ناونیشانی بابەت: ئایا گەڵای داری زەیتوون جێگەی ئەنسۆلین دەگرێتەوە؟
ئامادەکردن: د. #کامەران ژاژڵەیی#
بەکارهێنانی گژوگیا لە هەموو وڵاتانی جیهان بەکار دێت بۆ چارسەرکردنی نەخۆشی شەکرە تەنانەت لە وڵاتە پێشکەوتووەکان بەڵام بێ بوونی زانیاری تەواو دەرباری چونیەتی و سوودەکان و شێوازی بەکارهێنانی.
ئایا گەڵای داری زەیتوون جێگەی ئەنسۆلین دەگرێتەوە؟
لە ڕووی زانستییەوە بەکارهێنانی گەڵای داری زەیتوون یارمەتی دابەزینی ئاستی شەکرە لە ناو خوێن دا دەدات لە ڕێگای هاندانی پەنکریاس بۆ درووستکردنی بڕی ئەنسۆلین بەڵام هەرگیز شوێنی دەرزی ئەنسولین ناگرێتەوە چونکە:
1- لە نەخۆشی شەکرەی جۆری یەکەم پەنکریاس ناتوانێت هیچ ئەنسۆلین درووست بکات ؛ تەنیا دوو لێکۆڵینەوەی زانستی متمانە پێکراو بڵاوکراوتەوە (یەکێکیان لە زانکۆی تەلئەبیب و ئەوی تریان لە زانکۆیەکی سویدی) کە ئەوەیان دەرخستووە بڕی دەرزی ئەنسۆلینەکە دەتوانرێت کەم بکرێتەوە بۆ نیوە بەڵام پێویستە لێکۆڵینەوە زیاتر بکرێت لە سەری.
2- لە نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم پەنکریاس خۆی بڕی ئاسایی یان زیاتر لە ئەنسۆلێن دەڕێژێت بەڵام خانەکانی لەش ناتوانن سوودی لێ بێنن وەک پێویست.
3- پێشتر لە تۆڕە کۆمەڵاتیەکان باس لەوە کراوە گوایە زانایەکی کوەیتی نەخۆشێکی هەبووە بە گەڵای زەیتوون چاک بۆتەوە و وازی لە ئەنسۆلین هێناوە بەڵام تا ئێستا ناوی زاناکە ئاشکراوە نە ناوی نەخۆشەکە نە ناوی نەخۆشخانەکە؛ نە لەگۆڤارێکی پزیشکی بڵاوکراوەتەوه.
$باشترین جۆرەکانی گژوگیا بۆ نەخۆشی شەکرە:$
1- مێخەک.
2- گەڵای مۆرینگا.
3- جاترە.
4- گیای جیسینگ.
5- شمڵی، زەردەچەوە و زەنجەبیل.
6- ڕیحانە.
7- دار چین.
8- گەڵای ئەلۆڤێرا.
9- سیر و پیاز.
10- کەرکەدیە.
11- گەڵای زەیتوون، مەعدەنووس، تووتی کێوی.
ئەم گژوگیانە پێویستە بخرێتە ناو خواردن و زەیتەکانیان وەک خۆیان سوودیان نییە یان زۆر کەمە.
زۆر گرنگە نەخۆشەکان ئەوە بزانن بەکارهێنانی ئەم گژوگیایە یارمەتی دابەزندانی ئاستی شەکرە ئەدات بەڵام جێگەی دەرمان ناگرێتەوە و پێویستە تا کاتی کۆنتڕۆڵ کردنی ئاستی شەکرە ؛ نەخۆش وازنەهێنێت لە دەرمانەکانی تا ساتی دابەزاندنی لەگەڵ پابەند بوون بە پارێزی خۆراک و وەرزش و ڕێنمیاییەکانی تر ؛ هەروەها زۆر گرنگە ئەگەر نەخۆشی تری هەبوو ؛ ڕاوێژ بکات لەگەڵ پزیشکەکەی چونکە هەندێ دەرمان لەگەڵ گژوگیا بە یەکەوە ڕەنگە دەرئەنجامی خراپی لێ بکەوێتەوە. [1]