$کورد لە سەردەمی دەوڵەتی خەلافەتی ئومەویدا 01$
نووسینی: #کەیوان ئازاد ئەنوەر#
کاتێک دەمانەوێت خوێندنەوەیەکی مێژوویی بۆ (89) ساڵی مێژووی دەوڵەتی خەلافەتی ئومەوی و (14) خەلیفەکەی بکەین، نەک هەر دووچاری کێشە و جیاوازیی بۆچوونی کۆی مێژوونووسان و توێژەرانی جیهان دەبین، بەڵکوو لەنێو مێژوونووسان و توێژەرانی ئیسلامیش دووچاری هەمان حاڵەت دەبین.
جارێ زۆر ئاساییە مێژوونووسان و توێژەران و خۆرهەڵاتناسانی ناموسڵمان، بە دیدگای جیاواز بۆ ئەم دەوڵەتەیان ڕوانیبێت و سەدان هەڵە و کەموکوڕی و تاوان لە ژیان و کردار و بڕیاری خەلیفەکان و بەرپرسە باڵاکانی بدۆزنەوە، بەڵام بۆ مێژوونووسان و توێژەرانی عەرەب و موسڵمان، حاڵەتێکی تەواو جیاواز بووە، کاتێک دەوڵەتەکە تەواو عەرەبی و مۆرکێکی ئایینیی پێوە بێت. هەروەها دەسەڵاتدارەکانیشی وەک خەلیفە و جێنشینی پەیامبەری ئیسلام (د.خ) دەرکەوتبن و ناسرابن؟
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی پۆلێک مێژوونووس و توێژەری ئیسلامی بەم دەوڵەتەیان کردووە، مێژوونووس و توێژەران و خۆرهەڵاتناسان پێیان نەکردووە. ئەو حاڵەتەش بێ هۆ نەبوو، چونکە خودی ئەم دەوڵەتە دوای ململانێیەکی توندی (موعاویەی کوڕی ئەبی سوفیان) لەگەڵ (عەلی کوڕی ئەبی تالیب/ ڕ.خ) و سازش پێکردن، بە (حەسەنی کوڕی عەلی) دامەزرا. ئەمەو لەپێناو سەقامگیربوونی دەوڵەتەکە و لێدانی نەیارەکانیان، خوێنێکی زۆر ڕژا، زۆرترینی ئەو خوێنە ڕژاوانەش لە موسڵمانەکان بوون.
وەک ململانێی خوێناویی ئەم بنەماڵەیە لەگەڵ کۆمەڵی خەواریج و پەیڕەوانی شیعە و کۆمەڵە موسڵمانە ناعەرەبەکان، کە بە (مەوالی) ناسرابوون. بە ئاستێک، ئەوەندەی خوێنی موسڵمانان لەناو خۆیاندا ڕژا، لەگەڵ ئیمپراتۆڕیی بێزەنتیی کریستیان و تورکە بتپەرەستەکان و پێکهاتە ناموسڵمانەکانی دیکە نەڕژا، لەکاتێکدا خودی خەلیفەکانی ئەم دەوڵەتە بەدرێژایی (89) ساڵی تەمەنی چەندین هەڵمەت و شاڵاوی جۆراوجۆریان بە هەموو ئاڕاستەکانی باکوور و باشوور و خۆرهەڵات و خۆراوا ئەنجام دا.
بە ئاستێک، سنووری دەوڵەتەکەیان لە خۆرهەڵات گەیاندە نیمچەدوورگەی هیندی و لە خۆراوا گەیاندە باکووری ئەفریقیا و نیمچەدوورگەی ئیبریا. لە بەری باکووریشەوە دەستیان گەیشتە ئاسیای ناوەڕاست و ناوچەی ئانادۆڵ و دەریای ڕۆم و لە بەری باشووریشەوە گەیشتنە کەنارەکانی خۆرهەڵاتی ئەفریقیا. بەم دەوڵەتە فراوان و پان و پۆڕەشەوە، کوردستان کەوتە چەقی ئەو دەوڵەتە، جگە لە بەشێکی باکووری خاکەکەی نەبێت. هەر بۆیە بەو سنوورە فراوان و پێکهاتە جیاجیاکانی و ئایینە جیاوازەکانی و نەیارەکانی ناوخۆیی و دەرەوەی، ئاسایی بوو هەموو کەسێک بە یەک چاو و یەک دیگا سەیری نەکات. بەتایبەت ئەوانەی بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ ئەم دەوڵەتە و سیاسەتەکانی نەدەهاتەوە یەک.
بەو دۆخەشەوە دەوڵەتەکەی تێ کەوت، چەندین بۆچوونی جیاواز لەسەر پێکهاتەکەی و سیاسەتەکانی و کار و بڕیاری خەلیفەکان درووست بوو. لەو نێوەندەشدا پەیڕەوان و لایەنگرانی کۆمەڵەی خەواریج و شیعەکان، بە خراپ و لادەر لەم دەوڵەتە و خەلیفەکانیان ڕوانی. ئەم حاڵەتەش بۆ کوردەکان هەر وابوو، کە لایەنگرانیان لە هەردوو کۆمەڵ بەو چاوەوە سەیری بکەن و مێژووەکەی بنووسنەوە.
هەروەها ئەو کوردانەشی باوەڕداری جوو، یان زەردەشتی و کریستیان بوون، هەمان هەڵوێستیان هەبوو، چونکە بەدرێژایی تەمەنی ئەو دەوڵەتە جگە لە سەردەمی خەلیفە (عومەری کوڕی عەبدولعەزیز) نەبێت کە (دوو) ساڵ بوو، سەرجەم ئەوانەی لەو پەیڕەوانە بوون، بە توندی مامەڵەیان لەگەڵدا کرا. تەنانەت ئەگەر باوەڕیشیان بە ئایینی ئیسلام هێنابێت، باجی جزیەیان لەسەر لانەچوو.
بەو هۆیەشەوە فشارێکی دیکەی داراییان کەوتە سەر، باسی باوەڕدارانی (ئێزدی، کاکەیی، مانی، مەزدەک، بتپەرەستان) هەر مەکە، کە ئایین و باوەڕەکەیان وەرنەگیرا و بە توندی شەڕیان کرا. هەموو ئەو ڕووداوانەش وایان کرد، چاوی مێژوونووسان و توێژەران و خۆرهەڵاتناسانیان بەتوندی بکەوێتە سەر، ئەوەش وای کرد کار لەسەر هەر ڕووداوێک بکەن کە لەگەڵ باوەڕ و ئایینی ئیسلامدا نەدەهاتەوە.
ئەمەش جیاواز لەوەی، بەشێک لە خەلیفەکان وەک پێویست کاریان بە دەقەکانی قورئان و فەرموودەکانی پەیامبەری ئیسلام نەکرد و کۆمەڵێک کاریان کرد کە نەدەبوا بیکەن، وەک (مەیخواردنەوە، داوێنپیسی، کۆمەڵکوژی)، تا بە هێرش دەگات بۆ سەر کەعبەی قیبلەگای موسڵمانان و لێدانی بە مەنجەنیق! لەپاڵ شاڵاوی کۆمەڵکوژی و سووکایەتی بە دانیشتوانی شاری (مەدینە)، کە یەکەمین پایتەختی مێژووی ئیسلام و جێنزرگەی پەیامبەرەکەی بوو!
هەموو ئەوانەش لەسەر دەستی والییەکانی ئەو دەوڵەتە و بەرپرسە سەربازییەکانی، بە فرمانی ڕاستەوخۆی خەلیفەکانی ئومەوی ئەنجام درا. بەو هەموو ئەو ڕووداوانەشەوە، کوردی نێو ئەم دەوڵەتە بووە قوربانیی سیاسەتی خەلیفە و والی و بەرپرسەکانی و باجی زۆر و گەورەیان لەسەر کێشە و ململانێی سیاسییەکان دا، بۆیە هەڵەیە بە سەردەمێکی باش و ئارام بۆ پێکهاتەی کورد بزانرێت و باس بکرێت. [1]