ناونیشانی بابەت: سوودەکانی گوڵەمێخەک
ئامادەکردن: د. #کامەران ژاژڵەیی#
یەکێکە لەو گژوگیا پزیشکیانەی لە دێر زەمانەوە بۆ چارەسەرکردنی کۆمەڵێک نەخۆشی بەکارهاتووە، بەدەر لەوەی وەک بەهاراتێک بەکاردێت کە بۆنی تایبەتی هەیە، کۆمەڵێک سوودی تەندرووستی هەیە کە گرنگترینیان ئەمان:
1- یارمەتی خۆپاراستن لە هەوکردن و بەهێزکردنی کۆئەندامی بەرگری لەش ئەدات: بەهۆی بوونی دژەئۆکسانێکی بەهێز کە پێی دەوترێت فینۆڵەکان ڕۆڵی هەیە لە چارەسەر کردن و خۆپاراستن لە کۆمەڵێک هەوکردن و نەخۆشی لەوانە؛
- هەوکردنی جومگەکان و ڕۆماتیزم بە بەکارهێنانی زەیتەکەی بۆ شیلانی ماسولکەکان.
- چەند جۆرێک لە شێرپەنجە؛ بە تایبەت شێرپەنجەی کۆئەندامی هەرس.
- هەندێ نەخۆشی هەوکردنی چاو.
2- بەهێزکردنی کۆئەندامی هەناسە:
- یارمەتی خۆپاراستن ئەدات لە هەوکردنی بەشی سەرەوەی کۆئەندامی هەناسە و کەمکردنەوەی نیشانەکانی لە کاتی تووشبوون.
- یارمەتی خۆپاراستن ئەدات لە هەڵامەت و پەتای وەرزی و ئەنفلۆنزا و کۆکە و ڕەبۆ.
- خۆپاراستن لە هەوکردنی سیەکان و چیوب.
- پاکردنەوە و نەهێشتنی بەڵغەم.
3- کەمکردنەوە و نەهێشتنی ئازاری ددان و نەهێشتنی فایرۆس و بۆنی ناخۆشی ناودەم؛ کەمێک زەیتی مێخەک بخرێتە سەر پارچە؟ لۆکەیەک و لە سەر شوێنی ئازاری ددان دابنرێت.
4- بەهێزکردنی کۆئەندامی هەرس: یارمەتی باشتر هەرس کردنی خۆراک و نەهێشتنی غازات و کەمکردنەوەی ڕشانەوە و سک چوون و ئازاری گەددە ئەدات لەگەڵ کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە قوڕحەی گەددە و یارمەتی زوو ساڕێژبوونی ئەدات.
5- یارمەتی بەهێزکردنی جگەر و کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە ڕیشاڵ بوونی جگەر و چەوری سەر جگەر ئەدات.
6- یارمەتی کۆنتڕۆڵ کردنی ئاستی شەکرە ئەدات لەوانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە لەگەڵ کەمکردنەوەی ماکەکانی.
7- بەهێزکردنی توانای سێکسی پیاوان.
$شێوازی بەکارهێنانی:$
- نیو کەوچێکی چێشت لە مێخەکی هاڕاو بکرێتە ناو سێ کووپ لە ئاوی کوڵاوهاتوو و بۆ ماوەی (20 - 30 خولەک) وازی لێ بێنە و دوای سارد بوونەی بە دوو سێ جار بیخۆرەوە، ئەتوانرێت کەوچێکی چا زەنجبیل یا کەوچکێکی چا شیلەی هەنگوینیشی تێ بکرێت کاتی ئامادەکردنی.
- یان نیو کەوچکی چا زەیتەکەی بخرێتە ناو کوپێک ئاوی کوڵاهاتوو، و لەگەڵ کەوچکی چا هەنگوین و بۆ ماوەی (20 - 30 خولەک) بە جێ بهێڵرێت و دواتر بە ساردی بخورێتەوە پێش ژەمی بەیانی.
$کاریگەرییە لاوەکی و زیانەکانی گوڵەمێخەک:$
- بە شێوەی گشتی ئەگەر بە بڕی کەم بەکاربێت کاریگەری لاوەکی نییە کەمتر لە کەوچکێکی چێشت لە ڕۆژێک دا یا نیو کەوچکی چا زەیتەکەی بەڵام پێویستە ئاگاداری ئەم خاڵانە بیین:
1- بەکارهێنانی لە مناڵان تا ئێستا نەسلمێنراوە سەلامەت بێت چونکە ئەگەری تووشبوون بە تێک چوونی هاوسەنگی شلەکانی ناو جەستە و زیان گەیاندن بە جگەر هەیە.
2- بەکارهێنانی بڕی زۆر و بە بەردەوامی بۆ نەهێشتنی ئازاری ددان ڕەنگە ببێتە هۆی حەسیاسیەت لە ڕووپۆشی ناو دەم و پووک.
3- ڕەنگە ببێتە هۆی درەنگ مەیینی خوێن بۆیە پێویستە پێش چەند ڕۆژێک لە نەشتەرگەری نابێت بە کار بێت.
4- ئەگەری تووشبوون بە حەساسیەت لە هەندێ کەس لە کاتی بەکارهێنانی مێخەکی وشکراو.
5- لە خانمانی دوو گیان و شیردەر پێویستە بڕێکی زۆر کەمی لێ بخورێت و بە بەردەوامی نەخورێت. [1]