستی ئەرێنی کورد کراوە لە ئاست ڕووداوەکانداو دەڵێت: بەشێوەیەکی گشتی کورد لە بەرانبەر ڕووداوەکاندا بێلایەن و دوورەپەرێز بووە.
هەندێک لە سەرچاوەکان، لەپاڵ خستنەڕووی هەڵوێستی نەرێنی خێڵە کوردییەکاندا، ئاماژە بە هەڵوێستی جوامێرانەو مرۆڤایەتیانەی کوردیش دەکەن، کە لە میانەی پشێوییەکانی 1933دا هاوکاری ئاسوورییە لێقەوماوەکانیان کردووە و لە مردن ڕزگاریان کردوون، لەو بارەیەوە نووسەری ئاسووری (عودیشو برزانا)، بە بایەخەوە لە هەڵوێستی هەندێک میرو سەرۆک خێڵە کوردییەکان دەروانێت و دەنووسێت: لەو کاتەدا کە سمێل ڕووبەڕوی کۆمەڵ کوژری بووەوە، نزیکەی(500) چەکدار گەمارۆی گوندی (کالا بەدری) بازییەکانیانداو لە میانەی گولەبارانکردنی گوندەکەدا دوو ژن و چوار منداڵا بوونە قوربانی، بەو هۆیەشەوە سەرجەم دانیشتوانی گوندەکە ئاوارەی چیاکان بوون و لەژێر هەرەشەی چەکدارەکانی سوپادابوون، هەربۆیە (جندو)ی سەرۆک خێڵی بازییەکان و میری گوندەکە، داوای بەهاناوەچوونی لە (سەعید ئاغای کرمافی) کردووە کە یەکێک بوو لە ئاغا کوردییەکان، لە بەرانبەریشدا ناوبراو بەخۆیی و (40) چەکداری خێڵەکەیەوە توانیوێتی گوندەکەیان لە ژێردەسەڵاتی سوپای ئێڕاق ئازاد بکات و گیانی ئاسوورییەکان لە مردن ڕزگار بکات. هاوکات بەشێوەیەکی چیرۆک ئامێز، ئاماژە بە هەڵوێستی جوامێرانەی ژنە کوردێک دەکات کە توانیوێتی ژمارەیەکی زۆر لە ئاسوورییەکان لە مردن ڕزگاربکات و دەڵێت:لەو کاتەدا کە تەواوی ئاسوورییەکان ڕووبەڕوی مەترسی بوونەوە، هەندێکیان بۆ پارێزگاریکردن لە گیانی خۆیان ڕوویانکردبووە گوندی (جمانکێ)، لەم کاتەدا هەندێک لە دانیشتوانی گوندەکە داوا لە مەحمود ئاغای جمانکێ دەکەن کە ڕێگەیان پێبدات ئاسوورییەکانی گوندەکە لەناوبەرن و ماڵ و سامانیشیان بەتاڵان بەرن، بەڵام کاتێک ئەم هەواڵە دەگاتە (هاجی)خانمی دایکی مەحمود ئاغا، بەتوندی ڕووبەڕویان دەوەستێتەوە و پێیان ڕادەگەیەنێت (شیری منتان پێ حەرام بێت ئەگەر ئاسوورییەکان ئازار بدەن، بەڵێن بێت هەر کەسێکیان لێ بکوژن، ئاگر لە جەستەی خۆم بەردەدەم....
هاوکات لە پێگەی دەسەڵاتیشدا کورد نەرمی بەرانبەر ئاسوورییەکان نواندووە، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە ئاسوورییەکان لە زۆربەی شارو شارۆچکەکانی سنووری بادیناندا ڕووبەڕوی کوشتار دەبوونەوە و هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەر بوو، بەڵام بە هۆی (مەجید بەگ)ی قایمقامی ئامێدییەوە، کە یەکێک بوو لە کەسایەتییە ناسراوەکانی کورد، ئاسوورییەکانی ناوچەکە ڕووبەڕوی هیچ کوشتارو تاڵانییەک نەبوونەتەوە.
هەندێک لە سەرچاوەکان پێیان وایە هەڵوێستی ئاسوورییەکان لە بەرانبەر پێشهاتە سیاسییەکان و جەخت کردنەوەیان لەسەر بەدەستهێنانی داواکارییەکانیان، هۆکاری سەرەکی پشێوی و ئاڵۆزییەکان بوون، بەتایبەتی لاوازی و کەم ئەزموونی مارشیمون و سەرکێشییەکانی هێندەی تر پەیوەندی نێوان ئاسوورییەکان لە لایەک و حکوومەتی ئێڕاق وبریتانیای، بە ئاڕاستەی ئاڵۆزی دواتریش پێکدادان بردووە.
هاوکات بە بڕوای هەندێک لەتوێژەران، کاربەدەستانی بریتانیا بەرپرسیارێتی پشێوی و ئاڵۆزییەکانی ساڵی 1933یان دەکەوێتە ئەستۆ، چونکە لە نزیکەوە ئاگاداری ڕوداوەکان بوون و تەنانەت لە ڕێگەی فرۆکەکانیانەوە وێنەی هێرش و پەلاماری تراژیدیا ئامێزی سەر ئاسوورییەکانیان تۆمارکردووە، بەبێ ئەوەی هەڵوێستێکی ڕاستەقینە بە مەبەستی ڕێگریکردن لەو ڕووداوانە ئەنجام بدەن، تەنانەت لە سەرەتای پشێوییەکانیشدا هەڵوێستێکی دووفاقانەی دژبەیەکیان لەبەرانبەر پێشهاتەکان گرتۆتە بەر، بەجۆرێک لە لایەکەوە هانی سەرکردە ئاسوورییەکانیانداوە تاکو سووربن لەسەر بەدەستهێنانی مافی ئۆتۆنۆمی، لە لایەکی دیکەوە لە ڕێگەی ڕاوێژکارەکانیانەوە هانی بەرپرسە باڵاکانی حکوومەتی ئێڕاقیان داوە تاکو بزووتنەوەی ئاسوورییەکان سەرکوت بکەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە حکوومەتی ئێڕاق لەلایەن خۆیەوە، مارشیمونی بە هۆکاری پشێوییەکان لەقەڵمداو پێیانوابوو مانەوەی لە ئێڕاقدا ئاڵۆزییەکان زیاتر دەکات، هەربۆیە لە 16ی ئابی 1933دا ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە تۆمەتی ئەنجامدانی کاری ئاژاوەگێڕی و درووستکردنی مەترسی بۆسەر ئاساییشی وڵات، ڕەگەزنامەی ئێڕاقی لە(مارشیمون، داودی باوکی مارشیمون، تیۆدۆر مارشیمون، سوورماخان) بسەنێتەوەو دوای تەنیا دوو ڕۆژیش لەم بڕیارە، لە 18ی ئابدا بەفرۆکەیەکی تایبەت بۆ (قوبرس) دوورخرانەوە.
دوورخستنەوەی مارشیمون بۆ دەرەوەی ئێڕاق، دەرفەتێکی باشی بۆ ڕەخساند تا پێشێلکارییەکانی حکوومەتی ئێڕاق بەرانبەر بە ئاسوورییەکان بۆ ڕای گشتی جیهان ئاشکرا بکات، بۆ ئەومەبەستە مارشیمون زنجیرەیەک ڕاپۆرت و نووسراوی ئاڕاستەی کۆمەڵەی گەلان کردو تیایدا داوای کردووە لیژنەیەکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی ئەم دواییە ڕەوانەی ئێڕاق بکەن، ئەوەبوو لە 15ی کانوونی یەکەمی 1933دا کۆمەڵەی گەلان بڕیاریدا لیژنەیەکی شەش کەسی لە (ئیسپانیا، دانیمارک، ئیتالیا، فەرەنسا، ئەمریکا، مەکسیک) پێکبهێنێت و بۆ لێکۆڵینەوە لە بارەی چارەنووسی ئاسوورییەکان ڕەوانەی ئێڕاق کران، ئەگەرچی لە سەرەتادا بڕیاردرا زۆرینەی ئاسوورییەکان بۆ (هەرێمی (بارانا)ی بەڕازیل و دورگەی (گۆیانا)ی بریتانیا و حەوزی نەیجەر لە ئەفریقا) بگوێزنەوە، بەڵام بەهۆی گرانی پڕۆسەی گواستنەوەیان و تێچونی دارایی زۆرەوە، پڕۆسەکە شکستی هێنا، جگە لەوەی ژمارەیەکیان لە سووریا نیشتەجێکران، بەشێکی زۆریان بەناچاری لە ئێڕاق مانەوەو بە یاساو ڕێساکانی ئەو وڵاتە ڕازی بوون.
هەموو ئەم ڕووداو و کارەساتە مرۆییانەش کە بەسەر پێکهاتەی ئاسوورییەکانی ئێڕاق و کوردستاندا هاتووە، بەپێی پرەنسیپ و یاسا نێو دەوڵەتییەکان دەچێتە خانەی هەوڵدان بۆ جینۆسایدو کۆمەڵکوژی گەلێک، کە خاوەنی مێژوو و ناسنامەو زمانی تایبەت بەخۆیەتی. [1]